په‌یوه‌ندیی عه‌شق و بێئاگایی له ده‌روونشیكاریدا
نووسین: ڕێناتا سالێكڵ
وه‌رگێڕان: ڕوشدی جه‌عفه‌ر
یاداشتی وه‌رگێڕ
له ئوستووره‌ی لاتینیدا، كیوپیدی خواوه‌ندی خۆشه‌ویستی (كه هاوتای “ئیرۆس”ـی یۆنانییهكانه) به چه‌ندین شێوه وێنه‌ی كێشراوه، وێنه‌یه‌كی به‌ربڵاویان كیوپیده به چاوبه‌ستراوی و له حاڵێكدا كه تیر و كه‌وانێكی به‌ده‌سته‌وه‌یه: وه‌ك بڵێیت كاتێك كیوپید “تیرێكی عه‌شق” ده‌هاوێژێت، هیچ هۆكارێكی ئاگایانه و ماقووڵ له پشت ئه‌م كاره‌وە نییه، عه‌شق پانتایی بێئاگایی و كوێری و چاوبهستهكانه. واته مه‌سه‌له‌ی پێكبه‌ستنه‌وه‌ی عه‌شق و كوێری (به مانا مه‌جازییه‌كه‌ی) هێجگار كۆنه، ڕه‌گوڕیشه‌یه‌كی ئوستووره‌یی هه‌یه. له سه‌رده‌مه نوێیه‌كانیشدا، ویلیا‌م شكسپیر وه‌ك ئوستادی تراژیدیا و كۆمیدیاكانی عه‌شق، له چه‌ندین جێ‌دا ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ له باره‌ی كوێریی عه‌شقی نووسیوه، ده‌ربڕینی ناسراوی “عه‌شق كوێره” ده‌قاوده‌ق لای وی هه‌یه (وه‌ك ئه‌وه‌ی سالێكڵیش له‌م ده‌قه‌دا ده‌په‌رژێته سه‌ری). ڕێناتا سالێكڵ، فه‌یله‌سووف، كۆمه‌ڵناس و ده‌روونشیكاری سلۆڤینی، لێره‌دا باس له چه‌ند ڕه‌هه‌ندێكی كوێری له عه‌شقدا ده‌كات: ئایا چ په‌یوه‌ندییه‌ك له نێوان عه‌شق و بێئاگایی (یان نه‌زانین)دا هه‌یه؟ ئایا بێئاگایی پێشمه‌رجی عه‌شقه؟ ئایا ئه‌م په‌یوه‌ندییه له دونیای هاوچه‌رخ (به‌تایبه‌ت له خۆرئاوا)دا چیی لێ هاتووه؟ ئاخۆ له‌ده‌ستچوونی بێئاگایی نابێته هۆی له‌ده‌ستچوونی عه‌شقیش؟ ئایا بێئاگایی له عه‌شقدا چ په‌یوه‌ندییه‌كی به فه‌نتازیا شه‌خسییه‌كانه‌وه هه‌یه؟ كاتێك عه‌شق ده‌گۆڕێت بۆ ڕق یان به پێچه‌وانه‌وه، بێئاگایی چ ڕۆڵێكی تیا ده‌گێڕێت؟ كاركرد و وه‌زیفه‌ی بێئاگایی له كۆی ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌دا چییه؟ چ شتێك وامان لێ ده‌كات ده‌ستئه‌نقه‌ست خۆمان له شتێك بێ‌ئاگا بكه‌ین؟
هه‌ڵبه‌ت لێره‌دا بێئاگایی میكانیزمێكه و ڕۆڵی ڕاگرتنی فه‌نتازیا ده‌گێڕێت، دواجار ده‌شێت لێكه‌وتی نه‌رێنی یان ئه‌رێنیی هه‌بێت، هه‌روه‌ها ده‌كرێت له باره‌ی بێئاگایی دهستئهنقهستیش بدوێین، واته كه‌سێك به دڵنیاییه‌وه ده‌زانێت شتێك وا نییه، كه‌چی وا خۆی ده‌نوێنێت كه وایه: جۆرێك له فریوخواردن و خۆفریودانی قایلكه‌ر. سالێكڵ له ته‌وه‌ری كۆتاییدا به‌تایبه‌ت ئاوڕ له‌م بێئاگاییه دهستئهنقهسته ده‌داته‌وه، كاركرده ده‌روونی و ڕه‌مزییه‌كه‌ی ده‌پشكنێت. سالێكڵ شرۆڤه‌یه‌كی ناوازه له باره‌ی پێكداچوونی بێئاگایی و عه‌شق و ڕق ده‌خاته ڕوو، به چه‌ند نموونه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی یان ڕاسته‌قینه‌ش خاڵه تیۆرییه‌كانی باسه‌كه ڕوون ده‌كاته‌وه، هه‌ر له كۆدا ستایلی سالێكڵ خۆشخوێن و زیندوو و ورووژێنه. بێئاگایی (یان نه‌زانین) به‌شێكی زۆری ژیانی مرۆڤی داگیر كردووه، له‌م سه‌رده‌مه‌شدا شێوه‌ی دیكه‌ی ئه‌م بێئاگاییه زه‌ق بوونه‌ته‌وه، عه‌شق یه‌كێكه له‌و شتانه‌ی هه‌موو جۆرێكی بێئاگایی تیا ده‌بینین. زاراوه‌ی عه‌شقیش له‌م ده‌قه‌دا، به‌تایبه‌ت عه‌شقی ئیرۆتیكی ده‌گرێته‌وه، به‌ڵام هه‌ر وا بێته‌وه ئاماژه‌یه به هه‌ر خۆشه‌ویستییه‌كی دیكه‌ش، به‌تایبه‌ت خۆشه‌ویستیی نێوان دایكان و باوكان و مناڵه‌كانیان.
له‌ڕاستیدا هه‌ردوو سیفه‌تی ئایدیاڵیزهكردن و سووككردنیش له‌سه‌ر جۆرێك له بێئاگایی ڕاوه‌ستاون. ئایدیاڵیزهكردن واته باڵایی-پێ-به‌خشین، پێدانی پێگه‌یه‌كی مومتاز به ئۆبێكتێكی دیاریكراو و جیاكردنه‌وه‌ی له ئۆبێكتهكانی دیكه. هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كی مرۆیی جۆرێك له ئایدیاڵیزهكردنی تێدایه، به‌ڵام ئه‌م پرۆسه‌یه له عه‌شقدا ده‌گاته ترۆپكی خۆی. به هه‌مان شێوه، سووككردن دیوی ئه‌ودیوی ئایدیاڵیزهكردنه، زۆر جار هه‌مان ئه‌و ئۆبێكتهی جاران ئایدیاڵیزه ده‌كرا، ڕه‌نگه دواتر بكه‌وێته به‌ر نه‌فره‌تی سووككردن. له هه‌ردووكیاندا كه‌سه‌كه چاوی خۆی له ئاست ڕاستییه‌كاندا (یان لانی كه‌م هه‌ندێک له ڕاستییه‌كان) ده‌نووقێنێت، واقیع به‌گوێره‌ی فه‌نتازیا تایبه‌ته‌كه‌ی خۆی ڕاڤه ده‌كات، گرنگ نییه چه‌نده به‌ڵگه‌ی ده‌ست بكه‌وێت دژی ئه‌م دیده زه‌ینییه، زۆر جار هه‌ر له‌سه‌ری به‌رده‌وام ده‌بێت (ته‌نانه‌ت ڕه‌نگه فهنتازیاكه وای لێ بكات هه‌ر له ده‌ستكه‌وتنی ئه‌م به‌ڵگانه بسڵه‌مێته‌وه). زۆر جار مرۆڤ هێنده‌ی فه‌نتازیا سوبێكتیڤهكهی خۆی به لاوه گرنگه، ئه‌وه‌نده بایه‌خ به واقیعه ده‌ره‌كییه‌كه نادات. بۆ نموونه شیعری كلاسیكیی كوردی، ههڵبهزودابهزێكی به‌رده‌وامه له نێوان ئایدیاڵیزهكردن و سووككردنی مه‌عشووق یان یار.
وێڕای ئه‌وه، سالێكڵ سه‌رنجێكی گرنگ ده‌خاته ڕوو ”له كاتێكدا كه‌سانێك هه‌ست به تووڕه‌یی و دوژمنایه‌تی ده‌كه‌ن، ده‌رهه‌ق به‌و كه‌سانه‌ی پێیان وایه فه‌رامۆشیان كردوون، كه‌چی كه‌سانێكی تر هه‌ن كاتێك ئه‌وی تر (واته مه‌عشوقه‌كه‌یان) لایان لێ ناكاته‌وه، شێتانه‌تر ئه‌وینداری ده‌بن.” چونكه لای سالێكڵ مه‌سه‌له‌كه ته‌نها بێئاگایی (ignorance) نییه، به‌ڵكو ” نادیده‌گرتن و خۆ-لێ-بێئاگاكردن” (ignoring) و “فه‌رامۆشكردن و لێ بێئاگابوون” (being ignored)ـیشه. گوژمی ئه‌م دیوه‌ی بێئاگاییش شتێكی به‌ربڵاوه. گه‌رچی سالێكڵ لێره‌دا كه‌متر هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر ده‌كات، به‌ڵام له به‌شێكی دیكه‌ی كتێبه‌كه‌دا به درێژی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ری… كوێریی عه‌شق ڕه‌نگه ده‌لاله‌ت بێت له‌و ‘مه‌ودا’یه‌ش كه‌وا عه‌شق ڕاده‌گرێت، نزیكبوونه‌وه‌ی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر واته زانینی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر. ئاشكرایه ئه‌م “له‌ڕاده‌به‌ده‌ر”ـه‌ش به زیان بۆ سه‌ر فه‌نتازیای عاشقه‌كه ده‌شكێته‌وه. مه‌ودا ئه‌و شته‌یه ئاره‌زوو به زیندوویی ده‌هێڵێته‌وه، درزیی ئه‌وتۆ ناكاته وێنای مه‌عشووق له خه‌یاڵی عاشق‌دا.
ته‌نانه‌ت له بنه‌ڕه‌ته‌وه خودی ڕووداوی عاشقبوون ده‌مانخاته به‌رده‌م پارادۆكسێكی دیكه‌ی بێئاگاییه‌وه: كه‌س نازانێت بۆ كتومت عاشقی ئه‌م كه‌سه ده‌بێت نه‌ك كه‌سێكی تر (ئه‌گه‌ر باسی “پێشمه‌رجه‌كانی عه‌شق” لای فرۆید نه‌كه‌ین، كه ئاشكرایه كاركردێكی نهستهكییان هه‌یه). بێئاگایی ئه‌و زیاده‌یه‌یه كه وا ده‌كات نه‌توانین بڵێین عه‌شق چییه: ده‌شێت یه‌كێك بڵێت عه‌شق ئه‌مه‌یه، یه‌كێكی تر بڵێت شتێكی تره، له‌وانه‌یه تێكڕای ئه‌م پێناسانه‌ش دروست بن، به‌ڵام هیچیان پڕاوپڕ و كافی نین، چونكه زیاده‌یه‌ك، كوێرییهك، بێئاگاییهك له عه‌شقدا هه‌یه كه نه بۆ عاشقه‌كه و نه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌شی چاودێرن به‌سه‌ریه‌وه، ڕوون نییه. ئه‌م لهپێناسهبهدهرییه، چه‌ندین ئیمكانی تێگه‌شتن و ئه‌زموونكردنی جیاوازی بۆ عه‌شق كردووەته‌وه. هه‌ر ئه‌م كوێری و بێئاگاییهشه عه‌شق ده‌كاته ڕووداوێكی هه‌ژێنه‌ر: به وته‌ی سلاڤۆی ژیژه‌ك، “دۆخێكی له‌ناكاوی هه‌میشه‌یی” قووت ده‌كاته‌وه، خۆی “دۆخی له‌ناكاو” وه‌ك دیاره دۆخێكی كاتییه، به‌ڵام له عه‌شقدا دیار نییه چه‌نده ده‌خایه‌نێت.
به دیدی سالێكڵ، عه‌شق ئه‌و فه‌نتازیایه كه‌وا نوقسانییه‌كه‌ی ئه‌وی تری پێ داده‌پۆشین؛ له عه‌شقدا ئه‌وی تر له ئۆبێكتێكی سواو ده‌بێته ئۆبێكتێكی مومتاز. به‌پێی ده‌روونشیكاریی واقیع شتێك نییه له‌وێدا، به‌ڵكو ئێمه به هۆی فهنتازیاكانمان، خه‌ونه ڕۆژانهییهكانمان، شێوه‌گۆڕكێ و گه‌مه نهستهكییهكانمان په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ واقیعدا ده‌سازێنین. ئه‌م فه‌نتازیایه ته‌نانه‌ت ده‌كرێت نه‌یه‌ته ژێر باری “تاقیكردنه‌وه‌ی واقیع” یان واقیعپێوییهوه، چونكه له بنه‌ڕه‌ته‌وه بونیاده‌كه‌ی له واقیعه‌وه وه‌رنه‌گرتووه. بۆیه ته‌نانه‌ت شتێكی وه‌ك “درۆ”ش ده‌شێت ڕۆڵێكی پێكهێنه‌ر له عه‌شقدا بگێڕێت، وه‌ك كهرەستهیهك بۆ پاراستنی فه‌نتازیا.
خاڵێكی گرنگ كه سالێكڵ ئاماژه‌ی پێ ده‌كات، ئه‌وه‌یه: مه‌سه‌له‌كه هه‌ر ئه‌وه نییه عه‌شق به ماهییه‌تی خۆی له‌سه‌ر بێئاگایی ڕۆنرابێت، به‌ڵكو عاشقه‌كان خۆیان خۆویستانه په‌نا ده‌به‌نه به‌ر بێئاگایی: به وته‌ی لاكان مرۆڤه‌كان “جۆشوخرۆشیان بۆ بێئاگایی” هه‌یه، پاڵنهرێكیان تیایه ڕووه‌و نه‌زانین هانیان ده‌دات، تا ده‌ست به ئابوورییه ده‌روونی و فه‌نتازیا شه‌خسییه‌كانیان بگرن (سالێكڵ له ڕێی نموونه‌ی “مایك و هاوسه‌ره‌كه‌ی” ئه‌م خاڵه به جوانی ڕوون ده‌كاته‌وه). به‌ڵام جۆش‌وخرۆش بۆ بێئاگایی چییه؟ جۆش‌وخرۆش بۆ بێئاگایی” دەستەواژەیەکە ژاک لاکان لە بودیزمی وەرگرتووە. لاکان لە دەیەی ١٩٥٠ لە کۆمەڵێک وانەوتاری زانکۆی سۆربۆن دەربارەی بودیزم و فێرکارییەکانی ئامادە بووە. بۆیەش ئەم زاراوەیەی هەڵگرتووەتەوە، چونکە پێی وایە نزیکایەتیی لەگەڵ ئەو شتەدا هەیە کە لە میانەی جەلسەکانی شیکردنەوەی دەروونیدا ڕوو دەدات و خۆی شایەتحاڵی بووە: نەخۆشەکان (یان شیکاری-بۆکراوەکان) لە سەرەتادا وایان دەنواند دەیانەوێت بزانن، بەڵام وردەوردە دەردەکەوت کە لەڕاستیدا نایانەوێت بزانن چییانە. لاکان تەنانەت پێی وایە هیچ پاڵنەرێکی زانین له ئارادا نییە، بەڵکو تەنها پاڵنەری نەزانین هەیە. دەشگوترێت زۆر جار قسەکردنی نەبڕاوەی دەروونشیکاری-بۆکراو لە کاتی دانیشتنەکاندا ڕێگەیەکە بۆ خۆلادان لەوەی پێویستە بگوترێت (و بزانرێت). ڕێناتا سالێکڵیش ئەم دەستەواژەیەی لاکانی کردووەتە ناونیشانی سەرەکیی کتێبەکەی لە پاڵ ناونیشانێکی لاوەکیدا “دەمانەوێت چ شتێک نەزانین و بۆچی؟”. بەڵام مەسەلەکە لای ڕێناتا لە دەروونشیکاری و نەخۆشدا قەتیس نابێت، بەڵکو لە ڕێگەی ئەم زاراوەیەوە چەندین ڕەهەندی کۆمەڵگەی هاوچەرخ دەپشکنێت. جۆش‌وخرۆش بۆ بێئاگایی هەر تەنها لای نەخۆشەکان نییە، بەڵکو لە ژیانی خەڵکانی بەحسێب نۆرماڵ و ئاساییشدا هەیە. دەبێت ئەم کارەی ڕێناتا سالێکڵ بخەینە ناو ئەو ڕەوتەی پێیان وایە لێکۆڵینەوە لە بێئاگایی (لەو شتەی نایزانین یان نامانەوێت بیزانین) بە ڕادەی مەعریفە (ئەو شتەی دەیزانین یان دەمانەوێت بیزانین) گرنگە. سالێکڵ پێی وایە ئێمە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریی هاوچەرخدا بە فیعلی لە کۆمەڵگەی بێئاگاییدا دەژین (نەک مەعریفە)، بۆیە دەشڵێت ئەگەر لە نیوەی دوومی سەدەی بیستەم میشێل فۆکۆ لە پەیوەندییەکانی نێوان دەسەڵات و زانینی کۆڵییەوە، ئەوا لە ئێستادا ئێمە دەبێت لە پەیوەندییەکانی نێوان دەسەڵات و نەزانین بکۆڵینەوە، چونکە لێرەدا خاڵێکی دیالەکتیکی هەیە: هەڵکشانی مەعریفە هاوشانە بە هەڵشکانی ئارەزووی نەزانینیش. سالێکل بێئاگایی وەک دیاردەیەکی سەرلەبەر نەرێنی ناخاتە ڕوو، بەڵکو دێت و کارکردەکەی لەسەر دەروونی مرۆڤەکان وەک تاک و پانتاییە گشتییەکەش دەپشکنێت، بۆ نموونە مرۆڤەکان چۆن لە ڕێی بێئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ تراوماکانی جەنگ، نەخۆشکەوتن، عاشقبوون، بیگ-داتا و هتد دەکەن. دواجار زاراوەکە بە فەرامۆشکردنیش دەبەستێتەوە. سالێکل جەخت لەو خاڵەش دەکاتەوە، بێئاگایی تەنها هاومانایەکی دیکەی چەمکەکانی وەک نەفی و نکۆڵی و نەرێکردن نییە، بەڵکو کارکردی جیاوازتریشی هەیە. گەرچی بەتایبەت لەسەر زاراوەی نکۆڵییش دەوەستێت.
(ده‌قه‌كه)
عه‌شق كوێره
زۆر جار كاتێك كه‌سێك ده‌كه‌ینه ئۆبێكت (بابه‌ت)ـی ئاره‌زوومان، یان ئایدیاڵیزهی ده‌كه‌ین، پشتئه‌ستوورین به بێئاگایی (ignorance)ـه‌وه، هه‌ر بۆیه هه‌ڵه نییه ئه‌گه‌ر بڵێین عه‌شق كوێره[1]. له گه‌رمه‌ی ئاوێزانبوونێكی ڕۆمانسیدا، ڕه‌نگه بینینی ئه‌وی تر به ڕوونی مه‌ترسی بۆ فه‌نتازیا بسازێنێت، بۆیه عاشقان له‌م ئانوساته‌دا چاویان داده‌خه‌ن تا جۆشوخرۆشهكهیان دانهمركێتهوه، به‌ڵام له ڕۆژگاری ئێستادا وا دیاره خه‌ڵك به شێوازێكی دیكه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خۆفریوداندا ده‌كه‌ن؛ ئه‌و خۆفریودانهی كه عه‌شق پێویستی پێیه‌تی. ئه‌و كه‌سانه‌ی له ئینته‌رنێتدا به‌دوای مهعشوقێكدا ده‌گه‌ڕێن، ده‌بێت چه‌ندین ڕاپرسیی دوورودرێژ پڕ بكه‌نه‌وه له‌باره‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی مه‌عشووقه دڵخوازه‌كه‌یان، وه‌ك بڵێیت گوایه ده‌شێت به شێوه‌یه‌كی عه‌قڵانی وه‌سفی ئه‌وه بكرێت ئاخۆ چ شتێك ئاره‌زوومان گڕ ده‌دات. ئه‌لگۆریتمه نهێنییه‌كان ئه‌م كه‌سانه له كۆمه‌ڵێك مه‌عشووقه‌ی ڕێتێچوو نزیك ده‌كه‌نه‌وه، ته‌نانه‌ت له هه‌ندێک حاڵه‌تدا ئه‌و به‌رنامانه‌ی تایبه‌تن به ژووانی عاشقانه به‌كارهێنه‌ره‌كانیان به‌گوێره‌ی ڕاده‌ی خوازراوی پۆڵێن ده‌كه‌ن [واته ئاخۆ كام به‌كارهێنه‌ر لای كام به‌كارهێنه‌ری تر خوازراوه، كامیان ئاره‌زووی زۆرترین كه‌س ده‌ورووژێنێت] وه‌ك بڵێیت ئامار و پێوانه‌كان به هانای خه‌ڵكه‌وه ده‌چن كاتێك خه‌ریكن له ڕێگه پێچه‌ڵپێچه‌كانی ئاره‌زووی خۆیان و ئاره‌زووی ئه‌وانی تردا ڕچهیهكی تایبه‌ت به خۆیان ده‌گرنه به‌ر. هه‌ر وا بێته‌وه كاتێك كه‌سێك په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌ویندارانه له‌گه‌ڵ كه‌سێكی تر داده‌مه‌زرێنێت، ئه‌وا تا دێت پاراستنی نهێنی دژوارتر ده‌بێت، چونكه تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، مۆبایله‌كان و هه‌موو شێوه جۆراوجۆره‌كانی ده‌زگاكانی چاودێری كارئاسانییه‌كی زۆریان كردووه تاكو شوێنپێی هه‌موو جووڵه و هزرێكی مهعشووقهكهت هه‌ڵبگریته‌وه. به‌س ئاخۆ هه‌ر به‌ڕاست خه‌ڵك ده‌یانه‌وێت عه‌شق چیتر كوێر نه‌بێت؟ ئه‌ی په‌یوه‌ندیی عه‌شق به بێئاگاییه‌وه چۆنه؟
عه‌شق، ڕق و بێئاگایی
ژاك لاكان له باسه‌كه‌یدا ده‌رباره‌ی عه‌شق ده‌ڵێت ئێمه له عه‌شقدا ئه‌و شته ده‌به‌خشین (یان به‌ڵێنی به‌خشینی ده‌ده‌ین) كه نیمانه و له كه‌سانی تریشدا به‌دوای ئه‌و شته‌دا ده‌گه‌ڕێین و ده‌یبینن كه له‌ڕاستیدا نیانه[2]. به ده‌ربڕینێكی تر، ئێمه فهنتازییهك پێكه‌وه ده‌نێین تا “نوقسانی”ـیه‌كه‌ی (Lack) ئه‌وی تری پێ دابپۆشین، كاتێك ئه‌م فهنتازیایهش داده‌ڕووخێت، ئه‌وا چیتر وه‌ك عاشق نامێنینه‌وه، یان ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌سه‌ی جاران خۆشمان ده‌ویست ئێستا ڕقی لێ هه‌ڵده‌گرین. له حاڵه‌تی ڕقیشدا ڕێك وه‌ك عه‌شق پێویسته چاوی خۆمان له‌ئاست هه‌ندێک شت‌دا دابخه‌ین؛ جاروبار ئه‌م چاوداخستنه بوارمان پێ ده‌دات تا لێكچوون و هاوشێوه‌یی نێوان خۆمان و ئۆبێكتی ڕقه‌كه [واته ئه‌و كه‌سه‌ی ڕقمان لێیه‌تی] نه‌بینین، هه‌ندێک جاریش یارمه‌تیمان ده‌دات ئه‌و ڕاستییه له‌بیر بكه‌ین كه ئێمه ڕۆژێك له ڕۆژان ئه‌و كه‌سه‌مان خۆش ویستووه.
كاتێك له بازنه‌ی عه‌شق ده‌رده‌چین، ئه‌وا به ده‌گمه‌ن یه‌كسه‌ر ڕقمان له مهعشووقهكهمان ده‌بێته‌وه. به‌ڵكو ئه‌مه پرۆسه‌یه‌كی به‌كاوه‌خۆ و پلهبهپلهیه، به جۆرێك تێیدا ڕێك ئه‌و شته‌ی له سه‌ره‌تادا سه‌رنجی بۆ لای ئه‌و كه‌سه ڕاكێشابووین، ده‌بێته شتێكی هه‌راسانكه‌ر، تا دواجار چیتر ناتوانین به‌رگه‌ی بگرین. بیرمه جارێكیان له كاتی گه‌نجێتیمدا قاوه‌یه‌كم له‌گه‌ڵ هاوپۆلێكمدا ده‌خوارده‌وه، كتوپڕ بۆی گێڕامه‌وه چۆنچۆنی كاتێك عاشقی ژنێك بووه، باڵاترین شت له لای ئه‌وه بوو ژنه‌كه به چ شێوازێك پیاڵه‌ی قاوه‌كه هه‌ڵده‌گرێت و به هێواشیش بۆ لێوه‌كانی ده‌بات. گوێگرتن له‌وه‌ی ئه‌م ژنه چۆن قاوه‌كه‌ی فڕ ده‌كات و سه‌رنجدان له جووڵه‌كانی، ده‌موده‌ست ئاره‌زوویه‌كی به‌هێزی له ناخی ئه‌م گه‌نجه‌دا هه‌ڵده‌گیرساند، به‌ڵام كاتێك عه‌شقه‌كه‌ی بڕایه‌وه، چیتر به هیچ جۆرێك نه‌یده‌توانی به‌رگه‌ی ئه‌م جووڵانه بگرێت. شتێك هانی ده‌دا چاوه‌كانی بنوقێنێت و به ده‌ستیشی گوێیه‌كانی بگرێت، چونكه ئه‌و شته‌ی له سه‌ره‌تای دڵدارییهكهدا ئاره‌زووی ده‌ورووژاند، له كۆتاییدا ته‌نها تووشی قێزوبێزی ده‌كرد.
ژاك لاكان له كاره بهراییهكانیدا، بێئاگایی وه‌ك سێیه‌مین توخم له سێگۆشه‌یه‌كدا كه هه‌ریه‌كه له عه‌شق و ڕقیشی تێدایه، داده‌نێت؛ ئه‌م سێگۆشه‌یه په‌یوه‌ندیی نێوان پانتاییه‌كانی ڕه‌مزی و خه‌یاڵی و ڕیاڵیش نیشان ده‌دات[3].
گه‌رچی عه‌شق زۆر جار وێنای ئه‌وی تر ئایدیاڵیزه ده‌كات، به‌ڵام ناساندن و ددانپیانانی ڕه‌مزی (symbolic recognition)ـیش له‌خۆ ده‌گرێت. بۆ نموونه ڕه‌نگه كه‌سێك بیه‌وێت عه‌شقه‌كه‌ی به یه‌كێك له‌م ڕێگه‌یانه بناسێنێت: یادكردنه‌وه‌ی ساڵڕۆژه گرنگه‌كان، هه‌ڵواسینی قوفڵی خۆشه‌ویستی به پردێكی گشتیدا، یان شاهێمای پابه‌ندبوون (و ئه‌وینی وه‌فادارانه)، واته گۆڕینه‌وه‌ی ئه‌ڵقه‌ی هاوسه‌رگیری. كاتێك ڕقمان له كه‌سێك ده‌بێته‌وه، ئه‌و خه‌سڵه‌ت یان ڕه‌هه‌نده‌ی ڕواڵه‌تی ئه‌وی تر كه جاران بووبووه مایه‌ی هۆگریمان پێیه‌وه، ڕه‌نگه ئێستا وه‌ك كهرەستهیهك بۆ بهئههریمهنیكردن و له‌مرۆڤخستنی كه‌سه‌كه به‌كار بێت. تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پڕن له‌م وێنانه، واته فۆتۆی دزێو و ته‌نانه‌ت جاروبار شێوه-ده‌عبای سیاسییه‌كان و كه‌سه به‌ناوبانگه‌كان (سێلێبریتی) كه له‌به‌ر ئه‌م یان ئه‌و هۆكار بنكه جه‌ماوه‌رییه‌كه‌یان له‌ده‌ست داوه.
عه‌شق و ڕق ته‌ركیز ده‌كه‌نه سه‌ر ئه‌و ڕه‌هه‌نده له‌تێگه‌یشتن-به‌ده‌ر و دركنهكراوهی له هه‌ر كه‌سێكدا هه‌یه، بۆیه گرنگ نییه چ وشه یان وێنایه‌ك بۆ باسكردنی به‌كار دەهێنین، هه‌وڵه‌كه‌مان هه‌ر شكست دەهێنێت. زۆر جار هیچ هۆكارێكی ماقووڵ له ئارادا نییه بۆچی ده‌بێت فڵان كه‌سمان خۆش بوێت یان ڕقمان له فیسار كه‌س بێته‌وه، چونكه ئه‌م دوو هه‌سته له‌سه‌ر بێئاگایی ڕاوه‌ستاون. ئه‌گه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت درێژه به‌م دوو هه‌سته بدات، چ خۆشویستن و چ ڕق، ئه‌وا ده‌بێت ڕیزێك ستراتیژ بگرێته به‌ر تا شتی زۆر ده‌رباره‌ی ئۆبێكتی هه‌ست و سۆزه‌كانی نه‌زانێت. وێڕای ئه‌وه، بێئاگایی (Ignorance) به مانای نادیده‌گرتن (ignoring) و فه‌رامۆشكران (being ignored)یش ڕۆڵی خۆی هه‌یه. له كاتێكدا كه‌سانێك ده‌رهه‌ق به‌و كه‌سانه‌ی پێیان وایه فه‌رامۆشیان كردوون، هه‌ست به تووڕه‌یی و دوژمنایه‌تی ده‌كه‌ن، كه‌چی كه‌سانێكی تر هه‌ن كاتێك ئه‌وی تر (واته مه‌عشوقه‌كه‌یان) لایان لێ ناكاته‌وه، شێتانه‌تر ئه‌وینداری ده‌بن. به‌پێی سه‌رنجه ورده‌كه‌ی میشێل سیلڤێسترا، ده‌روونشیكاری فه‌ڕه‌نسی، زۆر جار مه‌رج نییه عاشقان بیانه‌وێت ئه‌و ئۆبێكتهی كه‌مه‌ندكێشی كردوون په‌یوه‌ندییه‌كی دووقۆڵییان له‌گه‌ڵ دابمه‌زرێنێت: “هه‌ر له‌و ڕۆژگاره‌ی پیاوان ده‌رباره‌ی عه‌شق نووسیویانه، ئه‌م خاڵه زهقوزۆپه به‌دی ده‌كه‌ین: چه‌نده زیاتر یاری جوانكیله نوتقی لێ ده‌رنه‌یه‌ت، چه‌نده زیاتر ته‌نانه‌ت هه‌ر وهڵامێكیشان نه‌داته‌وه، ئه‌وا عه‌شقه‌كه‌یان باشتر ده‌مێنێته‌وه.”[4]
وه‌كچۆن ده‌كرێت عه‌شق ببێته ڕق، به هه‌مان شێوه ده‌شكرێت ڕق به‌سه‌ر خۆیدا هه‌ڵبگه‌ڕێته‌وه و ببێته عه‌شق. بێئاگایی ڕۆڵێكی گرنگ له‌م ههڵگێڕانهوهیهدا ده‌گێڕێت، چونكه ده‌رفه‌ت به عاشقه‌كان ده‌دات تا شته ڕقبزوێنهكهی سه‌ره‌تا له‌بیر بكه‌ن یان نادیده بگرن، له‌پڕێكدا به چاوێكی نوێ له ئه‌وی تر بڕوانن. وه‌ك بڵێی ئه‌وان له ئێستادا “حه‌قیقه‌ت”ێكی نوێ ده‌بینن؛ حهقیهتێك كه وایان لێ ده‌كات له ڕقه‌وه بپه‌ڕنه‌وه بۆ عه‌شق.
بابه‌ت (تێما)ـی سه‌ره‌كیی ڕۆمانی “ڕاچێڵی ئامۆزام“ـی به‌رهه‌می دافنی دو مۆریهر ئه‌وه‌یه چۆنچۆنی عه‌شق ده‌بێته ڕق یان به پێچه‌وانه‌وه ڕق ده‌بێته عه‌شق[5]. فیلیپ كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كیی ڕۆمانه‌كه‌یه، هه‌تیوێكه له لایه‌ن ئامۆزا دڵ‌نشین و به‌سۆزه‌كه‌ی به ناوی ئهمبرۆز (Ambrose) به‌خێو كراوه. كاتێك فیلیپ له بیسته‌كانی ته‌مه‌نیه‌تی، ئهمبرۆز نه‌خۆش ده‌كه‌وێت، پزیشكه‌كانیش ئامۆژگاریی ده‌كه‌ن ماوه‌یه‌ك سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه بكات و له كه‌شی ساردی زستانی به‌ریتانیا دوور بكه‌وێـته‌وه ] ئهمبرۆزیش ده‌چـێته ئیتاڵیا[، له شاری فلۆرهنسدا ده‌كه‌وێته داوی خۆشه‌ویستیی ڕاچێلی شۆخ و پڕڕهمزوڕاز، هێنده ناخایه‌نێت هاوسه‌رگیرییش ده‌كه‌ن. نامه‌كانی ئهمبرۆز بۆ فیلیپ له سه‌ره‌تادا پڕن له پیاهه‌ڵدان به ڕاچێل، به‌ڵام به تێپه‌ڕینی كات، ئاماژه‌ی ئه‌وه‌یان تیا ده‌رده‌كه‌وێت كه ژیانی هاوسه‌رگیرییان بێ كه‌موكوڕی نییه. كاتێك فیلیپ دواهه‌مین نامه‌ی ئهمبرۆزی پێ ده‌گات، سه‌رنج ده‌دات به ده‌ستخه‌تێكی خواروخێچ نووسراوه. ئهمبرۆز له‌باره‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ی ده‌دوێت، تۆمه‌تی ئه‌وه ده‌داته پاڵ ڕاچێل كه‌وا هه‌وڵی داوه ژه‌هرخواردی بكات، هانی فیلیپیش ده‌دا تا به زووترین كات خۆی بگه‌یه‌نێته لای له ئیتاڵیا، پێی ده‌ڵێت “ئاقیبه‌ت وا خه‌ریكه له‌ناوم ده‌بات، ڕاچێڵی مایه‌ی عه‌زابم”.[6] كاتێك فیلیپ ده‌گاته لای ئامۆزاكه‌ی، چیتر كار له كار ترازاوه و ناتوانێت ڕزگاری بكات. ڕاچێڵیش بێسه‌روشوێن ده‌بێت.
وه‌ختێك فیلیپ ده‌گه‌ڕێته‌وه نیشتیمان، خه‌به‌ری پێ ده‌ده‌ن موڵكوماڵی ئامۆزاكه‌ی به‌میرات بۆ ماوه‌ته‌وه، له‌م به‌ینه‌دا ڕاچێڵیش ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌وا به‌ته‌مایه سه‌ردانی ئه‌وێ بكات، بۆیه فیلیپ فه‌نتازیای تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی حه‌قی ئهمبرۆز ده‌خاته زه‌ینییه‌وه، چونكه پێی وایه ڕاچێڵ به‌رپرسیاره له مه‌رگی وی. به‌ڵام ورده‌ورده خۆیشی شه‌یدای ڕاچێل ده‌بێت، هه‌موو ئه‌و سهرهداوانهش نادیده ده‌گرێت كه ئاماژه‌ن به‌وه‌ی ئه‌م كچه ئهمبرۆزی كوشتووه. فیلیپ پاره و دیاری به‌سه‌ر ڕاچێڵدا ده‌بارێنێت، گه‌رچی هه‌مووانیش ئامۆژگاری ده‌كه‌ن وا نه‌كات، به‌ڵام بڕیار ده‌دات موڵكوماڵهكه به ناوی ئه‌و بكات، ده‌خوازێت به‌م جۆره ڕازیی بكات تا هاوسه‌رگیریی له‌گه‌ڵدا بكات و پێكه‌وه چێژ له‌و میراته‌ی بۆیان ماوه‌ته‌وه، وه‌ربگرن.
ئه‌م چیرۆكه وه‌سفێكی كامڵ له باره‌ی كوێریی عه‌شق ده‌خاته ڕوو. فیلیپ ده‌ڵێیت پیاوێكی جادوولێكراوه و ناتوانێت هیچ شتێك ببینێت له ئۆبێكتی جۆشوخرۆشهكهی بترازێت. تووڕه‌ییه‌كه‌ی له ڕاچێل و ئاره‌زووه‌كه‌ی بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه لێی له حه‌قی مه‌رگی ئامۆزا خۆشه‌ویسته‌كه‌یدا به تێپه‌ڕینی كات ده‌گۆڕێن و به هه‌موو گیانی شه‌یدای ده‌بێت. به ناوی پاساوێكی خۆفریوده‌ر، ئه‌وه‌ی گوایه ڕێز له ئه‌وینی ئهمبرۆز بۆ ڕاچێل ده‌گرێت، وریاكردنه‌وه‌ی ناو نامه‌كانی ئهمبرۆز فه‌رامۆش ده‌كات. له پنتێكدا ته‌نانه‌ت بڕیار ده‌دات دواهه‌مین نامه‌ی ئهمبرۆز له بن به‌ردێك له دارستاندا بشارێته‌وه، وه‌ك بڵێیت هه‌ر شتێك ئه‌گه‌ری دزه‌كردنی بۆناو فه‌نتازیای مه‌عشوقه‌كه‌ی تێدا بێت، پێویسته له ژیانی دوور بخرێته‌وه. به هه‌مان شێوه، ساردوسڕییه ههڵكشاوهكهی ڕاچێڵ، خووی زێدهخهرجییهكهی و په‌یوه‌ندییه نهێنییه‌كانی له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كی ئیتاڵیشدا نادیده ده‌گرێت.
دوای چه‌ندین ههڵبهزودابهرز كه تێیدا فیلیپ ده‌ترسێت ڕاچێل هه‌وڵی ژه‌هرخواردكردنی بدات، دواجار ڕاچێل تووشی ڕووداوێك ده‌بێت و گیان له‌ده‌ست ده‌دات. به‌م جۆره فیلیپ ده‌ڵێیت كه‌سێكی جه‌رگسووتاوه، له باقیی ژیانیشیدا ناتوانێت دڵنیا بێته‌وه له‌و ژنه‌ی به هه‌مان ڕاده ڕقی لێ ده‌بووه‌وه و خۆشیشی ده‌ویست: ئاخۆ هه‌ر به‌ڕاست ڕاچێل بكوژ بوو یان ئه‌و حوكمكێكی هه‌ڵه‌ی به‌سه‌ردا دا؟
له‌م ڕۆمانه‌دا شایه‌تحاڵی ئه‌وه‌ین چۆن ڕق و خۆشه‌ویستی و بێئاگایی له په‌یوه‌ندیی نێوان دوو كاره‌كته‌ره سه‌ره‌كییه‌كه له گهڕدان. له سه‌ره‌تادا له مهودایهكهوه ده‌بینین چۆنچۆنی خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی ئهمبرۆز بۆ ڕاچێڵ ورده‌ورده ده‌بێته ڕق، ئینجا فیلیپیش ئه‌م ڕقه قه‌بووڵ ده‌كات و درێژه‌ی پێ ده‌دات، گه‌رچی ته‌نانه‌ت ئاگای له ڕاستییه‌كانیش نییه، چونكه ئامۆزا خۆشه‌ویسته‌كه‌ی به‌ده‌ستی ئه‌م ژنه له‌ناو چووه. كاتێك فیلیپیش به‌ش به حاڵی خۆی عاشقی ڕاچێل ده‌بێت، دیسانه‌وه بێئاگایی فاكته‌رێكی جه‌وهه‌ری ئه‌م گۆڕانه‌یه، واته وه‌ك نێوانگرێك لهمهعبێن ڕق و خۆشه‌ویستیدا ده‌ور ده‌بینێت. سه‌رله‌به‌ری ڕقه‌كه‌ی تووڕ ده‌دات، بگره هیچ زانیارییه‌ك، چه‌نده زۆریش بێت، ناتوانێت وا له فیلیپ بكات متمانه‌ی به ڕاچێل نه‌مێنێت یان چیتر خۆشی نه‌وێت. كاتێك له گه‌رمه‌ی شه‌هوه‌ت یان عهشقداین، ئه‌وا زانین و حه‌قیقه‌ت گرنگییه‌كی ئه‌وتۆیان نامێنێت، نادیده ده‌گیرێن یان نكۆڵییان لێ ده‌كرێت.
عه‌شق و درۆ
شكسپیر چه‌ندین دێڕه‌شیعری له باره‌ی عه‌شق و كوێریی نووسیوه. له سۆنێتێكدا ده‌پرسێت:
تۆ ئه‌ی عه‌شق، ئه‌ی گه‌وجه كوێره‌كه، چیت له چاوانم كردووه
وا زه‌ق ده‌ڕوانن و كه‌چی كوێراییشیان داهاتووه؟[7]
له سۆنێتێكی تردا، سه‌رنج ده‌دات:
وه‌ختێ یارم ده‌ڵێ قه‌سه‌م ده‌ستنوێژی حه‌قیقه‌تم
درۆ ده‌كا خۆ ده‌زانم، هه‌ر باوه‌ڕیشم پێیه ئه‌ز[8]
لێره‌دا باوه‌ڕكردن (Believing) ده‌كه‌وێته پێش زانین (knowing)ـه‌وه. گه‌رچی ده‌شێت باوه‌ڕ و زانین پێكه‌وه هه‌بن، به‌ڵام زۆر جار زانین وه‌لا ده‌نرێت، تا عاشقه‌كه بتوانێت ئه‌و فه‌نتازیایه بپارێزێت كه‌وا عه‌شقه‌كه‌ی به زیندوویی ده‌هێڵێته‌وه.
باوه‌ڕكردن به درۆ یان خۆگێلكردن له حه‌قیقه‌ت شتێكی تا بڵێیت باو و قه‌بووڵ كراوه له په‌یوه‌ندییه عاشقانهكاندا، به جۆرێك زۆر جار ئه‌و كه‌سه‌ی ناپاكی له مه‌عشوقه‌كه‌ی ده‌كات، ئه‌م ئامۆژگارییه‌ی پێ ده‌گوترێت: تا پێت ده‌كرێت نكۆڵی له ناپاكییهكهت بكه. هه‌ندێک جار ئه‌گه‌ر عاشق و مه‌عشوقه‌كان توانایه‌كی به‌هێزی بێئاگایی و نكۆڵیكردنیان (denial) هه‌بێت، ئه‌وا ده‌توانن په‌یوه‌ندییه‌كه‌یان چاك بكه‌نه‌وه، جا تووشی هه‌ر خهلهلێكیش بێت. ئه‌م حاڵه‌ته ڕێك لای ئه‌و كه‌پڵه ده‌بینینه‌وه كه پێیان ده‌ڵێم ئاننا و مایك [وه‌ك دوو ناوی خوازراو[. مایك فڕۆكه‌وان بوو، بۆیه زۆر جار له ماڵ دوور ده‌كه‌وته‌وه. جارێكیان ئاننا به سوتفه به‌سه‌ر ئیمێڵێكی نامه‌ی عاشقانه‌ی نێوان مایك و كارمه‌ندێكی لاوی فڕۆكه‌وانی كه‌وت. كاتێك ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ی به مایك گوت، ئه‌و له سه‌ره‌تادا هه‌ر ده‌یگوت هیچ شتێك له باره‌ی ئه‌م نامانه نازانێت، به‌ڵام هه‌ر كه ئاننا ئیمێڵهكانی نیشانی مێرده‌كه‌ی دا، مایك یه‌كسه‌ر چیرۆكێكی له‌خۆوه هه‌ڵبه‌ست: گوایه هه‌بێت و نه‌بێت هاوكاره‌كانی دزه‌یان كردووه‌ته ناو ئه‌كاونتی ئیمێڵه‌كه‌ی و وه‌ك گاڵته‌یه‌ك نامه‌ی عاشقانه‌یان پێ نووسیوه. گه‌رچی ئاننا له سه‌ره‌تادا به حه‌ق گومانی له‌م چیرۆكه هه‌بوو، كه‌چی هێنده‌ی نه‌خایاند باوه‌ڕی پێ كرد و تووڕه‌ییه‌كه‌ی ئاراسته‌ی هاوكاره نابه‌رپرسه‌كانی مێرده‌كه‌ی كرد كه خه‌ریك بوو هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی لێ تێك بده‌ن. له‌م نموونه‌یه‌دا، ئه‌م ژنه به نكۆڵیككردن له ناپاكیی مێرده‌كه‌ی، چه‌شنه باوه‌رێكی دیاریكراوی لای خۆی پاراست، ئه‌مه‌ش بواری پێ دا تا بتوانێت درێژه به هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی بدات، نووسخه‌یه‌كی تری ئایدیاكه‌ی لاكان ده‌رباره‌ی جۆش‌وخرۆش بۆ بێئاگایی (passion for ignorance). مه‌سه‌له‌كه هێنده ئه‌وه نییه ئه‌م ژنه حه‌قیقه‌تی نادیده گرتووه، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه به جۆش و خرۆشه‌وه خۆی به‌و چیرۆكه‌وه نووساند كه مێره‌ده‌كه‌ی له هیچه‌وه هه‌ڵیبه‌ست، چونكه ئه‌مه ده‌رفه‌تی پێ ده‌دا له‌گه‌ڵ وی‌دا بمێنێته‌وه و ژیانه هاوبه‌شه‌كه‌یان بپارێزێت.
به‌هه‌رحاڵ، جاروبار ددانپیانان به “حه‌قیقه‌ت” ڕێگه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سێك هه‌ڵسوكه‌وتی خۆی له هاوبه‌شه‌كه‌ی بشارێته‌وه. ئه‌م حاڵه‌ته له هاوسهرگیرییهكدا ڕووی دا كه تێیدا ژنه‌كه هه‌ستی ده‌كرد په‌یوه‌ندیی نێوان خۆی و مێرده‌كه‌ی تووشی كه‌موكوڕی و خه‌له‌ل هاتووه. مێرده‌كه‌ی زۆر جار له ماڵ دوور بوو، كاتێكیش ده‌هاته‌وه، زۆربه‌ی كاته‌كه خه‌ریكی نامه‌ناردن بوو و به وریاییشه‌وه ئه‌مه‌ی له چاوی ژنه‌كه‌ی ده‌شارده‌وه. جارێكیان ژنه‌كه بۆی ڕێكه‌وت مۆبایلی مێرده‌كه‌ی بكه‌وێته به‌رده‌ست، زنجیره‌یه‌ك نامه‌ی وی بۆ ژنێكی نه‌ناس تێدا بینی. كاتێك ئه‌مه‌ی پێ گوت، مێرده‌كه‌ی وا ده‌ركه‌وت تووشی شۆك بووه، به‌ڵام هه‌وڵی نه‌دا نكۆڵیی لێ بكات، به‌ڵكو به‌ڵێنی پێ دا چیتر چاوی به ژنه‌كه‌ی دیكه نه‌كه‌وێته‌وه. بۆیه هاوسه‌ره‌كه‌ی خۆشییه‌كی تێگه‌ڕا، مێرده‌كه‌شی خۆشحاڵ بوو به هێوربوونه‌وه‌ی، ئیدی كاروباری هاوسه‌رگیرییه‌كه‌یان ورده‌ورده گه‌ڕایه‌وه، سه‌ر باری ئاسایی خۆی. دواجار ڕوون بووه‌وه كه مه‌سه‌له‌ی ئه‌و ژنه‌ی به حسێب پیاوه‌كه نامه‌ی بۆ ده‌نارد هه‌ڵبه‌ستراوی ده‌ستی خۆی بوو تا ئه‌و ڕاستییه په‌رده‌پۆش بكات كه ئه‌و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ پیاوێكی تردا هه‌یه. لێره‌دا پیاوه‌كه هێمایه‌كی “حه‌قیقه‌ت”ـی ئه‌فراند تا ژنه‌كه‌ی به بێئاگایی بهێڵێته‌وه. پیاوه‌كه ده‌یویست وه‌ك چاوبهستێك په‌یمانه ڕه‌مزییه‌كه، واته هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی بپارێزێت، تا حه‌قیقه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هاوبه‌شێكی نێرینه‌دا پێ په‌رده‌پۆش بكات.
فه‌نتازیا شێوازی تێگه‌یشتنی ئێمه له واقیع داده‌ڕێژێت؛ له ئه‌نجامی ئه‌مه‌شدا، ته‌نانه‌ت كاتێك ئه‌م كه‌سه به‌ر زانین، حه‌قیقه‌ت یان ڕاستیی نوێش ده‌كه‌وێـت، ئه‌وا ئه‌م فه‌نتازیایه به ده‌گمه‌ن ده‌گۆڕێت، چونكه فه‌نتازیا په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌وتۆی به‌وه نییه ئاخۆ شته‌كان خۆیان له “دونیای ڕاسته‌قینه”دا چۆنن. زۆر جار فه‌نتازیای سوبێكت وه‌ك به‌رگرییه‌ك له به‌رانبه‌ر “تاقیكردنه‌وه‌ی واقیع”دا[9] ده‌جووڵێته‌وه، هه‌ر وا بێته‌وه له به‌رانبه‌ر ئه‌و ڕاڤانهیشی ڕه‌نگه ئه‌م فه‌نتازیایه بنكۆڵ بكه‌ن.[10] له ئاكامدا، هیچ ڕێژه‌یه‌كی حه‌قیقه‌ت یان زانیاری له باره‌ی ئۆبێكتی خۆشه‌ویستییه‌كه ناتوانێت تێگه‌یشتنی عاشقه‌كه بگۆڕێت.
من كێم بۆ ئه‌وی تر؟
(Who Am I for the Other?)
زۆر جار كاتێك كه‌سێك بیه‌وێت درێژه به په‌یوه‌ندییه‌ك بدات و هه‌رچی له‌ده‌ستی بێت بیكات تا ئه‌و فه‌نتازیایه بپارێزێت كه وه‌ك كۆڵه‌گه‌یه‌ك په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی ڕاگرتووه، ئه‌وا هه‌ر كام له نكۆڵی و بێئاگایی به‌گه‌ڕ ده‌خرێن، به‌ڵام له هه‌ندێک حاڵه‌تی بێئاگایی دهستئهنقهستدا، مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه نییه كه‌سێك چاوه‌كانی له ئاست ڕاستییه‌كان دابخات یان وێنای شتانێك بكات كه ڕوویان نه‌داوه؛ به‌ڵكو له جیاتییهكهیدا كه‌سێكمان هه‌یه ده‌زانێت شتێك ڕاست نییه كه‌چی وا خۆی ده‌نوێنێت وه‌ك بڵێیت ڕاسته.
ئه‌مه به‌سه‌ر كچێكدا هات كه من به مایا ناوی دەهێنم. ئه‌م كچه ته‌مه‌نی هه‌ر ده ساڵێك بوو كاتێك دایكی به شێرپه‌نجه گیانی له‌ده‌ست دا. باوكی مایا له ساڵڕۆژی له‌دایكبوونی كچه‌كه‌یدا، بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ دوای مه‌رگی دایكی، هه‌ر جاره و نامه‌یه‌كی پێ ده‌دا، گوایه له لایه‌ن دایكیه‌وه بۆی نووسراوه پێش ئه‌وه‌ی بمرێت. نامه‌كه پڕ بوو له پیاهه‌ڵدان به كاره‌كانی مایا، له‌وه‌ی چ كچۆڵه‌یه‌كی دڵنشینه و دایكیشی چ شانازییه‌كی پێ ده‌بڕا ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تی هه‌بووایه ئاهه‌نگی ڕۆژی له‌دایكبوونی له‌گه‌ڵدا گێڕابا. مایا هه‌موو نامه‌یه‌كی ئاوای به به‌نرخترین دیاری ده‌یزانی كه له‌وه‌ته‌ی هه‌یه پێشكه‌شی كرابێت. كاتێك مایا ئه‌م گه‌نجینانه‌ی نیشان دام له ناخه‌مه‌وه هه‌ژاندمی، له خۆیشم ده‌پرسی ئاخۆ هێشتا باوكی چه‌ند نامه‌ی دیكه‌ی ئاوای بۆ هه‌ڵگرتووه. بۆیه تووشی شۆك بووم كاتێك پێی گوتم له‌ڕاستیدا نه‌ك ته‌نها باوكی ئه‌م نامانه‌ی به ده‌ستی خۆی بۆ نووسیوه، به‌ڵكو ئه‌ویش به‌ته‌واوی ئاگای له‌وه‌یه. ڕاستییه‌كه‌ی دایكی مایا نه‌یده‌ویست به هۆی ئه‌م نامانه له گۆڕه‌كه‌یه‌وه ببێته بارگرانی به‌سه‌ر شانی كچه‌كه‌ی، به‌ڵكو ده‌یویست كچه‌كه‌ی درێژه به ژیانی خۆی بدات به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ نامه‌یه‌ك له دایكه كۆچكردووهكهیهووه ڕاوی بنێت. به‌هه‌رحاڵ، كاتێك یه‌كه‌م ساڵڕۆژی له‌دایكبوونی مایا به‌بێ دایكی به‌ڕێوه چوو، ئه‌و هه‌ر له باوكی ده‌پرسی ئاخۆ دایكی چ هیوایه‌كی له ڕۆژی له‌دایكبوونیدا بۆ ده‌خواست؟ ئاخۆ پێش مه‌رگی هیچ نامه‌یه‌كی بۆ به‌جێ هێشتووه یان نا، به‌ڵام چونكه هیچ نامه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه له‌ئارادا نه‌بوو تا له ڕۆژی له‌دایكبوونی مایا بیكه‌نه‌وه، بۆیه باوكی ئه‌م پێشنیازه‌ی بۆ كرد: ئه‌و خۆی نامه‌یه‌كی بۆ ده‌نووسێت، هه‌ردووكیشیان وا خۆیان ده‌رده‌خه‌ن وه‌ك بڵێیت نامه‌كه له دایكیه‌وه هاتبێت. مایا شاگه‌شكه بوو به‌م كاره، دواتریش هه‌ر جارێك له ڕۆژی له‌دایكبوونیدا نامه‌یه‌كی نوێی پێ ده‌گه‌یشت له خۆشی‌دا جێی به خۆی نه‌ده‌گرت. له كاتێكدا مایا به باشی ده‌یزانی كه باوكی ئه‌م نامانه‌ی بۆ نووسیوه، كه‌چی ده‌ستئه‌نقه‌ست خۆی له‌م ڕاستییه بێ‌ئاگا كرد. ئه‌م نامانه فه‌زایه‌كیان بۆی كرده‌وه تێیدا ده‌یتوانی وێنای باس‌وخواس له‌گه‌ڵ دایكی‌دا بكات، گه‌رچی ته‌نانه‌ت ئه‌م نامانه به قه‌ڵه‌می باوكی نووسرابوون. وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌م كچۆڵه‌یه خۆشه‌ویستیی دایكی بۆ خۆی له‌یاد بوو، به‌ڵام تامه‌زرۆ بوو به به‌ڵگه‌ی ڕه‌مزییه‌وه بیسه‌لمێنێت. نامه ساخته‌كان ڕۆڵی نیشانه‌یه‌كی ڕه‌مزییان (symbolic sign) ده‌گێڕا؛ وه‌ك نیشانه‌یه‌ك له‌مه‌ڕ ئه‌و ڕاستییه‌ی كه دایكه كۆچكردووه‌كه‌ی ئه‌وی خۆش ویستووه (ئه‌و “ئۆبێكت”ـی خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی وێ بووه.) باوك كه ئه‌م نامانه‌ی نووسیبوو وه‌ك نێوانگیرێك ڕۆڵی ده‌گێڕا، وه‌ك شایه‌تێك به‌سه‌ر ئه‌م خۆشه‌ویستییه، نامه‌كانیش ته‌قریبه‌ن وه‌ك گرێبه‌ستێكی هه‌رده‌م نوێ وا بوون؛ گرێبه‌ستێك كه بواری بۆ خۆشه‌ویستیی دایكانه ده‌ڕه‌خساند. له ڕۆمانی ڕاچێڵی ئامۆزامدا، فیلیپ ناچاره نامه‌كه‌ی ئهمبرۆز بشارێته‌وه تا خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی بۆ ڕاچێڵ تووشی ئاسته‌نگ نه‌بێت؛ به‌ڵام له حاڵه‌ته‌كه‌ی مایادا، نامه‌یه‌كی ساخته گوزارشت له خۆشه‌ویستیی دایكانه (و باوكانه)ش ده‌كات.
كاتێك ڕووبه‌ڕووی ئه‌م پرسیاره ده‌بینه‌وه: من چ مانایهكم لای ئه‌وی تر هه‌یه؟ ئه‌وا وه‌ڵامێك هه‌ڵده‌به‌ستن كه له هه‌ندێک حاڵه‌تدا وه‌ڵامێكی قایلكه‌ره و بگره ژیان ئیسپات ده‌كات، به‌ڵام له هه‌ندێک حاڵه‌تی دیكه‌دا ڕه‌نگه ده‌رگا به ڕووی خۆوێرانكردندا بكاته‌وه. گیلیاد ناچمانی باسی حاڵه‌تی كوڕێكی یازده ساڵان ده‌كات. پاش ئه‌وه‌ی باوكی ئه‌م كوڕه سێ مانگ پێشتر ده‌چێته نووسینگه‌كه‌ی و هه‌رگیز ناگه‌ڕێته‌وه، تووشی تراوما ده‌بێت، بۆیه په‌نا ده‌به‌نه به‌ر شیكردنه‌وه‌ی ده‌روونی.[11] له دوای ئه‌م ڕووداوه تراوماییه، هه‌رگیز جارێكی دیکە وشه‌ی “بابه” (daddy) له ماڵی وان‌دا به‌سه‌ر زمانی كه‌سیاندا نه‌هات، به‌ڵكو ته‌نها به زمانێكی فه‌رمی وه‌ك “باوك” (father) ئاماژه بۆ پیاوه ونبووه‌كه ده‌كرا. وه‌ك بڵێیت ونبوونه‌كه‌ی پێگه ڕه‌مزییه‌كه‌ی گۆڕیوه و وشه‌ی ‘بابه’ ته‌نها بۆ كه‌سێكی ئاماده و وشه‌ی ‘باوك’یش له حاڵه‌تی نائامادهبوونیدا به‌كار بێت.
بێسه‌روشوێنبوونی باوكی كاریگه‌رییه‌كی قووڵی له‌سه‌ر كوڕه‌كه هه‌بوو: به‌بێ مۆڵه‌ت وه‌رگرتن له قوتابخانه غایب ده‌بوو، له ماڵه‌وه لاساریی ده‌كرد، دایكیشی چیتر به سۆزه‌وه له‌گه‌ڵی نه‌ده‌جووڵایه‌وه و بگره به‌گشتی هه‌ر فه‌رامۆشی كرد. وه‌ك بڵێیت دایكی له‌تاو خه‌می خۆیدا، نه‌یده‌توانی ئازاركێشانی كوڕه‌كه‌یشی ببینێت، ته‌نانه‌ت هه‌ر ئاماده‌ییه‌كه‌ی له خانووه‌كه ناڕه‌حه‌تی ده‌كرد.
له‌م به‌ینه‌دا هاته سه‌ر ئه‌و ڕایه‌ی كه‌وا كوڕه‌كه‌ی پێویستی به چاره‌سه‌ری ده‌روونییه (therapy)، به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ی شیكه‌ره‌وه دهروونییهكهش سه‌رنجی دا، ته‌نانه‌ت ئه‌زیه‌تی ئه‌وه‌شی نه‌دایه به‌ر خۆی تا له یه‌كه‌م دانیشتن‌دا هاوه‌ڵی كوڕه‌كه‌ی بكات، به‌و بیانووه‌ی گوایه زۆر سه‌رقاڵه. شیكهرهوهكه سه‌رنجی دا جله‌كانی كوڕه‌كه دهڵبن و پڕ به به‌ری نین، بە ڕووكه‌ش ده‌تگوت جلوبه‌رگی باوكی له‌به‌ر كردووه. جووڵه و ڕه‌وتی كوڕه‌كه‌ش له هیی پیره‌پیاوێك ده‌چوو: به كۆمه‌كۆم ده‌ڕۆیشت، داهێزراو ده‌ینواند، ده‌تگوت به‌زۆر ڕێ ده‌كات.
كوڕه‌كه به‌بێ هه‌ست و سۆز له باره‌ی ونبوونی باوكی ده‌دوا، به‌ڵام له ئاستێكی نائاگایانهدا، به قووڵی هاوشوناسی باوكی بووبوو. خۆدزینه‌وه‌ی له قوتابخانه وه‌ك دووپاتكردنه‌وه‌ی ونبوونه‌كه‌ی باوكی ده‌هاته به‌رچاو، به هۆی پۆشینی جلوبه‌رگی باوكی و ڕێكردنی وه‌ك پیره‌پیاوێك، هه‌وڵی ده‌دا باوكه غایبهكهی به‌رجه‌سته بكات. له سه‌ره‌تا، نیشانه‌ی خه‌مۆكیی پێوه ده‌بینرا، به‌ڵام به زوویی دڵه‌ڕاوكێ و هه‌ستكردن به گوناحیشی تیا ده‌ركه‌وت. به زەحمهت ده‌یتوانی فه‌نتازیا و واقیع لێك جیا بكاته‌وه. باوكی زۆر جار چه‌ندین سەعات له‌سه‌ریه‌ك كاری ده‌كرد، كوڕه‌كه‌ش په‌ست بوو له‌وه‌ی باوكی به ده‌گمه‌ن ڕێی ده‌كه‌وێتـه ماڵ، زۆر جار فه‌نتازیای ئه‌وه‌ی ده‌كرد ڕه‌نگه باوكی نه‌خۆش بكه‌وێت و بۆیه‌ش ناچار بێت ماوه‌یه‌كی زیاتر له ماڵ بمێنێته‌وه. كاتێك باوكی ون بوو، كوڕه‌كه تووشی نیگه‌رانی بوو له‌وه‌ی خواسته‌كه‌ی به‌دی هاتبێت و بووبێته هۆی ونبوونی باوكی.
به‌پێی بهرهنجامگیریی دهروونشیكارهكه “كوڕه‌كه له سه‌ره‌تای چاره‌سه‌ره دهروونییهكهدا وه‌ك كه‌تنكارێك خۆی تۆمه‌تبار ده‌كرد. گه‌رچی هه‌ستكردنی به گوناح دیاریكراو و تایبه‌ت بوو، به‌ڵام به زۆری به هۆی نكۆڵییهوه ده‌یسه‌لماند، هه‌روه‌ها به هۆی پێداگرییه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی “هیچ پێویستییه‌كی” نییه. به خۆههڵكێشانهوه ده‌یگوت پێویستی به هیچ كه‌سێك نییه، خۆی به‌هێز و ته‌واو سه‌ربه‌خۆیه. موحتاجی ده‌ستی كه‌س نییه.”[12]
له ساته‌وه‌ختێكی سه‌رنجڕاكێشی شیكردنه‌وه دهروونییهكهدا، دهروونشكارهكه سه‌رنجی دا ئه‌م كوڕه به نهێنی خواردن له سه‌لاجه‌كه ده‌دزێت. دهروونشیكارهكه زانیی دایكی بیری چووه نان به كوڕه‌كه‌ی بدات. كاتێكیش داوای له دایكی كرد مه‌سه‌له‌كه ڕوون بكاته‌وه، ددانی پیا نا نه‌یویستووه نان به كوڕه‌كه‌ی بدات، وه‌ك سزایه‌ك له حه‌قی ونبوونی مێرده‌كه‌ی. ئه‌ویش به نهێنی له پای به‌سه‌رهاته‌كه لۆمه‌ی كوڕه‌كه‌ی ده‌كرد، چونكه زۆر جار هه‌ستی ده‌كرد مێرده‌كه‌ی هێنده‌ی كوڕه‌كه‌ی خۆش ده‌وێت ئه‌وی خۆش ناوێت.
گه‌رچی ئه‌م ده‌روونشیكاره باسی له‌وه نه‌كردووه ئاخۆ شیكاریی كوڕه‌كه چۆن چووه پێش یان ئاخۆ دواجار باوكی دۆزرایه‌وه یان نا، به‌ڵام هێشتاش له‌م چیرۆكه‌دا چه‌ندین شێوه‌ی جۆراوجۆری نكۆڵی به‌دی ده‌كه‌ین كه ڕۆڵێكی جه‌وهه‌ری له په‌یوه‌ندییه نێوكهسییهكاندا ده‌گێڕن. یه‌كه‌میان ده‌كرێت ونبوونی باوكه‌كه (ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی خۆی به مه‌به‌سته‌وه وای كردبێت یان له خه‌یاڵی كوڕه‌كه‌دا به شتێكی مه‌به‌ستدار وێنا كرابێت) وه‌ك شێوه‌یه‌كی توندی وه‌لانانی خێزانه‌كه‌ی د‌رك بكرێت: خۆی له‌به‌ر چاویان لا دا و هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كی له‌گه‌ڵ بڕین. نادیده‌ی گرتن و به‌م جۆره‌ش ڕه‌تی كردنه‌وه. دووه‌میان دایكی به قسه‌بڕین له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌ی و پێداگریی له‌سه‌ر به‌كارهێنانی وشه‌ی “باوك” [له‌جیاتی “بابه”[، خۆی له ده‌رگیربوون به چییه‌تیی ڕووداوه‌كه لا دا، هاوكات نكۆڵی له لینكه عاتیفییهكانی نێوان كوڕه‌كه و “بابه”ـی كرد. سێیه‌میان، دایك و كوڕه‌كه له دۆخی پڕئازاری خۆیاندا یه‌كتریان فه‌رامۆش كرد –ته‌نانه‌ت با بڵێێن سزای یه‌كدیان دا- دایكه‌كه تا ئه‌و ڕاده‌یه كوڕه‌كه‌ی پشتگوێ خست، كه هه‌ر بیری ده‌چوو خواردنی پێ بدات. كوڕه‌كه‌ش كاتێك له قوتایخانه و ماڵ “ون ده‌بوو”، ده‌یویست دایكی “نادیده بگرێت”.
له هه‌ناوی ئه‌م هه‌موو بێنه‌وبه‌رده‌یه‌دا كه حه‌قیقه‌تی پشت ونبوونی باوك نادیده ده‌گیرا و دایك و كوڕیش حسێبیان بۆ هه‌سته‌كانی یه‌كتر نه‌ده‌كرد، كوڕه‌كه عه‌وداڵی ددانپیانان و خۆشه‌ویستی بوو. كاتێك كوڕه‌كه له ماڵدا یاساكانی ده‌به‌زاند، خۆی له قوتابخانه ده‌دزییه‌وه، جله‌كانی باوكی له‌به‌ر ده‌كرد، ته‌نانه‌ت خورادنی دهروونشیكارهكهی ده‌دزی، ئه‌وا له‌ڕاستیدا به ڕێگه‌ی خۆی داوای به‌هاناچوونی ده‌كرد، خۆشبه‌ختانه ئه‌مه‌شی لای دهروونشیكارهكه دۆزییه‌وه.
ئاشكرایه فه‌رامۆشكردن و فه‌رامۆشكران دوو به‌شی گرنگی هه‌موو جۆره عه‌شقێك، یان هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كی دیكه‌ن، به په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ خودی خۆیشماندا. ڕوس ئیمبهری ده‌روونشیكار له جێیه‌كدا باس له حاڵه‌ته‌كه‌ی ئاننا ده‌كات، ئه‌م خانمه هه‌ستی ده‌كرد دایم و ده‌رهه‌م فه‌رامۆش كراوه، بۆیه به‌دوای ڕێچارێكدا ده‌گه‌ڕا بۆ ناكامی و كۆژانهكهی، ده‌چووه لای پزیشكێك و هێنده‌ی نه‌ده‌برد ده‌چووه لای پزیشكێكی تر.[13] له حاڵێكدا هه‌وڵی ده‌دا كه‌سێك ئاوڕی لێ بداته‌وه و له دڵه‌وه ده‌یویست پزیشكێكی پرۆفیشناڵ بدۆزێته‌وه سه‌ر له ژانه‌كه‌ی ده‌ربكات، یارمه‌تیی بدات چیتر نه‌تلێته‌وه، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی هه‌ر خۆی ڕێگری ئه‌م كاره بوو، چونكه قه‌ت به ڕاده‌ی پێویست لای پزیشكێك نه‌ده‌مایه‌وه و له یه‌كێكیانه‌وه بۆ یه‌كێكی تر ده‌ڕۆیشت. كاتێك ئاننا دڵی به پزیشكی باو دانهسهكنا، به‌ره‌به‌ره ڕووی كرده چاره‌سه‌ره به‌دیله‌كانی دیكه، هیچ شتێك نه‌ما تاقینه‌كاته‌وه، له ‘homoeopaths’ و دهرزیئاژنینهوه تا ڕووكردنه پسپۆڕه‌كانی پارێزی خۆراكی. له دوای ئه‌م گه‌ڕانه وزه‌بڕه، هانای بۆ ده‌روونشیكاری برد، ده‌یوست له‌ویادا ڕێچارێك بۆ كۆژانهكهی بدۆزێـته‌وه، به‌ڵام دیسانه‌وه له هیچ شتێك نه‌ده‌سڵه‌مییه‌وه تا به‌ر به پرۆسه‌ی گۆڕانكارییه‌كه بگرێت؛ ئه‌و گۆڕانه‌ی به هه‌ق پێوییستی پێ بوو.
ئاننا له میانی دانیشتنه‌كان له‌گه‌ڵ دهروونشیكارهكهدا گله‌یی ده‌كرد له‌وه‌ی له ژیانیدا له چه‌ندین لا فه‌رامۆش كراوه: هه‌ستی ده‌كرد كاتێك شووبرا و هاوسه‌ره‌كه‌ی مناڵیان بوو، چیتر ئه‌ویان پشتگوێ خست. به‌هه‌رحاڵ، غیره و ئیرهییهكهی ته‌نها ئاراسته‌ی خێزانه گه‌وره‌كه‌ی نه‌ده‌كرد، به‌ڵكو پلهوپێگهكهیشی له كۆمه‌ڵگەدا ده‌گرته‌وه. ئاننا وه‌ك كۆچبه‌رێك لای وا بوو هه‌ر له عه‌یامی مناڵێتییه‌وه فه‌رامۆش كراوه و له هه‌موو شت بێبه‌ش بووه، له كه‌مئه‌ندامییه‌كه‌ی دایكیشی په‌ست بوو، چونكه پێی وا بوو ئه‌گه‌ر ئه‌وان له وڵاتی بابوباپیرانیاندا له هه‌لومه‌رجێكی هێنده ناله‌باردا نهژیابان، ئه‌وا دایكی تووشی شتی وا نه‌ده‌بوو. وێڕای ئه‌وه، ڕێك پێش مه‌رگی دایكی، زانی كچی حه‌قیی ئه‌و نییه.
له ڕه‌وتی چاره‌سه‌ری ده‌روونیدا، به ڕوونی ده‌ركه‌وت ئاننا هه‌میشه له له‌ده‌ستدان و هۆگری ترساوه، شێوازی مامهڵهكهشی له‌گه‌ڵ دڵه‌ڕاوكێدا ئه‌وه بووه هه‌رگیز هه‌موو هێلكه‌كانی نه‌خاته سهبهتهیهكهوه. ڕۆیشتن له لای پزیشكێكه‌وه بۆ لای پزیشكێكی تر، له دهروونپزیشكێكهوه بۆ لای دهروونپزیشكێكی تر به‌شێك بوو له ستراتیژه‌كه‌ی: واته خۆپاراستن له‌وه‌ی به‌جێ بهێڵرێت. ئه‌م ژنه حه‌زی ده‌كرد دڵه‌ڕاوكێیه‌كه‌ی نه‌هێڵێت و وا هه‌ست نه‌كات خه‌ڵك و خوا ڕه‌تیان كردووه‌ته‌وه، بۆیه هه‌میشه خۆی ده‌ستپێشخه‌ری ده‌كرد و له په‌یوه‌ندییه‌كه ده‌رده‌چوو. له كۆتاییدا، وازی له شیكردنه‌وه‌ی ده‌روونییش هێنا.
ئه‌م حاڵه‌ته ڕوونی ده‌كاته‌وه چۆنچۆنی زۆر جار سوبێكتێك له هه‌ناوی ئازارچه‌شتندا چێژێكی پڕژان (ژویسانس) ده‌دۆزێته‌وه. گه‌رچی به‌پێی ئیدیعاكه‌ی خۆی بێت، ئاننا به‌دوای زانین و خۆناسیندا ده‌گه‌ڕا تا ببێته یارمه‌تیده‌ری له گۆڕینی ژیانیدا، به‌ڵام له‌ڕاستیدا هه‌موو شتێكی ده‌كرد تا خۆی له‌م زانینه دوور بخاته‌وه و فه‌رامۆشی بکات. گه‌رچی دواجار له میانی شیكردنهوهكهدا زانیارییه‌كی گرنگی خسته ڕوو له‌باره‌ی له‌ده‌ستدانی دایكه حهقییهكهی، به‌ڵام بڕیاری دا له‌وه زیاتر هه‌وڵی پشكیننی په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌م ڕاستییه و ترسه‌كه‌ی له جێهێڵران و جهفاكاری نه‌دات؛ به ده‌ربڕینێكی دیکە، به هۆی خۆگێلكردن له‌م ڕاستییه گرنگه له باره‌ی خۆیه‌وه، وای هه‌ست ده‌كرد گوایه هه‌مووان فه‌رامۆشیان كردووه، ئه‌مه‌ش له ئاكامدا تووشی چاره‌ڕه‌شی و خودبێزی (نه‌مانی خۆ-خۆشویستن)ـی ده‌كرد.
سه‌رچاوه‌ی وه‌رگێڕان:
RENATA SALECL (2020) A Passion for Ignorance, Princeton
university Press, Pp, 96-107.
[1] Love is blind
[2] Jacques Lacan, The Seminar of Jacques Lacan, bk. 8, Transference, ed. Jacques-Alain
Miller, trans. Bruce Fink (Cambridge: Polity Press, 2015).
[3] Jacques Lacan, The Seminar of Jacques Lacan, bk. 1, Freud’s Papers on Technique,
ed. Jacques-Alain Miller, trans. John Forrester (New York: W. W. Norton, 1991), 271.
ئه‌گه‌ر پانتایی ڕه‌مزی په‌یوه‌ست بێت به‌و به‌ستێنه كهولتوورییهی تێیدا ده‌ژین، به‌تایبه‌ت به‌و زمانه‌ی قسه‌ی پێ ده‌كه‌ین، پانتایی خه‌یاڵییش گرێ‌دراو بێت به وێنانه‌ی تێیاندا سه‌رنج له خۆمان و ئه‌وانی تر ده‌ده‌ین، ئه‌وا ڕیاڵ ده‌لاله‌ت له نوقسانییه‌ك ده‌كات، له مه‌حاڵێتی، له‌و شته‌ی به وشه ده‌رنابڕدرێت، هه‌روه‌ها له‌و شته‌ی له پاڵنه‌ر و ئاره‌زووه نائاگایانهكانی خه‌ڵكی هه‌ڵژه‌نراوه. لاكان له كاتی ڕوونكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان عه‌شق، ڕق و بێئاگاییدا سێگۆشه‌یه‌ك ده‌كێشێت تێیدا عه‌شق له گۆشه‌ی یه‌كتربڕی نێوان ڕه‌مزی و خه‌یاڵی؛ ڕق له گۆشه‌ی یه‌كتربڕی نێوان خه‌یاڵی و ڕیاڵ؛ بێئاگاییش له گۆشه‌ی یه‌كتربڕی نێوان ڕه‌مزی و ڕیاڵ داده‌نێت.
[4] Michel Silvestre, Demain la psychanalyse (Paris: Navarin Editeur, 1987), 300;
my translation
[5] Daphne du Maurier, My Cousin Rachel (New York: Little,Brown, 2013),https://www.ebooks.com/en-us/book/1564564/my-cousin-rachel/daphne-du-maurier
[6] Du Maurier, My Cousin Rachel.
[7] William Shakespeare, “Sonnet CXXXVII,” in The Complete Works of William
Shakespeare, ed. William James Craig (Oxford: Oxford University Press, 1952), 1125.
[8] William Shakespeare, “Sonnet CXXXVIII,” in Craig, The Complete Works of
William Shakespeare, 1125.
[9] Reality testing
[10] Russell Grieg and Justin Clemens, “A Note on Psychoanalysis and the Crime of Torture,” Australian Feminist Law Journal 24, no. 1 (2006): 161–77.
[11] Gilead Nachmani, “Trauma and Ignorance,” Contemporary Psychoanalysis 31,no. 3 ( July 1, 1995): 423–50.
[12] Nachmani, “Trauma and Ignorance,” 435.
[13] Ruth R. Imber, “Clinical Notes on Masochism,” Contemporary Psychoanalysis 31, no. 4 (October 1995): 581–89.