رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان

هــــیــــچ دوور نیــــە ژیان لـــە ســــەر هەسارەیەکی تر یان لە شوێنێکی تر لە دەرەوەی زەوی هەبێت

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین: دکتۆر کارزان هەورامی

ڕەنگە شوێنێک بەم شکڵ وشێوازو ژینگەیە ، بەم دورو نزیکی لە خۆرو بونی مانگ و ئەوەندە ڕێژەی  ئاوو وشکانی و بەرگەو هەواو ڕێژەی گازەکان و  ئەم سیستەم و بەزمە ڕەزمەوە کە هەیەتی  ، نەتوانین بیدۆزینەوە  لە بۆشایی ئاسماندا، یا لە گەردووندا ، ڕێک هەسارەیەک هەبێت کتو مت لە زەوی بچێت بەم  بە هەموو وەدەکاریەکانیەوە  بەدووری دادەنێم هەبێت ، بەڵام هیچ دوور نیە ژیان لە سەر هەسارەیەکی تر یان لە شوێنێکی تر لە دەرەوەی زەوی هەبێت ، نەک هەر  بە دووری نازانم بەڵکو زۆر نزیکە شوێنێکی تر هەبێت و جمەی بێ لە ژیان .

بۆچی وا دەزانم :

مەرج نیە ئەو شوێنە پێوەرەکانی ئەم جۆرە ژیانەی تێدا بێت ئینجا وابزانی جمەی بێ لە ژیان .

 بۆ نمونە ،ئەم ژینگەیەی کە ئێمە خۆمانمان تێدا گونجاندوە ، ئەبێ ئۆکسجین هەبێت ، ئاو هەبێت ، گازەکانی تر بەڕێژەی دیاریکراو  هەبن ئینجا ئەتوانین هەبین و بمێنینەوە تێیدا ، ئەگەر ئەمانە نەمێنن یان کەمو زیاد بکەن  ژیانیش نامێنێ ! بە کورتی ئەمانە پێوەری ژیانن لەسەر زەوی !

لە ڕاستیدا بۆ بوونی ژیان ئەم پێوەرانە مەرج نین ، دەکرێت هەسارەیەک هەبێت  هیچ لەم پێوەرانەشی تێدا نەبێت و ژیانیشی تێدا بێت ، ئۆکسجینی تێدا نەبێت ، ڕێژەی گازەکانی تر جیاواز بێت ، خاک و ئاو بەم شکڵەی ئێرە  نەبێت ، خۆراک زۆر کەم یان  هەر نەبێت و ژیانیش هەبێت !  تیشکی خۆر هەبێ یان نا زۆر بێ یان کەم ، بەرگە هەوای نەبێ بۆ پارێزگاری و ژیانیش هەر هەبێت ، بەڵێ دەکرێت .

ئێمە بەم پێوەرانە ڕا هاتووین ، وا دەزانین لەدەرەوەی ئەم سنورانە ئیتر نابێ ژیان هەبێ . 

با دور نەڕۆین هەر لەسەر زەوی ، یەک دنیا ژینگەی جۆراو جۆر هەن ، ژینگەی زۆر لەیەک جیاواز و هەر یەکێکیان تایبەتمەندی جیاوازی هەیە ئەسڵەن لەوی تر ناکا ، بەڵام هەموشیان جمەیان دێت لە ژیان .

شوێنی واهەیە ئەسڵەن ئۆکسجینی تێدا نیە ، دەبینیت هەندێک زیندەوەر هەن دەسوپەنجەیان لەگەڵ ئەو ژینگە نەرم کردوەو دەژین و زۆریش دەبن و کەیفیش دەکەن  بە هیچ کلۆجێ پێویستیان  بە ئۆسجین نیە ! نەک هەر پێویستیان پێی نیە بەڵکو ئەگەر لەپڕ  تۆزێ ئۆکسجین بزێتە ئەو شوێنە ژیانەکەی ئەوێ دەکوژێ ، سەرنج بدە لە ژینگەیەکدا  ئۆکسجین ژیانە لە دانەیەکی تر ئۆکسجین ژەهرە ! ئەمە هەر لە سەر زەوی !

هەندێک جۆری ژیان هەن زۆر دەگمەن پێویستی بە ئاو هەیە ، ئەم زیندەوەرانە کومترین چالاکی ئاو لە لاشەیاندا هەن و زۆر بە باشی نەک هەر تەنها گەشە دەکەن بەڵکو زاوزێش دەکەن  !

هەندێک زیندەوەر هەن  بە خۆراکێکی زۆر کەم ئیدارەی ژیانیان  دەکەن ، لەناو هەناوی تاشەبەردەکانا  دەژین ، پێیان دەڵێن  ئیندۆلیث ، بەڵام بە باشیش دەژین ، ئەو کەشو هەوایەی بۆ دیگەران مەرگە بۆ ئەوان ژیانە .

 ژیان هەیە لە ئاگردایە هەشە لە ناو چەقی سوهۆڵبەنداندا هەڵدەکا ! دەی خۆ بە پێوەرەکانی ئێمە ئەوانە سنوری ژیانن ، بەڵام زۆر لەودیو ئەو سنورانەشەوە ژیان هەیە .

ژیان زۆر ئاڵۆزە ، دەتوانێت خۆی بسازێنێ لەگەڵ زۆرینەی ژینگەکاندا ، ئیتر لەوێ چی هەیە ئەوژیانە لەگەڵیدا هەڵدەکاو  ئەوەی کە هەیە بە کاری دەهێنێت بۆ ئەوەی نەشو نما بکات.  ئیتر ئۆکسجینە کاربۆنە نایترۆجینە  تیشکی خۆرە هەرچی هەبێ ئەو ژیانە هەوڵ دەدا میکانیزمێکی بۆ بدۆزێتەوە و وزەی لێوە دروست بکات . ئەم ژیانە جۆرێکە کورد گوتەنی “ باران ببارێ  ئاشی دەگەڕێ ، باران نەبارێ جوتی دەگەڕێ “

 لە بەرمەبنای ئەم خۆگونجاندنەی ژیان ئەگەری ئەوە زۆرە ژیان لە شوێنێکی تر، یان سەدان شوێنی تری ئەم گوردوونە جمەی بێ .

جا سەیری ئەم سەر سەختی و کەلە ڕەقیەی ئەم  ژیانە بکە ؛

ساڵی ١٩٨٦ تەقینەوەیەکی ناوکی لە شاری چیرنۆبڵ لە ئۆکرانیا ڕوی دا ، ئەم تەقینەوانە زۆر مەترسی دارن ،  چونکە هەندێک مادەو توخمی تیشک دەر دەخەنە ژینگەوە ، بە پێی تیۆرەکانی  ژیان و بوون و بە پێی پێوەرەکانی ئەم ژیانەمان زەحمەتە ڕۆح لەبەر بتوانێت لەو ناوەدا بە چەند کیلۆمەترێک بژی ، چونکە ئەو توخمانە ئایزۆتۆپی تیشک دەرنو خانە وێران دەکەن ، هەر کار لە ترشەناوکی خانە دەکەن و تێکی دەشکێنن یان  ناکامی دەکەن ، لەبەر ئەم دەر ئەنجامە خەڵکێکی زۆر لەناوچوون ، نەک هەر خەڵک بەڵکو زیندەوەرانیش قڕیان تێکەوت و لەبەر مەترسیە گەورەکەی ئەو ناوە قەدەغەکرا بۆ ژیان و گوزەران .

ئەم چیرۆکە بوەتە کەرەسەی سینارستەکانی هۆڵیودو چەندین فلیمیان لێدروست کردوە ، حەزت کرد چاویان لێکە .

جا پاش تێپەڕبوونی ماوەیوکی زۆر لە قەدەغە کردن ، بە قەرار ژیان لەوێ ئیتر قەڕەچۆڵی بڕاوەتەوە و نیە ،  سەرنج درا  ئەو ناوە  جمەی دێ لە جۆرێک ژیان، بینیان جۆرێک کەڕوو هەیە هەر بەردەوام گەشە دەکات و زۆر دەبێت ، وەک ئەوەی نەبای دیبێت و نەبۆران ، یەک مێش میوانی نیەو لەناو  ئەو ژینگە

ئاڵودەبوەدا کەیفو سەفای خۆی دەکات ، زیاتر وورد بونەوە و سەرنجی ڕێژەی توخمە تیشک دەرەکان درا بینیان هێشتا لەو ڕێژەدان کە نابێت ژیان بەم جۆرە هەبێت لەم ناوچەدا .

ئەمە بویە پرسیارێکی جدیو کنەو پشکنینێکی زۆر کراو لە ڕەفتارو خوی ئەم کەڕوە زۆر کۆڵرایەوە ، بۆیان دەرکەوت کە ئەم برادەرانە بەجۆرێک خۆیان ڕەخساندوە لەگەڵ ئەو ژینگەدا کە تەواوی وزەی ژیانیان لە توخمە تیشکدەرەکان وەردەگرن!! ، یانی ئێستا ئەم مادە زۆر ژەهرانە کە پێیان دەوترێت توخمی تیشکدەر  نەک ئەم زیندەوەرانە ناکوژێ بەڵکو بوونەتە سەرچاوەی وزەو نەشو نمایان ،  ئەویش بە هۆی ئەوەی کە پەرەیان بە ڕێژەیەکی زۆر میلانین داوە لە لاشەیاندا کە بەرگەی ئەو مادە تیشک دەرانە بگرنو بیشیان گۆڕن بۆ ووزە !  سەیرکە ژیان چەند سەختە چۆن هەمو هاوکێشەکان ئاوەژوو دەکاتەوە !

ئیتر هیچ مانایەک نیە بۆ ئەوەی بڵێی فڵان هەسارە ئەو گازەی تێدایە ژەهرە و نابێت ژیانی تێدابێت ، یان ژینگەکەی وشکەو ناکرێت ژیان لەوێ هەبێ یان گەرمە یان زۆر ساردە ، ئەوە بۆ ئێمە وایە بۆ ئەم جۆرە ژیانە ، دەکرێت ژیانێک هەبێت بۆ ئەو زۆر گونجاو بێت و زۆر بە باشی گەشەی تێدا بکات . 

تۆ وادەزانی بۆ ئەمریکاو چینو ڕوسیا شەڕە لەقەیانە لەسەر مەریخ ! خۆ ژینگەکەی  تەواو جیاوازە ، هەرکەسەو دەیەوێت زووتر مرۆڤ بنێرێت و بنەمای ژیان لەوێ دابکوتێ !

ئەگەری زۆرە ئەم خەونەش سەربگرێتو ببێتە جێگرەوەی زەوی و هاتو چۆی زەویو مەریخ ببێتە ڕێگەی کانی !

هاوشێوە