بەشێک لە پەرتووکی “ئازادی لهنێوان فهلسهفه و یاسادا”.
لە نووسینی د. کامهران مهنتک.
داب و نەریتەکان لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکى ترو لەسەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکى تر دەگۆڕێت. چەندەى داب و نەریتەکان بەرفراوان و گەورەتر ببن، هێندە بوارى ئازادیەکان زیاتر دەبێت. واتە بوارى مامەڵەکردنى داب و نەریتەکان لە پێوەند و کۆت خستنە سەر رەفتارەکان و چوارچێوە بۆ دانانیان، لەکۆمەڵگایەکى بەرفراوانەوە، جیاوازه لەکۆمەڵگایەکى داخراو و بچووکدا، لە کۆمەڵگاى گەورەو بەرفراواندا، بە هۆى گەورەیى قەبارەى دانیشتوان و تێکەڵاوى و ئاوێتە بوونى داب و نەریتەکان و بیرو بۆچوونى جیاواز. مامەڵە کردن لەگەڵ داب و نەریتەکان، جۆرە مەتاتیەت و نەرمیەکى تیایە، بەو شێوە رژدو سەختە نیە، وەک لە کۆمەڵگا بچووک و داخراوەکاندا هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە ئەوە رەتناکاتەوە هەر کۆمەڵگایەک داب و نەریتى تایبەت بەخۆى هەیە، کە مۆرکى ئەو گەل و نەتەوانەى بە خۆوە گرتووە، کە لە دوو تۆیى ئەو کۆمەڵگایەدا دەژین. لەبەرئەوەى پڕۆسهى پێگەیین و گەشەسەندنى ئەم داب و نەریتانە زەمەنێکى زۆرى ویستوە، بۆیه بۆتە کەلتوورى ئەو نەتەوەیەو لێى جیانابێتەوە، واتە بۆتە بەشێک لە مێژووى هاوبەش و بەیەکەوە ژیان، ئەمەشیان لانکەیەکە بۆ لە دایکبوونى ئازادیەکان و کاریگەریەکى گەورەى هەیە، بگرە رەنگدانەوەیەکیشە بۆ رادەى تێگەیشتن و بیروبۆچوونى ئەو کۆمەڵگایە بۆ ژیان.
دروستبوونى داب و نەریتەکان پەیوەندیان بە کەلتوورو رۆشنبیرى ئەو کۆمەڵگایەوە هەیە، کە تیایدا سەریانهەڵداوە، بۆیە شێوازى رێکخستنى داب و نەریتەکانیش بۆ رەفتارەکان، جیاوازە بەجیاوازى کۆمەڵگاکانهوه. بێگومان لە پاڵ ئەمەدا کۆمەلێک هۆکارى، ئاینى، ئابوورى، کاریگەریان لەسەر ئەم دروستبوونەدا هەیە. ئەمەیە وادەکات کردارێک یاخود رەفتارێک، بەپێى داب و نەریتى کۆمەڵگایەک جێگاى شەرمەزارى بێت، هاوکات هەمان کردارو رەفتار لە کۆمەڵگایەکى تردا جێگاى بەخ و شانازى پێوەکردن بێت و ئازادى رەهاى پێدرابێت، چەندەى کۆمەڵگاکانیش لەیەکتر دوورتر بن، یاخود هۆکارى تێکەڵاو نەبوون و دابڕانیان زۆرتر بێت. هێندە زیاتر ئەو جیاوازیانە قووڵترو چڕتر دەبێتەوە، کەچى ئەگەر پێچەوانەى ئەم حالەتەش هاتەکایەوە، واته تێکەڵاوبوون و هاموشۆى ئەم کۆمەڵگایانە زۆرتر بێت، هێندەش زیاتر داب و نەریتەکان لە یەکتر نزیکدەبنەوە، لە ئەنجامى ئەم لەیەکتر نزیکبوونەوەو تێکەڵاویەشدا، جۆرە داب و نەریتێکى ترى نوێ لە دایک دەبێت، کە بە دیدێکى فراوانترەوە مامەڵە لەگەڵ بیرو بۆچوون و داب و نەریتە کۆنەکانى هەردوو کۆمەڵگاکەدا دەکات. ئەمەش خۆى لەخۆیدا دەبێتە سۆنگەى هێنانەدى جۆرە نەرمیەک و لەیەکتێگەیشتنێک لە نێوان هەردوو کۆمەڵگاکەدا. ئەو رەفتارانەى، کە داب و نەریتەکان ئازاد، یاخود قەدەغەى دەکات، یەکێتیهک لە نێوان هەردوولایاندا دێنێتە دى، ئەمەشیان جۆرە کەلتورێکى رۆشنبیرى و هزرى هاوبەش دروستدەکات.
لە سەردەمى جیهانگەراییدا، بە هۆى ئەو پێشکەوتنە گەورانەى لە بوارى گەیاندندا هاتۆتە ئاراوە، کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى بچووک بۆتەوەو خەریکە وەکو یەکەیەک، بەشێوەیەکى زۆر چڕ بەیەکتر دهبەسترێتەوە. بەتێپەڕبوونى کات و لەگەڵ خێرایى داهێنانەکاندا، سەربارى ئەوەى رۆڵى داب و نەریتە کۆنەکان کزو لاواز دەبێتەوە، ئەو داب و نەریتانەی لهنێو ههموو كۆمهڵگا جیاوازهكاندا ههیه، لەبۆتەى یەکتر دەتوێنەوە، ئەمەشیان لەلایەک دەبێتە هۆى لە دایکبوونى داب و نەریتێکى نوێى جیهانى، کە بهدرێژایى مێژوو کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى بەخۆیەوەى نەدیوەو ئەو داب و نەریتە دەتوانێت باشتر لەگەڵ گیانى سەردەمدا بگونجێنێت و رەفتارەکانى سەرجەم کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى ڕێکبخات، لەلایەکى تر لە رادەى کاریگەرى داب و نەریتە کۆن و ناوچەییەکان کەمدەکاتەوە، بێگومان ئەمەش رێگا خۆشدهكات بۆ ئەوەى زۆر شتى ترى بەدوادا بێت.
جیهانگهرایی دهبێته هۆی لاوازكردن و نەهێشتنی رۆشنبیرى نەتەوەیى و تەنانەت لەبار یەکتر هەڵوەشانەوەى گیانى نەتەوەیى و ئینتیمایە بۆ شوێن و ناوچەیەکى دیاریکراو، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت داب و نەریتى نەتەوەیى و ناوچەیى به یهكجاری لە ناو دەچێت و بە زاراوەیەکى میللى جۆرە بەڕەڵاییەک لە دایکدەبێت. بەڵکو ئەوە دەگەیەنێت شێوازى بیرکردنەوەى مرۆڤ دەگۆڕێت و تواناى ئامادەباشی بۆ گۆڕان زۆرتر دەبێت. یەکێک لە دەرەنجامەکانى ئەمەش، چیتر بەداب و نەریتى گەلانى تر نامۆ نابێت، ئەمەش جۆره لەیەکگەیشتنێک، لەنێوان ئەو گەلانەدا دێنێتە ئاراو دەتوانین بڵێین دەبێتە سۆنگەى پەیدابوونى داب و نەریتێکى جیهانی، بەتایبەتیش لەو بوارانەی بەشێوەیەکى راستەوخۆ پەیوەندیان بە جیهانگەراییەوە هەیە. داب و نەریتەکان لهسهردهمی جیهانگهرایدا کەمتر لە جاران رۆڵ لەداڕشتنى یاساكاندا دهگێڕێت، چونکە گۆڕانەکان زۆر لەوە بە پەلەو خێراترن، کەیاساكان پێیانڕابگەن. دیارە ئەمەش دەبێتـە فراوانبوونى چوارچێوەى ئازادیەکان و زۆر لەو رەفتار و هەڵس و کەوتانە ئازاد دهکرێن، کە پێشتر دواکەوتوویى کۆمەڵگا ناوچەییەکان دەیپاراستن. ئەو داب و نەریتە بەرفراوانەى دێنە کایەوە، ئەگەر رۆڵیان لەداڕشتنى یاساى ناوەخۆیدا کەمبێتەوە، ئەوا لەداڕشتنى یاسایەکى مرۆڤایەتى نێو دەوڵەتیدا، کە مرۆڤایەتى لهمێژه هەوڵى بۆ دەدات، کاریگەرتر دەبێت، دیاره ئەمەیان دەوەستێتە سەر ئاستی رۆشنبییرى و پێشکەوتنى خودى کۆمەڵگاکان خۆیان، لەو ململانێیە رۆشنبیریەى، کە لەئەنجامى تێکەڵاوبوونى گەلاندا دێتە بهرههم، ئهو داب و نهریتانهی ناتوانن لهگهڵ سهردهمی نوێدا خۆیان بگونجێنن، یاخود ناتوانن پێویستهكانی ئهو سهردهمه پڕ بكهنهوهو بههاكانیان له دهستدهدهن، بۆیه بە ناچارى گۆڕەپانى ململانێیەکە جێدەهێڵن و دەکەونە دوو تووێى لاپەڕەکانى مێژوو. ئەمەش مەترسى جیهانگەرایى بەسەر ئەو نەتەوانەدا دەردەخات، کە لە شوێنى خۆیان دەجولێنەوەو یا بەرەو پێشەوەناچن، یاخود هەنگاوەکانیان هێنده خاوو لهسەرەخۆیە، وهك ئهوهی لهشوێنی خۆیان وهستابن هیچ كاریگهریهكیان نیه.