ئامادەکردنی: حەمە سەیدا
چەوساندنەوەی ژن مێژووییەکی دوور و درێژی هەیە، بە درێژایی ئەو مێژووە دوور و درێژە ژن ژێردەستەی سیستمێکی داپڵۆسێنەر بووە کە ئەویش پیاوسالارییە. گەر چاوێک بە مێژوودا بخشێنینەوە، دەبینین لە زۆربەی زۆری کایەکانی ژیان، دان بە مافی ژناندا نەنراوە، ئەمەش بەشێکی زۆری هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پیاوسالاری کە هەموو قانون و کەلتور و داب و نەریتەکانی خستۆتە خزمەتی خۆیەوە، و ژن پەراوێز خراوە. باڵادەستی پیاوسالاری بێ هۆکار نییە، ئەوەی خەریکی خوێندنەوەی فکر و ئەدەب و فەلسەفە بێت، ئاگاداری ئەوەیە کە پیاوسالاری لەلایەن چەند فەیلەسوف و بیرمەندێکەوە پشتگیری کراوە ئەگەر مەبەستەکە ئەوەش نەبووبێت، بۆ نموونە؛ ئەفلاتون لە تیمایۆسدا سەبارەت بە ڕەگەزی مرۆڤ دەڵێت: سروشتی مرۆڤ لە دوو ڕەگەز پێکهاتووە، ڕەگەزی یەکەم ڕەچەڵەک و ڕەگەزی مەزنترە کە بە سەرچاوەی خولقان لە قەڵەم دەدرێت و پێی دەوترێت پیاو. ڕەگەزی دووەم گیرۆدەی هەوس و ئیرەییە و بەپێی چارەنووس سزادەدرێن و ئەم سزایەش ئەوەیە ببنە ژن و وەک ژن لەدایک ببنەوە.
ڕۆسۆش لە کتێبی ئیمیلدا سەبارەت بە پەروەردەکردنی کچان دەڵێت: تەواوی پەروەردە و فێرکارییەکانی کچان دەبێت لەپێناو حەساندنەوە و چێژ بەخشین بە پیاوان بێت.
مێژووی فکر و فەلسەفە، مێژووی ئەدەب و ستایلی نووسین، بە شێوەیەکی گشتی پیاو تێیاندا باڵادەستە. تەنانەت گەر چاوێک بە مێژووی فەلسەفەشدا بخشێنین، دەبینین بە دەگمەن فەیلەسوفیانێک دەبینین کە لە ڕەگەزی مێ بن. جگە لە لایەنی تیۆریش، بەڵکو ئەو کایانەی کردەکیشن، بە شێوەیەکی گشتی هەر پیاو تێیاندا سەردەستەیە و مێژووەکەی مێژووییەکی پیاوسالارانەیە.
کێشەی ژن، کێشەیەکی یونیفێرسالیە، بە مانایەکی تر، ژنان لە هەموو جیهاندا کێشەی چەوساندنەوە و ژێردەستەییان هەیە، بەڵام ئەشێ ئەم کێشانە لە هەر کۆمەڵگەیەک بە فۆڕم و شێوازی جیاواز دەرکەوێت. ئەمەش وا ئەکات لەناو فکری فێمێنیزمدا چەندین ڕەوتی جیاوازی لێ بکەوێتەوە، بۆ نموونە فێمێنیزمی مارکسی هۆکاری چەوساندنەوەی ژنان ئەگەڕێنێتەوە بۆ سیستمی سەرمایەداری و موڵکایەتی تایبەت، فێمێنیزمی پۆست کۆلۆنیالیزم چەوساندنەوەی ژن دەگەڕێننەوە بۆ جوگرافیا و ڕەگەز و کەلتور، ئەمانە و چەندین ڕەوتی تر کە هەر یەکیان بەپێی سیستمە فکرییەکەی خۆیان کێشەکانی ژن شیکاری دەکەن، بەڵام دواجار ئامانجی هەر یەک لەم ڕەوتانە، بەدەستهێنانی مافی ژنانە هاوشێوەی پیاوان و ڕزگارکردنی ژنە لەو ژێردەستەیی و زوڵم و زۆردارییەی کە لەلایەن پیاوانەوە بەرامبەرییان دەکرێت.
ئەمەوێ ئەوە بڵێم، مەفهومی فێمێنیزم زۆر بە کرچ و کاڵی گەیشتۆتە کۆمەڵگەی کوردی، واتا فێمێنیزم نە بۆ بێ مۆڕاڵکردنی ژنانە و نە بۆ بەدڕەفتارییشیان، بەڵکو فێمێنیزم بە هەموو ئایدیا و ڕەوتەکانییەوە لە پێناو ئەوەدا دەجەنگێت کە ژنان هاوشێوەی پیاوان مافیان هەبێت و پێگەیەکی هاوشانی پیاوانیان هەبێت، باسی ئەوە ناکەم کە لێرە هەندێک لە بەناو فێمێنیستەکان ڕزگاری و ئازادی ژنان تەنها لە جگەرە کێشان و خۆ ڕووتکردنەوە و کۆمەڵێک شتی ڕواڵەتی دەبیننەوە، بەڵکو باس لەو ئایدیا سەرەکییانەی فێمێنیزم دەکەم کە ئامانجەکانیان زۆر لەم شتە ماددی و ڕواڵەتیانە، باڵاترە.
پێویستە ئەوەش بڵێین کە یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی ڕەوتە فێمێنیزمەکان بە شێوەیەکی گشتی، بە بۆچوونی من ئەوەیە کە نەیانتوانیوە جیاوازی لە نێوان دوو چەمکی بنەڕەتی بکەن یاخود بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەم دوو چەمکە تێکەڵکراون، ئەوانیش بریتیین لە ”جیاوازی” و ”جیاکاری”. سەرەتا مەبەست لە جیاوازی ئەوەیە کە ئێمەی مرۆڤ لە ڕووی بایۆلۆژییەوە جیاوازیین و پێکهاتووین لە دوو ڕەگەزی جیاواز، بە واتایەکی تر، ”نێرێک” لە ڕووی جەستەییەوە وا دروست بووە کە نێر بێت، و ”مێیەکیش” وا دروست بووە کە مێ بێت. جا ئەم دروست بوونە سروشت یاخود خودا یان هەر شتێکی تر مرۆڤان باوەڕیان پێیەتی بڕیاری لەسەر داوە. ڕاستیەکەی ئێمە کێشەمان لەگەڵ ئەوەدا نییە کە کێ و چی بڕیاری لەسەر ئەوە داوە کە کێ نێر بێت و کێ مێ بێت، ئێمە پێویستە ئەو ڕاستییە قبوڵ بکەین کە مرۆڤ لە دوو ڕەگەزی سەرەکی دروست بووە، و ئەم جیاوازی ڕەگەزییەش شتێکی زۆر نۆرماڵە و هەردوو ڕەگەز وەک یەک خاوەن ماف و تایبەتمەندیی و کەسایەتی و …هتد خۆیانن.
کێشەکە لەوێوە دروست دەبێت و بووە کاتێک مرۆڤ ئەم جیاوازی ڕەگەزییە دەکات بە هۆکاری ”جیاکاری”، بە واتایەکی تر، کاتێک نێرێک هەندێک تایبەتمەندیی وەک؛ بەهێزی هێز و بازوو و توانای جەستەیی هەیە کە ڕەنگە لە مێینەدا نەبێت، ئەمە نابێت بکرێتە هۆکاری سەردەستەیی و جیاکاریی بەسەر ڕەگەزی مێینەدا. بۆیە ئەو ناهەقییانەی بەرامبەر بە مێینە هەیە هۆکارەکەی دروستکردنی ”جیاکاری”یە لەسەر ”جیاوازی” ڕەگەزی. بۆیە فێمێنیستەکان گەر بیانەوێت کێشەی ژنان چارەسەر بکەن سەرەتا دەبێت کار بۆ ڕێگری و نەهێشتنی ئەو ”جیاکاری”یە بکەن کە لەسەر بنەمای ”جیاوازی” ڕەگەزی دروست بووە و دەکرێت.
بابەتی ئێمە لێرەدا، ڕەوتێکی نوێی فێمێنیزمە کە تا ڕادەیەک کێشەدارییشە. فێمێنیزمی ئیسلامی هەڵقوڵاوی فێمێنیزم و ئایینی ئیسلامە. واتا ڕەوتێکە لە پێکەوە لکانی دوو شتی جیاواز و تا ڕادەیەک دژ بەیەک، پەیدا بووە. ئەم چەمکە (فێمێنیزمی ئیسلامی) بۆ زۆر کەس خودی چەمکەکە، لەنێو دڵی خۆیدا پارادۆکسێکی هەڵگرتووە چونکە فێمێنیزم بە شێوەیەکی گشتی، ڕەچەشکێن و کەلتور شکێنە، و تێپەڕاندن و شکاندنی ئەو زنجیرەیە کە بۆ ژنان داندراوە، جا ئەم زنجیرە کەلتور یان ئایین یان هەرشتێکی تر بێت، پێویستە تێیبپەڕێنن. بۆیە هەندێک پێیان وایە چەمکی فێمێنیزم لەگەڵ ئیسلام دوو شتی دژ بە یەکترین، بەڵام فێمێنیستە ئیسلامییەکان پێچەوانەی ئەمە بە ئێمە ئەڵێن.
لەم بابەتەدا هەوڵدەدەین بەپێی توانا وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە؛ بزانین فێمێنیزم چییە و کەی سەریهەڵداوە؟ ئایا شتێک هەیە بە ناوی فێمێنیزمی ئیسلامییەوە؟ ئەگەر هەیە چییە؟ ئەگەر ئەم دوو چەمکەش ناتوانن پێکەوە بگونجێن هۆکارەکەی چییە؟
(دەرکەوتنی چەمکی فێمێنیزم)
چەمکی فێمێنیزم، دەکرێت بۆ وەسفکردنی بزوتنەوەی سیاسی، کەلتوری یان ئابووری بەکار ببرێت کە ئامانج لێی؛ بەدەستهێنانی مافی یەکسان و بەرگریکردن بێت لە ئافرەتان. فێمێنیزم ئاوێتەی تیۆرییەکانی سیاسەت، کۆمەڵناسی، ئەدەب، و فەلسەفە دەبێت و لەو بوارەیاندا کە بایەخ بە جیاوازی جێندەر دەدەن، وەک چۆن ئاوێتەی ئەو بزوتنەوانە دەبێت کە بەرگری لە مافی جێندەری یەکسان دەکەن بۆ ژنان، و ئەو هەڵمەتانەی بۆ بەرژەوەندی و مافەکانی ژنان دانراون و دامەزراون. فێمێنیزم لەڕووی پەیکەر و ناوەڕۆکەوە، سێ پایەی سەرەکی لەخۆ دەگرێت؛ (ئایدۆلۆژیا، دەسەڵات، جێندەر)، جێندەر بەشێکی گرنگ لە فێمێنیزم وەک جەستە و هۆشیاری و بزووتنەوە، پێکدێنێت.
گەرچی دەستەواژەکانی ”فێمێنیزم” و ”فێمێنیست” تا ساڵانی (١٩٧٠)کان زۆر بەربڵاو نەبوون[1]، لەڕووی مێژووییەوە فێمێنیزم دەمانباتەوە بۆ کەسایەتیی سۆسیالیستی سەدەی نۆزدەیەم (چارلز فوریە) کە بۆ یەکەمین جار وشەی فێمێنیزمی بەکارهێنا(١) بۆ بەرگری لە مافەکانی ژنان، و دواتر لە سەرەتای سەدەی بیست و لە ساتەوەختی شەپۆلی یەکەمی فێمێنیزمدا، کۆمەڵێک کەس لەڕێی هەوڵ و تێکۆشانیان بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی وەک؛ مافی دەنگدان و بەشداری سیاسی و کارکردن و… هتد، خۆیان وەک فێمێنیست ناساند.
دەکرێ فێمێنیزم وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی وێنا بکەین، کە لە ڕێی ماندووبوون و شەونخوونی و هەوراز و نشێوی زۆردا، بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ئافرەت لەدایک بووە، دواتر چوارچێوەی فکری و تیۆری بۆ بەرهەمهێنراوە و بیرمەندان و فەیلەسوفەکانی بۆچوونی تایبەتی خۆیانیان لەسەر نووسیوە.
بەشێوەیەکی گشتی، فێمێنیزم چەمکێکی ڕۆژئاواییە و بەرهەمی هزر و بیر و ئەندێشەی ژنانی ڕۆژئاوا خۆیانە. بنچینەی چەمکەکە دەگەڕێتەوە بۆ (فێمینیا) کە چەمکێکی لاتینییە و بە مانای ”ژن” دێت. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، هێشتا مشتومڕ و پارادۆکس و نایەکگرتووییەکی زۆر هەیە لەنێوان فێمێنیستەکاندا، چونکە هەموو فێمێنیستەکان هاوڕا و کۆدەنگن لە بەرامبەر ئەوەی ژنان کراون بە ژێردەستە و پەراوێز خراون و دەبێت ئازاد بکرێن، هەموویان یەک هەڵوێستیان لەسەر ژنبوون و کێشە و گرفتەکانیان هەیە، بەڵام لەبارەی سەرچاوەی ستەم و چەوساندنەوە و ئازار و ڕێی ئازادی و ڕزگاربوونیان، جیاوازی و پارادۆکسی زۆر هەیە، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەر ڕەوتەو بەپێی سیستمە فکرییەکەی خۆی شیکاری بۆ کێشەی ژنان دەکات.
ئەوەندەی پێویست بوو و لەتوانادا بوو، باسێکی گشتگیری دەرکەوتنی چەمکی فێمێنیزممان کرد، دوای ئەمە دەچینە سەر باسەکانی وەک؛ شتێک هەیە بە ناوی فێمێنیزمی ئیسلامییەوە؟ ئەگەر هەیە چییە؟ پارادۆکسی چەمکی فێمێنیزمی ئیسلامی، و ئەو ڕەخنانەی لەم ڕەوتە گیراون.
(ئایا شتێک هەیە بەناوی فێمێنیزمی ئیسلامییەوە؟ ئەگەر هەیە چییە و سیما دیارەکانی کامانەن؟)
بەشێک لە لێکۆڵەران، باس لە سەرهەڵدانی فێمێنیزمی ئیسلامی کە سەرەتای سەدەی نەوەدەکانی سەدەی بیستەم لە باشوری ئەفریقا، وەک یەکێک لە بناغە فەلسەفی و سیاسییەکانی بزوتنەوەی ئیسلامی پێشکەوتنخواز لە دژی سیستمی پیاوسالاری، دەکەن.
سەرهەڵدانی دەستەواژەی فێمێنیزمی ئیسلامی، هاوکات بوو لەگەڵ دەرچوونی گۆڤاری ”ژن” لە ئێران لە ساڵی (١٩٩٢) کە لەلایەن ڕۆژنامەنووس ”شەهلا” شەرکاتەوە دامەزرا، کە بە یەکێک لە پێشەنگەکانی مافەکانی ژنان لە تاران دادەنرێت.(٢)
هەرچەندە ئەم دەستەواژەیە لە ساڵانی نەوەدەکاندا دەرکەوتووە، بەڵام لە ناوەڕۆک و گرنگییەکەیدا تازە نییە. کۆمەڵگە ئیسلامییەکان لە سەدەی نۆزدەهەمەوە شاهیدی هۆشیاری و بزووتنەوەیەکی فێمێنیستی بوون، پێشەنگەکانی وەک؛ نووسەری میسری ”عائیشە تەیمور” (١٨٤٠-١٩٠٢) سەرکردایەتی دەکرد، ئەم نووسەرە پێی وابوو ئیسلام هانی جیاکاری نادات، بەڵکو لەسەر بنەمای دادپەروەری و ئینساف دامەزراوە.(٣)
ئەم ڕەوتەی فێمێنیزم، خواستی ئەوەیان هەیە دووبارە و سەر لەنوێ دەقە ئاینییەکان (دەقی ئیسلامی) تەفسیر و تەئویل بکرێنەوە، چونکە ئەوان پێیان وایە ئەو تەفسیرانەی تاوەکو ئێستا کراون کۆمەڵە تەفسیرێکی پیاوسالارانەن و لە بەرژەوەندی پیاوان تەفسیر و تەئویل کراون.
واتا فێمێنیستە ئیسلامییەکان هەوڵدەدەن بنەماکانی فێمێنیزم لەگەڵ قورئان و سوننەتدا بگونجێنن و لەم دوو چەمک یان ڕوانگە جیاوازەوە شتێکی نوێ هەڵبهێنجێنن و ڕزگاری و یەکسانی و مافی ئافرەتان فەراهەم بکەن بۆ ژنانی موسڵمان.(٤)
هۆکارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی ئەم ڕەوتە؛ سیستمی پیاوسالاری، پەراوێزخستنی ژنان، و ئەو زوڵم و ستەمەیە کە لەسەر بنەمای ئایینی و کۆمەڵایەتی تووشی ژنان دەبن، ئەوەی پەیوەستە بە تایبەتمەندی کۆمەڵگەی ئیسلامییەوە، کە ”د.هیند الشقانی”[2] پێی وایە دیارترینیان بریتییە لە؛ هەستکردن بە دڵەڕاوکێی ئازادی، چونکە لەلایەک گوتارە توندڕەوەکان هەن کە دژ بە ئازادی ژنان و چەوساندنەوەی ژنانن، لەلایەکی تریشەوە هەندێک لە گوتارە مۆدێرنەکانە پێیان وایە ڕزگاری ژنان پەیوەستە بە ڕزگارییان لە ئایین. ”د.هیند” پێی وایە فێمێنیزمی ئیسلامی ڕێگەی سێیەمە بۆ ئەو ژنانەی کە دەیانەوێت ئازادی خۆیان بەدەست بهێنن، و پەیوەندی و پەیوەستبوونیشیان بە ئایینەکەیانەوە هیچ تەگەرەیەکی تێنەکەوێت.
پێناسەیەکی فێمێنیزمی ئیسلامی لەلایەن یەکێک لە فێمێنیستە ئیسلامییەکانەوە، ”د.عومەیما ئەبوبەکرە”[3] کە ئەو بەم شێوەیە پێناسەی دەکات؛ پڕۆژەیەکی فیکرییە کە ئامانجی بەدەستهێنانی دادپەروەری و یەکسانییە بۆ ژنان، لە ڕێگەی ڕیفۆرم کردنەوە و چالاککردنی بنەما باڵاکانی قورئان و سوننەت.
فێمێنیستە ئیسلامیەکان، خۆیان جیا دەکەنەوە لە هەر ڕەوتێکی تری ئیسلامی، بە وتەی ئەوان فێمێنیزمی ئیسلامی هەوڵ و ئامانجەکانی لە پێناوی ئازادی ژنان و یەکسانی و سەیرکردنیانە هاوشێوەی پیاوان، واتا فێمێنیستە ئیسلامییەکان دەیانەوێت بەرەنگاری سیستمی پیاوسالاری ببنەوە و ژنان ڕزگار بکەن لەژێر چەپۆکی پیاو، ئەم ئامانجەش لە ڕێگای دووبارە تەفسیرکردنەوەی دەقە پیرۆزەکانەوە بەدی دێت.
فێمێنیستە ئیسلامییەکان، هەوڵدەدەن بگەن بە فۆرمولێک کە فۆرمولێکی تازە و نوێیە، ئەو فۆرمولەش ئەوەیە؛ چۆن ژنانی موسڵمان ژیانێک بژین هاوشێوەی پیاوان، بە مانایەکی تر، ژنانیش هاوشێوەی پیاوان مافی مرۆیی و پێگەی کۆمەڵایەتی و ئازادییان هەبێت، لەهەمان کاتدا دەستبەرداری ئایینەکەشیان نەبن، واتا لە یەک کاتدا فێمێنیست و دینداریش بن. هەر وەک ئەو وتەیەی هەیانە یاخود وەک دروشمێک بەکاری دەهێنن کە دەڵێن؛ ”پێویست ناکات ئێمە بۆ ئەوەی فێمێنیست بین دەستبەرداری ئایینەکەمان بین یاخود لەبەر ئەوەی باوەڕدارین ڕوانگەی فێمێنیزم ڕەتبکەینەوە”. واتا فێمێنیستە ئیسلامییەکان، ڕەوتەکەیان وەک چارەسەر و ڕێگایەکی نوێ مانیفێست دەکەن.
ئەوەندەی لە توانادا بوو باسێکی گشتی فێمێنیزمی ئیسلامیمان کرد، پێمخۆشە ئێستا بچینە سەر ئەو ڕەخنانەی ئاڕاستەی ئەم ڕەوتە و دەستەواژەکە کراوە.
(ڕەخنە لە فێمێنیزمی ئیسلامی)
ئەوانەی ئاگاداری ڕوانگەی فێمێنیزم بن (بە هەموو ڕەوتەکانەوە)، بەشێوەیەکی گشتی ئەوە دەبینن کە زۆربەی فێمێنیستەکان بەراورد بە کەسانی تر، کەمتر باوەڕدارن یاخود کەمتر پەیوەستن بە ئایینەوە. چونکە زۆربەیان پێیان وایە؛ ئایین ژن دەچەوسێنێتەوە و دژایەتی ئەو جۆرە ئازادییە دەکات کە ژنان دەیانەوێت یاخود لانیکەم ئایین یارمەتیدەر و درێژکراوەی سیستمی پیاوسالارییە و لە ڕێگای ئایینەوە ژنان سەرکوت دەکرێن.
بۆ نموونە ”نەوال سەعداوی”، نووسەری ناسراوی فێمێنیستی میسری پێی وایە کە کێشەکە لە خودی دەقە ئاینییەکاندایە نەک لە لێکدانەوەکانیدا. هاوڕای ئەم بۆچوونەی سەعداوی، نووسەری بەنگلادیشی ”تسلیمە ناسرینە”، ئەم پێی وایە ”هیچ ئایینێک نییە مامەڵە لەگەڵ ژناندا بکات یەکسان بە پیاوان”،(٥) بەمانایەکی تر، تسلیمە پێی وایە لەنێو هیچ کام لە ئایینەکاندا ژنان و پیاوان یەکسان نین.
یەکێکی تر لەوانەی ڕەخنە لەم ڕەوتە دەگرن ”د.نادیە هناوی”ە. د.نادیە پێی وایە تەنانەت ئەم دوو چەمک یان ڕوانگەیە دژی یەکترین و پێکەوە ناتوانن هەڵ بکەن، ئەو پێی وایە فێمێنیزمی ئیسلامی تەنها گەورە کراوە، و درۆیەکی گەورەیە، چونکە تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە لە واقعدا هیچ خزمەتێک بە ژنانی موسڵمان بکات. لەوە شۆکتر بۆ د.نادیە ئەوەیە؛ ئەو ژنە نووسەرانەی سەر بە فێمێنیزمی ئیسلامین و بەرگری لەم ڕەوتە دەکەن، زۆربەیان پەنابەر و کۆچبەری خۆرئاوان، ئەو پرسیاری ئەوە دەکات و دەڵێت: ئەگەر ئەم نووسەرە فێمێنیستە ئیسلامییانە ئامانجیان ڕزگاری ژنان و یەکسانی ژنانە هاوشێوەی پیاوان، بۆچی لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا هەوڵەکانیان ناخەنە گەڕ و پەنا بۆ وڵاتانی خۆرئاوا ئەبەن؟. تەنانەت هەندێک لە فێمێنیستە ئیسلامییەکانیش بە نموونە دەهێنێتەوە کە پەنایان بردۆتە خۆرئاوا و لەوێ بوونە بە پەنابەر، وەک: ئەفسانە نەجمەبادی، نایرە تەوحیدی، و زیبامیر حوسنی.(٦)
د.نادیە تەنانەت تاوەکو ئەو شوێنەش دەڕوات و دەڵێت؛ دەستەواژەی فێمێنیزم هەروا بە پارادۆکسی دەمێنێتەوە و نە دەتوانێت پێشبکەوێت و نە دەتوانێت ببێت بە ڕەوتێکیش کە خزمەت بە ژنانی موسوڵمان بکات.(٧)
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین؛ فێمێنیزمی ئیسلامی لە ئێستادا وەک ڕەوتێکی فێمێنیستی ناسێنراوە کە هەوڵ و کۆشش دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ئازادی ژنان، و یەکسانی ژنان هاوشێوەی پیاوان، و ڕزگارکردنیان لەژێر سیستمی پیاوسالاری(بە وتەی خۆیان). بەڵام زۆرێک لە توێژەران و فێمێنیستەکانی تر تەنانەت کێشەیان نەک هەر لەگەڵ ئایدیاکەیان، بەڵکو کێشەیان لەگەڵ خودی دەستەواژەکەش هەیە و پێیان وایە دەستەواژەکە لە هەناوی خۆیدا هەڵگری پارادۆکسە. لە بەرامبەر ئەم بۆچوونەشدا، فێمێنیستە ئیسلامییەکان هەن کە دەڵێن؛ ئەم تۆمەتانە ئایدۆلۆژییە، و مەبەستی لە پشتەوەیە. ئەوانەی پێیان وایە ئیسلام و فێمێنیزم ناتوانن پێکەوە هەڵبکەن، دەیانەوێت ژنانی موسڵمان یان لەژێر چەپۆکی سیستمی پیاوسالاریدا بمێننەوە یان دەستبەرداری ئایینەکەیان ببن. فێمێنیستە ئیسلامییەکان، ئەم ڕەوتەی خۆیان بە ڕێگا چارە یان ڕێگای سێیەم دەناسێنن و پێشنیاری ئەوە دەکەن بۆ ژنانی موسڵمان کە لە ڕێگای ئەم ڕەوتەوە دەتوانن هەم فێمێنیست بن و هەوڵ بۆ ئازادی خۆیان بدەن، هەم لەژێر چەتری ئایینەکەشیان بمێننەوە.
سەرچاوە و پەراوێزەکان
(١)فێمێنیزم و جێندەر: پەیڕەو ئەنوەر، سایتی وشە، بەردەستە لەم لینکەی خوارەوە:
(٢) النسوية: ما معنى أن تنطلق من منظور أسلامي؟: سمية نصر، بەردەستە لەم لینکەی خوارەوە:
(٣) هەمان سەرچاوەی عەرەبی.
(٤) فێمێنیزم: وەرگێڕان و ئامادەکردن لە فارسییەوە (شنۆ مێهرپەروەر)، چاپی یەکەم، ٢٠١١، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، لا ٤٢.
(٥)-هەمان سەرچاوەی پێشووی عەرەبی.
(٦)-في نقد النسوية الأسلامية: د.نادية هناوي، بەردەستە لەم لینکەی خوارەوە:
(٧)-د.نادية هناوي، هەمان سەرچاوە.
هەرچەندە چەمکی فێمێنیزم لە ساڵی (١٨٤٢) لە فیلمی (ژنی ساڵ)دا بەکارهاتووە و وەک بزوتنەوە باسی لێوە کراوە لەلایەن (کاترین هێپبورن)
[2] یەکێکە لە فێمێنیستە ئیسلامییەکانی ئێستا، و هەوڵێکی زۆر بۆ بەرەوو پێشچوون و ڕەگ داکوتینی ئەم ڕەوتە دەدات.
[3] یەکێکە لە سیما دیارەکانی فێمێنیزمی ئیسلامی، مامۆستای ئەدەبیاتی بەراوردکاری ئینگلیزییە لە زانکۆی قاهیرە، و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی دامەزراوەی ژن و کۆڕبەندی فێمێنیزمی ئیسلامی.