ئامادەکردن و وەرگێڕانی: ژیر دانا
تەنها لە ماوەی یەک هەفتەدا، سێ خانمی کورد لە تاراوگە دەتوانن ببنە خاوەنی سێ خەڵاتی گەورە لە سێ وڵاتی جیاواز. خەڵاتەکان لە بوارەکانی مرۆڤدۆستی، ئەدەب و هونەردان. وە هەرسێ خانمەکە دەبنە یەکەمین کورد کە ئەو خەڵاتانە بەدەستبهێنن.
ڕەز گەردی کچە کوردێکی لەدایکبووی ساڵی ١٩٩١ـە. ئەو لەناو کەمپێکی پەنابەریدا لەدایکبووە و بەشی زۆری ژیانی، لە وڵات و شوێنی جیاواز بەسەربردووە. بەهۆی هەوڵ و تواناکانیەوە، توانیویەتی کار لە بواری یاسا بکات و وەکو یەکەمین کورد، خویندن لە بەشی یاسای زانکۆی هارڤارد تەواوبکات. ڕەز پارێزەر و چالاکوانێکی دیارە کە کار لەسەر مافەکانی مرۆڤدەکات. پێشتر چەندین چالاکی گەورەی ئەنجامداوە و لەم ساڵیشدا، توانی ببێت بە خاوەن خەڵاتی کەسایەتی کاریگەر لە وڵاتی نیوزلەندا.
زەهرا دۆغان لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٩ی شاری ئامەدە. زەهرا هونەرمەندە و لە زانکۆی دیجلە، کۆلێژی هونەرە جوانەکانی تەواوکردووە. ناوی ئەو کاتێک دەرکەوت کە لەکاتی ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆوە لەلایەن حکومەتی تورکیا بۆ چەند ناوچەیەکی باکووری کوردستان، هەتا بە کیشانی چەندین وێنەی جیاواز لە شەقامەکانی شارۆچکەی نسیبین لە پارێزگای مێردین. زەهرا لەدوای ئەنجامدانی ئەم چالاکیەوە دەستگیردەکرێت. دواتریش بەردەوام لەژێر هەڕەشەی حکومەتی تورکیادا بووە و بە هاوکاریکردنی پەکەکە تۆمەتبارکراوە. دواجار زەهرا لە ساڵی ٢٠١٧ بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە دەستگیردەکرێت و دوای دوو ساڵ ئازاد دەکرێت. لەدوای ئازادبوونیەوە، ناوبانگ و کارە شێوەکاریەکانی زەهرا زیاتر بلاوبوونەتەوە و چەندینجار و لە چەندین شوێنی جیاواز ستاییشکراوە. بەتایبەت هونەرمەندانی ئیتاڵیا، ستاییشێکی زۆری کارەکانیت زەهرا دەکەن و دواجار لەم ساڵدا خەڵاتی ئارتیسیمای وڵاتی ئیتاڵیای پێبەخشرا.
سارا عومەر لەدایکبووی شاری سلێمانیە و لە تەمەنی ١٠ ساڵیەوە، لە ئاوارەییدا دەژی. لە ساڵانی سەرەتای دوو هەزارەکانەوە دەستیکردووە بە بڵاوکردنەوەی بەرهەمە شیعرییەکانی. لە ساڵی ٢٠١٧دا یەکەم ڕۆمانی خۆی بە زمانی دانیمارکی بلاودەکاتەوە و ڕۆمانەکەی دەبێت بە پڕفرۆشترین ڕۆمان و ستاییشی خوێنەران ڕەخنەگران بەدەستدەهێنێت. لەمساڵیشدا، ڕۆمانێکی نوێی بە زمانی دانیماریکی بڵاوکردووەتەوە و بەهۆیەوە، خەڵاتی لۆریاڵی دانیمارکی بەدەستهێناوە. ئەو خەڵاتە تایبەتە بە باشترین بەرهەمی ئەدەبی ساڵ لە وڵاتی دانیمارک و سارا گەنجترین نووسەرە کە بووبێت بە خاوەنی ئەو خەڵاتە.
سەرچاوەکان: