نووسەر: د. کامه‌ران مه‌نتک
یه‌كیك له‌و بابه‌ته ئاڵۆزانه‌ی له‌بواری كاركردن له‌سه‌ر ئازادیه‌كان دیته پێشه‌وه، روونكردنه‌وه‌ی واتای ئازادی و پیشكه‌شكردنی پێناسه‌یه‌كی گشتگیر‌و گونجاوه، چونكه بەزۆر شێوە پێناسەى ئازادى کراوە، هەر یەکە هەوڵیداوە لە روانگەو دیدى خۆیەوە سه‌یری ئه‌و بابه‌ته بكات و پێناسەیەکى وای بۆ بدۆزێتەوە، كه لە هەموو پێناسەکانى تر زیاتر لە کرۆکى ئازادی‌دا نزیکبێته‌وه. پێناسەکان بۆئازادى زۆر جیاوازن، بە گوێرەى رەوگەو بۆچوونەکان، فەلسەفى، سایکۆلۆژى، یاسایى، کۆمەڵایەتى، سیاسى، دەگۆڕێت، تەنانەت لە نێوان کەسێک و کەسێکى تردا، جیاوازى لەپێناسه‌كردنی ئازادی‌دا بەدیدەکرێت. بۆیه بۆئه‌وه‌ی بتوانین به‌وردی له ئازادی تێبگه‌ین، به‌ر له‌هه‌موو شتێك پێویسته بزانین، كه بە شێوەیەکى گشتى دەتوانرێت دوو جۆر ئازادى لە یەکتر هاوێر بکرێت، ئازادى جێبەجێکردن و ئازادى هەڵبژاردن. ئازادى جێبەجێکردن، واته توانای ئه‌وه هه‌بێت كارێك ئه‌نجامبدرێت یاخود ئه‌نجامنه‌درێت، بەبێئەوەى مل بۆ هیچ فشارێكی دەرەکى کەچ بکرێت، واتە بەبێئەوەى بکەوێتە ژێر کاریگەرى هێزێکى دەرەکى. لێرەدا رووبەڕووى ئازادیەکى سروشتى ( فیزیکى ) دەبینەوە، کە سەربەخۆبوونى بوونەوەرەکە وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی ئازاد ده‌رده‌بڕێت، ئەمەش ئەو واتایەیە، کە یاسا بە شێوەیەکى ئاسایى بۆ ئازادى دادەنێت. ئازادى بەم واتایە، بریتییە لە هەبوونى توانایەک، لەگەڵ نەمانى هیچ بە زۆرپێکردنێکى دەرەکى. هەرچى ئازادى هەڵبژاردنه، هەبوونى تواناى ئەنجامدانى کارێک ده‌گه‌یه‌نێت، بەبێئەوەى مل بۆ کاریگەرى هێزێكی ناوەخۆ کەچبکرێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئەو هێزانە سیمایەکى ئاوه‌زمه‌ندانه، وەکو هاندەرو پاساو بۆ هێنانەوە، یاخود سیمایەکى ویژدانیان، وەکو پاڵنەرو هەواو هەوەسەکان هه‌ڵگرتبێت، له‌م حاله‌ته‌دا رووبه‌ڕووی ئازادیەکى سایکۆلوژی دەبینەوە، كه باس لەنەمانى هه‌موو جۆره فشارێكی سایکولۆژى دەکاتەوە. به‌م پێودانگه ئازادى سایکولۆژى، واتاى تواناى هەڵبژاردنە، کاتێک بەرامبەر دوو کردارى جیاواز دەبین، یاخود کاتێک رووبه‌ڕووی ئەوە دەبینه‌وه کارێک ئەنجام بدەین، یاخود ئەنجامى نەدەین (ابراهیم، نیه. 13). لایه‌نه ئه‌رێنیه‌كه‌ی ئازادی له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، كه مرۆڤ چۆن له‌وه تێده‌گات، كه خۆى خاوەنى هەڵبژاردنى خۆیەتى و ئەم مەسەلەیە چۆن شیدەکاتەوە. “من ده‌مه‌وێت خۆم شێوازی ژیانى خۆم هەڵبژێرم، بڕیارەکانم لە دەست خۆمدا بێت و بە هیچ هێزێکى دەرەکیەوە پابەند نەبێت. خۆم هۆکارو ئامانجەکانى کارەکانى خۆم بدۆزمەوە، بکەر بم، نەک بەرکار، گەرەکمە وەکو هیچ کەسێک نەبم!. بە کورتى دەمەوێت خۆم ئامانجەکانى خۆم هەڵبژێرم و ئەنجامیان بدەم. ئەمەش بەلایەنى کەمەوە، بەشێکە لەو چەمکەى کاتێک وه‌ك بەبوونەوەرێکى ئاوه‌زمه‌ند لە خۆم تێدەگەم، هەستدەکەم شتێک هەیە من وەک بوونەوەرێکى هزردارو خاوەن ویست، لە بوونەوەرانى تر جیا دەکاتەوە، كه ئەویش بەرپرسیاربوونمه له هەڵبژاردنەکانى خۆم”.
ئازادى بەو واتایەى خۆم خاوەنى هەڵبژاردنەکانى خۆم و سەردارى خۆم بم، لەگەڵ ئازادى بەو واتایەى هیچ کەسێک رێگا لەو کارە نەگرێت، کە دەمەوێت ئەنجامیبدەم، دوو شتى جیاوازە و هه‌رچه‌نده لەوانەیە لە رووى لۆژیکەوە زۆر لەیەکتر دوور نەبن، وەک بڵێى ئەم دوو واتایە، دوو لایەنى یەک مەسەلە بن. بە شێوەیەکى گشتى و لە رووى مێژوویەوە، هه‌ردوو چه‌مكی ئه‌رێنی و نه‌رێنی ئازادی، لە دوو رێگاى جیاواز‌و بە شێوەیەکى نارێک گەشەیان کردوەو لە کۆتاییدا بەتەواوى دژ بەیەک وەستاون (برلین، 8ء13. 249-250). ئازادی به‌واتا ئه‌رێنیه‌كه‌ی، به‌ده‌ستهێنانی چوارچێوه‌یه‌كی فراوانتر، یاخود رێگه‌پێدراو ده‌گه‌یه‌نێت، كه پێشتر یا رێگای پێنه‌درابوو، یا له‌بنه‌ڕه‌تدا ره‌فتاره‌كه نوێ بووه‌و هیچ گونجاندنێكی بۆ نه‌كراوه، هه‌رچی ئازادیه به‌واتا نه‌رێنیه‌كه‌ی، واته گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و مافه‌یه، كه له ده‌ستدراوه، به‌واتایه‌كی رزگاربوون له‌و كۆتانه ده‌گه‌یه‌نێت، كه خراوه‌ته سه‌ر یه‌كێك له ره‌فتاره‌كانه‌وه، له‌م روانگه‌یه‌وه، ئازادی به واتای رزگاربوون دێت، كه‌واته بزووتنه‌وه رزگاریخوازه‌كان هه‌میشه داوای ئازادیه‌كی نه‌رێنی ده‌كه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یانه‌وێت شتێك به‌ده‌ستبێنن، له بنه‌ڕه‌تدا هه‌یانبووه‌و لێیان زه‌وتكراوه، ئه‌مه‌ش به پێچه‌وانه‌ی ئازادیه به واتا ئه‌رێنیه‌كه‌ی، كه شتێكی نوێ به‌ده‌ست دێنێت. ئه‌مه ئه‌وه‌مان بۆ روونده‌كاته‌وه، كه‌ئازادی په‌یوه‌ندیه‌كی پته‌وی به‌شێوازی داواكانی، ته‌نانه‌ت بە بوونى خودی مرۆڤەکە خۆیەوە هەیە. کەواتە ئازادى، بوونى مرۆڤ وەک بوونێکى مرۆڤانه نیشانده‌دات، بۆیە واتاى ئازادیش بە گوێرەى بۆچوونى مرۆڤەکە بۆ خودى خۆى وەک بوونەوەرێکى سەربەخۆ دەگۆڕێت و گۆڕانی به‌سه‌ردادێت (فروم، 1972. 27).
ئازادى وەکو بابەت، هێندە بابەتێکى سەخت و دژوارە، واى لە یەکێکى وەکو کانت کرد، بڕیاربدات وازى لێبهێنێت، تاوەکو شرۆڤەکردنی بونیاتنانى زانستێکى ماتماتیکى و سروشتى ته‌واو ده‌كات، ئینجا بگەڕێتەوە بۆ بابەتە میتافیزیکەکان (رؤوف، 1986. 16). ئه‌مه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌وا كانت وه‌ك بابه‌تێكی میتافیزیكی سه‌یری ئازادی كردووه‌و باوەڕى بە ئازادى یاسایى نەبووە، به‌واتایه‌كی تر له روانگەیەکى فەلسەفیەوە مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئازادی‌دا كردووه. زۆر لە فەیلەسووفە هاوچەرخەکانیش بەرەو لاى ئەوەدا دەچن، کە ئاستەنگە پێناسەى ئازادى بکرێت. بەو پیێەى ئازادى ناكرێت ببێتە بابەت، واته به‌رجه‌سته نابێت، بۆیه بوونى ئازادى هەرگیز ناکەوێتە دوو توێى سیستەمێکى بابەتیانەى ئاوه‌زمه‌ندانه. له ده‌مه‌ته‌قێیه فه‌لسه‌فیه‌كاندا هه‌میشه له‌دوو روانگه‌وه قسه له‌سه‌ر ئازادی ده‌كرێت، ئایا ئازادى كارێكی جەبریە، یاخود پڕۆسه‌یه‌كی هەڵبژاردنە؟.
وه‌ك ئاماژه‌ی پێكرا، له دوو توێی خوێندنه‌وه‌یه‌كی بابه‌تیانه‌ی ره‌هادا ناتوانرێت ئازادی بسه‌لمێنرێت یاخود ره‌تبكرێته‌وه، لەبەرئەوەى لەجیهانى بابەتەکاندا، ئازادى شوێنى نیە!. جا ئەگەرهەموو مه‌به‌ستێكى فەیلەسووفەکان ئەوە بوو بێت، كه بیسەلمێنن ئازادى هەیە، یاخود نیە، ئەوا لەسەر ئێمە پێویستە، بەپێچەوانەى ئه‌مه، هەموو تیورێکى بابەتیانەى ئازادى رەتبکەینەوە. ئەم پێناسەیەى ئازادى بخەینە روو، کەپێی وایه ئازادى خۆی له‌خۆیدا نەمانى هۆ، یاخود نەمانى بە زۆر پێکردنه، هەروەها ئەو پێناسەیە بخەینە روو، کە ئازادى به‌سەربەخۆبوونى تەواو لە هەموو هاندەرێک و پاساو بۆهێنانه‌وه‌یه‌ك ده‌بینێت. دیاره ئەم پێناسەیەش بەندە لەسەر بەڵگەیەکى سایکۆلۆژیانە بۆ چەسپاندنى ئازادى. ئه‌مه‌ش ئه‌و بۆچوونه‌ی (كانت) مان دێنێته‌وه یاد، کە هیچ رێگایەک نیە بۆئه‌وه‌ی لە دوو توێى دیاردەکانه‌وه لە ئازادى بكۆڵینه‌وه (ابراهیم، نیه. 22-23). لە پێناسەى یەکەمدا، کە مەسەلەى بەزۆر پێکردن دێنێتە ئارا، پێویسته درک بەوە بکەین، لەگەڵ ئەویشدا مەسەلەیەکى تر سەر هەڵدەدات، كه ئەویش مەسەلەى ویستە. ده‌توانین له‌رێگای ویسته‌وه له واتای ئازادی تێبگه‌ین. شێوازی كاركردنی ویست لەو بابەتانەى، کە ئارەزووى ئەنجامدانیان دەکات، هاوکات لەگەڵ دیاریكردنی پەیوەندى نێوان ویست و کارەکە. ده‌شێت ویست له ئه‌نجامدانی كارێك ئازاد بێت، بەهەمان شێوە دەشێت ئازادیش نەبێت، ئەم جۆرە ئازادیە پێى دەگوترێت ئازادى تاقیکردنەوە. هاوكات ویست ده‌توانێت ئازاد بێت بۆ هەڵبژاردن لە نێوان کۆمەلێک بابەتى جیاوازدا، لەو حالەتەدا، ئازادیەکە پێى دەگوترێت ئازادى دیاریکردن، بەو پێیەى پەیوەندى بە کۆتاییەکانەوە هەیە. ویست دەشێت ئازاد بێت بۆ هەڵبژاردنى بابەتێک، کە ناتوانرێت سنووردار بکرێت، واته بكه‌وێته ژێر كاریگه‌ری ئەو شتانەى ویستى مرۆڤ ناچار دەکات ئەنجامیان بدات، وەک بابەتە شەڕانگێزیەکان. ئەم ئازادیەش پێى دەگوترێت ئازادى دژەبەر. کە هێزێکى فیزیکی پاڵیپێوه‌ده‌نێت بۆ هەڵبژاردنى کارێکى شەڕانگێزى(S.T.D, 1957. 231-232). دیاره هه‌موو ئه‌و خوێندنه‌وانه پەیوەندیان بەلایەنە ناواخنیەکانى مرۆڤەوە هەیە، ئەو لایەنانەى کاریگەری و رەنگدانەوەى راستەوخۆى دەوروبەره‌كه‌یان به‌سه‌ره‌وه‌یه، هەر بۆیە زۆر جاران، کە باس لە ئازادى دەکرێت، یەکسەر بیر لە نەبوونى بە زۆر پێکردنە ناواخنیەکان دەکرێتەوە. ئەم خاڵه‌ش پەیوەندى به‌مه‌وە هەیە، كه مرۆڤ تا چەند ده‌توانێت خاوه‌نى خۆی بێت، واتە تاچەند لە ژێر کۆنتڕۆڵى کرداره تایبەتیه‌كانی خۆیدا ده‌بێت( CARTER, 1999. 148).
ئەگەر خۆمان لە هەموو لایەنێکى فەلسەفى و سایکۆلۆژى، یا ئاکارى، داماڵین، ئەوا دەشیێن بڵیین ئازادى ئەو ئامێرەیە، كه وا لە مرۆڤ دەکات رەفتارەکانى بە گوێرەى ئەو بڕیارانه بێت، کە دەیدات، بەبێئەوەى مل بۆ هیچ بەزۆر پێکردنێک کەچبکات، تەنیا ئەوە نەبێت پێداویستیە بۆ دابینکردنى ئازادى خەڵکانى تر.. بەو پیێە مرۆڤ ئازادە تا ئەوکاتەى تەنیا مل بۆ خودى خۆى کەچدەكات و ناكه‌وێته ژێر هیچ كاریگه‌ریه‌كی ده‌ره‌كیه‌وه. هەموو راگەیاندنەکانى مافى مرۆڤ لەسەر ئەوە کۆکن، كه ئازادى شتێکى رەسەنە لاى مرۆڤ، بەشێوەیەکى توند بە سروشت و خودى خۆیەوە پەیوەستە و لە هەبوونەکەیدا قەرزاربارى هیچ دەسەڵاتێکى کۆمەڵایەتى یاخود سیاسی نیە(الشاوی، 1997. 170-171 ).
(پەرتووکی “ئازادی لە نیوان فەلسەفەو یاسادا” لەلایەن ڕێکخراوی ئازادبوونەوە بەچاپ گەیاندراوە و بڵاودەکرێتەوە).