نووسین:د. كامەران مەنتك
هیچ كۆمەڵگەیەكیش ناتوانێت بەو ئەركە هەڵسێت، ئەگەر دستەبژێری ئەو كۆمەڵگەیە لە بنەڕەتدا ئازاد نەبن وباوەڕییان بە ئازادی نەبێت، چونكە لەكێشە گەورەكانی ئەو كۆمەلگە دواكەوتووانەی پەنجەیان لەگەڵ كۆیلایەتی نەرم كردووە، بوونی دەستەبژێرێكی دوو روو و ناكامڵە، واتە بوونی دەستەبژیرێك، كە هەمیشە ئازادییەكان وەك دروشمێك بەكاردەهینێت، بۆ هێنانەدی بەرژەوەندییەكانی خۆی، هەر كاتێك هەستی كرد، كە ئازادییەكان بەرژەوەندییەكانی دەخەنەوە مەترسییەوە، ئەو كاتە بەخێرایی لە ئازادیخوازێكەوە دەگۆڕێت بۆ كەسێكی ستەمكار، یاخود روونتر بڵێین وەك كەسیكی خاوەن كۆیلە سەیری خۆی دەكات وهەموو كۆمەڵگەكەشی وەك كۆیلەو بندەست دەبینێت، زۆربەی ئەو كۆمەڵگەیانەی شەڕی كۆیلایەتییان كردووە، ئەو ئەركە بەپلەی یەكەم كەوترتە ئەو دەستەبژێرە ئازادەی لەكۆیلایەتی یاخی دەبن، بەپێچەوانەی كۆمەڵگە چەقبەستووەكان، كە هەمیشە دەستە بژێرەكانی پاساو بۆ كۆیلایەتی دێننەوەو بەرگری لە دەسەڵاتدارە خاوەن كۆیلەكان دەكەن، ئەمە وایكردووە، لە زۆربەی قۆناغەكاندا، دەسەڵات هەمیشە ئەو دەزگایانە رام بكات وبیانخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە،
كە رۆڵی پەروەردەكردن وهوشیاركردنەوەی خەڵك دەبینن، بۆ نمونە ئەوانەی لەسەردەمی دەرەبەگایەتیدا شان بەشانی دەسەڵاتدارەكان كاریان لەسەر فریودانی خەڵك دەكرد، دەزگا ئاینییەكان بوو، لە ئەوروپا كڵێسا رۆڵێكی ئێجگار گەورەی لە پاراستنی بەرژەوەندی دەرەبەگەكاندا دەبینی، هاوپەیمانییەكی پتەو لەنێوان پیاوانی كڵێساو دەرەبەگاندا هەبوو، لەو قۆناغەدا دەسەڵاتی دەرەبەگەكان ودەسەڵاتی كڵێسا شان بەشانی یەكتر كاریان دەكرد، تەنانەت كەسێكی وەك (مارتین لۆسەر)یش، كە دژی كەنیسەی كاتۆلیكی یاخی بوو و بووە پێشڕەوی ناڕازییەكان(پڕۆتێستەنتەكان)، كاتێك كێشە لەنێوان جووتیارو دەرەبەگان دروست بوو، ئەو لای دەرەبەگەكانی گرت، هەرئەمەش بوو وایكرد جووتیارەكان رووبەڕووی رەوگەكەی ببنەوەو نیوەی ئەڵمانیا لەسەر رەوگەی كاسۆلیكی بمێنێتەوە! ئەو دیاردەیە لە دەوڵەتی عوسمانیش بەروونی بەدیدەكرێت، كەسێكی وەكو سوڵتان عەبدولحەمید، زۆربەی كەسایەتییە ئاینییەكان و شێخ و مەلا ناودارەكانی ئیمپراتۆریاكەی لەخۆی نزیك كردبووەو خەزێنەكەی بۆیان خستبووە سەرپشت، لەو رێگەیەوە شەڕی ریفۆرمیستەكانی دەكردو دەسەڵاتەكانی خۆی پتەو دەكرد،
زۆر لە مەلاو شێخە كوردەكانیش لەوانە بوون، كە ناوە ناوە بانگهێشتی ئەستانە دەكران وبەناوی وەقفەوە زەوی وزاری زۆر بۆ مزگەوت وتەكییەكانیان تەرخان دەكرا ودواترییش لەسەر خۆیان تاپۆ دەكرد، ئەمە بوو وایكرد، سەرباری ئەو هەموو تاوان وجینۆسایدەی بەرامبەر كوردو ئەرمەن ونەتەوەكانی تری كرد، سەرباری ئەوەی لەسەردەمی ئەودا زەوی وزارێكی زۆر فرۆشرایە جولەكەكان وەك ئامادەكارییەك بۆ گەڕانەوەیان بۆ فەلەستین، تاوەكو ئێستا وەك خەلیفەی موسڵمانان سەیر دەكرێت ولەكاتی ناوهێانیدا خەڵكە سادەو ساكارەكە هۆن هۆن فرمێسكی بۆ دەڕێژن.
لێرەدا پرسیارێكی جەوهەری سەرهەڵدەدات، بۆچی دەستەبژێرەكان بەو شێوە بەئاسانی رام دەكرێن و وەك ئامڕازێك دژی كۆمەڵگەكانیان بەكاردەهێنرێن؟ وەڵامی ئەو پرسیارە خودی چەمك دەستەبژێر دەخاتە ژێر كۆمەڵێك پرسیارەوە، بەرلەهەموو شتێك دەبێت بزانین دەستەبژێری هەموو كۆمەڵگەیەك بەشێوەیەكی گشتی دوو جۆرن، جۆرێكی ساختە، واتە دەستەبژێرێكی دروستكراو، كە سیستەمە سیاسییەكان لەپێناو خزمەتكردنی خۆیاندا پەروەردەیان دەكەن، ئەو دەستەبژێرە لەبەرئەوەی ژیان و مانەوەی لەژێر سایەی دەسەڵاتدارانەوەیە، خەمی سەرەكیان پاراستنی بەرژەوەندییەكانی چینی دەسەڵاتدارەكانە، بۆیە لەئازارەكانی چینەكانی خوارەوەی كۆمەڵگە تێناگات، یاخود ئەگەر لیشیان تێبگات بایەخیان پێ نادات تا ئەو كاتەی بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ چینە دەسەڵاتدارەكان مسۆگەر بوو بێت،
بەڵام هەركاتێك بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ چینی دەسەڵاتدار رووبەڕووبووەوە، لەسەرەتادا هەوڵدەدات خۆی لەگەڵ دۆخەكە رابێنێت وناڕازی بوونی خۆی دەرنەخات، تا ئەو كاتەی دەرفەتێك دەڕەخسێت ئەو كاتە لەژێرەوە دەست لەگەڵ ئەوانە تێكەڵ دەكات، كە ئەگەرێكی زۆری هەیە شوێنی چینی دەسەڵاتدارە كۆنەكە بگرنەوە، بۆیە لە رووكەشیدا هەندێكجار خۆی وەك ناڕازییەك نیشان دەدات، یاخود بەلایەنی كەم بەشێوەیەك نمایش دەكات، كە لایەك لەئازارەكانی خەڵكی ستەمدیدە بكاتەوە وگوێ لە چیڕۆكە كارەسات ئامێزەكانیان بگرێت، ئەو جۆرە دەستەبژێرە هەر لە بنەڕەتدا جۆرێكی ساختەیەو وەك دەڵێن گورگێكە لە پێستی مەڕ خۆی حەشارداوەو خەمی گەورەی تەنیا هێنانەدی بەرژەوەندییەكانی خۆیەتی و وەفایان بۆ هیچ دەسەڵاتدارێكیش نییە، بە ئاسانی هەڵوێستەكانی خۆیان دەگۆڕن هێشتا دەسەڵاتێك بەكۆتا نەهاتووە، ئەوان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێدا بەرژەوەندییەكانی خۆیان رێكدەخەنەوەو خۆیان وەك بەرگریكاریك لە دەسەڵاتە نوێیە نیشان دەدەن و رەخنە لە كەموكوڕییەكانی دەسەڵاتە كۆنەكە دەگرن، ئەو دەستەبژێرە ساختەیە،
هۆكارێكی سەرەكیی بەرگریكردنە لە كۆیلایەتی وئەوانەن، كە رێساو یاساو ئەتیكا بۆ كۆیلایەتی دیار دەكەن و كۆیلایەتی وەك سیستەمێكی كۆمەڵایەتی وسیاسی وئابووری دەپارێزن وهەمیشە كار لەسەر بەرهەمهێنانەوەی شێوازی نوێی كۆیلایەتی دەكەن.
بەرامبەر ئەم دەستەبژێرە ساختەیەش، جۆرێكی تر لە دەستەبژێر هەیە، كە دەستەبژێری راستەقینەن وهەڵقوڵاوی ئازارەكانی خەڵكن، ئەوانە بەهەموو شێوەیەك رووبەڕووی كۆیلایەتی دەبنەوەو شەڕی ئازادییەكان دەكەن، یەكێك لەو خاڵە هەرە گرنگانەی ئەو جۆرە لە جۆرە ساختەكە جیا دەكاتەوە، كەمی ژمارەیانە بەرامبەر بە ژمارەی جۆری یەكەم، ئەوانە ئەو كەسانەن، كە خۆیان خۆیان پێدەگەیەنن وهەموو جۆرە دەسەڵاتەكان لەجیاتی ئەوەی یارمەتیان بدات، بەهەموو شێوەیەك كۆسپیان بۆ دروست دەكەن وئەگەر بۆشیان بلوێت لەناویان دەبەن، چونكە بەیەكێك لەبەربەستە سەرەكییەكانی سەر رێگەی خۆیان دەیبینن، ئەوانە ئەو هەناسەیەن، كە هەمیشە فوو لە كوانووی تووڕەیی خەڵكی ئازادیخواز دەكەن وهوشیاریان دەكەنەوە، بۆیە دەسەڵات وەك دوژمنی سەرسەخت وباوەكوشتەی خۆی سەیریان دەكات،
ئەوانە هەمیشە ئەفسوونەكانی دەسەڵات بەتاڵ دەكەنەوە، كاتێك دەسەڵاتێك دەگۆڕێت ویەكێكی تر شوێنی دەگرێتەوە، ئەوانە بەهەمان شێوە رووبەڕووی دەسەڵاتە نوێیەكەش دەبنەوەو دەیانەوێت بەشێوەیەك لە قالبی بدەن، كە دەرفەتی ئەوەی نەبێت هەمان ئەو شتانە دووبارە بكاتەوە، كە دەسەڵاتە كۆنەكە دەیكرد، بۆیە ئەو جۆرە دەستەبژێرە لا هیچ دەسەڵاتدارێك خۆشەویست نین وهەمیشە بەچاوی ناحەزو دوژمنەوە سەیر دەكرێن، ئەگەرچی هەندێك، بەتایبەتیش كاتێك تازە جڵەوی دەسەڵات دەگرنە دەست، هەوڵدەدەن موجامەلەی ئەو دەستەبژێرە بكەن، بەڵام ئەو موجامەلەیەش درێژە ناخایەنێت ولەگەڵ پتەوكردنی جێی پێی خۆیان لە دەسەڵات، بەئاشكرا رووبەڕوویان دەبنەوە وگەڕێكی تر لەململانێ لەنێوان ئەوانەی بەرگری لەكۆیلایەتی دەكەن وئەوانەی دژی كۆیلایەتی دەوەستنەوە دەست پێدەكاتەوە!.