“ تۆوێک کە لە خاکدا دەچێنرێت، لەگەڵ زەویدا دەمانکاتە یەک. وامان لێ دەکات درک بەوە بکەین کە ئێمە زەوین”
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: نەوا ئەمین
ڤاندانا شیڤا، زانای فیزیا و لە بواری فەلسەفەدا ڕاهێنانی بینیوە، بەهۆی چالاکییەکانیەوە دژ بە دەسکاریکردنی جێنیتیکی زیندوەرەران، پڕۆسەی بەجیهانیکردن، مافی دەسبەسەراگرتن و قۆرغکردنی تۆو و خۆراکە نەریتییەکان ناسراوە. ئەو یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ناڤدانیا[١] کە تێیدا پەرە بە پاشەکەوتکردن و پاراستنی تۆوەکان و کشتوکاڵی ئۆرگانیک دەدەن، لەو پێناوەدا زیاتر لە ٧٠ هەزار ئەندام-جووتیار هاوکاریان دەکەن.
سارا ڤان گێلدەر: ئیشکردن لەسەر تۆوەکان بەشێکی هەرە گەورەی کارەکانی ئێوەی پێکهێناوە. لەو ڕووەوە ئایا دەتوانن کەمێك لەسەر ئەوەی کە تۆو لە جەوهەریدا چییە قسە بکەن؟
ڤاندانا شیڤا: تۆو لە جەوهەریدا پەرەسەندنی هەموو ڕابردووی زەوی، پەرەسەندنی مێژووی مرۆڤ، هەروەها توانستی پەرەسەندنە شیمانەیییەکانی داهاتووشی لەخۆیدا هەڵگرتووە. تۆو بەرجەستەبوونی کولتوورە چونکە ئەوەکولتووربوو بە هەڵبژاردن و دەسبژێرکردنی ژمارەیەک تۆوی دیاریکراو، ئەو شێوەیەی بە تۆوەکان بەخشی کە ئێمە ئێستا دەیناسین-[واتە] ژنان باشترین و هەمەچەشنترینی نێوان تۆوەکانیان هەڵبژاردووە بۆمان. هۆکاری ئەوەی لە تاقە چڵەگیایەکەوە ٢٠٠ هەزار دانە برنج دێتە بەر، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەڵبژاردنە.
ئەمە نموونەیەکە لە پێکگەیشتن و یەکگرتنی ژیری مرۆڤ و ژیری سروشت. ئەمە هۆکاری بەرجەستەبوونی ژیانە و لە زمانی ئێمەدا وەها پێناسەی بۆ کراوە، “ئەو شتەی ژیان لێیەوە خۆبەخۆ بۆ هەتاهەتایە سەر هەڵدەدات.”
ڤان گێلدەر: کەواتە ئایا دەکرێت نرخێکی ماددی بۆ تۆو دیاری بکرێت؟
شیڤا: بەها و گرنگیی تۆو لە باس نایەت، هەر بۆیە ناشتوانرێت نرخی بۆ دابنرێت و هەر جۆرە هەوڵێکیش بۆ بە کاڵاکردنی و دانانی نرخێکی ماددی بۆ کڕین و فرۆشکردن پێیەوە، بێڕێزیکردنە بە بەهای تۆو و پرسێکی کێشەدارە. هەموو ئەو کلتوورانەی بەری کەوتووم لەو باوەڕەدا یەکدەگرنەوە کە پێی وایە لەناوبردنی تۆو گەورەترین گوناهە. [بەڕادەیەکی وا کە] کۆمەڵگەکان پێیان باش بووە لە برساندا بمرن بەڵام پەنا نەبەنە بەر خواردنی دانەوێڵەی تۆوەکانیان. [واتە تێگەشتوون گرەوی مانەوەیان لە دوور مەودادا پەیوەستە بە مانەوەی تۆوەکانەوە.]
ڤان گێلدەر: جیهانبینی باو مرۆڤ لە جیهانی سروشتی جیادەکاتەوە، و ئەوە کاریگەریی وێرانکەری لێ کەوتووەتەوە. مرۆڤەکان چۆن بتوانن ئەو جیاکردنەوەیە چاک بکەنەوە و تۆوەکان لە چ ڕوویەکەوە بەشێکن لەو هەوڵی چاککردنەوەیە؟
شیڤا: لە هەر قەیرانێکی ئیکۆلۆژی وردببیتەوە دەبینی لەو وەهمەوە سەرچاوە دەگرێت کە پێی وایە ئێمە لە سروشت جیاین.
من پێم وایە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو لێکجیاکردنەوەدا کە ئێوە ئاماژەتان پێدا، پەرۆشی و ئاوڕدانەوەیەک پێویستە کە زۆر لەو هۆشیارییە ئیکۆلۆژیانەی کە لەم دواییانەدا بڵاوبوونەتەوە، قووڵتر و مەزنترە. پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە کەوتووەتە بەینمان و چاکبوونەوە لێی، بە گێڕانەوەی یەکیەتیمان لەگەڵ تۆڕی ژیان، لەگەڵ خودی گەردووندا، مەیسەر دەبێت.
کەسانێک لە ڕێی مێدیتەیشن و یۆگاوە دەگەن بەوە، بەڵام زۆرێکی تر، تەنها بە چاندنی تۆوێک و ئاوەدانکردنەوەی باخچەیەک، ڕێی گەیشتن بەوە دەدۆزنەوە. لە چاندنی تۆوێکدا تۆ دەبیتە یەک لەگەڵ خولەکان و توانستی سەرلەنوێ خۆبەرهەمهێنانەوەی ژیاندا. ئێمە بەردەوام هەمان شت لەو منداڵانەوە دەبیستین کە لەگەڵیاندا مژووڵین بە چاندی باخچەی هیوا بە تۆوی ئازادی. گەر لێیان بپرسیت “دەی کەواتە چی فێربوون؟” ئەوان هەمیشە باسی پەرجووی ژیان دەکەن- کە چۆن تۆوێکی بچووک هەڵ دەتۆقێت و دەبێتە نەمامێک، ئەویش چۆن بەر دەدات، و چۆن دەتوانن لێیەوە هەمدیس تۆوێکی تر بەدەست بهێنن.
تۆوێک کە لە خاکدا دەچێنرێت، لەگەڵ زەویدا دەمانکاتە یەک. وامان لێ دەکات درک بەوە بکەین کە ئێمە زەوین، کە ئەم جەستەیەی ئێمە پانچابوتایە[٢]– ئەو پێنج توخمەی کە [لە ئایینی هیندویزمدا] گەردوون و جەستەی ئێمەی لێ دروست بووە. کردەیەکی سادەی وەک چاندنی تۆوێک، هەڵگرتنەوە و پاراستنی تۆوێک، وەشاندنی تۆوێک، دروێنەکردنی بەرهەمێك بۆ دەستکەوتنی تۆوێک، بیرخەرەوەی ئەو یادەوەرییەیە- ئەو یادەوەرییە دەرەکاتەی یەکبوونمان لەگەڵ زەوی و گەردوونی داهێنەردا.
هیچ شتێک بە ئەندازەی پاراستنی هەمەچەشنی و ئازادیی تۆوەکان خۆشیم پێ نابەخشێ. هەر دەرکەوتنێکی فرەچەشنی و فرەبەرهەمی بەرجەستەبوونی ئازادییە و هەر دەرکەوتنێکی تاک بەرهەمیش بەرجەستەبوونی زۆرەملێیی و گوشارە.
ڤان گێلدەر: پەیوەندی ئازادی بە زیندەفرەجۆرییەوە[٣] چییە، دەتوانیت لەو بارەیەوە زیاتر ڕوونکردنەوە بدەیت؟
شیڤا: ژیان خۆ-بەڕێوبەرە. سیستەمە خۆ-بەڕێوبەرەکانیش لە فرەچەشنیدا پەرە دەسێنن. تۆ هاوشێوەی من نیت، چون هەریەکەمان لە ئازادیی ڕەهادا پەرەمان سەندووە. توانستی خۆ-بەڕێوەبردنی ژیان لە فرەچەشنیدا خۆی بەرجەستەکردووە. فرەچەشنی کولتوورەکان، فرەچەشنی مرۆڤەکان، فرەچەشنی تۆوەکان.
یەکچەشنی لە دەرەوە دەسەپێنرێت، ئەویش بە فشار. بۆ نموونە ئەو کێڵگەیەی کە تەنها جۆرێکی سۆیای تێدایە کە جێنێتیکی دەسکاریکراوەو بەرگری هەیە بەرامبەر دەرمانی بژارفەوتێن، لە ڕاستیدا مەیدانی شەڕە. لەو کێڵگەیەدا شەڕێکی کیمیایی لە ئارادا دەبێت- بە ڕشاندنی دەرمانی بژارفەوتێن بۆ لەناوبردنی هەر شتێکی سەوز، بۆ کوشتنی وردەزیندەوەرانی خاک، بۆ کوشتنی فرەیی، هەروەتر بۆ کوشتنی توانستی بەرهەمەکان بۆ بەڕێوەبردنی خۆیان و خۆپاراستنیان لە نەخۆشییەکان.
سیستەمی تاکبەرهەمی تەنیا لە ڕێگەی کۆنترۆڵی دەرەکییەوە دەتوانرێت پارێزگاری لێ بکرێت و بهێڵرێتەوە، واتە یەکپارچەیی و کۆنترۆڵی دەرەکی و چڕکردنەوە شانبەشانی یەکتر سەر هەڵدەدەن.
ڤان گێلدەر: ئێمە، ئێمەی خەڵکی ئاسایی، چۆن دەتوانین ئەوەندە بەهێزبین کە بتوانین بەرپەرچی دەسەڵاتە زەبەلاحەکەی کۆمپانیای مۆنسانتۆ[٤] و هاوشێوەکانی بدەینەوە؟
شیڤا: ئێمە مامەڵە لەگەڵ خودی ژیاندا دەکەین، بۆیە یەکەم ڕێگە کە لێیەوە دەتوانین ئەو توانست و وزە کۆبکەینەوە کە پێویستمانە، لەڕێی ڕێکخستنی خۆمانەوە دەبێت لەگەڵ هێزەکانی ژیاندا. هەر بۆیەشە کردەی پاشەکەوتکردن و پاراستنی تۆوەکان لەم چرکەساتەدا ئەکتێکی سیاسی هێندە گرنگە. ئەمە ئەو بەشەیە کە پەیوەندی بە خۆ-بەڕێوەبردنەوە هەیە- بەڕێوەبردنی خۆت بەشێوەیەک کە بتوانیت تۆوەکان هەڵگریتەوە و بیانپارێزیت، بەشداربیت لە باخچەیەکی هەرەوەزیدا و لە ئاڵوگۆڕکردنی بەردەوامدا بیت لەگەڵ ئەوانی تردا، هەروەها هەر کارێک کە پێویستبێ بیکەیت لەپێناو پاراستن و ژیاندنەوەی تۆوەکاندا. بەڵام لەم ساتەدا بازاڕ پرسی ئەوەیە کە کۆنترۆڵی ڕەهای بەسەر هەموو شتێکەوە هەبێت. ئەوان لە یەک جووتیاری قبوڵ ناکەن کە ئازادبێت لە هەڵبژاردنی سەرچاوەی تۆوەکانیدا. ئەوان هەتا ڕێ نادەن تەنانەت یەک تۆویش بە بێ دەستێوەردانی ئەوانەوە گەشەی سروشتیی خۆی بکات.
ڤان گێلدەر: ئەوەی هەیە ئەوەیە، لە دوایین جارەوە کە قسەمان کردووە، شتەکان ڕوو لە خراپتربوون چوون. لە بارودۆخێکی وەهادا چۆن دڵی خۆت دەدەیتەوە و ورە و وزەت بە بەرزی دەهێڵیتەوە؟
شیڤا: دەزانی لە لایەکەوە ڕاستە کە چڕبوونەوەی دەسەڵات لە هەمیشە زیاترە. بەڵام پێم وایە هۆشیاری سەبارەت بە ناڕەوایی و ناشەرعیبوونی ئەم دەسەڵاتەش لە هەر کاتێکی تر زیاترە. ئەگەر ژمارەی جووڵاندنەوە و بزووتنەوەکان، ژمارەی ناڕەزایەتییەکان و ژمارەی ئەو کەسانەی کە خەریکی بنیادنانی بەدیلەکانن لەبەرچاو بگرین، ژمارەیەکی یەکجار گەورەمان بۆ دەردەچێت.
یەکەم سەرچاوە کە لێیەوە خۆشی، هەروەها وزەی بەردەوامبوون وەردەگرم، هەوڵە ئەرێنییەکانە بۆ پاشەکەوتکردن و پاراستنی تۆوەکان، هەروابێتەوە لەڕێی بانگەشەکردن بۆ شێوە کشتوکاڵێکی ئاشتیانە، کارکردن لەگەڵ جووتیاران و ئێستاش تا دێت زیاتر لەگەڵ غەیرە جووتیارەکاندایە کە ئیرادەی بەردەوامبوون بەدەست دەهێنم. لەو خولەدا کە ئێستا لە کێڵگەکەدا بەڕێوەی دەبەین، ٥٥ گەنج بەشدارن – یەکیان لە سیستەمی بانکییەوە هاتووە، یەکیان لە کۆمپانیایەکی سۆفتوێرەوە و، سێ سینەماکار.
گرنگ نییە لە کوێی جیهان بیت، خەڵکی خەریکە درک بەوە دەکەن کە خۆراک گرنگە. ئەوان درک بەوە دەکەن کە بنەڕەتی خۆراک، تۆوە و هەمووان دەیانەوێت فێربن. کاتێک دەبینم ئەو پرۆسانە چۆن بڵاو دەبنەوە، کاتێک دەبینم کە باخداری چەندە بە خێرایی بووەتە ڕێگەیەکی گرنگ بۆ چارەسەرکردنی توندوتیژی- بە تازەیی گەنجێکم ناسی کە لەگەڵ ئەو کەسانەدا کە پێشتر زیندانی بوون کار دەکات بۆ پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی باخداری. کاری ئەو ئەوەیە! ئەو کۆمپانیایەکی دروست کردووە، و کۆنە زیندانییەکان خاوەن و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی ئەو کۆمپانیایەن- چۆن تۆش سەراپا بارگاوی نابیت بە وزە و ئیرادە؟
پەراوێزەکان:
[١] Navdanya ناڤدانیا ڕێکخراوێکی ناحکومی هیندییە کە لە ساڵی ١٩٩١ لە لایەن ڤاندانە شیڤاوە دامەزراوە. “نێڤدانیا” لە سانسکریتیدا بە مانای “نۆ تۆو” دێت کە دەرخەری ئامانجەکانی ڕێکخراوەکەیە کە بە پلەی یەکەم ئیش لەسەر پاراستنی زیندەفرەجۆری و جۆراوجۆرێتی تۆوە خۆماڵییەکان دەکات.
[٢]: Panchabhuta ئەو پێنج توخمەی کە لە ئایینی هیندویزمدا گەردوون و جەستەی ئێمەی لێ دروست بووە و هەریەکەیان نوێنەرایەتی لایەنێکی ژیان دەکەن، کە ئەوانیش بریتین لە: زەوی، ئاو، ئاگر، هەوا و بۆشایی.
[٣] Biodiversity: زیندەفرەجۆری ئاماژەیە بۆ جۆراوجۆرێتی ژیان لەسەر زەوی، کە جۆرە جیاوازەکانی ڕووەک، ئاژەڵ، وردەزیندەوەران، جیاوازییە بۆماوەییەکانیان و ئەو ئیکۆسیستەمانەی کە دروستی دەکەن لەخۆدەگرێت. بۆ تەندروستی ئیکۆسیستەم و خۆڕاگری و هاوسەنگی گشتی ژینگە ڕۆڵێکی گرنگ و یەکلاکەرەوەی هەیە.
[٤] Monsanto: کۆمپانیایەکی ئەمریکییە لە بواری کشتوکاڵی بایۆتەکنەلۆژی و کیمیاییدا ئیش دەکات. لە ساڵی ١٩٠١ دامەزراوە. بەهۆی ڕۆڵیییەوە لە پەرەپێدانی زیندەوەرە بۆماوە دەستکاریکراوەکان (GMO) و دەرمانە بژارفەوتێنەکاندا دەناسرێتەوە. کۆمپانیاکە سەرەڕای کاریگەرییەکەی، مشتومڕێکی زۆریشی بەدوای خۆیدا هێناوە؛ چون بەهۆی نیگەرانییە ژینگەیی و تەندروستییەکانی پەیوەست بە بەرهەم و پراکتیزەکانییەوە، ڕووبەڕووی ڕەخنەی بەردەوام بووەتەوە.
سەرچاوە: https://www.yesmagazine.org/issue/food-health/2013/11/16/vandana-shiva-freedom-starts-with-a-seed