کتێبی ئازادبوون ژمارە (١٣)
كاتێك جیهان لێكده‌ترازێت “تێڕوانینی نیچه ده‌رباره‌ی سه‌رده‌می مۆدێرن”
نووسین: دۆگلاس كێلنهرن
وه‌رگێڕان: ڕوشدی جه‌عفه‌ر
کورتەیەک لە پێشه‌كیی وه‌رگێڕ
گه‌رچی پرسی ڕه‌گوڕیشه و كاتی سه‌رهه‌ڵدانی مۆدێرنیته هاوڕاییهكی ته‌واوه‌تی له‌سه‌ر نییه، به‌ڵام به‌پێی گێڕانه‌وه باوه‌كه ده‌شێت ئه‌م قۆناغبه‌ندییه ڕه‌چاوبكه‌ین: ڕێنیسانس، بزووتنه‌وه‌ی ڕیفۆرمی ئایینی، ڕۆشنگه‌ری و شۆڕشه زانستی و فه‌لسه‌فی و سیاسییه‌كان و سه‌رده‌می پیشه‌سازی- هه‌ڵبه‌ت نیچه خۆیشی ئاڵۆزییه‌كی دیكه بۆ مه‌سه‌له‌ی ڕه‌گوڕیشه‌ی مۆدێرنیته زیادده‌كات كاتێك ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه بۆ سوكرات یان وردتر بۆ پاڵنه‌ری كه‌لتوری سوكراتی. مۆدێرنیته به‌ره‌نجامی جووڵه ناوه‌كییه‌كه‌ی مێژووی خۆرئاوایه، پچڕانێكی هه‌مه‌لایه‌نی مه‌عریفییه له‌گه‌ڵ عه‌قڵی دینی و كۆگه‌لی دونیای پێش-مۆدێرندا، ئه‌مه له حاڵێكدا ئه‌گه‌ر وێنه گشتییه‌كه وه‌ربگرین و باسه‌كان له‌مه‌ڕ توخمه تیۆلۆژییهكانی نادیده‌بگرین. له سه‌رێكه‌وه مۆدێرنیته ده‌رچوون بووه له سته‌می تێگه ئهودونیاییهكان و له سه‌رێكی تره‌وه خۆیشی ڕستێك ناكۆكی و ته‌نگژه‌ی تری قووتكردووهتهوه؛ هه‌م ئاسۆی نوێی ڕزگاریی ئاوه‌ڵاكرد و هه‌م له‌ئاكامدا سه‌ریكێشا بۆ كاره‌ساته‌كانی وه‌ك جه‌نگی جیهانی و هۆڵۆكۆست.
ئه‌م كتێبه‌ی به‌رده‌ستتان ده‌په‌رژێته سه‌ر تێڕوانین و ڕه‌خنه‌ی یه‌كێك له فیگه‌ره سه‌ره‌كییه‌كان له مۆدێرنیته‌دا: فریدریش نیچه. سه‌ده‌ی نۆزده چاخی سه‌رهه‌ڵدانی “هێرمینۆتیكی به‌دگومانی”ـیه: ئه‌و چه‌مكانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی مۆدێرن و به‌تایبه‌ت ڕۆشنگه‌ری زهقیكردبوونهوه، وه‌كو ئه‌خلاق، عه‌قڵ، سوبێكت، ده‌كه‌ونه به‌ر هه‌ڵسه‌نگاندن و گومانێكی ڕیشه‌ییه‌وه. نیچه له‌پاڵ ماركس و فرۆیددا سێكوچكه‌ی ئوستادانی گومان یان به‌دگومانی پێكدێنن. ڕه‌خنه‌ی نیچه له مۆدێرنیته به جۆرێك ڕادیكاڵه كه دواتر به‌شێوه‌یه‌كی پاشه‌وپاش و ڕیترۆئهكتیڤ به باوانی پۆست-مۆدێرنیستهكانیش داده‌نرێت. مه‌سه‌له‌ی ئه‌وه‌ی داخۆ نیچه فه‌یله‌سووفێكی مۆدێرن یان پۆست‌مۆدێرن یان ته‌نانه‌ت گوایه له چیدا “پێش-مۆدێرن”ـه، مشتومڕێكی زۆری له‌سه‌ره. له‌م كتێبه‌شدا به‌شێوه‌یه‌كی خێرا ئاماژه به‌م باسه كراوه. دۆگلاس كێلنهر پێی وایه ناكرێت هزری نیچه له‌م یان له‌و توخم و مه‌یلدا قهتیسبكهین، به‌ڵكو هاوكات هه‌ڵگری هه‌موویانه: له لایه‌كه‌وه تا ئه‌وپه‌ڕی مۆدێرنه (ته‌نانه‌ت له قۆناغی ناوه‌ندی و وه‌ك ده‌وترێت “پۆزهتیڤیستی” نووسینه‌كانیدا داكۆكی له هه‌ندێ ئایدیاڵی ڕۆشنگه‌ریش ده‌كرد) بگره پێی وایه له ڕووی ستایلی نووسینه‌وه هاوشانی مۆدێرنیسته‌كانی وه‌ك ئارتور ڕامبۆیه. له لایه‌كی دیكه‌وه، مه‌یلێكی ئاشكرای هه‌یه بۆ ئه‌ودیوی ئه‌م مۆدێرنه‌یه و داهاتوویه‌كی نوێ، وه‌كچۆن توخمی به‌حسێب “پێش-مۆدێرن”ـیشی تێدایه. به‌ڵام نابێت بیرمان بچێت، تێگه پێش-مۆدێرنه‌كان لای نیچه پێچێكی دیكه‌یان بڕیوه. بۆ نموونه “سه‌رسامی نیچه به شێوه ژیانی یۆنانییه‌كان واتای ئه‌وه نییه گوایه ده‌كرێت بۆ ئه‌و شێوه ژیانه بگه‌ڕێینه‌وه؛ به‌ڵكو كێشه‌كه داهێنانی شێوه ژیانی نوێیه كه وێڕای سوودبینینیان له یۆنانییه‌كان، به‌ڵام له هه‌لومه‌رجی خۆلێلانه‌دراوی مۆدێرنیته‌دا پێكهاتوون.”[1] ئه‌گه‌ر بێت‌و ئه‌م ئاڵۆزییه‌ی پێگه‌ی نیچه ڕهچاونهكرێت، ئه‌وا دوور نییه له‌خۆوه نیچهیهكی به‌حسێب پێش-مۆدێرن زه‌قبكرێته‌وه. كه‌ڵكه‌ڵه‌ی سه‌ره‌كی نیچه گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی مه‌حاڵ نییه بۆ جیهانی پێش-مۆدێرن، به‌ڵكو ڕووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ئاڵنگاری و ناكامییه‌كانی مۆدێرنیته خۆیه‌تی.
نیچه ستایلێكی تایبه‌تی نووسینی هه‌یه. شێوازی نووسینه‌كانی له‌گه‌ڵ ڕه‌وته زاڵه ئه‌كادیمییه‌كه‌ی ئهوساشدا یهكنهدههاتهوه- گه‌رچی دواجار ده‌بێته ناوێكی مۆدهباوی ئه‌كادیمیا. نووسین لای وی گه‌ڕانێكی به‌رده‌وامه به‌دوای ستایلی نوێ‌دا. ستایلی نیچه له‌ڕووی فه‌لسه‌فییه‌وه ناباوه، له‌بری چه‌مكسازیی هه‌مه‌گیر په‌نا ده‌باته به‌ر میتافۆر و زمانی “شیعری”، ئاماژه‌یی و سیمبولی. كۆی ئه‌م سیفه‌تانه‌ش ڕێگه‌یان بۆ ڕاڤه‌كردن (و به‌د-ڕاڤه‌كردن)ـی جیاواز خۆشكردووه. ئهلێنكا زوپانچیچ له سه‌ره‌تای كتێبی “كورتترین سێبه‌ر”دا، كه تێیدا ڕاڤه‌یه‌كی لاكانی بۆ فه‌لسه‌فه‌ی نیچه ده‌كات، ده‌ڵێت خوێندنه‌وه‌ی نیچه له زۆر پنتدا هاوشانی حه‌په‌سان و سه‌رسوڕمانه، به‌تایبه‌ت تۆنه توند و تهوساوییهكهی، بۆ نموونه كاتێك ئیمانوێل كانت وه‌ك “گه‌وجێكی نموونه‌یی” وه‌سفده‌كات، ئه‌و شته‌ی “نیچه‌ی كردووه‌ته نیچه” ئه‌م ستایله‌یه.[2]
ڕه‌خنه‌ی نیچه له مۆدێرنیته خواستێكی تێدایه له‌پێناو ده‌رچوون و تێپه‌ڕاندن، ئه‌مه‌ش لای وی كۆمه‌ڵێك ناوی جۆراوجۆری هه‌یه: تێپه‌ڕاندنی دوایین مرۆڤ و ده‌ركه‌وتنی مرۆڤی باڵا؛ له‌ناوبردنی كه‌لتوره داوهشاوهكان له‌پێناو كه‌لتورێكی باڵادا؛ زاڵبوون به‌سه‌ر حه‌كایه‌ته مۆدێرنه‌كانی وه‌ك ناسیونالیزم و داكۆكی له ئایدیای ئه‌ورووپا؛ تێپه‌ڕین له نیهڵیزمی ناچالاكه‌وه بۆ نیهیڵیزمی چالاك و هتد. نیچه هه‌م كه‌ره‌سته‌ی تێگه‌یشتنێكی تایبه‌تمان له چاخی مۆدێرن و هه‌م ئاوڕدانه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ییش لێی پێ ده‌دات. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌و به‌حسێب ڕه‌خنانه‌ی له كۆمه‌ڵگاكانی ده‌ره‌وه‌ی خۆرئاواوه ئاراسته‌ی مۆدێرنیته‌ی خۆرئاوایی (كه دواجار سیفه‌تێكی یونڤێرساڵی هه‌یه) ده‌كرێن، هه‌ر پێشوه‌خته و به‌شێوه‌یه‌كی ڕیشه‌ییتر و قووڵتر له لایه‌ن بیریاره خۆرئاواییه‌كان خۆیانه‌وه ورووژێنراون. گه‌شه‌ی مۆدێرنیته هاوشانی ڕه‌خنه‌یه‌كی به‌رده‌وام بووه له‌م گه‌شه‌یه. نیچه له ئهفۆریزمێكی كتێبی ئاوابوونی بته‌كاندا، له‌بن ناوی “ڕه‌خنه له مۆدێرنیته”دا هاوكات ڕه‌خنه‌ی دامه‌زراوه‌كان، دیموكراسی، له‌ده‌ستچوونی داهاتوو، هاوسه‌رگیریی مۆدێرن و هتد ده‌كات.[3] ئه‌م هه‌ڵوێسته گشتگیره له كاره‌كانی تریشیدا هه‌ر هه‌یه.
[1] بڕوانه هه‌ردوو زاراوه‌ی “یۆنان، یۆنانییه‌كان” و “مێژوو” له به‌شی ” فه‌رهه‌نگی فه‌لسه‌فیی نیچه” له‌م كتێبه‌دا.
[2] Alenka Zupancic. 2003. The Shortest Shadow: Nietzsche’s philosophy of the Two, London: The Mit Press, p. 3.
[3] Friedrich Nietzsche, Twilight of the Idols, translated by Richard Polt, Pp. 75-76.