هیوا عومه‌ر
له جیهانی ئه‌مڕۆماندا، نامۆبوون (الاغتراب (Alienation وه‌ك په‌رچه‌مێك به‌سه‌ر بوون و پێگه‌ی تاك و كۆمه‌ڵدا باڵی كێشاوه، نامۆبوون له خوده‌وه بۆ گشت، له شوێنی كاره‌وه بۆ خێزان، له فه‌زای گشتی و ڕۆڵی تاك له ژیانی سیاسی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوورییه‌وه زۆرینه‌ی زۆر له دۆخ و پێگه‌ی بێ كاریگه‌ری و په‌راوێزخراوی خۆی ده‌بینێته‌وه.
هه‌نووكه زیاتر له هه‌موو كاتێك مرۆڤ هه‌ست به‌وه ده‌كات له‌ژێر بارێكی قورسدایه، هه‌ست ده‌كات هێزێك، شتێك له ده‌ره‌وه‌ی خۆی حوكمی به‌سه‌ردا ده‌كات، ئه‌م هێزه له ڕه‌هه‌ندی جیاجیاوه ئاماده‌یی هه‌یه، ژیان به جۆرێك قاڵب كراوه، ده‌بێت به ناچاری بچیته ناویەوه. ئه‌وه‌یه ساتی نامۆبوون، ئه‌و كاته‌یه مرۆڤ تیایدا هه‌ست به پچڕان و بوونی هێزێك له سه‌رووی خۆیه‌وه ده‌كات.
له‌مڕۆدا زۆرینه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان (گه‌نجان به‌تایبه‌تی) به ئومێدی دۆزینه‌وه‌ی پێگه‌ی ونبوویان په‌نا ده‌بەنه به‌ر كۆچكردن به‌ره‌و خۆرئاوا، به‌شێكی دانیشتوانی خۆرئاواش پێیان وایه ئه‌وه كۆچی خۆرههڵاتییهكانه پێگه و بوونی ئه‌وانیان له شوێنی كار و فه‌زای وڵاتی خۆیان لاواز و بێكاریگه‌ر كردووە.
له‌ژێر كاریگه‌ریی گوتاری ڕاستڕه‌وه توندڕه‌وه‌كاندا ڕۆژ له دوای ڕۆژ گوتاری ڕق، كینه، ڕاسیزم، فاشیزم و جیاوازیی ڕه‌گه‌زی له‌مسه‌ری دنیا بۆ ئه‌وسه‌ری بۆ مانه‌وه له چه‌قی بازنه‌یه‌كی داخراودا ڕێگه‌ی بۆ خۆش ده‌كرێت. له جیهانی ئایینه‌كانیش به‌ڵێنی بوونی جیهانێكی تر و ژیانێكی تر له دوای مردن به جۆرێك له جۆره‌كان ده‌توانین له‌و ڕه‌هه‌نده‌وه به‌دوایدا بگه‌ڕێین، وه‌ك په‌رچه‌كردارێك له به‌رانبه‌ر نامۆیی له ژیانی ڕاسته‌قینه‌دا.
له لای خۆیشمان، به‌پێی تازه‌ترین ڕاپرسی كه كۆمپانیای شیكار بڵاوی كردووەته‌وه، زۆرینه‌ی زۆری دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان پێیان وایه ئه‌وان هیچ ڕۆڵ و پێگه‌یه‌كیان له ژیانی سیاسی و ئابووریی هه‌رێمدا نییه، هیچ شتێك بۆ ئه‌وان نییه، دۆخی نامۆبوون زۆرینه‌ی زۆری به‌ره‌و ئه‌وه بردووه “ئه‌گه‌ر بۆیان بگونجێت ئه‌م وڵاته جێ ده‌هێڵن”، له وه‌ڵامدا ئاوا وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه.
ئه‌گه‌ر پێش نزیكه‌ی دوو سه‌ده، به هۆی نه‌زمی سه‌ره‌تایی سه‌رمایه‌داریی ئه‌وكاته‌ی خۆرئاوا، كرێكار ده-دوازده تا نزیك حه‌ڤده كاتژمێر كاری پێ كرابێت و ڕۆژ له دوای ڕۆژ به‌های هێزی كاری له‌ده‌ست دابێت، یان له كائینێكی زیندووی داهێنه‌ره‌وه ڕۆڵی كاڵایه‌كی ناو بازاڕی سه‌رمایه‌ی بۆ داتاشرابێت، به‌ڵام له دۆخی ژیانی خۆرهه‌ڵات و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر له سایه‌ی ئابووریی به‌رخۆری، خودی مرۆڤ و هێزی كاره‌كه‌ی وه‌ك كاڵایه‌كی ئه‌وپه‌ڕی بێبه‌ها و بێكاریگه‌ر له شوێنی كار و سیستمی سیاسیی ئابووری مامه‌ڵه‌ی پێوه ده‌كرێت، ڕۆژ له دوای ڕۆژیش به‌هاكه‌ی له به‌رانبه‌ر كاڵای ڕاسته‌قینه له‌ده‌ست ده‌دات، جگه له ونبوون و لاوازبوونی پێگه‌كه‌ی. “هه‌ر یه‌كێكمان به جۆرێك له جۆره‌كان كۆیله‌ی خاوه‌نكار یان شوێنێكین”، ئه‌مه قسه‌ی ئه‌و كرێكاره بوو له‌م ڕۆژانه‌دا له یه‌كێك له ماركێته‌كانی هه‌ولێر له كاتی داگرتنی باری كه‌لوپه‌ل، ئاوای به كرێكاره‌كه‌ی هاوڕێی گوت. ته‌نها ئاوڕێكم لێ دایه‌وه، ئه‌ویش به ئه‌سپایی تێپه‌ڕی و ڕۆیشت بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ند كارتۆنێكی تر دابگرێت.
له ئاستی گشتیدا، له كن حیزبه حوكمڕانه‌كان و به‌شێكی زۆری ئۆپۆزسیۆنه‌كانیش به‌شداریی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆڵگێڕانه‌وه بۆ تاك و گشت، ته‌نها بریتییه له ده‌رفه‌تێك له چوار ساڵ جارێك له چه‌ند خوله‌كێكدا به ڕێگه‌ی به‌شداریكردن له سندوقی هه‌ڵبژاردن بانگه‌شه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێگه و ڕۆڵ بۆ هاووڵاتیان ده‌كه‌ن! له كاتێكدا به هه‌ر نرخێك بێت پێشتر زه‌مینه و پێداویستییه‌كانی مانه‌وه‌ی خۆیان مسۆگه‌ر كردووه، ئه‌گه‌ر كار بگاته سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕێگەیهش ده‌بێته هۆی ده‌رهێنانی به‌ڕه‌كه له‌ژێر قاچیان، ئه‌وه ئه‌وه‌ش ئه‌نجام ناده‌ن، وه‌ك ئێستا ده‌یبینین.
كاتێك زۆرینه‌ی زۆری دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق بایكۆتی دواین هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق ده‌كه‌ن، ده‌توانین وه‌ك ئاماژه و په‌رچه‌كرداری ساته‌وه‌ختێكی مێژوویی نامۆبوونی زۆرینه لێك بده‌ینه‌وه، زۆرینه‌یه‌ك تێگه‌یشتووه پێگه و بوونی ئه‌وان به‌م سیستمه ته‌واو نامۆیه، ئه‌م مۆدێله له به‌ڕێوه‌بردن (كاڵایه‌كه پڕ به باڵای كه‌مینه‌یه‌كی ئۆلیگاریشی دارایی).
ماركس (1818-1883) له ‘ده‌قه ئابووری و فه‌لسه‌فییه‌كاندا’ باسی ئه‌وه ده‌كات ئامانجی مرۆڤ سه‌ربه‌ستییه، به‌ڵام نامۆیی به ڕێگریی جه‌وهه‌ری گه‌یشتن به سه‌ربه‌ستی ده‌بینێت.
هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌وه، له مێژوودا له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی هۆیه‌كانی به‌رهه‌مهێنان له لایه‌ن كه‌مینه‌یه‌كه‌وه، له‌و كاته‌وه پێگه‌ی مرۆڤ و ڕۆڵ و وه‌زیفه‌ی كاركردنی به‌ته‌واوی ده‌ستكاری كرا و له سروشتی خۆی دابڕێنرا، كاركردن له‌بری ئه‌وه‌ی بۆ ژیان بێت و به‌شێك بێت له چالاكیی ئاره‌زوومه‌ندانه و كاری داهێنه‌رانه‌ی مرۆڤ، ته‌واوی ژیان ده‌بێته كاركردنی زۆره‌ملێ و له‌پێناوی كاركردندا بچوككراوییهوه، له‌وكاته‌وه مرۆڤ سه‌ربه‌ستی له‌ده‌ست ده‌دات و نامۆ ده‌بێت.
ته‌نها لێره‌دا كۆتایی نایه‌ت كاتێك خودی كاركردن بۆ كاڵا ده‌گۆڕێت، كاڵایه‌ك به‌شێكی بچووكی بۆ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی هێزی به‌رهه‌مهێنانی كاڵای بنهڕەتی به‌كار ده‌هێنرێت، به‌شه گه‌وره‌كه‌شی بۆ به‌رهه‌مهێنانی زێده‌بایی به‌كار ده‌هێنرێت. هه‌روه‌ك ماركس له سه‌رمایه‌دا باسی ده‌كات.
كارڵ ماركس له ده‌ستنووسه‌كانی ساڵی 1844دا له ڕسته‌یه‌كدا ده‌ڵێت: “جیهانی مرۆڤ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌مه‌ندتربوونی دنیای شته‌كاندا هه‌ژارتر ده‌بێت”. ئه‌مه به نامۆبوونی مرۆڤ له كار و به‌رهه‌می كاره‌كه‌ی گرێ دراوه، كاتێك كار و به‌رهه‌می كار له‌پێناو كرێكاردا نابێت، له وكاته‌وه پچڕان و دابڕانی كرێكار له ژینگه‌ی كاره‌كه‌ی دێته كایه‌وه.
له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌دا چه‌مكی نامۆبوون وه‌ك چه‌مكێكی فه‌لسه‌فی به‌كار هاتووه، دواتر ڕۆچووهتە ناو زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، سه‌ره‌ڕای سه‌رهه‌ڵدانی تێگه‌یشتن و تیۆری جیاواز له‌و باره‌یه‌وه، به‌ڵام دوای نزیكه‌ی دوو سه‌ده هه‌نووكه ناتوانین نكۆڵی له لاوازی تا ئاستی نه‌مانی پێگه و ڕۆڵی تاك و كۆمه‌ڵ بكه‌ین، له شوێنی كاره‌وه بۆ شوێنی به‌شداریی سیاسی، له خێزانه‌وه بۆ ناو ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، له‌ناو پارته سیاسییه‌كانه‌وه بۆ هه‌ڵبژاردنه جۆراوجۆره‌كان، له خودی مرۆڤ له خۆیدا، له په‌یوه‌ندییه‌كانی مرۆڤ و ژینگه… هتد هه‌موو ئه‌مانه به‌شكێن و به ده‌رهاوێشته‌ی سیستمێك گرێ دراون، كرۆكه‌كه‌ی بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی هۆیه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و ژینگه‌ی كار ده‌گه‌ڕێته‌وه، له‌پێناو خولیای كۆكردنه‌وه‌ی سامان و هێز له ده‌ستی كه‌مینه‌یه‌ك.
ئه‌نگڵس باسی ئه‌وه ده‌كات یه‌كه‌م هۆكاری بنچینه‌یی كه ڕۆڵی له په‌ره‌سه‌ندنی مرۆڤدا هه‌بووه، كار بووه. به شێوازێكی تر كار بووه هۆی ئه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان كه‌ره‌سته دروست بكه‌ن، دواتریش كه‌ره‌سته بووه هۆی ئه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان باشتر و چالاكتر كار بكه‌ن. په‌ره‌سه‌ندنی كار و كه‌ره‌سته‌كان پێویستیی كۆكردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌كانی له ده‌وری یه‌ك زیاتر كرد، ئه‌مه‌ش بووه هۆی په‌ره‌سه‌ندنی زمان، هه‌ر لێرەشه‌وه كۆمه‌ڵی سه‌ره‌تایی مرۆڤ و كاری هه‌ره‌وه‌زی دێته كایه‌وه، كار دواجار به شێوه‌یه‌ك، ئافرێنه‌ری خودی مرۆڤیشه. هه‌روه‌ك ماركس له كتێبی سه‌رمایه‌دا پرسی پشكوتوویی زمانی مرۆڤ وه‌ك به‌رئه‌نجامی به‌رهه‌می كۆمه‌ڵایه‌تی لێك ده‌داته‌وه.
كاتێك گۆڕانكاری به‌سه‌ر خاوه‌ندارێتیی هۆیه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا دێت، به‌دوای خۆیدا نامۆیی له ئاستی خود، مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه و سروشتیشدا دروست ده‌بێت، كه كرۆك و ڕیشه‌ی ئه‌وانی تریش بۆ نامۆیی له كاردا.
له‌م به‌شه‌ى خوارهوهتردا زیاتر ڕۆده‌چینه ناو ئه‌م كرۆكه ماتریاڵییه مێژوویی و فه‌لسه‌فییه، له كن هیگڵه‌وه بۆ فیورباغ و له‌وێشه‌وه بۆ ماركس و دواتریش لای قوتابخانه‌ی فرانكفۆرتییه‌كان… هتد.
نامۆبوون چه‌مكێكی فه‌لسه‌فییه، چه‌ندین فه‌یله‌سوف و بیرمه‌ند له باره‌یه‌وه به میتۆد و تیۆری جیاواز دواون، له زانسته جۆراوجۆره‌كان و له زۆربه‌ی ئایینه‌كان بۆ ئه‌فلاتوون، ڕوسۆ، هیگڵ، فیورباغ، ماركس و دواتریش له زانستی ده‌روونی و بوونگه‌راییه‌وه.
نامۆبوون به واتای ده‌رچوونی مرۆڤه له خودی خۆیدا، یان ونبوون و نامۆبوون له خۆیدا. نامۆبوون له خود، به واتای نه‌بوونی چالاكی یان نه‌بوونی ده‌ره‌نجامی مادی و ڕۆحی چالاكییه‌كانی مرۆڤ، جۆرێك له ململانێێ له‌گه‌ڵ ڕه‌هه‌ندی بوون، ئه‌نجامی بونیاده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه كاتێك مرۆڤ تێك ده‌شكێنێت و ناوه‌ڕۆكه مرۆییه‌كه‌ی لێ داگیر ده‌كرێت.
له ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی، ململانێیه له‌گه‌ڵ هێزی ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی، مانه‌وه‌یه وه‌ك بوونێكی بێ كاریگه‌ر و نامۆ.
ونبوون له‌و جیهانه‌ی تیایدا ده‌ژین، جۆرێكی تره له نامۆبوون كه به هۆیه‌وه مرۆڤ له جیهانی واقیعی تێك ده‌شكێنرێت، بۆ ئه‌مه‌ش په‌نا ده‌باته به‌ر جیهانی خه‌یاڵی و ڕۆحی. ساته‌وه‌ختێكی مێژووییه مرۆڤ توانای درككردنی واقیعی نییه بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ردوون بخاته ژێر ڕكێفی هۆشی خۆی، پشت له واقیع ده‌كات، له‌بری بیركردنه‌وه له گۆڕینی، له‌و ڕێگەیه‌وه په‌نا ده‌باته به‌ر دیدێكی میتافیزیكی له باره‌ی ڕه‌هه‌ندی بوون و دیارده ئاسمانی و زه‌مینییه‌كان (1). به پێچه‌وانه‌شه‌وه له كن ئایینه‌كانی مه‌سیحی و یه‌هودی جۆرێكه له توانه‌وه له په‌یوه‌ندیی نێوان مرۆڤ و خودا. له لای فه‌یله‌سوفانی بزووتنه‌وه‌ی ڕۆشنگه‌ری جێگەی بایه‌خ بووه، ته‌نانه‌ت له‌ناو بنه‌ماكانی گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تیی جان جاك ڕۆسۆش.
نامۆبوون له كن ماركس :
ناتوانین له تێزی ماركس له‌باره‌ی نامۆیی تێبگه‌ین ئه‌گه‌ر له نامۆبوون له لای هێگڵ تێنه‌گه‌ین، زۆرینه‌ی توێژه‌ران هیگل (1831-1770) به یه‌كه‌مین كه‌س داده‌نێن له ڕوانگه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی و به‌شێوه‌یه‌كی ورد و مه‌به‌ستدار چه‌مكی نامۆبوونی به‌كار هێناوه، به‌تایبه‌تی له كتێبی ‘فینۆمینۆلۆجی ڕۆح’ 1807.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ڕۆژێك له ڕۆژان ماركس هیگڵی نه‌بووه (وه‌ك ئاڵتوسێر پشتڕاستی ده‌كاته‌وه)، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دیاله‌كتیكیی هێگڵی لای ماركس سه‌ره‌وخوار له‌سه‌ر سه‌ر دانرابوو، بۆیه ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاند ئه‌م دیالیكتیكهی هێگڵ ده‌بێت ڕاست بكرێته‌وه، بۆیە خستیه سه‌ر پێ.
تێگه‌یشتنی ماركس له نامۆیی په‌یوه‌ندیی بنه‌ڕه‌تی به مێتافیزیكی هیگڵه‌وه هه‌یه، له كتێبی ماركس وه‌ك فه‌یله‌سوف د. محه‌مه‌د كه‌مال له باره‌ی نامۆبوونه‌وه ده‌ڵێت: په‌یوه‌ندییه‌كه له دوو لایه‌نه‌وه ڕه‌تدانه‌وه‌ی ڕاڤه‌كردنی هێگڵه بۆ نامۆیی. یه‌كه‌م ماركس نامۆیی بۆ بنه‌مایه‌كی میتافیزیكی ناگه‌ڕێنێته‌وه. دووه‌م، هه‌موو جۆره جیابوونه‌وه‌یه‌كی بابه‌ت له خۆ، به نامۆبوون پێناسه ناكات.
ئه‌گه‌ر بۆ ده‌ستنووسه ئابووری و فه‌لسه‌فییه‌كانی ماركس ساڵی 1844 له پاریس (كه دوای مردنی بڵاو ده‌كرێته‌وه) بگه‌ڕێینه‌وه، له ئایدۆلۆژیای ئه‌ڵمانی 1845دا ده‌بینین بایه‌خی ماركس بۆ نامۆبوون بۆ سه‌ره‌تاكانی بیركردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی ده‌گه‌ڕێته‌وه و دروستبوون و گه‌شه‌كردنی بنه‌ماكانی فیكری فه‌لسه‌فیی ماركسی به هه‌ردوو به‌شی ‘ماتریالیزمی مێژوویی و ماتریالیزمی دیاله‌كتیكی’ (المادیه التاریخیه والمادیه الجدلیه) له‌وێدا واتایه‌كی نوێ بۆ نامۆبوون و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی سه‌رمایه‌داری و كۆمۆنیزم شی ده‌كاته‌وه، له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌كانی تری وه‌ك فه‌لسه‌فه‌ی مافی هیگڵ و سه‌رمایه، دواتر ده‌ستنووسه‌كانی پاریس ده‌بێته سه‌ره‌تا و ناوه‌ڕۆكی پرۆژه گه‌وره‌كه‌ی، ئه‌ویش كتێبی ‘سه‌رمایه، ڕه‌خنه له ئابووریی سیاسی’یه… هتد.
له‌وێدا به جه‌وهه‌ری ڕه‌خنه‌ی ماركس له هێگڵ و تێگه‌یشتنی له باره‌ی فیورباغ و جیاوازییه‌كانی، دواتر به په‌ره‌پێدانی ئه‌م چه‌مكه (نامۆبوون) ئاشنا ده‌بین.
بنه‌مای ڕه‌خنه‌ی ماركس له هێگڵ په‌یوه‌ندی به بنه‌مای میتافیزیكیی ئایدیالیستانه‌ی هیگڵ و بیرۆكه‌ی هۆشی ڕه‌هایه له لای هێگڵ كه له بیركردنه‌وه‌ی هۆشی ڕه‌هاوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه ڕه‌خنه‌ی ماركس له فه‌لسه‌فه‌ی هیگڵ له‌م خاڵه‌وه‌یه و هه‌وڵدانه بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی ئایدیالیزم و خۆگه‌رایی هیگڵ.
له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش هیگڵ باسی نامۆبوون وه‌ك دیارده‌یه‌كی مرۆیی ناكات، به‌ڵكو به جیابوونه‌وه‌ی بابه‌تی بیركردنه‌وه له هۆشی ڕه‌ها داده‌نێت.
وه‌ك هیگڵ له ‘فینۆمینۆلۆجیی هۆش’دا باسی ده‌كات ”چێژوه‌رگرتن له بابهتهكان كاتییه و به‌رده‌وام نامێنێته‌وه. هۆكاری كاتیبوونی چێژوهرگرتنهكه به بوونی بابه‌تی ئارهزووهكهوه وابه‌سته‌یه. بۆ نموونه مرۆڤ كه تینووی ده‌بێت ئاره‌زووی بۆ ئاو خواردنه‌وه ده‌جووڵێت، په‌رداخێك ئاو ده‌خواته‌وه و تینوێتی ده‌شكێت. ئه‌و ساته چێژ له ئاوخواردنهوهكه وه‌رده‌گرێت و په‌رداخه ئاوه‌كه ده‌بێت به به‌شێك له بوونی ئه‌و، به‌ڵام پاش ئاو خواردنه‌وه‌كه ئه‌و ئاره‌زووكردن و چێژوه‌رگرتنه‌ی ته‌واو ده‌بن و بابه‌ته‌كه‌شی له‌ناو ده‌چێت. به دیدی هێگڵ ئه‌مه مرۆڤ تووشی نائومێدی ده‌كات و ده‌یه‌وێت ڕوو له بابه‌تێك بكات پاش داگیركردنی له‌ناو نه‌چێت. ئه‌و بابه‌ته‌ش هه‌بوویه‌كی به‌ئاگای هاوشێوه‌ی خۆیه‌تی ئاگامه‌ندییه‌كی دیكه، یان مرۆڤێكی دیكه‌یه. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئاگامه‌ندی به‌رانبه‌ر ئاگامه‌ندییه‌كی دیكه یان مرۆڤێكی دیكه، هیگڵ ئه‌مه ده‌كاته سه‌ره‌تای مێژووی مرۆڤایه‌تی و چه‌وساندنه‌وه‌ی مرۆڤ به ده‌ستی مرۆڤ و سه‌رهه‌ڵدانی دیالێكتیكی كۆیله و خاوه‌ن كۆیله. (2)”
لێره‌دا كاتیگۆرییه فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی ماركس دێته پێشه‌وه، كه ئه‌م كاتیگۆرییه ماركس بیردۆزه‌ی نامۆیی چینی كرێكاری له‌سه‌ر دامه‌زراندن.
تێگه‌یشتنی هیگڵ له نامۆبوون هه‌ڵوێستێكی ئه‌رێنی و تیۆرییه، به‌ڵام له كن ماركس هه‌ڵوێستێكی پراكتیكی و ئه‌خلاقییه و بابه‌تێكی نه‌رێنییه. نامۆبوون له دیارده‌یه‌كی فه‌لسه‌فی و میتافیزیكییه‌وه هه‌روه‌ك لای هیگڵ وا بوو ماركس ده‌یگۆڕێت و گرێی ده‌داته‌وه به دیارده‌یه‌كی مێژوویی وه‌ك ده‌رئه‌نجامی جۆرێكی دیاریكراو له په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری له سه‌رده‌می سیستمی سه‌رمایه‌داری كه په‌یوه‌ندییه‌كی نامرۆیانه‌یه (الاأنسنه- (dehumanization).
به‌پێی ئه‌م میتۆده، نامۆبوون له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كانی ژیان، له‌سه‌ر زه‌وی و له ئاسمان، له كایه‌ی سیاسی، فه‌لسه‌فی و دینه‌وه بۆ ژیانی ئابووری و له ئاستی خودییه‌وه بۆ شێوازی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌وه به مانای گرنگیپێنه‌دانی شێوه‌كانی تری نامۆبوون نییه، به‌ڵكو به مانای گرێدانی نامۆبوونه به دیارده‌یه‌كی فراوان و گه‌وره‌تری ئابووری، به مانایه‌كی تر ناتوانین له جه‌وهه‌ری نامۆبوون تێبگه‌ین ئه‌گه‌ر له ڕه‌خنه‌گرتن و تێگه‌یشتن له ئابووریی سیاسیی سه‌رمایه‌داری و بنه‌ماكانی به‌رهه‌مهێنانی و جۆری په‌یوه‌ندیی نامرۆییانه‌ی ناو كۆی ئه‌م سیستمه تێنه‌گه‌ین، كاتێك له‌م شێوه سیستمه‌دا ناسنامه و فیكری مرۆڤیش ڕووبه‌ڕووی شێواندن و ترازان، ده‌بێته‌وه.
ڕه‌نگه پرسیارێك لای خوێنه‌ر بێته كایه‌وه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه بۆچی دوای ئه‌و مێژووه دوورودرێژه ده‌بێت جارێكی تر بۆ كارڵ ماركس بگه‌ڕێینه‌وه؟ بۆچی دوای ئه‌زموونكردنی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر و سه‌رده‌می ڕه‌واجی بانگه‌وازی “كۆتایی مێژوو و و كۆتایی ئایدۆلۆژییه‌كان، سه‌رده‌می ململانێی شارستانییه‌ته‌كان “به قه‌وڵی لیبراڵییه‌كان، ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ كلاسیكی ماركسی و فیكری سۆسیالیستی؟ له‌م به‌شه‌ى خواره‌وه‌دا زیاتر ڕۆده‌چینه ناو چه‌مكی ‘نامۆبوون له كن ماركس’ و شهنوكهوكردنی بنه‌ماكانی ئه‌م پرسیاره و دۆخی هه‌نووكه‌ییمان.
ڕه‌هه‌ندی كاركردن و ڕیشه‌ی نامۆبوون
زانایانی ئابووریی سیاسی ده‌ڵێن: “كار سه‌رچاوه و زاده‌ی هه‌موو سامانهكانه، له‌گه‌ڵ سروشت كه ماتریاڵ و ماده بۆ به‌رهه‌مهێنانی سامان دابین ده‌كات، به‌ڵام له‌وه‌ش زیاتر مه‌رجێكی بنه‌ڕه‌ت و یه‌كه‌مه بۆ ژیانی هه‌موو مرۆڤایه‌تی، تا ئاستی ئه‌وه‌ی به مانایه‌ك له ماناكان كار ئافرێنه‌ری مرۆڤه له خودا”.(3)
ماركس له ده‌ستنووسه ئابووری و فه‌لسه‌فییه‌كانی ساڵی 1844دا ده‌ڵێت: نامۆیی شتێكی تر نییه جگه له پڕۆسه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و دۆخێكی ده‌روونی، كه به هۆكاری هه‌ستكردنێكی شاره‌وه به كه‌می و دابڕان، دێته ئه‌نجام.
ئابووریی سیاسیی سه‌رمایه‌داری وه‌ك شت كاری ئه‌بستراكت ده‌بینێت “كار كاڵایه” له‌م جیهانه دروستكراوه‌دا، ده‌بێت نرخی كاركردن وه‌ك كاڵایه‌ك دابه‌زێت و دابه‌زێت، ئه‌مه وه‌ك پێشبڕكێیه‌ك له نێوان سه‌رمایه‌داران به‌سه‌ر كرێكاراندا ده‌سه‌پێنرێت، كرێكار ناچاره هێزی كاركردنی بفرۆشێت، سه‌رمایه‌دار ئازاده چۆن كار ده‌كات و كاڵاكهی چۆن و كه‌ی به‌كار ده‌هێنێت، به‌ڵام كرێكار ئازادیش نییه چۆن مامه‌ڵه‌ی پێوه بكات، ڕۆژانه ناچاره له بازاڕی سه‌رمایه‌داریدا بۆ كڕینی ژیان بیفرۆشێت. ئایا تیۆری كاركردن وه‌ك كاڵا، شت، جگه له تیۆرێك بۆ به‌رهه‌مهێنانی كۆیلایه‌تی، چیی تره؟
كرێكار به هیچ شێوه‌یه‌ك ئازاد نییه له شوێنی كاره‌كه‌ی و فرۆشتنی هێزی كاره‌كه‌ی، سه‌رمایه‌دار هه‌میشه ئازاده له به‌كارهێنانی كار، كرێكار هه‌میشه ناچاره به فرۆشتنی هێزی كاره‌كه‌ی، به‌های كاری كرێكار چركهبهچركه داده‌به‌زێت و له‌ناو ده‌چێت، ئه‌گه‌ر نه‌یفرۆشێت له هه‌موو چركه‌یه‌كدا كار ناتوانرێت كه‌ڵه‌كه بكرێت و پاشه‌كه‌وت یان كۆ بكرێته‌وه، به پێچه‌وانه‌ی كاڵا ڕاسته‌قینه‌كان، مرۆڤ له هه‌لومه‌رجی كاری سه‌رمایه‌داریدا نه‌ك ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر كاره‌كه‌یدا نییه، به‌ڵكو ئازادییه‌كانی خۆیشی له‌ده‌ست ده‌دات.
ئه‌گه‌ر سەرنج بده‌ینه پێگه‌ی مرۆڤ و كاڵا و له سه‌رده‌می به‌جیهانیبووندا به‌راوردێكی بكه‌ین، ده‌بینین هه‌موو سنووره‌كان له به‌رده‌م كاڵا ئاوه‌ڵا كراوه، به‌ڵام له به‌رده‌م مرۆڤدا به پێچه‌وانه‌وه ڕۆژ له دوای ڕۆژ ته‌لبه‌ندی زیاتر دروست ده‌كرێت، ته‌نها كاتێك ئه‌و ته‌لبه‌نده نامێنێت مرۆڤیش ده‌توانێت وه‌ك كاڵا سنووره‌كان ببڕێت، ئه‌و كاته‌ی له شوێنێكی تری جیهانی بازاڕی سه‌رمایه‌داریدا پێویستیان به كرێكار هه‌بێت، لێره‌دا خودی كرێكاره‌كه وه‌ك مرۆڤ ئامانج نییه بۆ بڕین و ئاوه‌ڵایی سنووره‌كان له به‌رده‌میدا، به پێچه‌وانه‌وه بازاڕی سه‌رمایه‌داری وه‌ك كاڵایه‌كی هه‌رزان و ته‌واو ده‌سته‌مۆكراو و چه‌پێنراو جه‌وهه‌ری مرۆڤ ده‌بینێت و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی لێ ده‌سێنیته‌وه و داگیری ده‌كات.
له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا هێنانی كرێكارانی به‌نگلادیشی، ئه‌سیوپی و وڵاتانی هه‌ژار بۆ بازاڕی سه‌رمایه‌داریی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك كاڵا و ده‌ستێكی كاری هه‌رزان به‌شێكه له‌و دۆخه گشتییه، به جۆرێك هه‌موومان ڕۆژانه ده‌یانبینین چۆن دۆخی مرۆییان داگیر كراوه، ته‌نانه‌ت ڕێگه‌یان نادرێت پاسه‌پۆرتی كهسییشیان له گیرفاندا بێت، ده‌یانیان له دواوه‌ی پیكابێكهوه سه‌فت ده‌كرێن و ده‌گوازرێنه‌وه، ئه‌وان كۆمپانیا و سه‌رمایه‌داره‌كان هه‌روه‌ك چه‌شنی كاڵا له نێوان خۆیاندا به چه‌ندین ده‌ست ئاڵ‌وگۆڕیان پێ ده‌كه‌ن، هه‌ریه‌كێك به بڕێك پاره ده‌یفرۆشێته‌وه به‌وه‌ی تر، ئه‌مه ئه‌گه‌ر داگیركردنی سه‌ربه‌ستی و دۆخی مرۆیی و خودی مرۆڤ نه‌بێت له ژینگه‌ی كاری سه‌رمایه‌داریدا، چیی تره !
به مانایه‌كی تر پرۆسه‌ی به‌جیهانیبوون گه‌شه‌كردنی سه‌رمایه‌داری و تۆڕه‌كانی ته‌كنیك و ته‌كنه‌لۆژیا و گه‌شه‌یه‌كه بۆ گه‌شه‌پێدانی كاڵا نه‌ك گه‌شه‌پێدانی مرۆڤ و خزمه‌تكردن به مرۆڤایه‌تی، لێره‌دا پێگه‌ی به‌رهه‌مهێنه‌ر (كرێكار) كه زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگه پێك ده‌هێنێت، پێگه‌ی مرۆیی له‌ده‌ست ده‌دات كاتێك جه‌وهه‌ری سیستمه‌كه گۆڕینی هه‌موو شتێك ده‌بێت بۆ كاڵا و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی، كاڵاش ته‌نها میكانزمێكه بۆ كه‌ڵه‌كه‌كردنی سامان و قازانج له ده‌ستی كه‌مینه‌یه‌ك. به مانا هابرمازییهكه، تۆڕه‌كانی ته‌كنیك و ته‌كنه‌لۆژیاش كارییان كۆنتڕۆڵكردن و چه‌پاندنی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی ده‌بێت، له كۆتایی ئه‌م وتاره زیاتر ئه‌م دیده شی ده‌كه‌ینه‌وه.
(4)”ئه‌زموونگه‌راییه نوێیەكانی زانستی مرۆیی و زانستی مرۆڤناسی ئاماژه به بارێكی هارمۆنی له نێوان مرۆڤ و سروشتدا ده‌ده‌ن، له نێوان مرۆڤ و جیهانی ده‌وروبه‌ریدا، له مرۆڤ و كاره‌كه‌یدا له شێوه‌ی ژیانكردنه سه‌ره‌تاییه‌كان وه‌ك (ڕاوشكاری و بهرچنینی دره‌خت، شوانكاره‌یی و كشتوكاڵه سه‌ره‌تاییه) جێگیره دێرینه‌كان، ئه‌و ڕۆژانه‌ی كه مرۆڤ و سروشت له‌یه‌كدی دانهدهبڕان، به‌ڵكو ئاژه‌ڵه‌كان به‌شێك بوون له كۆمه‌ڵه‌كانیان، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی چالاكییه‌كانی مرۆڤ گه‌یشته ئه‌و ئاسته‌ی خۆی له پڕكردنه‌وه‌ی پێویستییه‌كانی تێپه‌ڕاند بۆ شتێكی دیكه، له‌و كاته‌وه ده‌ستی پێ كرد، ئه‌مه‌ش بوو به هۆی سه‌رهه‌ڵدانی نامۆیی له كاره‌كه‌ی له سایه‌ی كۆمه‌ڵگەی پیشه‌سازی و دابه‌شكردنی كار و هاتنه‌ناوه‌وه‌ی ئامێر و ماشێنه‌كان بۆ ناو كار و زاڵبوون به‌سه‌ر كار و به‌رهه‌مدا، واته ئیتر مرۆڤ به ته‌نها خۆی خاوه‌نی كار و چالاكییه‌كانی نەما، به جۆرێك مرۆڤ ته‌نها له به‌رهه‌م و سووده‌كانی به‌رهه‌مه‌كه‌ی دانه‌بڕا، به‌ڵكو له گشت پڕۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانه‌كه‌ی خۆی دابڕا و كوێرانه بوو به پارچه‌یه‌كی ژێرده‌ستی سیستمه گه‌وره‌كه و بزووتنه‌وه‌كه‌ی. به‌م جۆره هه‌موو هێزه ماددیی و ڕۆحییه‌كه‌ی پهككهوت.
له ده‌قه ئابووری و فه‌لسه‌فییه‌كانی ماركسدا، تێگه‌یشتن له جه‌وهه‌ری نامۆبوون له ئاستی ڕه‌هه‌ندی ئابووریی ڕووتدا كورت ناكرێته‌وه، به‌ڵكو ئه‌مه به واتا فهلسهفییهكهیەوە گرێ دراوه. نامۆبوونی به‌رهه‌مهێنه‌ر له به‌رهه‌مه‌كه‌ی وابه‌سته به چالاكیی ژیانی به‌رهه‌مهێنه‌ر و ئازادییهكانیهوه، ئه‌مه‌ش وه‌ك خاڵی گه‌یشتنه به جه‌وهه‌ر له‌نێو پرۆسه‌ی كاركردندا. ئه‌مه‌ش له دۆخی ناچاری و به‌زۆری خزاندنی به‌رهه‌مهێنه‌ره بۆ كاركردنێك كه پێشوه‌خته به‌رهه‌مه‌كه‌ی داگیر كراوه، ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن و ونكردنی خود، بكه‌ر (سوبێكت)ه.
به‌پێی تێگه‌یشتنی ماركس چه‌ندین جۆری نامۆبوونی به‌رهه‌مهێنه‌ر دروست ده‌بێت:
نامۆبوونی مرۆڤ له به‌رهه‌می كاری خۆی، یان نامۆبوونی به‌رهه‌مهێنه‌ر له به‌رهه‌مه‌كه‌ی. نامۆبوون له بهرههمهمهێنان و نامۆبوون له جۆری بوونی، سروشتی كۆمه‌ڵایه‌تیی خۆی و نامۆبوون له هاوكارانی خۆی. نامۆبوونی به‌رهه‌مهێنه‌ر له جه‌وهه‌ری خۆی.
ئه‌م دابه‌شبوونه‌ی جۆره‌كانی نامۆبوون له كێڵگه‌ی سه‌رمایه‌داریدا په‌یوندیداره به كۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی، ڕیشه‌ی ئه‌م كۆمهڵگەیهش له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتیی تایبه‌تی دروست بووه.
له‌م سیستمه‌دا كاتێك به‌رهه‌مهێنه‌ر خاوه‌نی ڕاسته‌قینه‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌ی نییه، له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و به‌رهه‌مه‌كه‌ی داگیر كراوه، نامۆبوون له‌دایك ده‌بێت، وه‌ك ڕه‌تدانه‌وه‌ی سهربهستییهكهی. جه‌وهه‌ری نامۆبوون داگیركردن و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی سه‌ربه‌ستیی مرۆڤه.
له‌و چركه‌ساته‌وه نامۆبوونی به‌رهه‌مهێنه‌ر له به‌رهه‌مه‌كه‌ی و خودی خۆشی دێته كایه‌وه، كاتێك بوونی له لایه‌ن خاوه‌ن هۆیه‌كانی به‌رهه‌مهێنانەوە داگیر ده‌كرێت، دواجار خاوه‌ندارێتی له خودی كرێكارهكهش به مانا گشتییه‌كه‌ی ده‌كات، ئه‌ویش وه‌ك ئامێر و میكانزمێك و بورغییهكی ناو كارگه و مانیفاكتۆ، بوونی داگیر ده‌كرێت و سه‌ربه‌ستیی لێ ده‌سه‌نرێته‌وه، جه‌وهه‌ری مرۆیی و سروشتی كاركردنی به‌ته‌واوی ده‌گۆڕدرێت.
لێره‌دا ماركس له ڕوانگه‌یه‌كی مرۆڤدۆستی ڕه‌تدانه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتیی تایبه‌تی له كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری وه‌ك چاره‌سه‌رێك پێشكه‌ش به مێژووی مرۆڤایه‌تی ده‌كات، ئه‌مه‌ش به واتای گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رهه‌مه بۆ خاوه‌نی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی، له دۆخێك‌دا كاركردن له‌بری ناچاری بۆ دۆخی كاری سه‌ربه‌ستی ده‌گه‌ڕێته‌وه و له‌پێناو كاری داهێنه‌رانه و به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی، چونكه له دیدی ماركسدا مرۆڤ له دۆخی كاركردندا ته‌نها بیر له خۆی ناكاته‌وه، ئه‌و بیر له كۆمه‌ڵه‌كه‌شی ده‌كاته‌وه، مرۆڤ هه‌ر له ڕێگه‌ی كاركردنهوهیه كاریگه‌ری به‌سه‌ر سروشت و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا دیاری ده‌كات.
چه‌ند ساڵێك دوای ‘ده‌قه ئابووری و فه‌لسه‌فییه‌كان’ی ماركس و ئه‌نگڵس له كۆتایی ساڵی 1847دا، له مانیفێستی پارتی كۆمۆنیستدا، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتیی تایبه‌تی وه‌ك مه‌رجی بنه‌ڕه‌تیی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سیستمی سه‌رمایه‌داری له‌پێناو كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیدا دیاری ده‌كه‌ن، كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك چیتر مرۆڤ به خودی خۆی و به‌رهه‌م و جۆره‌كه‌ی نامۆ نه‌بێت، ئه‌وه‌شیان ناو نا كۆمۆنیزم.
تێگه‌یشتنی ماركس له باره‌ی نامۆبوون، له چوارچێوه‌ی یاسای گشتی و میتۆدی واقیعی ماتریالزمی دیالێكتیكی و مێژووییه، به‌شێكه له سه‌رخان و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سیستمی ئابووری و په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و شێوازی به‌رهه‌مهێنانه.
كاتێک باسی سیستمی ئابووری ده‌كه‌ین، مانای ئه‌وه نییه به شێوازی میكانیكی بڕوانینه په‌یوه‌ندییه‌كه، له‌م سیاقه‌دا كه باسی هێزه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌رهه‌مهێنانیش ده‌كه‌ین، ده‌بێت له‌و دیده‌وه هه‌وڵی تێگه‌یشتنی بده‌ین و به زیندوویه‌تیی ژیانەوەی گرێی بده‌ینه‌وه، واته له ڕوانگه‌یه‌كی ئۆرگانیكی و دیالێكتیكی.
تێگه‌یشتنی ماركس بۆ مێژوو و پرۆسه‌ی گۆڕانكاری و ماتریالیزمی دیالێكتیكی له‌گه‌ڵ فه‌یله‌سووفه ماتریالیسته كلاسیكییه‌كاندا تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه.
هه‌روه‌ك دكتۆر محه‌مه‌د كه‌مال له توێژینه‌وه‌كه‌یدا باسی ده‌كات، ماركس له‌سه‌ر هۆكاره ئابوورییه‌كان (ژێرخان) بۆ گۆڕانی سیستمی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌دوێت، به‌ڵام ڕاڤه‌یه‌كی میكانیكی و ناچاره‌كی بۆ ڕۆڵی هۆكاره‌كان به‌سه‌ر هۆكردهكانهوه، ناكات.
بۆ تێگه‌یشتن له‌وه‌ش ده‌بێت له زۆر لایه‌نه‌وه بۆ پێگه‌ى مرۆڤ و هه‌وڵه تیوری و پڕاكتیكییهكانی ماركس بۆ گۆڕینی مێژوو بگه‌ڕێینه‌وه، كه له‌م نووسینه‌دا جێگەی نابێته‌وه.
دۆخی ژیانی ئه‌مڕۆمان ده‌توانین له ده‌ره‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی له‌دایكبوونی نامۆبوون لێی تێبگه‌ین، وه‌ك له ده‌ستنووسه‌كانی پاریس‌دا باسی ده‌كات، مرۆڤ كائینێكی كۆمه‌ڵایه‌تیی زیندووی هۆشیار و داهێنه‌ر و خاوه‌نی عه‌قڵه، هه‌ر ئه‌مه‌ش خاڵی جیاكردنه‌وه‌یه‌تی له ئاژه‌ڵ.
له‌م ساته‌وه‌خته‌ی ئێستاماندا، زۆرینه‌ی زۆرمان ناچار كراوین به كاركردن له لای یه‌كێكی تر به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ڕۆڵ و ده‌سه‌ڵاتێكمان به‌سه‌ر ژینگه‌ی كاركردن و ئه‌و كاره‌دا هه‌بێت.
با پرسیارێكی تر بكه‌ین كۆی گشتیی كاته‌كانی ژیانمان چۆن دابه‌ش ده‌بێت، ئه‌وه ده‌بینین و هه‌ستی پێ ده‌كه‌ین كه زۆرینه‌ی زۆری كاته‌كانی ژیانمان بۆ كارێكه هه‌م زۆره‌ملێیه و هه‌میش هیچ ڕۆڵ و ده‌سه‌ڵاتێكمان به‌سه‌ریدا نییه.
دواجار له‌م سیستمه‌دا ته‌نها كه‌مێك كاتمان بۆ ماوه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر له‌وێدا بتوانین خۆمانی تێدا ببینینه‌وه، ئه‌ویش له دوای كاركردنه. له‌م پهراوێزهشدا پرسیارێك ڕووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه، له دوای كاركردنیش تا چه‌ند ده‌توانین ئه‌وه بكه‌ین كه خۆمان ده‌مانه‌وێت، یان به جۆرێكی تر له فه‌زای ده‌ره‌وه‌ی كاركردنیشدا ئێمه له ڕێگه‌ی تۆڕه‌كانی ته‌كنیك و ته‌كنه‌لۆژیای تازه و گه‌یاندن، به خولیاكانی سیستمه‌وه گرێ نه‌دراوینه‌ته‌وه و سه‌ربه‌ستیمان داگیر یان كۆنتڕۆڵ نه‌كراوه؟
لێره‌دا گه‌ڕانه‌وه بۆ لای قوتابخانه‌ی فرانكفۆرتییه‌كان، له‌ناویشیاندا هێربێرت ماركۆزه له كتێبی مرۆڤی تاكڕهههنددا له زۆر لایه‌نه‌وه به كۆمه‌ڵگه‌ی پیشه‌سازیی هاوچه‌رخ و مه‌یلی تۆتالیتارییه‌ت له سیستمی سه‌رمایه‌داریدا ئاشنامان ده‌كات.
ماركۆزه له كتێبه‌كه‌یدا باسی ئه‌وه ده‌كات سیستمی سه‌رمایه‌داری له ڕێگه‌ی ته‌كنیكه‌وه مرۆڤێكی تاكڕه‌هه‌ند و كه‌سێكی ناچاركراو و له‌ژێر هه‌یمه‌نه‌ی ئامێردا به‌رهه‌م ده‌هێنێت. دواجار ئه‌گه‌ره‌كانی گۆڕانكاری و هه‌موو جۆره عهقڵانیهتێك له ڕێگه‌ی ته‌كنه‌لۆژیای هاوچه‌رخه‌وه له‌ناو ده‌بات و عه‌قڵ بۆ سازشكردن و سه‌ركوتكردن و چه‌پاندنی تاكه‌كان بۆ ژێر هه‌یمه‌نه‌ی سیستمی باڵاده‌ست كورت ده‌كرێته‌وه.
واته له سایه‌ی گه‌شه‌كردنی سیستمی سه‌رمایه‌داریدا مرۆڤ نه‌ك ته‌نها ڕووبه‌ڕووی نامۆبوون و له‌ده‌ستدانی سه‌ربه‌ستی و ئازادییه‌كانی ده‌بێته‌وه، به‌ڵكو وا ده‌كات تاكه‌كان له فره‌ڕه‌هه‌ندی بكه‌ون، كۆمه‌ڵگه به شێوه‌یه‌ك تۆتالیتا‌ر ده‌بێت مرۆڤه‌كان هه‌ست به دۆخی تاكڕهههندییش ناكه‌ن.
سه‌پاندن و داگیركردنی به‌رهه‌م و خود، سوبێكتیش، جۆرێكه له ڕێگه‌ی ته‌كنیك و سیستم و یاساكان به شێوه‌یه‌كی نه‌رم و له‌سه‌رخۆ كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی له قاڵبێكی دیاریكراو ده‌درێت، وه‌ك جۆرێك له كۆیلایه‌تی تازە.
به‌و دیده‌ی ماركۆزه ده‌كرێت مرۆڤی تاكڕه‌هه‌ند مرۆڤێكی دیموكرات و لیبراڵ و نیولیبراڵ… هتد بێت، به‌ڵام ناتوانێت مرۆڤێكی سه‌ربه‌ست و ئازاد بێت، لێره‌دا ده‌توانین پرسی له‌ده‌ستدانی سه‌ربه‌ستی به‌و نامۆبوونه‌ی گرێ بده‌ینه‌وه کە ماركسی لاو پێش نزیكه‌ی دوو سه‌ده له په‌یوه‌ست به ڕۆڵی كار و ژینگه‌ی كار به مانا فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی ده‌ستنیشانی ده‌كات.
له كاتێكدا هه‌موو هه‌وڵی ئه‌م سیستمه به‌رهه‌مهێنانی مرۆڤێكی ده‌سته‌مۆ و گوێڕایه‌ڵ و چه‌پێنراوه، كتێبه‌كه‌ی ماركۆزه به‌شێكه له هه‌وڵی قوتابخانه‌ی فرانكفۆرتییه‌كان له چوارچێوه‌ی بونیادنانی عه‌قڵی ڕه‌خنه‌یی له‌بری عه‌قڵی ئامرازگه‌رایی وه‌ك ده‌رئه‌نجامی سیستمی سه‌رمایه‌داریدا.
له‌و ڕوانگه‌یه‌وه ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆی كوردستان به نموونه وه‌ربگرین، ده‌توانین له زۆر لایه‌نه‌وه هه‌وڵی تێگه‌یشتنی بده‌ین، له لایه‌ك له دۆخی نامۆبوون كه له به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م نووسینه‌دا باس كراوه، له لاكه‌ی تر له هه‌وڵی دروستكردنی مرۆڤێكی تا سه‌ر ئێسقان پراگماتیكی و ده‌سته‌مۆ و تاكڕه‌هه‌ند وه‌ك ئه‌وه‌ی ئیتر سه‌رده‌می كۆتایی مێژوو و گۆڕانكاری و مه‌نگی ژیان بێت، به جۆرێك جگه له ڕه‌چه‌ته‌كانی لیبراڵیه‌تی نوێ له ئاستی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی تا ئاستی مۆدێله‌كانی ژیانی ڕۆژنه، توانای بینین و پڕاكتیككردنی هیچی تری نه‌بێت.
سه‌رچاوه‌كان :
- 1 مخطوطات عام 1844 الاقتصادية والفلسفية كارل ماركس، ترجمة للعربية: محمد مستجير مصطفي.
2- مفهوم الإغتراب في الماركسية،وليام العوطة 2009.
3- حول الاغتراب والماركسية، الاخضر القرمطي(1
4- ماركس وه‌كو فه‌یله‌سووف د. محه‌مه‌د كه‌مال 2019 چاچی سه‌رده‌م (2).
5- دور العمل فی تحوّل القرد إلی إنسان- فریدریك انجلز- الحوار المتمدن-العدد: 5911 – 2018 / 6 / 22 – 09:58- المحور: الارشیف الماركسی (3-4).
6- سه‌رمایه، وه‌رگێرانی عبدالله ڕه‌سوڵی.
7- هێربێرت ماركۆزه (مرۆڤی تاكڕه‌هه‌ند)، وه‌رگێڕانی كارزان عەزیز و ناجی ئافراسیاو.
8- مانیفێستی پارتی كۆمۆنیست، وه‌گێرانی موسلح شێخ السلامی (ڕێبوار).