رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان

مێینەیى و جادوو

Facebook
Twitter
LinkedIn

لەنووسینی: هاوار محەمەد

    ئەم ڕەگەزە مێینەییەى لە واتاى زاراوەى Fata Morgana (سەراب)دا هەیە، شایەنى تێڕامانە. ئارتیكڵى وشەكە لە زمانى ئەڵمانیدا (die)ـیە كە لە حاڵەتى تاكدا هى “مێینە”یە و لە حاڵەتى كۆدا هی “پلورال”ـە. گەر جیاوازییە ڕێزمانییەكەى وشەكە لەم دوو حاڵەتەدا، لەنێو ڕستەدا هەڵپەسێرێن و تەنیا لەوە ورد ببینەوە كە ئەم ئارتیكڵە لە دۆخى نۆمیناڵدا هاوكات مێینە و كۆیشە، ئەوا دەتوانین بڵێین كە هەموو وشەیەكى مێینە لە ڕێگەى ئارتیكڵەكەیەوە مەیلى لەوەیە “كۆ”ش بێت. مێینەیى و پلورال ئارتیكڵى خۆیان لەگەڵ یەكتردا هاوشوناس كردووە، بەڵام “ڕێزمان” هەوڵ دەدات لێكیان جودا بكاتەوە. ڕێزمان وەك “یاسا”، وەك سیستەمى دەربڕینى زمانى، كە “یەك” و “ڕێكى” دەخوازێت، ئەم هاوشوناسییە هەڵدەوەشێنێتەوە و دووبارە بەسەر تاك و كۆدا دابەشیان دەكاتەوە؛ لەگەڵ ئەوەیشدا لەنێو مێینەدا بەردەوام سەیروورە فرەییەكان، بوون-بە-كۆكان خێران. لە ڕووى جەستەییەوە مێینە پتر تواناى جووڵان، كشان، پێچخواردنى هەیە كە توانستى ئەوەى پێدەدەن بە شێوەیەكى زیگزاگى بجوڵێت (بەپێچەوانەى ئەو ڕوانگەیەوە كە لاى وایە مێینە بەهۆى سووڕى مانگانەوە، لە ڕووى جەستەییەوە لاوازە). پێدەچێت هونەرى جومناستیك، كە یەكێك لە هونەرە هەرە گرنگە گریكییەكان بووە، داهێنراوى ژنان بێت. هاوكات وەك مۆرگانا هەر مێینەیەك فرەبەهرەیە، هاوكات تواناى چەند كارێكى هەیە، بزۆز و خۆگۆڕكێكارە، دەرمانساز و جادووگەرە.

لە لایەکیترەوە، چێژ لە جەستەى مێینەدا لە پنتى جیاوازدا دابەشبووە و لە یەك سەنتەرى فالووسیدا، وەك ئەوەى لاى پیاو هەیە، كۆ نەبۆتەوە. ژنان خێراتر دەچنە پەیوەندییەوە لەگەڵ گۆڕانكارییەكان، تەنانەت ئەمە لە ژیانى پراكتیكى و كاریشدا ڕاستە؛ لە دنیاى نوێدا زۆرینەى لێكۆڵینەوەكان كۆكن لەسەر ئەوەى ژنان لە فرە-ئەركدارى[multitasking]ـدا لە پیاوان سەركەوتووترن؛ لە یەك كاتدا دەتوانن چەند فرمانێك ڕاپەڕێنن. سەرجەمى ئەم فرەییانە فرەیى ئارەزوون كە وا دەكەن مێینە تاقمە كۆ و دەستەبەندەكان پێك بهێنێت، لەبەر ئەمەیە كە دۆلۆز دەڵێت ژن سەیروورەى هەیە و پیاو جێگیرى.

بەم پێیە، مێینەیى وشەكە لە ڕووى ڕێزمانییەوە، بێ دەلالەت نییە. بەڵام لە لایەکیترەوە واتا ئیتیمۆلۆژییەكەى وشەى Fata Morgana لە زمانى لاتینى و فەرەنسى و ئەڵمانیشدا، وەك پێشتر بینیمان، بە واتاى “ئەو مێینەیە دێ كە لەسەر ئاوى دەریا لەدایكبووە”، یان “كچەى دەرمانسازى دوورگەى خۆشبەختى”یە كە دواجار ناوى “خوادابانووى چارەنووس”ـى لێنراوە. كەواتە لەم بارەشدا، واتا بنەڕەتییەكە لە ئوستوورەیەكى ژنانەوە وەرگیراوە: ئەو پەرییە شۆخ و شەنگە مەكربازەى كە وەك لەسەر ڕووى ئاو بێت، دەردەكەوێت و چارەنووسى موسافیران دیاری دەكات. لێرەدا دەكرێت بیرمان بۆ سیرینەكانیش بچێت لە شاكارى “ئۆدێسە”ى هۆمیرۆسدا. سیرینەكان ئەو پەریانەى دەریان كە دەنگێكى ئێجكار خۆش و ئەفسووناویان هەیە، بە جۆرێك كە هەر كەس بە لایاندا تێپەڕێت و گوێى لە ئاوازەكانیان بێت، هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ نیشتمانى خۆى و لە دوورگەكەى ئەواندا كۆتایى بە ژیانى دێت.

لە ڕووى تیۆرییەوە ئەمە بەو واتایەیە كە سەراب جگە لەوەى مێینەیە، خۆیشى پێناسەى مێینەیی دەكات: مێینە لە لایەک، بەو پێیەى جوانى پتر پێیەوە نووساوە، و بە گوتەى واڵتەر بنیامینیش جوانى هەر بە جەوهەر مەیلى لە دەركەوتنە، كەواتە مێینە دەركەوتن و درەوشانەوەى هەیە. بەڵام ئەم دەركەوتنە هاوكات دەر-كەوتنـە، واتە دەكەوێتە “دەرەوە”، دەرەكییە و ناوەكى [حەقیقى] نییە؛ فریوێكە زوو تێدەپەڕێت، هەر بەم هۆیە دەكەوێتە دەرەوەى دەستپێڕاگەیشتن. لە لایەکیترەوە بەو پێیەى مێینە سەیروورەى فرەییەكانى هەیە، پتر دەجوڵێت، كۆچ دەكات، دێتەوە، تێدەپەڕێت، فۆڕمى خۆى دەگۆڕێت؛ لێرەوە مێینە هەڵگرى سیفەتى سێبەر یان وەهمە. ئەمانە سیفەتە “جادوویى”ـەكانن؛ لەبەر ئەوە سەربوردەى Fee نەك تەنیا وەك “خودابانوو”یەك، بەڵکوو وەك “جادووگەر”ـێكیش، گێڕراوەتەوە.

وێناكردنى ژن وەك “جادووگەر” لە داستانى زارەكى و میللیى كۆنەوە تاوەکوو سینەماى ئەمڕۆ درێژ بۆتەوە؛ بەڵام لە سەدەكانى ناوەڕاستى ئەورووپادا ئەم وێنا ئەدەبییە كاریگەریى واقیعى خۆى لەسەر زەینى خەڵكى دادەنێت و وێنەكەى لە مۆرگانایەكى شیفابەخشەوە هەڵدەگەڕێتەوە بۆ سیحربازێكى شەرەنگێز. سەربوردەى “قڕكردنى جادووگەران”[Hexenverfollgung] لە كۆتایى چاخى ناویندا بۆ گەلانى جیهان زۆر باو و ئاشنایە. بەگوێرەی ئەو دیكۆمێنتانەى وا لە پرسى “قڕكردنى جادووگەران” ماونەتەوە، ئەوە دەسەلمێنن كە جادووگەریی زیاتر وەك پیشەى ڕەگەزى مێینە تەماشا كراوە، هەر لەبەر ئەوە زۆرینەى قوربانییەكانى ئەو كارەساتە ژنان بوون. پێشتریش لە یۆناندا “جادووگەرەكەى دێلفى” هەر وەك مێینە وێنا كرابوو.

بەڵام لە سەدەكانى ناوەڕاستدا گۆڕان لە وێنەى جادووگەردا وەك پێشبینیكار ڕوو دەدات و دەبێتە كیمیاگەر، كەسێك كە ماددەكان لەگەڵ یەكتردا تێكەڵ دەكات و گیراوەیەكى نوێى لە شێوەى “خۆراك، شلەمەنى، مەرهەم”ـدا لێ دروست دەكات. بەو پێیەى لەو سەردەمەدا كایەى پزیشكى وەك سەردەمى ئەمڕۆمان گەشەى نەكردبوو، ئەم گیراوەیە كاریگەرییەكى “سیحر”ى هەبووە؛ شیفاى نەخۆشێكى داوە و هەندێجاریش كاریگەریى ژەهراوى هەبووە. بەم جۆرە جادووگەر هەر لە بنەڕەتەوە تواناى دەرمانسازى هەیە، بەڵام دەكرێت دەرمانەكەیشى كوشندە بێت. ئەو دەتوانێت لە ڕێگەى جادووەوە لەشساغێك بخاتە هەلاكەت، دواتر بە ئاوێتەیەكى دەرمان شیفاى بدات.

لە شیعرى كلاسیكى ئێمەدا هەمان وێنەى شیعریى “تەبیب” بۆ ژن هەیە كە بە “مەرهەم”ـى ئەفسووناویى خۆى، برینى عاشق چارەسەر دەكات، لە كاتێكدا هەر خۆى هۆكارى نەخۆشییەكەیشە. دەردى عاشق هیچ دەرمانێكى نییە، تەنیا یەك دەواى دەگمەن نەبێت كە لاى مەعشوقە، چونكە مەعشوق خۆى جادووەكەى كردووە و خۆیشى دەتوانێت بەتاڵى بكاتەوە. ئەو لە یەک کاتدا كاریگەریى دوولایەنەى مەرهەم و ژارى هەیە؛ مەعشوق فارماكۆنـە. پێنج شەش سەدەیەك پێشتر لە ئەورووپا ئەم وێنە شیعرییە جۆرێك حیكایەتسازیى فانتازیى بووە لەسەر ژن بە كاریگەریى ئەدەبیاتى میللى و فەلسەفەى سكۆلاستى و ئایینى مەسحییەت، بۆیە كاریگەریى كۆنكرێتى لەسەر ژیانى واقیعییان داناوە. لەو سەردەمەدا جادووگەر مەعشوق نەبووە، بەڵکوو “نەفرەتكەرى نەفرەتلێكراو” بووە. بەگوێرەی تێگەیشتنى كۆمەڵگە ئەوروپییەكانى ئەو سەردەمە، ژنانى جادووگەر لە ڕێگەى جادووەوە توانیوویانە نەفرەت وەدووى ئەوانى تر بخەن، بەڵام ڕێك بەم هۆیە خۆیان لە كۆمەڵگەدا دەبنە سوبێكتگەلى نەفرەتلێكراو.

خۆ ڕەنگە ڕیشەى وێنا فانتازییەكەى جادووگەرى و پیشەى دەرمانسازى لە ژیانى واقیعیدا پەیوەست بووبێت بە بارى ئابوورییەوە، ڕوونتر بڵیێن بە دۆخى هەژارییەوە. ژنان و كچانى بێ هاوسەر و باوكمردوو، تەنیا پشتیان بە خۆیان بەستووە بۆ دابینكردنى بژێوى، ئەمەیش لە هەلومەرجى ئەو كاتى كۆمەڵگەكاندا ئاسان نەبووە، بۆیە بەشى پێویست خۆراكیان نەبووە، ناچار بوون ببنە فاڵگرەوەى گەڕیدە، یان خۆراكى خۆیان لە ماددەى هەمەجۆرى دەستكەوتوو و هەندێجار بەسەرچوو و بۆگەنەوە دابین بكەن؛ بەڵام بۆ ئەوەى خۆراكەکە قابیلى خواردن بێت،

دەبوو چەند ماددەیەك پێكەوە تێكەڵ بكرێن، لەوانە بەر و گەڵاى ڕووەكەكان. بیریشمان نەچێت مۆرگانا خودابانووى دوورگەى سێو بووە كە درەختەكانى خۆبەخۆ ڕوواون. لەبەرئەمەیە سێو میوەى جادووگەرانە. پێدەچێت هەندێ لەم خۆراكانە كاریگەریى پۆزەتیڤیان هەبووبێت و گۆڕابن بۆ جۆرێك دەرمان. دەرمانیش شیفابەخشە و هەندێجاریش زیانبەخش، لێرەوە كاریگەریى ئەفسوونى و مەتەڵئاساى لەسەر جەستە و دەروونى مرۆڤەكان هەبووە. جا چونکە مەسیحییەت باوەڕى زاڵى سەدەكانى ناوەڕاست بوو، ئەم كاریگەرییە، بە هەردوو بارەكەدا، وەك “سیحر” پێناسە كراوە كە

«مەرهەمە سیحرییەكە و هەموو شێوە سیحرەكانى تر، وەك چارەسەر بەكارهێنراون. تەنانەت سێوێك، خواردنەوەى بیرەیەك كە لە لایەن جادووگەرەكەوە پێشكەش بكرێت، تەنانەت فوویەك، یان نیگایەكى جادووگەرەكە، بەسە بۆ جادووكردن»[1].

قەشە مەسیحییەكان، وەك شاگردى مەسیح، بانگەشەى ئەوەیان دەكرد شیفادانى جەستەیى تەنیا لە دەستى ئەواندایە؛ ڕزگاریى ڕۆحییش لە ڕێگەى ئینجیلەوە دەبێت. نەخۆش نەخۆش نییە، شەیتان ڕۆحى پیس كردووە؛ داننان بە گوناه لە بەردەم قەشەدا، كلیلى بەدەستهێنانى باخچەیەكى شانشینى ئاسمانە. دەرمانسازى وەك چارەسەرێكى دنیایى هەڕەشەبوو لەسەر پێگەى قەشە كە چارەسەرەكەى بۆ دەردەكان دەركردنى جن بوو لە لەشى دەردەدارەكان. بۆیە لە بەرانبەردا ئەو باوەڕە بڵاوكرایەوە كە ئەوانەى بە هونەرى دەرمانسازییەوە خەریكن، ڕاستییەکەی لە “ڕۆحێكى شەڕەنگێز”ەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و یارییان پێ دەكرێت تاوەکوو لە ڕێگەى جادووەوە نەخۆشییەكان/نەفرەتەكان بڵاو بكەنەوە:

«باوەڕى خەڵكى هیچ گومانێكى لەوە نەبوو كە لە ڕێگەى ماددەى سیحرییەوە دەكرێت زیان لە ژیان، تەندروستى، موڵكوماڵ، سامانى ئەوانى تر بدرێت، ئەمانەیش تاوانگەلێك بوون كە سزاى زیاتریان لەسەر بوو، بەو پێیەى هەر وەك ژەهراویكردن، بە ئاسانى و نهێنیی ئەنجام دەدرێن و لەم ڕێگەیەوە سەلامەتیی گشتى بە پلەیەكى ترسناك دەخەنە مەترسییەوە»[2].

جادووگەر بە نهێنى زیان لە موڵك و ماڵى ئەوانى تر دەدات و سەلامەتیی گشتی دەخاتە مەترسییەوە، ئەمەیش تاوانە. كارى دەرمانسازى، كە چارەنووسى نەخۆشى پێوە بەندە، وەك جادووگەرى لێك دراوەتەوە كە لە بەرانبەر شیفاى ئینجیلدا “چارەسەرى ڕاستەقینە” نییە، بەڵکوو هونەرێكى شەیتانییە؛ خۆ ئەگەر بۆ ماوەیەك كاریگەریى فریودەرى پۆزەتیڤى هەبێت، هێشتا جەستەى مرۆڤ زیاتر نەخۆش دەخات و ڕۆحى ژەهراوى دەكات.

كەواتە كاریگەریی ئەم جۆرە دەرمانە كاتى و وەهمییە و تا زیاتر بەكار بهێنرێت، نەخۆش دۆخى خراپتر دەبێت. ئەم پەیوەندییە لەنێوان مێینە و جادوودا، لەنێوان ژن و شەیتاندا وێناى ژن لە بیاتریسى قەشەنگەوە دەگۆڕێت بۆ پیرێژنێكى دزێو. تەنانەت ژنێك كە ڕوخسارێكى جوان و لەشێكى سەرنجڕاكێشى هەیە، تەنیا ڕواڵەتێكى مەكربازە و لەنێویدا پیرێژنێكى تۆقێنەر نوستووە. ئەمبێرتۆ ئیكۆ لە دەربارەى ناشیرینىـدا باس لەوە دەكات لە سەدەكانى ناوەڕاستدا خولیایەكى دژە-ئەفرۆدێت، یان دژە-بیاتریسى ژنان سەریهەڵدا بۆ تێكشكاندنى وێنەى فریشتەیى و قەشەنگى ڕەگەزى مێینە، لەم پێناوەدا چیرۆكگەلى سەیروسەمەرەى زۆروزەبەندى ژنانى دزێو و جادووگەرى وەك ئەوانەى ئەمڕۆ لە فیلمەكاندا دەیبینین هەڵبەسترا:

«ئەم وێنە هەڵبەستراوەى پیرێژنان لە چەندین تێكستدا دەركەوتەوە […] كە تێیاندا وێنەیەكى قێزەونى بۆرۆیە پیر و نابودەكان (سەر ڕووتاوە، ڕوخسار زیپكاوى، دوو چاوى داچەكاوى خوێناو تێزاو، هەناسەى ناخۆش، چڵمن) دەبینینەوە.»[3]

ئەم جۆرە وێنەیەى پیرێژن، لەژێر كاریگەریى كولتوورى مەسیحییەتدا دەبێتە وێنەى جادووگەر، چونكە بڕوا وایە تەنیا ژن دەتوانێت هاوپەیمانى لەگەڵ شەیتان بەرقەرار بكات[4]. بەڵام شەیتان چییە؟ هەر شتێكە كە حەقیقى نییە؛ ئەوەیە تەنیا مەكر و فێڵ، فریو و وەهم بڵاو دەكاتەوە، هونەرى شەیتان هونەرى وێناكردنى سەرابە، وێناكردنى سێبەرە وەك حەقیقەت. لە دنیاى سێبەر و سەرابەكاندا مرۆڤ چى لێ بەسەر دێت؟ ون دەبێت؛ چیتر ناتوانێت ئاراستەكان دیارى بكات، ئامانجەكانى لەدەست دەچن، چونكە دەبێتە دیلى وەهمەكان و لای وایە حەقیقەت دەبینێت. ئەفلاتوونیزم چڕترین هەوڵى فەلسەفییە بۆ ڕزگاركردنى مرۆڤ بە حەقیقەت لە وەهمەكان؛ حەقیقەتگەلێك كە خۆیان تەنیا وەك وەهم مومكین بوو ببن بە حەقیقەت.

ئەم نووسینەى لێرەدا بڵاوكراوەتەوە بەشێكە لە وتارى دووەمى ئەم كتێبە:

هاوار محەمەد: سەراب- وەهم لە فەلسەفە و ئەدەبیاتدا، ڕێكخراوى ئازادبوون، سلێمانى 2023.


[1] Dr. Oskar Wächter: Vehmgerichte und Hexenprozesse in Deutschland Nach, ngiyaw eBooks, Deutschland, 2006, p.100. (Elektronische Version)

[2] Ibid., p.104. (Elektronische Version)

[3] Amberto Ecco, On Ugliness, translated by Alastair McEwen, Published by Harvill Secker, London, 2007, P. 163

[4] Ibid, P.203.

هاوشێوە