سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان رایگەیاند، بڕیارە لە ماوەی سێ رۆژی ئەم هەفتەیەدا 11 رۆژنامەنوس و چالاکوانی بادینان دادگایی بکرێن.
ئاوێنە: بەشدار حەسەن، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی بادینان، ئەمڕۆ دووشەممە، بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، “بڕیارە سبەی سێشەممە دانیشتنی دادگایی هەریەکە لە بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی بەڕێوەبچێت.”
سەرۆکی تیمی پارێزەرانی بادینان ئاماژەی بەوەشکرد، “رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیەش دانیشتنی دادگایی هەریەکە لە شیروان تەها ئەمین، مەسعود عەلی، کارگەر عەباس و بەندەوار ئەیوب بەڕێوەدەچێت.”
بەشدار حەسەن، ناوی ئەو رۆژنامەنوس و چالاکوانانەی دیکەیشی ئاشكراکرد کە بڕیارە رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە بەڕێوەبچێت و وتی، “هەریەکە لە سلێمان کەمال، سلێمان موسا، فرسەت ئەحمەد، عامر خالیدو جەمال خەلیل رۆژی پێنجشەممە دادگایی بكرێن.”
ماوەی زیاتر لە 14 مانگە، كۆمەڵێك چالاکوان و رۆژنامەنوسی بادینان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمەوە بەتۆمەتی جۆراو جۆر دەستگیرکراون، لەماوەی رابردوشدا ژمارەیەك لەو چالاكوان و رۆژنامەنوسانە، وێڕای ناڕەزایەتییەكان لەبارەی دەستگیركردنیانەوە، لەلایەن دادگاوە سزای زیندانیان بەسەردا سەپێنرا.
سەرچاوە: ئاوێنە