رێژەیبوونی ئازادیه‌كان
بەشێک لە پەرتووکی “ئازادی له‌نێوان فه‌لسه‌فه و یاسادا”.
لە نووسینی د. کامه‌ران مه‌نتک.
ئازادى چەمکێکى رێژەیى هەیە، بە گوێرەى رادەى زانین، تێگەیشتن، سیستەمى کۆمەڵایەتى دەگۆڕێت. ئازادى بە سروشتى خۆى رێژەییە. ئازادى بە گوێرەى ئامانجەکانى رێژەییە، چونکە هەر بەتەنیا بە ئاوێتەکردنى ئازادیه‌كان لەگەڵ سیستەمێکى یاساییدا، سیستەمەکە ئازادیەکان زامن وسنووردارو ملکەچ دەکات. بارتەقاى ئەمەش پیادەکردنى ئازادیه‌كان شێوازێکى ئاشتەوایى وەردەگرێت و نابێتە سۆنگەى شێواندنى سیستەم، هاوکات ئازادیه‌كان بە گوێرەى ئامانجەکانیشیان رێژەیین، چونکە ئەوان لەخودى خۆیاندا ئامانج نین،
بەڵکو ئامڕازێكن بۆ هێنانەدى به‌خته‌وه‌ری و چاکەى مرۆڤ، ئەم چاکەیەش تەنیا لە ڕێگه‌ى ڕێکخستنەوە دێتە به‌رهه‌م. هیچ پاساوێکیش بۆ ئەو رێکخستنە نابێت ئەگەر لەگەڵ ئامانجەکانى دیموکراسیدا نەگونجێت و هانى بوژانەوەو گەشەسەندى کەسایەتى مرۆڤ نەدات. دیاره بەبێهەبوونى ئازادیه‌كان ناتوانرێت ئەم دیمه‌نه وێنا بکرێت(عصفور، 1961. 99). كه‌واته یه‌كێك له ره‌هه‌نده‌كانی رێژەیبوونی ئازادیه‌كان ئەو گۆڕانە بەردەوامانەیە، کە بەسەر کۆمەڵگاكاندا دێت. ئەوەى بۆ ئێستا دەشێت راست و له‌بار لە قەڵەم بدرێت،
ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه بە تێپەڕبوونى كات، راستبوون و له‌باری خۆی له‌ده‌ست بدات و پێچه‌وانه‌ی ویستی ئه‌و خه‌ڵكه بێته‌وه، کە بە راستیان زانیوە، بەواتایەکى تر ئەوەى بۆ زەمەنێک شیاو ده‌بێت مەرج بۆ زەمەنێکى تر شیاو بێت. بۆیە بەر لەهەموو شتێک مرۆڤ دەبێت لەگەڵ ئەو گۆڕانە ئه‌رێنیانه بگۆڕێت، کە لەکۆمەڵگایدا روودەدات. ئەرەستۆ گۆڕ‌انى یاساکان، كه چوارچێوه‌یه‌كن بۆ ئازادیه‌كان به گۆڕ‌انى کۆمەڵگاکان دەبەستێتەوە،
چونکە یاسا بەگوێرەى سروشت و کاودانى کۆمەڵگا، بۆ خزمەتکردنى چەند مەبەستێکى دیاریکراو دادەڕێژرێت، بۆیە گۆڕ‌انى ئەو کاودانە، گۆڕینی یاساكه ده‌كاته شتێكی حەتمى. جا ئەگەر یاسادانەر نەیتوانى لەگەڵ گۆڕانەکان، گۆڕ‌انى گونجاو له‌یاساكه‌دا ئەنجامبدات، یاساكه كۆن ده‌بێت و ناتوانێت پێویستیەکانى کاودانە نوێیه‌كه پڕبکاتەوە. له‌و دۆخه‌دا دەبێت چاوەڕوانى تووڕه‌بوون و یاخیبوونێکى گەلى بین، یاخود كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌وێته دۆخێكی ته‌مومژاوی و ناسه‌قامگیریه‌وه(قاسم، 1979. 163).
کەواتە دەبێت تێگەیشتن بۆ ئازادیه‌كان لەگەڵ پێشکەوتنى کۆمەڵگاكاندا گۆڕانی به‌سه‌ردابێت. (تۆماس جیفرسون)، هزرمەندو سەرۆکى پێشووى ئەمریکا، له‌مباریه‌وه گوتویەتى:” ئەو سیستەمانەى باپیرانمان دایانهێنا، هیچ شتێکى پیرۆزى پێوە نیە، نابێت باوەڕ به‌وه بکەین، کە شتێکى چەسپاو هەیەو نا گۆڕێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئاوه‌زی مرۆڤایەتى سەرچاوەى سیستەم و یاسا‌و ماف و ئازادیەکانە، دیاره ئەو ئاوه‌زه‌ش به‌رده‌وام له‌گۆڕان و پێشکەوتندایە، بۆیە ئەو شتانه‌ى ئه‌و ئاوه‌زه به‌رهه‌میان دێنێت، ده‌بێت ئه‌وانیش لە پێشکەوتنێکى بەردەوام دابن.
پێویسته ئەوەش بزانین، كه هەموو ئاوه‌زه‌كان لەیەک قالب دانەڕێژراون، ناشتوانرێت لەیەک وێنەدا دابڕێژرێن، بۆیە بیروباوه‌ڕو بۆچوونه‌كان هه‌میشه جیاواز ده‌بن، ئه‌و جیاوازیانه لە بیر‌و باوه‌ڕه‌كان، پێداویستیەکى گرنگە بۆ پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگاكان( عبدالقادر، 1959. 4) . له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و جیاوازیه، دەبێتە سۆنگەى ئەوەى هەریەکە لە گۆشەنیگایەکەوە سەیرى ئازادیه‌كان بکات و بەجۆرێکی تایبه‌ت به‌خۆی تێیانبگات،
سه‌رباری ئه‌و جیاوازیانه له‌كۆتایدا بۆچوونه‌كان هه‌موو لەیەک راستەقینەدا یەکدەگرنەوە، كه ئەویش هەبوون و گرنگى ئازادیەکانه. چونکە راده‌ی ئازادیه‌كانه‌بوونى مرۆڤ وەک بوونێکى ئاوه‌زمه‌ند له‌بوونه‌وه‌ره‌كانی تر هاوێردەکات. سەربارى ئەمەش، واتای ئازادیه‌كان، بە گوێرەى ئاستی هۆشمەندى مرۆڤەکان و وێناکردنیان بۆ خودى خۆیان وەک بوونەوەرێکى سەربەخۆو جیاواز، گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت( فروم، 1972. 27). ئه‌مه‌ش واده‌كات سیسته‌مه‌كان به‌شێوه‌كی گشتی ده‌رئه‌نجامی ئه‌و پێداویستیه نه‌بن، كه ویستى نەوەیەک له‌نه‌وه‌كان کارى تێده‌کات، له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ نەوەیەک ناتوانێت سیستەمێک هەڵبژێرێت، کە بۆ ئەو لەهەموو سیستەمەکانى تر باشتر بێت.
ئەگەر هاتوو ئه‌مه‌ش رویدا‌و بەرێکەوتێکى دانسقەش نەتەوەیەک توانى سیستەمێکى لەبار هەڵبژێرێت، ئه‌وا ناتوانێت تا سەر پارێزگارى لەو سیستەمە بکات، چونکە سیستەمى باش تەنیا بۆ ماوەیەک باش و لەبار دەبێت و ئەگەر نەتوانێت گۆڕانکارى بەسەر خۆیدا بێنێت، لەرەوتى پێشکەوتن دادەبڕێت و ناچار دەبێت شوێنى خۆى بۆ یەکێکى لەخۆى باشتر چۆڵبکات، کە بتوانێت باشتر مامەڵە لەگەڵ ئازادیەکاندا بکات.
هاوكات نابێت ئەوەش فەرامۆش بکەین، کاتێك باس لەرێژەیى ئازادى دەکەین، مەبەستمان لە چۆنیەتى پیادە کردن و سوود وەرگرتنە لە ئازادیەکان، واتە مەبەستمان لەروانینە بۆ ئازادیەکان، ئەگینا ئازادیەکان وەک خۆیان، واتە وەکو ئەوکایەیەى لەچوارچێوەیەکدا رێکدەخرێت، شتێکى رەهایە، بە درێژایى مێژوو ئەو کایەیە هەر هەبووە و لەناخ و ویژدان و ئاوه‌زی مرۆڤدا ژیاوە، به‌ڵام چۆنیەتى بینینى ئەو ئازادیە، یاخود چۆنیەتى داڕشتنى ئەو چوارچێوه‌یه‌ى ئازادیەکان رێکدەخات، لەگۆشەنیگایەک بۆ گۆشەنیگایەکى تر‌و لەسەردەمێک بۆ سەردەمێکى تر‌و لە کۆمەڵگایەک بۆ کۆمەڵگایەکى تر دەگۆڕێت. بۆ نمونه ئەگەر لە گۆشەنیگاى تاکەوە سەیری ئازادیه‌كان بکەین، دەبینین چەندەى گۆشەنیگاکە فراوانتر بێت، تاکەکە هێندە زیاتر دەتوانێت هەموو لایەنەکانى ئازادیه‌كان ببینێت و فراوانبوونى گۆشەنیگاکان، بەشێوەیەکى راستەوخۆ دەکەوێتە ژێر کاریگەرى ئاستى رۆشنبیرى تاکەکان. ئەمە ئەوە ناگه‌یه‌نێت،
كه ئەوانه‌ی ئاستى رۆشنبیریان نزمتره ئازاد نین، بە دەربڕینێكیتر بێبەش بوون لە زانین، واتاى رەتکردنەوەى ئازادیه‌كان نیه، بەڵکو تواناى تاكه‌كان له‌سوود وەرگرتن و پیادەکردنى ئازادیەکانى کەمتر دەكات، لەبەر ئەوەى مرۆڤى نەزان لەوانەیە لە نەزانیەکەشیدا ئازاد بێت، بەڵام لە جیهانى ئەمڕۆدا، ناتوانێت وه‌كو پێویست له‌پێناو گه‌یشتن به به‌خته‌وه‌ری بەکاربێنێت( خطاب، 1972. 29).
هەرچەندە چوارچێوەى ئازادیه‌كان به‌وردی دیار بكرێت و وەسفێکى دیاریکراویشى بۆ بكرێت، جا ئەو وەسفە سیاسی یا ئابورى یاخود ئاینى بێت، ئازادیه‌كان هەر بەڕێژەیى دەمێنێتەوە و بەگوێرەى ئەو گۆشەنیگایەوە دەگۆڕێت، کە تیایدا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت. لێره‌دا پرسیارێك سه‌رهه‌ڵده‌دات، ئایا ئازادیەکان واتای ئازادبوونە لەپێوەندێکى دیاریکراو، یاخود مه‌به‌ست له‌ئازادیه‌كان به‌دەستهێنانى مەبەستێکى دیاریکراوه؟.
بۆئه‌وه‌ی بتوانین له كرۆكی ئازادیه‌كان تێبگه‌ین، پێویسته به‌وردی ئه‌و كایه ده‌ستنیشان بكه‌ین، كه ده‌مانه‌وێت ئازادیه‌كه‌ی تیادا به‌رجه‌سته بكه‌ین، واته جۆری ئه‌و ئازادیه دیاربكه‌ین، كه ده‌مانه‌وێت به‌ده‌ستیبێنین یاخود به‌كاریبێنین و سوودی لێوه‌رگرین. له‌مباره‌یه‌وه سەرۆکى ئەمەریکاى پێشوو، روزفلت لە هەموو سیاسەتوانەکانى ترسەرکەوتوو تر بوو لەروونکردنەوەى واتاى ئازادى، ئەو باوەڕى بە چەمکى ئەبستراکتى ئازادى نەبوو، بەڵکو لەگەڵیدا ئاماژه‌ی به‌و پێوه‌ندانه‌ش ده‌كرد، کەداواى ئازادبوونی دەکرد لێیان، یاخود مەبەستى ئازادیەکەشى دیاریدەکرد(عصفور، 1961. 99). به‌مه‌ش واتاى ئازادى بەشێوەیەکى وا رووندەکردەوە، کە نەتوانرێت لە راڤەکردنێک زیاتر هەڵگرێت، ئەمەش کاریگەریەکى راستەوخۆى لەسەر رێژەیی ئازادیه‌كاندا هەبوو.
لەبەرئەوەى وەک پێشتر ئاماژەى پێکرا، ئازادى بە گوێرەى بۆچوونى دەسەڵاتداران بۆ سیستەمى فه‌رمانڕه‌ایی دەگۆڕێت و زۆر جاران سیاسه‌تمه‌داره‌كان ئازادیه‌كان زیاتر وەک دروشمێک بەکاردەهێنن، بۆیه دیارکردنى مەبەست لە ئازادیەکان، هەوڵێکى گونجاوە بۆ رێکخستنى گۆشەنیگا جیاوازەکانى ئازادیه‌كان، ئەو دیاریکردنە دەتوانێت سیمایەکى یەکگرتووى وا بە ئازادیه‌كان ببەخشێت، کە ببێتە سۆنگەى دروستکردنى یه‌كێتیه‌كی روانگه‌یی بۆ ئازادیه‌كان لاى زۆرینەى خەڵک. بەم چەشنە قوربانیدان و خۆبەختکردن لە پێناو ئامانجى سیاسەتمەدارەکان، ئاسانتر دەبێت وخەڵک واتێدەگات قوربانى لە پێناو ئازادی‌دا دەدات، له‌كاتێكدا رەنگە زۆر جاران ئەو مەرام و مەبەستانە مۆرکى کەسى و تایبەتیان پێوە بێت خزمه‌ت به چه‌ند كه‌سێك بكات!.
لەگەڵ ئەوەشدا گریمانى فریودانى خەڵک بەدروشمى ئازادیه‌كان کەمتر دەکاتەوە، یاخود بوارى مانۆرى سیاسى سیاسەتمەدارەکان بەرتەسک دەکاتەوە. بۆیە سیاسەتمەدارى راستگۆ هەمیشە هەوڵدەدات چەمکە رێژەییەکەى ئازادى سنورداربکات و ئەو ئازادیانە دیاریبکات، کە ئەو مەبەستیەتى و كاریان له‌سه‌ر ده‌كات، وا تێدەگات به‌م رێگایه دەتوانێت ئازادیه‌كان وەکو ئامڕازێک بەکاربێنێت بۆ گەیشتن بەو بەختیاریەى کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى گەرەکیەتى.
بە شێوەیەکى چڕتر دەتوانین بڵێین، لەبەرئەوەى ئازادى بەشێوەیەکى راستەوخۆ و ناراستەوخۆ، پەیوەندیەکى پتەوى بە لایەنە جەستەیى و گیانیەکانى مرۆڤەوە هەیە، بۆیه مرۆڤ بگاتە هەر پلەو ئاستێک ناتوانێت تەنیا لەیەک گۆشەنیگاوە هەموو لایەنەکانى ئازادیه‌كان ببینێت، هەروەک چۆن ناتوانێت بەبەردەوامى هەست بە ئازادیەکان بکات. رەنگ بێت لە چرکەیەکدا، ئەگەر چى لەنێو کونجى زیندان و له‌کۆت و پێوەندیشدا بێت،
هەست بە ئازادیەکى زۆر گەورە و مەزن بکات، بە رادەیەکى وا ببێتە پاڵنەرێک بۆ ئەوەى ناخى بهەژێنێت و بەرەو ئەفراندن و داهێنان هه‌نگاو بنێت، هاوکات دەشێت لەچرکەیەکیشدا، مرۆڤ لە دەشت و سەوزاییەکى فراواندا بێت و کەچى هەست بە تروسکەیه‌كی ئازادیه‌كان نەکات و خۆى بە کۆیلەو بن دەست بێته به‌رچاو!. ئەمە تا رادەیەک ئاستەنگى و دژوارى تێگه‌یشتن له ئازادیه‌كان رووندەکاتەوە، وا دەکات وەکو بابەتێک زۆر بە ئاسانى رامنەکرێت و خۆى نەدات بەدەستەوە. هاوکات وا دەکات چەمکى ئازادى سیما‌و شێوازێکى رێژەیى پێوەبلکێت و بەشێوەیەکى مەتاتیانە خۆى لەگەڵ بۆچوون و روانگە جیاوازەکانەوە بگونجێنێت، هاوکات جیاوازیش لە نێوان روانگەیەک و روانگەیەکى تردا بخاتە روو!.