نووسین: د. کامه‌ران مه‌نتک
بۆ ئەوەى بە شێوەیەکى ورد تر لەو گۆڕانانە تێبگەین، کە بەسەر مرۆڤایەتیدا هاتووە و وەکو بنەمایەک بەکاریانبێنین بۆ دیاریکردن و شیکردنەوەى چەمکى یاسایی ئازادى، باشتر وایە بەشێوەیەکى گشتى مێژووى تەمەنى مرۆڤایەتى بۆ دوو قۆناغى سەرەکى دابەش بکەین، کە زۆر نوسەرى تر‌و بەمەبەستى جیا جیا پەنایان بۆ ئەم دابەشکردنە بردووە:
1-قۆناغى بەر لە دروستبوونى کۆمەڵگا.
2-قۆناغى دواى دروستبوونى کۆمەڵگا.
دیارە لە قۆناغى یەکەمدا مرۆڤ لە ژیانێکى نزیک لە سروشتی‌دا ژیاوە. هەندێک پێیان وایە مرۆڤ لەو قۆناغەدا لە حالەتێکى سروشتى ژیاوە، ئەوەى پەیوەندیشى بە پێویستیەکانى مرۆڤەوە هەیە، ئەوا بە ئازادى دەژیا، بەو شێوەیەى کە پێى دەگوترێت (حاڵەتى سروشتى). کەتیایدا گریمانى ئەوە دەکرێت پێویستەکانى مرۆڤ تەنیا هێندە بووە، کە بە پێداویستیە سروشتیە سادەکان ناوزەد دەکرێت، واتە تەنیا بەو شتانەى سروشت بێبارتەقاو بە شێوەیەکى راستەوخۆ پێیدەبەخشێت. ئەگەر هەڵوەستەیەک لەسەرئەم بیرۆکەیە بکەین،
بۆمان دەردەکەوێت کە بنەمایەکى دروستى نیە، لەبەر ئەوەى کورتکردنەوەى پێویستیەکانەو گرێدانیەتى بەشێوەیەکى راستەوخۆ تەنیا بەلایەنە ماتریالی و فێرکاریەکان(هیجل، 1996. 442). هاوكات مرۆڤ لەو قۆناغەدا هێشتا نەکەوتبووە ناو چوارچێوەى ژیانى کۆمەڵگاوە، بەم پێیە بەرژەوەندیەکانى لەگەڵ هیچ بەرژەوەندیەکى تردا رووبەڕوو نەدەبوەوه، كه مه‌ترسی له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی دروستبكات، کاتێك مەترسى رووبەڕووبوونەوە له‌نێوان بەرژەوەندیەکانیشدا نەبێت، پێویست بە هیچ جۆرە یاسایەک ( بە واتا سەرەتایى و نوێیەکەى ) ناکات، تا رەفتارەکانى رێکبخات و بەرژەوەندیەکانیان لەگەڵ یەکتردا بگونجێنێت، ئەو شەڕ و پێکدادانەش، کە لەو قۆناغانەدا لە نێوان مرۆڤەکاندا روویداوە، زیاتر کردارێکى غەریزى و سروشتى بووەو هەوڵێک بووە لەپێناو مانەوەدا، واتە شەڕەکانیش وەک هەموو شەڕەکانى تر‌ى نێوان بوونەوەرەکانى سەر ئەم گۆى زەویە بووە!.
لەم قۆناغەدا هیچ کۆت و پێوەندێکى کۆمەڵایەتى، سیاسى، ئابوری نەبووە مرۆڤ پێوەند بکات. لەبەرئەوەى تواناى مرۆڤیش سنووردارەو بەتەنیا ناتوانێت به‌ته‌نیا رووبەڕووى زۆر لەدیاردە ترسناكه‌كانی سروشت بێتەوە و بەرامبەریان دەستەوەستان دەوەستێت، بۆیه لەم حالەتەدا سروشت چوارچێوەیەک بۆ هەڵس وکەوت و ره‌فتاره‌كانی دادەنێت، کە پێى دەگوترێت یاساکانى سروشت(*[1]). ئەو مافانەی بەگوێرەى ئەو یاسایانە رێكده‌خرین، پێیاندەگوترێـت مافە سروشتییەکان، بەریگرکردن لەو مافانە لەسەردەمى نوێ‌دا. هەندێک بەنوێکردنەوەیەکى شۆڕشگێرانەى لە قەڵەمدەدەن لە فەلسەفەى سیاسی‌دا، ئەوانه وه‌ك تایبەتمەندى شاراوەیە لە خودى کەسەکاندا سه‌یری ئه‌و مافانه ده‌كه‌ن، كه ئاوه‌ز ئاشکراى دەکات و یاساى سروشتیش دانى پیادادەنێت، بەمەش ماف لاى ئەوانە شتێکى کرۆکى و بنەڕەتى دەبێت.
تەنانەت هەندێک وایده‌بینن، كه تیوورى یاساى سروشتى، چیرۆکى هەوڵە بەردەوامەکانى مرۆڤە بۆ گەڕان به‌دواى دادوەریەکى رەهاو هه‌ر له‌به‌ره‌به‌یانی مێژووه‌وه ئەم هەوڵانە ده‌ستیپێكردووه‌و هەستى پێدەکرێت(راسل، 1953. 45). لێرەدا پێویستە هەڵوەستەیەک دەربارەى یاساى سروشتى بکەین. چونکە ناونانى ئەو سیستەمە وردەى سروشت، بە یاساى سروشتى تۆزێک ئاڵۆزەو ئاو زۆر هەڵدەگرێت، لەبەرئەوەى ئەو کاتە دەتوانین بۆ مرۆڤەکە شتێک بە یاسا دابنێین، کە خودى مرۆڤەکە خۆى درکى پێکردبێت، به‌ڵام لەو قۆناغەدا درکپێکردن و تێگەیشتن، کە لەدەرەوەى ئاوه‌زی مرۆڤدا بووەو رەفتارەکانى زێتر غەریزى و خۆڕسك بووه.
بەر لەسەدەیەک مافە سروشتیەکان شوێنێکى گرنگى لە بیر کردنەوەى خەڵکى داگیر کردبوو، مافى موڵکداریەتى، مافى ژیان و ئازادى، وه‌ك بەشێکى جیانەکراوە له یاساى سروشت و مافێکى رەسەن بۆ تاکەکان هه‌ژمار ده‌كرا. بەر لەقۆناغی دامەزراندنى حکومەت ئەو هەستە لەئارادا بوو. خەڵک ئازادیەکى تەواویان هەبو و لەو دۆخه‌دا دەژیان، کە بە دۆخی سروشتى ناودەبرێت. دواى سەرهەڵدانى حکومەت ئەفسوسیان بۆ له‌ده‌ستدانی ئازادیه سروشتیه‌كانیان ده‌خوارد، به‌ڵام بیرکردنەوەیەکى ورد له‌و بابه‌ته ئەوەمان بۆ رووده‌كاته‌وه، کە ئەم شێوازه بیركردنه‌وه تەنیا ئەندێشەیەکەو زیاتر نیه، لەدۆخی سروشتی‌دا ناتوانرێت ئازادى بۆ هەمووان دابینبكرێت. چونکە بەهێزێکى گەورە و ئاستێکى بەرزى زیرەکیەوە نەبێت، تاك ناتوانێت مافەکانى خۆى به‌دەستبێنێت. هاوکات مافى سروشتى تاک سنوورى خۆى دەبەزێنێت و لەگەڵ مافى سروشتى تاکەکانى تر به‌ریه‌ك ده‌كه‌وێت، له ئه‌نجامی ئەمەشدا هەموو ئازادیەکانى خۆیان لە دەستدەدەن(كیتیل، 1960. 108).
ئەگەر لە روانگەى یاسایى سروشتیەوە، سەیرى ماف و ئازادیەکانى مرۆڤ بکەین، نابێت ئه‌وه فه‌رامۆش بكه‌ین، كه وەکو یەکەم نیگا‌و بۆچوون، رەنگە واتێبگەین مرۆڤ لەو قۆناغەدا لەوپەڕى ئازادی‌دا ژیاوە، چۆنى گەرەک بوبێت واجولاوەتەوەو رەفتارى کردووە. لەخواردن، لەزایەن، لە هەڵس و کەوتدا ئازاد بووه. به‌ڵام پێویستە ئەوە بزانین، كه خودى زاراوەى یاساى سروشتیش ئاوه‌زی مرۆڤ دایهێناوە، ئەم داهێنانەش بێگومان دواى ئەو کاتە بووە، كه مرۆڤ ئاوه‌زی به‌كارهێناوه‌و بیری كردۆته‌وه، ئەگینا ئەو یاسایە، بەر لەوەى مرۆڤ فێرى بیرکردنەوە بێت هه‌بووه‌و مرۆڤیش وەکو هەموو گیانلەبەرەکانى مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كردووه، وه‌ك هەموو بوونه‌وه‌ره‌كانی تر مافى ئەوەى هەبووە لەدایک بێت، بژیت،
كه له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌وانه ناكه‌ونه چوارچێوه‌ی مافه‌كانه‌وه ته‌نیا رووداوێكی سروشتین. کەواتە لەو قۆناغەدا هەموو شتەکان زیاتر مۆرکى غەریزە وسروشتیان هه‌ڵگرتووه، مرۆڤ دواى ئەوەى ده‌چێته قۆناغى کشتوکاڵیەوەو کۆمەڵگا سەقامگیر ده‌بێت، واتە دواى ئەوەى پڕۆسه‌ی بەرهەمهێنانەکەى دەکەوێتە سەر پارچە زەویەکى دیاریکراو و شێوازی به‌رهه‌مهێنانه‌كه‌شی لەتواناى تاکدا، له‌لایه‌ك پێویستی به‌ده‌ستی كاری زیاتر ده‌بێت و له‌لایه‌كی تر ده‌بێت پارێزگاری له‌خۆی بكات و رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌كان بوه‌ستێته‌وه، چونكه ئه‌و جۆره كاركردنه به‌شوێنێكی ده‌به‌ستێته‌وه‌و ناتوانێت لێیرڕتبكات، پێداویستی وا ده‌كات کۆمەڵێک خەڵک لە یەک شوێندا کۆببنه‌وه، ئه‌و كاته به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان رووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌و كێشه‌و ئاڵۆزیه‌كان له‌كێشه‌و ئاڵۆزی نێوان سروشت و مرۆڤ، ده‌بێته كێشه‌ی نێوان مرۆڤ و مرۆڤ. ناچار ده‌بێت لەبەرهەمى خۆى، واتە لەبەرى رەنجى خۆى بکۆڵێتەوە، ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه له‌سه‌ر هه‌موو بواره‌كانی ژیانی دروستده‌كات. بۆ نمونه به‌ر له‌وكاته وه‌ك شتێكی خۆڕسك و هه‌موو بوونه‌وه‌ره‌كانی جووت ده‌بێت و پڕۆسه‌ی سێكسی ئه‌نجامده‌دات، لە قۆناغی نوێ‌دا هه‌مان ئه‌و پرۆسەیه دەبێتە کردارێکى کۆمەڵایەتى و مرۆڤ وه‌ك بەشێک لە به‌رهه‌مهێنان سه‌یری دەکات،
جا بۆ ئەوەى ماف و بەرژەوەندیەکانى لەگەڵ ماف و بەرژەوەندیه‌كانی تاكه‌كانی تر‌ى ناو کۆمەڵگاكه‌ی رووبەڕوونەبێتەوە، ده‌بێت ئه‌و پڕۆسه‌یه له‌چوارچێوه غه‌ریزیه‌كه‌ی ده‌ربهێنێت و لە دوو توێى گرێبەستێکدا رێکیبخات، له‌به‌رئه‌وه‌ی دواى دروستبوونى کۆمەڵگا، بەتایبەتیش دواى ئەوەى دەسەڵات لە ئافرەتەوە دەگوێزرێتەوە بۆ پیاو، قۆناغى ماتریارکى دەگۆڕێتە قۆناغى پاتریارکى وه‌ك ده‌ڵێن، رەفتارەکان شێوازێکى تر وەردەگرن، پەیوەندى نێوان هەردوو رەگەزى مرۆڤ واتە نێر‌و مێ، لە پەیوەندیەکى مرۆڤانەو سۆزداریەوە، شێوازێکى ئابوریانە بە خۆوە دەگرێت، واى لێدێت ئافرەت لەلایەن پیاوەوە وەکو موڵکێک سەیر بکرێت. ئەم روانگەیە تاوه‌كو ئەمڕۆشى لەگەڵدا بێت لەنێو کۆمەڵگا دواکەوتووەکاندا بەردەوامە. مەسەلەکە لێرەدا بەجۆرێکى تردەشکێتەوە، پڕۆسە سێکسیەکە، لەو کۆمەڵگایە ڕێکخراوەدا (رێکخراو بە واتا وشێوازە سەرەتاییەکەى) ئەنجامەکەى دەردەکەوێت. ئافرەت دەبێـەموڵکى پیاو، واتە دەبێتە ماف، هەموو مافێکیش لە نێو کۆمەڵگادا پێویستە رێکبخرێت، مەرج نیە ئەو رێکخستنە بەهۆى یاسایەکى نوسراوەوە بێت، بەڵکو دەکرێت لە ڕێگاى داب و نەریت و ئاینەوە بێت، واتە لە رێگا‌ى یاسا بەچەمکە سەرەتاییەکەیەوە بێت. بۆیە ئەگەر سەیرى ئەنجامدانى پرۆسە سێکسیەکە بین لەم قۆناغەدا، واتە کاتێک یاسا رێکیدەخات، دەبینین پڕۆسەیەکى مرۆڤانەیەو ئەو چوارچێوەیەى تیایدا ئەنجامدەدرێت، دەکرێت ناوى ئازادى لێبنرێت. چونکە بە گوێرەى پێویستیەکانى کۆمەڵگاو له‌سه‌ر بنه‌مای ئاوه‌ز رێکده‌خرێت،
ئەنجامى پرۆسەکەش دیار‌و بەجیێەو هۆکارێکى سەرەکى سەقامگیرى کۆمەڵگاو مانەوەى رەگەزى مرۆڤە. ئەو منداڵەش کە بەرهەمى ئەو پرۆسەیە، خاوەنەکەى دیارەو مافەکانیشى پارێزراو دەبێت، دیارە ئەمەش رۆڵێكی گرنگ ده‌بینێت لەگەشەسەندن و پێشخستنى کۆمەڵگادا. بۆیه كاتێك هەندێک لە نوسەران، ئەنجامدانى پرۆسەى سێکسى بەر لە قۆناغى دروست بوونى کۆمەڵگا، بە پڕۆسەیەکى ئازادى سروشتى ناوده‌به‌ن، ئه‌مه ناوهێنانێكی ته‌ندروست نیه، ئه‌و پرۆسه‌یه لەو قۆناغەدا، تەنیا كارێكی غەریزی بووه‌و بەس، نابێت بەدڵبەندى و شانازیەوە سەیرى ئەو ژیانە بکرێت، بە هۆى ئەو ئازادیە سروشتیەى هەیانبووە، چونكه هۆكارێكی سه‌ره‌كی دواکەوتنى شارستانى ئەوانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئازادیە غەریزیانە، بە تایبەتیش ئازادى سیکسى (ماچ، 1990. 88). چونكه كاتێك ده‌رئه‌نجامی ئه‌و پڕۆسه‌یه، كه‌منداڵه ده‌ناسرێته‌وه، واته مافێك له‌دایك ده‌بێت و ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن خه‌ڵكانی تره‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی بكه‌وێته‌سه‌ر، ئەو کاتە پەیوەستەیەکى یاسایى دروست دەبێت و یاسا رێگا بەکەسى دەستدرێژى لێکراو دەدات، لە رێگا‌ى دادگاوە داواى مافەکانى خۆى بکات، بۆیە ئازادیە گشتیەکان، ئەو توانایەیە، کە یاسا بۆ هەموو خەڵک وەکو یەک دانى پیادا دەنێت و دابینیده‌كات، كه‌واته پڕسه‌یه‌كه له‌پڕۆسه‌یه‌كی سروشتی و غه‌ریزیه‌وه ده‌بێته مافێكی یاسایى و هه‌ركاتێك دەستدرێژى بكرێته سه‌ر، ئه‌و كاته لە رێگا‌ى دادگاوە ده‌توانێت ئه‌و مافە بیپارێزێت(العیلی، 1974. 177).
بە کورتى مرۆڤ کە دێتە ناو کۆمەڵگا، لە پێناو پاراستنى بەرژەوەندیە گرنگ و بنەڕەتیەکانى، ناچار دەبێت جڵەوى هەندێک لەغەریزەکانى بكات ، جا ئەو رەفتار و هەڵس وکەوتانەى دەکەوێتە نێو خانەى ئەو چوارچێوەیەى کۆمەڵگا ڕێکیدەخات پێیدەگوترێت ئازادى، هەر بۆیەشە ئازادى تاکە کەسى، ئەگەر چى وەک لە روخسارەکەیدا بە دیاردەکەوێت، بەتاکەوە بەندە، به‌ڵام لەراستەقینەدا زاراوەیەکى کۆمەڵایەتیە، واتە پەیوەندى بە کۆمەڵگاوە هەیە، هەر بۆچوونێکى تر لەم رووەوە، روانگەیەکى تا ڕادەیەک یۆتۆپیانە بە خۆوە دەگرێت، چونکە وەک ئاماژەى پێکرا ئازادى ئەو کاتە دەبێتە ئازادى، کاتێك مرۆڤ دەچێتە نیۆ کۆمەڵگا، ئەگینا ئەگەر تاک لە دەرەوەى کۆمەڵگادا ده‌بێت، هیچ مەترسیەکى بۆ سەر کەسانى تر نابێت، كه‌واته دەوروبەرو ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی پەیوەندیەکى زۆرى بە بوون و مانەوەى ئازادیەکانەوە هەیە. لەو خاڵەشدا دەتوانین بە روونى ئەو جیاوازیانە نیشانبدەین، کە لە نێوان چەمکە فەلسەفى وچەمکە یاساییەکەى ئازادی‌دا هەیە.
وەک هیگل دەڵێت: “من دەتوانم لەناخى خۆمدا هەڵکورمێم و بوونى خۆم لە جەستەمدا دووربکەمەوە، وا لە جەستەکەم بکەم ببێتە شتێکى دەرەکى بەگوێرەى من،… بۆیە هەتاوەکو ئەگەر لە کۆت و پێوەندیشدا بم دەتوانم ئازادبم، وەلێ ئەمە ویستى تایبەتى منە! هەرچى بەگویرەى خەڵکانى ترە، ئەوا من لەنێو جەستەى خۆمدامە، کەواتە ئازادبوونى من لەروانگەى خەڵکانى ترەوە، لەگەڵ ئازادیەکەى من لەبوونى دیاریکراوى خۆمدا یەکتر دەگرێتەوە(هیجل، 1996. 201). لێکۆڵینەوە لەو ئازادیەى پەیوەندى بەناخی مرۆڤه‌وه هەیە، دەکەوێتە دووتویى چەمکەفەلسەفیەکەوە، هەرچى ئەوەى پەیوەندى، بەخەڵکانى تر، واتە بەدەوروبەرەوە هەیە، دەکەوێتە دووتوێى چەمکە یاساییەکەی ئازادیەوە. وەک ئاماژه‌ی پێكرا، لە قۆناغى بەر لە دروستبوونى کۆمەڵگادا، زۆربەى رەفتارەکان مەترسیان بۆ سەر خەڵکانى تر نیە، کە بەرژەوەندیەک بەیەکەوە کۆیانبکاتەوە، ئەگەر بەکۆمەڵیش بن، چونکە گردبوونه‌وه‌كه‌ش لەو قۆناغەدا کۆبوونەوەیەکى سروشتیەو بەمەدەنى نەبووە، به‌لام كاتێك كۆمه‌لگا دروست ده‌بێت ئه‌و گردبوونه‌وه‌یه سروشتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌رده‌گرێت و له‌رێگای یاساوه رێكده‌خریت. هه‌رچه‌نده مەرج نیە یاسا هەمیشە دادوەرى بێنێتەدى، بەڵکو زۆر جاران، بە هۆى دواکەوتنى لەرەوتى گه‌شه‌سه‌ندنی کۆمەڵگاوە، یاخود بە هۆى رەنگدانەوەى بۆ بەرژەوەندى کەمینەیەک لە کۆمەڵگادا، دەشێت جۆرە زۆرداریەکیش لەخۆوە بگرێت.
هەر ئەمەشە واى لە سۆفیستەکان کرد، بگەنە ئەو بڕوایەى، کە باشتر وایە مرۆڤ خۆى لە یاسا بە دوور بگرێت و ئەگەر بتوانێت خۆى لەسزاکەیدا دەرباز بکات!. سوفیستەکان واى بۆ دەچوون، کە یاساى دەوڵەت بە پێچەوانەى یاساى ژیانى سروشتیە، چونکە رادەیەک بۆ ئازادیه‌كانی مرۆڤ دادەنێت و رێگایان پێنادات به‌ته‌واوی سروشتی مرۆڤانه‌ی خۆیان ده‌ربڕن. ئەرکى یاسا، وەک هەندێک توێژەر بۆى دەچن، دانانى ئازادى نیە، بەڵکو دانانى بەربەست و چوارچێوەکانە. هاوکات هەموو یاسایەک بەسنوور بەزاندنێکى ئازادى تێدەگەن، هەرچەندە رەنگ بێت، خودى ئەو سنووربەزاندنەش، لە کۆتاییدا لەبەرژەوەندى ئازادیەکاندا بشکێتەوە (برلین، 1348. 267). ئەوەى جێگاى سەرنجە سوفیستەکان هەرگیز بانگەشەى ئازادیەکى سروشتى وایان نەدەکرد کەمۆرکى دوژمندارى و شەڕى بەردەوامى پێوەبێت، بەڵکو ئەوان گریمانى یاسایەکى مەدەنیان دەکرد، بەمەرجێک ئەو یاسایە نەبێتەئەگەرى پێوەندکردنى ئازادیەکانى مرۆڤ، بەشێوەیەک نەتوانن ئه‌وه‌ی لە ناخیاندایه ده‌ریبڕن(قاسم، 1979. 41).
لێرەدا پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکەین. کە راستە یاسا داواى ملکەچ بوون و گوێڕایەڵى لەبەرفەرمانان دەکات، به‌ڵام هاوكات دەبێت ئازادى بیروباوەڕە فەلسەفى و سیاسى و ئایینیەکانیش بپارێزێت، پێویستە بە بێگەڕانەوە بۆ ئەو بیروباوەڕانە، یاسا لەخەڵک بگەیەنرێ و پەیڕەو بکرێت، لەبەر ئەوەى ئەگەر فەلسەفەیەکى دیاریکراومان خستەنێو یاساوە، ئەوا ئێمە بە ناوى یاساوە ئەو فەلسەفەیە دەسەپێنین، بەمەش زیان بە شان وشکۆى یاسا و هاوکات بە ئازادى بیرکردنەوە دەگەیەنین( الشاوی، 1991. 101-102).
[1] *- یەکێکى وەکو تۆماى ئەکوینى، جیاوازى لە نێوان دوو جۆر لە یاساى سروشتى دەکات، یاساى سروشتى ڕەسەن و یاساى سروشتى ناوەندى، یاساى سروشتى ڕەسەن، یاسایەکى چەسپاوەو ناوەڕۆکەکەى تاکە پڕەنسیپێکە ئەویش ئەوەیە پێویستە کارى باش بکرێ و شەڕانگێزیش بەلا بنرێت. هەرچى یاساى سروشتى پلە دووە (ناوەندى)ن ئەوا رێساکانى بە گوێرەى کات و شوێنەوە دەگۆڕێت، بۆیە بەڕاى ئەکوینى، ناشێت پڕەنسیپەکانى یاساى سروشتى بەیەک شێواز لەسەر هەمووان پڕاکتیزە بکرێت، لەبەر ئەوەى کارەکانى مرۆڤایەتى جیاوازى زۆریان لە نێواندا هەیە. ئەمەش خۆی ئه‌وه‌یه، ، دیاریکردنى شتە رەواکان، بەگوێرەى حالەتەکانى مرۆڤ دەگۆڕێت) الشاوی، 1991. 34).