مەنسوور تەیفووری
١- له‌ش و دۆخی ئاوارته
“بانگ بۆ ئه‌وه‌ی که توندوتیژی و شه‌رعییه‌ت یه‌کێکن، وه‌ک ئه‌وه‌یه بڵێین ئه‌و
دزه چه‌کداره‌ی من به ناچار کیفی پاره‌که‌می ئه‌ده‌مێ، لام شه‌رعییه‌تی هه‌یه.”
هانا ئارێنت، ئۆتۆریته، توندوتیژی و توتالیتاریسم. لێدوانی زانکۆی بێرلین .١٩٥٤
له‌شی مرۆڤ هه‌میشه بابه‌تی سیاسه‌ت و جۆره جیاوازه‌كانی کاروکاسبی بووه، به‌ڵام هه‌رگیز هێنده‌ی ئێسته‌ی مۆدێرن له چه‌قدا نه‌بووه و، هێنده به‌تاڵ و دابه‌ش نه‌کراوه. له‌ش، به تایبه‌ت له سیاسه‌ت و سه‌رمایه داریی هه‌نووکه‌ییدا، ناوه‌ندێکه هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه مرۆییه‌کانی دیکه‌ی بۆ كورت ده‌كرێته‌وه. به‌جۆرێك ده‌كرێ بڵێی دوایین قاره‌مانی شانۆی سیاسه‌ت له سه‌رمایه‌داریی هه‌نووكه‌یی و لای گه‌لێ له‌و هێزانه‌ش كه به ناوی نه‌ریت یان ئایینه‌وه دژایه‌تیی ئایینی په‌رستینی له‌ش ده‌كه‌ن و لێیده‌ن، دیسان له‌شه. ئاگامان لێیه له‌ش له شێوه‌ی ئه‌ستێره‌کانی مۆسیقا و فیلم و پۆرن، یان له شێوه‌ی لێشاوی جنوونی هه‌مه‌گیر بۆ جوانکردنی له‌ش و لاردا، خه‌ریکه جێگه به وێنای مرۆڤ وه‌ك دابه‌شنه‌كراو یان هه‌مان ئهندیڤیدۆ له‌ق بکات و له‌وه‌ی بخات كه بوونه‌وه‌رێكی سیاسیی بێت و، ئازادیی له‌ش له جێگه‌ی هه‌موو ئازادییه‌کی سیاسی دابنرێ، هه‌ر چۆن پێچه‌وانه‌كه‌ی لای پارێزگارانی نه‌ریت و پیرۆزییه ئایینیه‌كان بریتییه له داپۆشین و شاردنه‌وه و مه‌رجداركردنی له‌ش، تا ئاستی كه‌رنه‌ڤاڵ كردن بۆ باڵاپۆشكردنی. ئه‌گه‌رچی ئه‌م بهچهقكردنهی له‌ش له سه‌رده‌می کۆنیشدا، وه‌ک سه‌رچاوه‌ی هێز بۆ جه‌نگه‌کان ئه‌زموون کراوه، بۆ نموونه ئاشیل ده‌بێ پاڵه‌وانێکی جوانی به له‌ش و لار و پاشان به هێز بێ، بۆ ئه‌وه‌ی قابیلی ئه‌وه بێت ترۆڤا بڕووخێنێت و دواتر به جۆرێكی تراژیك بمرێت.
به‌ڵام ئه‌مه تاقه جێگه و شوێنی له‌ش نییه، واته مه‌رج نییه له‌ش نه‌توانێت جه‌بره‌كانی ده‌سه‌ڵات تێپه‌ڕێنێت. قوربانیی، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێ بیكات و ئاواتیه‌تی، هیچكات به ته‌واوی قوربانیی رووت نییه. ئه‌گه‌رچی ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێ له‌ش له چه‌وساوان وه‌ربگرێته‌وه و به هه‌ڵكۆڵینی خۆی له‌سه‌ری بیگۆڕێت بۆ بار. ئه‌زموونكردنی له‌ش لای بنده‌ستان وه‌ك بار، لانیكه‌م و به گشتیترین شێوه، له دوو ئاستدا ده‌رکه‌وتووه: ئاستی ناوه‌کی و ئاستی ده‌ره‌کی.
له ئاستی ئه‌زموونی ناوهكیدا مرۆڤ له‌شی خۆی وه‌ک شتێكی له خۆی دابڕاو و سه‌رچاوه‌ی ئازار ئه‌زموون ده‌كات. جودا له هه‌ندێ دۆخی ئاوارته‌ی وه‌ك نه‌خۆشین، له‌ش له‌شێوه‌ی پێداویستی و داوای غه‌ریزیی و بیۆلۆژیکدا مرۆڤی ئازارداوه. مرۆڤ بۆ تێرکردنی ئه‌م پێداویستیانه ناچاربووه مل به دوولانهییهک بدات که دابه‌شبوونی خۆیشی به‌دوادا هاتووه : دوانه‌ی کار/ ره‌نج. له کارکردن‌دا بۆ تێرکردنی داوا غه‌ریزی و بیۆلۆژیهکانی له‌ش، مرۆڤ ناچار بووه مل به ره‌نجی کاری نامۆكه‌ر بدات و که‌چی هه‌ر له نێو کاردا مرۆڤ ناچار بووه سته‌م و توندوتیژیه‌ک به خۆی ره‌وا ببینێ، چونکو بۆ تێرکردنی ئه‌م پێداویستیی و داوایانه‌ی له‌ش، مرۆڤ ده‌بێ هه‌م مل به ره‌نجی کار بدات، هه‌م واز له به‌شێکی ئاره‌زووه‌کانی بۆ تێرکردنی به‌شێکی دیکه‌یان بهێنێ. هه‌موو ئه‌وانه‌ی ناچارن کاری بهخۆنامۆ بکه‌ن، ئه‌م توندوتیژییه ده‌ناسن و ده‌بینن چۆن له‌شیان له چركه‌یه‌كدا ده‌بێته تاقه سه‌رمایه‌یان له بازاڕه‌كه‌دا. لێره‌وه ئاگامان له سه‌رکوتی مرۆڤه بۆ سرووشتی یه‌که‌مینی خۆی به پێی داوا غه‌ریزیی و بیۆلۆژیکهکانی له‌ش. هه‌موو تێرنهبوونێک ره‌نجه و جۆرێك توندوتیژی.
ئاستی دووهه‌می هه‌ستکردنی له‌ش لای مرۆڤ وه‌ک بار، ده‌ره‌کییه. له‌م ئاسته‌دا مرۆڤی سته‌ملێکراو له‌شی خۆی وه‌ک بابه‌تی توندوتیژیی هێزی ده‌ره‌كیی ئه‌زموون ده‌کات. لێره‌دا توندوتیژی له ئاستی ناوه‌وه‌دا ناوه‌ستێ و بۆ ئاستی ده‌ره‌وه‌ش ده‌کشێ، بۆ ئاستی به‌کارهێنان/ ئازاردانی سرووشت، ژینگه و له دواییدا به‌کارهێنان/ ئازاردانی مرۆڤه‌کان به ناوی جیاواز و له شێوه‌ی جۆراوجۆردا : له هه‌موو حوکمکردن/ بهڕێوهبردنێکدا[1] ئه‌م جۆره ره‌فتاره چه‌وسێنه‌رانه‌یه ئاماده‌یه: له زیندان و قوتابخانه‌وه تا پۆلیس و کارخانه‌دار. هه‌موو ئه‌م ده‌زگایانه‌ش مرۆڤ کورت و له‌ت ئه‌که‌ن و له‌ش و زه‌ین لێکجودا ده‌که‌نه‌وه و تێیاندا له‌ش به جۆرێک به‌کارده‌هێنرێ و ده‌كرێته بابه‌تی توندوتیژی. له هه‌موویاندا له‌ش سیبل و نیشانی ئه‌و زهبرهیه که ئاراسته ده‌کرێ، زه‌برێک که له ناخی قانوون خۆیدا ئاماده‌یه و راسته‌وخۆ جه‌للاد و حاکم پێکه‌وه گرێده‌دات[2]. له هه‌موو ده‌زگایه‌کدا له‌شی مرۆڤ ئه‌و شته‌یه که ده‌بێ کۆنتڕۆڵ بکرێ : جا ئۆبژه خۆی به ناچار کۆنتڕۆڵی بکات ( وه‌ک کارخانه) یان حاکم/ به‌ڕێوه‌به‌ر کۆنتڕۆڵی بکات ( وه‌ک زیندانی). له هه‌مووشیاندا مرۆڤ دابه‌ش و کورت ده‌کرێته‌وه و له‌ش به‌ناچاری به کۆمه‌ڵێک له‌م ده‌زگایانه‌وه ده‌به‌سترێته‌وه: کارخانه بێت یان خزمه‌تگوزاری دیکه. زۆربه‌ی جاران ئه‌م جۆره توندوتیژییه دامه‌زراوه‌ییه له رێگه‌ی كار یان یاساوه پاساو ده‌درێت.
ئه‌م ناوه‌رۆکه به‌شێوه‌ی جیاواز په‌ره‌دراوه : لای فرۆید ئه‌م توندوتیژییه ناوی ملدانه بۆ بنه‌مای واقیع، به سوودی ژیار له ڕێگه‌ی سه‌رکوتی غه‌ریزه‌وه. به‌ڕای ئاگامبێن حاکم ئه‌وکه‌سه‌یه هاوکات له‌ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی قانووندایه و ده‌توانێ قانون هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه و دۆخی ئاوارته رابگه‌یه‌نێت که تێیدا مرۆڤ بۆ ژیانێكی رووتی به‌تاڵ له توانست و فۆرم داده‌به‌زێنرێ، که هیچ قانوونێک له کوشتنی ناپرسێته‌وه. ره‌نگه تواناترین ته‌عبیری ئه‌م دۆخه لای والتر بنیامین بێ که دۆخی ئاوارته‌ی هه‌نووکه‌یی به‌جۆرێک به داستانی مێژوو ده‌زانێ. له هه‌موو نموونه‌کانی ئه‌م بیرمهندانهدا مرۆڤ، وشیارانه یان ناوشیارانه، له‌شی خۆی له پێناوی سیستمێکدا ده‌دات. ئه‌گه‌رچی ئه‌م هاوکێشه‌یه له سیسته‌مه توتالیتهرهکاندا شێوه‌یه‌کی زه‌ق و توندتر وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام هه‌موو سیسته‌مێکی حوکم کردن/ به‌ڕێوه‌بردن له ناخی خۆیدا به‌هره‌یه‌کی ئاشکرا یا شاراوه‌ی هه‌یه بۆ گۆڕینی له‌ش بۆ بار.
لێره‌شدا سه‌رمایه‌داری، عیرفان و هه‌موو جۆره‌کانی توتالیتاریزم وێرای هه‌ڵس و که‌وتی جیاوازیان له ناوه‌رۆكدا به قه‌د یه‌ک له‌ش په‌ره‌ستن ـ جا نه‌فی بکه‌ن یان بیپه‌رستن. سه‌رمایه‌داری به ناوی ئازادکردنی له‌شه‌وه له سیاسه‌ت دایده‌ماڵێ و له هه‌ڵبژاردنه بنچینه‌ییه‌کان بێبه‌شی ده‌کات، بنهرهتخوازی ئایینیش داوای نه‌فی یان ته‌قاندنه‌وه‌ی ئه‌کات.
هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ش له توێی کار و مه‌ینه‌تدا وه‌ک بار ئه‌زموون ده‌که‌ن، له نێو ئه‌م نهریتهدان که بنیامین باسی ده‌کات : “نه‌ریتی چه‌وساوان فێرمان ئه‌کات ئه‌و دۆخه ئاوارته‌یه‌ی تێیداین رێسایه (Rule ) نه‌ک ئاوارته (exception )[3] “. به پێی ئه‌م حوکمه‌ش ئه‌توانین بلێین له‌و کاته‌وه‌ی مرۆڤ کورت و دابه‌ش و له‌ت کراوه (بۆ زیهن ـ عه‌ین ، رۆح ـ جه‌سته، سوبژه ـ ئوبژه) یان بۆ کاڵا و بابه‌ت دابه‌زێنراوه، یان بووه‌ته بابه‌تی چه‌وساندنه‌وه، هه‌ر له‌و کاته‌وه ئێمه له دۆخی ئاوارته‌دا ده‌ژین، دۆخێک تێدا مرۆڤ له ده‌كرێ له ناوه‌رۆکی مافناسانه‌ی خۆی دابماڵرێ و بكرێته ژیانێكی رووتی بێ‌ماف.
گرژ و تۆقێنه‌رترین نمونه‌ی ئه‌م دابه‌زاندنه‌ی مرۆڤ بۆ له‌ش و ژیانی رووت ـ که ده‌کرێ پارادایمی سیاسه‌تی جیهانی هاوچه‌رخ بێت[4]ـ سللووله. زیندانی له سللوولدا هیچ نیه جگه له ژیانێكی رووت که له هه‌موو مانایه‌کی مافناسانه داماڵراوه و ته‌نانه‌ت مردنیشی گرینگ نیه. سللوول جه‌نگه‌ی ئازاردان به له‌ش و گۆڕینی له‌شه بۆ بار.
به‌ڵام شهوودهكهی بنیامین ته‌نیا به‌م ئاسته‌وه ناوه‌ستێ و، ئه‌مه‌ش ته‌نیا توانای له‌ش نیه. به‌رامبه‌ر به‌و دۆخه ئاوارته‌یه‌ی بوه‌ته رێسا، بنیامین راده‌گه‌یه‌نێ :” ده‌بێ بگه‌ینه وێنایه‌کی مێژوو که له‌گه‌ڵ ئه‌م به‌سیره‌ته دێته‌وه و ئه‌و کاتیش به روونی ده‌بینین ئه‌رکی ئێمه راگه‌یاندنی دۆخێکی ئاوارته‌ی راسته‌قینه‌یه و ئه‌م کاره‌ش پێگه‌مان به‌رامبه‌ر به فاشیزم به‌هێز ده‌کات[5] “. لێره‌دا بنیامین ئاماژه بۆ “که‌سایه‌تی روخێنه‌ر “ده‌کات، ئه‌و که‌سه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی دۆخی ئاوارته‌وه، دۆخێکی ئاوارته‌ی راسته‌قینه راده‌گه‌یه‌نێت. له نموونه‌ی کۆنترۆلی له‌شدا ئه‌م دۆخه نائاساییه ده‌کرێت مانگرتنی کرێکار بێت له كار و له به‌کارهێنان/ به‌کارهێنرانی له‌شی. یان : نموونه‌ی باڵای دۆخی ئاوارته‌ی راسته‌قینه مانگرتنی زیندانییه و گۆڕینی له‌شی خۆیه‌تی له که‌ره‌سته‌ی ئازار و کۆنترۆله‌وه بۆ شوێنی به‌گژداچوونه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه ئاوارهتهیهی به‌سه‌ریدا سه‌پێنراوه. ئه‌گه‌ر زیندانبان / حاکم ده‌یه‌وێ له‌رێگه‌ی له‌شه‌وه بیری زیندانی کپ و ده‌سته‌مۆ بکات و له‌شی لێ بکاته بارێکی گران و قورس له‌به‌رده‌م ئازادی‌دا ( زیندانی ئاره‌زوو ئه‌کات له‌شی نه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ێ بتوانێ ئازاد بێت، ئه‌مه‌ش ئه‌و دابڕانه قووڵه‌یه دۆخی ئاوارته به سه‌ر مرۆڤدا ده‌یسه‌پێنێ) ئه‌وا ئه‌مجاره‌یان له‌ش خۆی ئه‌و شوێنگه دیالێکتیکیهیه كه له لایه‌ن زیندانیه‌وه، له کرده‌یه‌کی رادیکاڵدا، دۆخێکی ئاوارته‌ی حه‌قیقی راده‌گه‌یه‌نێ : له‌رێگه‌ی مانگرتنه‌وه له‌ش له بار و بابه‌تی ده‌سته‌مۆ کردنه‌وه ده‌گۆڕێت بۆ کانگای داکۆکی و به‌رگری. لێرهوش له‌ش وه‌ک توخمێکی رزگاریده‌ر ده‌رده‌که‌وێ، وه‌ک تاقه دارایی سللوولنشین بۆ به‌رگری له خۆی وه‌ک گشتێکی یه‌کپارچه و دابه‌شنه‌کراو، به‌رگری له خۆی وه‌ك بوونێکی زیاتر له بوونی بیۆلۆژیکی رووت. چونکوو له دۆخی ئاوارته‌دا، له سللوول بێت یان له کارخانه یان له بێکاریدا، مرۆڤ له‌ت و بچووک و ئینکار ده‌کرێت، دۆخێك كه ته‌نیا ئه‌وانه‌ی ده‌یناسنه‌وه ده‌توانن لێی زرگار بن.
[1] – زاراوه‌ی administration که مانای حوکمکردن و به‌ڕێوه‌بردنیش ده‌دات، تێکتهنرانی ئه‌م دو پیشه ئاشکر ده‌کات.
[2] – « هاوته‌کی حوکمکردن و کاری پۆلیس له شێوه‌ی ئه‌و پیرۆزیه لێڵه‌دا ده‌ر ده‌که‌وێ که به پێی عورفی سه‌رده‌می که‌ونارا لایه‌نی هاوبه‌شی حاکم و جه‌للاد بوو. ئه‌م هاوتهکییه هیچ کات به قه‌د چرکه‌یه‌کی رۆژی 14ی جولای 1418 روون نه‌بووه: وه‌ک روداونووسێک ده‌ڵێ دووکی مه‌زنی بێرگۆندی سه‌رکه‌وتوو و له پێشه‌وه‌ی سپاکهیدا تازه چووبووه پاریس که له شه‌قامدا له کۆکۆلووشی جه‌للاد هه‌ڵده‌که‌وێ که له‌و رۆژانه‌دا به گه‌رمه کاری بۆ دووک کردووه. به پێی حه‌کایه‌ته‌که، جه‌للاد شه‌ڵاڵی خوێن له حاکم نزیک ده‌بێته‌وه و له کاتێکدا ده‌ست بۆ لای را ده‌کێشێ، هاوار ده‌کات: براشیرینهکهم» ( ب. بۆ جۆرجۆ ئاگامبن، که‌ره‌سته بێ مه‌به‌سته‌كان : هه‌ندێ یادداشت له‌سه‌ر سیاسه‌ت، Giorgio Agamben, Moyens sans fins, traduit de l’italien par Danièle Valin, Rivage Poche, 2002, p. 47).
[3] – والتر بنیامن، هه‌ندێ تێز سه‌باره‌ت به چه‌مكی مێژوو، تێزی هه‌شته‌م (http://danielbensaid.org/Walter-Benjamin-theses-sur-le-concept-d-histoire?lang=fr).
[5] هه‌مان.
٢- حاكم چی ده‌وێ؟
پێوه‌ندیی راسته‌وخۆ و ئه‌گه‌ری به‌یه‌كبوونی خێرای حاكم و جه‌للاد، سزا و توندوتیژی، شتێكی تازه نییه. ئه‌م ههمانبێژییهش كه ده‌ڵێ “یاسا یاسایه”- كه نیشان ده‌دات مه‌به‌ستی یاسا سزادان و به‌دیهێنانی خۆیه‌تی نه‌ك داد – وه‌ك جوانكردنێكی ئه‌م پێوه‌ندییه، چیدی به‌شێكه له ئه‌زموونی ئه‌وانه‌ی چركه‌یه‌ك ناچار ده‌بن به‌رامبه‌ر یاسا رق و تووڕه‌یی خۆیان بخۆنه‌وه و ده‌زانن كه خه‌ریكن شتێكی بێ‌مانا و ئه‌بزۆرد ئه‌زموون ده‌كه‌ن، شتێك كه هه‌یه، رووی له خۆیه‌تی، بانگی مانا ده‌دات و كه‌چی بێماناشه. ئه‌م پێوه‌ندییه‌ی یاسا و زۆری یاسا زۆر كۆنتره له ئێمه : “ به پێی یاساكانی رۆمی كه‌ونارا هیچ كه‌سێك به هیچ بیانوویه‌كه‌وه بۆی نه‌بوو بكه‌وێته نێوان داواكاری گشتی [consul] كه مافی به‌كارهێنانی زۆری هه‌بوو و پێشه‌نگی دادوه‌ره‌كان [Lector] كه ته‌وری كوشتنی پێ بوو و لێكیان دابڕێت[1]” .
دوان له‌سه‌ر ئه‌م پێوه‌ندییه له خۆیدا شتێكی تازه نییه و گه‌ڵی بیرمه‌ند ئه‌م پێوه‌ندییه‌یان راڤه كردووه ( وتاره‌كه‌ی بنیامین سه‌باره‌ت به توندوتیژیی و جۆره‌كانی كه وه‌ڵامێكی ناڕاسته‌وخۆیه بۆ كارل شمیت ته‌نیا یه‌ك نموونه‌یه). به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌م بێماناییه ئاشكرا ده‌كات و جێگه‌ی پرسیاره تێكه‌ڵبوون و هاوتهكیی ئه‌م ئه‌زموونه‌یه له‌گه‌ڵ جه‌خت ی نوێنه‌رانی حاكم / یاسا له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی یاسا تا ئاستێك كه ته‌نانه‌ت چوارچێوه‌ی یاسا خۆیشی ده‌به‌زێنێ، وه‌ك ئه‌وه‌ی نوێنه‌ران بیانه‌وێ له رێگه‌ی جهختكردنهوهوه خۆیان له بۆشیی كاره‌كه‌یان بدزنه‌وه یان چما له یاسادا شتێكی زیاتر هه‌یه كه بڕیاره له رێگه‌ی جه‌خته‌وه به‌دیبێت و به بێ ئه‌و شته یاسا به‌دینایه‌ت.
نموونه‌ی كۆنی ئه‌م جه‌خته سیمای جه‌للاده. گۆڕینی بۆنه‌ی كوشتن لای جه‌للاد، له بۆنه‌ی كۆشتنێكی یهكچركهییهوه بۆ شانۆیه‌كی خوێناوی و چه‌ند سه‌عاته و، ئاماده‌یی جه‌ماوه‌ر بۆ بینینی ئه‌م نواندنه وه‌ك شانۆیه‌كی سه‌رنجڕاكێش ئێسته‌ش له فۆرمی دیكه‌دا به‌رده‌وامه : یاریكردنی دادوه‌ر به قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی ده‌ستی و سووڕاندنه‌وه‌ی سادیستیانه و فیتیشیستیانهی له نێوان په‌نجه‌كانیدا؛ هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ره‌كانی دۆسیه‌كان، سه‌نگ و سووزن كردنیان و دواخستن و دواخستنی دادگایی؛ جه‌ختی لێكۆڵه‌ر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هێشتا شت بۆ وتن ماوه و قوربانی پێویسته خۆی بپشكنێ و هه‌موو پێوه‌ندی و تاوانه نهێنییه‌كانی بڵێ و هه‌موو ژیانی له سه‌ره‌تاوه بگێرێته‌وه؛ جه‌ختی ئهشكهنجهچی بۆ لێدانی زیاتر و خایاندنی كاره‌كه‌ی، هه‌ندێ نموونه‌ی هاوچه‌رخی گۆڕانی دادگایین بۆ هه‌مان شانۆی یه‌كه‌مین، چما یاسا هه‌رده‌م پێویستی به نواندن یان هه‌مان خایاندنه.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی لای قوربانی ئه‌بێ گومان درووست بكات هه‌ر ئه‌م جه‌خت و خایاندنهیه : واته چۆنه سزاده‌ر – كه ناوێكی گشتییه بۆ هه‌موو ئه‌و سیمایانه‌ی پێشوو- له كاتێكدا ده‌توانێ به چركه‌یه‌ك بكوژێ، كه‌چی كوشتنه‌كه دوا ده‌خات یان ره‌نگه هه‌ر ناكوژێ و به جه‌سته‌وه خه‌ریك ده‌بێ، تا ئاستێك كه چما كاڵاپهرسته و حه‌زی له یاریكردنه به ئۆبژه‌ی سزا و تێیدا نابات – لهشپهرستیهك كه وه‌رزشی له‌ش جوانی و لهشپهرستی له سینه‌ما و كولتووری هاوچه‌رخدا و، له‌دواییدا گۆڕانی جوانی بۆ ئوستووره‌یه‌كی دیكه‌ی هاوچه‌رخ و تواندنه‌وه‌ی له له‌شدا، بیرده‌خاته‌وه.
به پێی گرێدراویی سزاده‌ر به له‌شه‌وه و، جه‌ختی له‌سه‌ر یاریكردن به له‌شی قوربانی وخایاندنی كاره‌كه‌ی، ده‌توانین چه‌ند وه‌ڵامێكی ئاماده بۆ پرسیاری جه‌خت له‌سه‌ر خایاندن بدۆزینه‌وه:
1- سزاده‌ر لاده‌رێكی جنسییه. به‌و مانای كه لاده‌ر شوێنی سێكس له ئه‌ندامه جنسیهكانهوه ده‌گوێزێته‌وه بۆ ئه‌ندام و ته‌نانه‌ت شتی دیكه‌ش، له حهیوانێكهوه بگره تاكوو قامچییه‌ك یان قه‌ڵه‌مه‌كی ده‌ستی. به‌ڵام ئه‌م وه‌ڵامه با به‌شێك له راستیی تێدا بێ، كه‌چی مادام ئه‌م ره‌فتاره زیاتر ناوه‌رۆكێكی جنسی هه‌یه و زاراوه‌كه له خۆیدا كرده‌یه‌كی فه‌ردیی رووتی تێدا مه‌به‌سته، هه‌موو باسه‌كه‌ی پێ ناخوێنرێته‌وه.
2- سزاده‌ر سادیسته. واته ئازاردانی كه‌سانی دیكه جۆرێك چێژی پێده‌دات. كه‌چی مادام سزادان و توندوتیژی هه‌ندێجار ده‌بێته توندوتیژییه‌كی دامه‌زراوه‌یی که توندوتیژیه‌کی سیاسییه، ئه‌م وه‌ڵامه‌ش ناتوانێ هه‌موو به‌سه‌رهاته‌كه روون بكاته‌وه، با سزاده‌ر شتێكی تاكه‌كه‌سیشی تێكه‌ڵ به سزادان و خایاندنی سزا كردبێت.
3- سزاده‌ر گرێی ئۆدیپی تێنه‌په‌ڕاندووه. واته، به گشتاندنێكی تیۆره‌كه‌ی فرۆید، سزاده‌ر قۆناغی ئۆدیپیی ته‌واو نه‌كردووه و هێشتا به‌نیازه جێگه‌ی باوك بگرێته‌وه، رازیی بكات، له‌گه‌ڵی به‌یه‌ك بێت یان له رێگه‌ی جه‌خته‌وه له سه‌ر یاسا له‌گه‌ڵ باوك جووت ببێت، چونكوو ده‌روونشیكاری فێری كردووین كه یاسا له‌سه‌ر ناوی باوك دامه‌زراوه. به‌ڵام مادام له‌م خایاندنهدا ته‌نانه‌ت یاسا خۆیشی لادهخرێ و وێنای شتێكی زیاد له یاسا لای سزاده‌ر ده‌بینرێ، ئه‌م بۆچوونه‌ش، با هه‌ندێ له راستیی تێدابێ، ناتوانێ ته‌واوكه‌ر بێت.
4- وه‌ڵامی چواره‌م ده‌توانێ له رێگه‌ی ده‌ستكاریكردنی رسته‌یه‌كی ژاك لاكانه‌وه به‌رهه‌م بێت كه ده‌ڵێ « من تۆم خۆشده‌وێ ، به‌ڵام له تۆدا شتێكی دیكه‌م خۆشده‌وێ – ئۆبژه بچووكی objet petit a – هه‌ر بۆیه ههڵتدهوهشێنمهوه « . ئه‌م روانگه وێنای شتێكی زیاتر له ئه‌ویدیدا ده‌كات، شتێك له قوربانیدا كه له قوربانی خۆی زیاتره و خه‌ریكبوون به له‌شی قوربانیه‌وه بۆ دۆزینه‌وه‌ی و شكاندنی ئه‌م شته زیادیه‌یه[2]، ئه‌و شته‌ی له قوربانی زیادییه و هه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌یكاته بابه‌تی سزادان، ئه‌و شته‌ی كه بڕیاره به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی قوربانی ئاشكرا ببێ، بهێنرێته نێو زمان و پانتای هێمایینه‌وه ( پانتای باوك) و ده‌سته‌مۆ و بێ‌ترس بكرێ.
داڕشتنه‌وه‌ی حوكمه‌كه له هاوكێشه‌ی سزاده‌ر/ قوربانی دا، كه چیدی دوو ناوی گشتین، ده‌كرێ به‌م جۆره دابرێژرێته‌وه : « من تۆ ئه‌شكه‌نجه (سزا یان ناوه‌كانی دیكه‌ی) ده‌ده‌م، به‌ڵام له تۆدا شتێكی دیكه ئه‌شكه‌نجه ده‌ده‌م، هه‌ر بۆیه ئهشكهنجهكهت درێژه ده‌ده‌م ». كه‌چی به رێكه‌وت هه‌ر وێناكردنی ئه‌م شته زیادییه له ئه‌ویدیدا سه‌رچاوه‌ی ره‌گه‌زپه‌رستی و جووبێزیشه. ئه‌و تێزانه‌ی كه وا وێنا ده‌كه‌ن ئه‌ویدیی جۆرێكی جیاواز چێژ ده‌بینێ و ئێمه ناتوانین وه‌ك ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وت یان سێكس بكه‌ین، وێناكردنی چێژ یان هێزێكی جنسی فراوان له ئه‌ویدیدا، به‌شێكن له فورموولی سه‌ره‌كیی ره‌گه‌زپه‌رستیی و جووبێزیی[3]، به‌ڵام بابه‌تی ئه‌م روانینه چیدی ته‌نیا جوو نییه، به‌ڵكوو جووبێزی فۆرموولێكه كه ده‌كرێ ئۆبژه یان بابه‌ته‌كه‌ی هه‌ر كه‌س، گرووپ یان نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه بێ .
به‌ڵام ئاخۆ به‌راستی له قوربانیدا شتێك هه‌یه ؟ ده‌توانین له دوو روانگه‌وه وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بده‌ینه‌وه، كه وه‌ڵامه‌كان به‌ڕێكه‌وت په‌چه‌ش له‌سه‌ر یاریی هاوچه‌رخی كاروكاسبیی مه‌عنه‌وی و رۆحبازیی هه‌ڵده‌ماڵن :
یه‌كه‌م : ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌و شته زیادییه، شتێكه كه له ده‌ره‌وه داده‌به‌زێته نێو جه‌سته‌ی قوربانی و پێی زیاد ده‌بێ ( بۆ نموونه رووح و مه‌عنه‌وییه‌ت) و سه‌ربه‌خۆیه له جه‌سته و هه‌ڵبژاردن و بڕیاری تاك خۆی، ئه‌وا وه‌ڵامه‌كه نه‌رێنییه و شتێكی وه‌ها له قوربانیدا نییه.
دووهه‌م : به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م شته زیادییه به مانای درووستبوونی شتێك بێت له قوربانیدا به پێی هه‌ڵبژاردنی خۆی – هه‌ر ئه‌و شته‌ی كانت پێی ده‌ڵێ شكان به هۆی هه‌ڵبژاردن له نێوان یاسای ئه‌خلاقیی ئه‌رك و جه‌بر یان دێترمینیزمی جیهاندا- ئه‌وا قوربانی خاوه‌نی ئه‌م شته زیادیه‌یه، شتێك كه له رێگه‌ی شكاندنی سووڕی دێترمینیزمی جه‌سته و پێداویستیه‌كانیه‌وه به‌دیدێت. بۆنموونه ملنه‌دانی زیندانی به درکاندنی ناو و نهێنی له ژێر جه‌بری ئه‌شکه‌نجه‌دا، یان له نموونه‌یه‌كی وه‌ك مانگرتندا زاڵبوون به‌سه‌ر داوای جه‌سته‌دا بۆ به‌رگه‌نه‌گرتنی ئازار، وه‌ڵامه‌كه ئه‌رێنییه. له نموونه‌ی مانگرتندا، زیندانیی به‌م هه‌ڵبژاردنه رێك دزرێك ده‌كاته ناخی خۆیه‌وه و به‌رێكه‌وت ئه‌وه‌شی وه‌ك رووح بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێ هه‌ر ئه‌م درزه‌یه كه ده‌كه‌وێته نێو دێترمینیزم و جه‌بری جیهان و جه‌سته‌وه، رووح رێك له نێوان ئه‌م درزه‌دا نیشته‌جێیه، شتێك كه ناگیرێ و ناپێورێ و ته‌سلیمی یاسای باوك نابێ[4].
لێره‌وه، له شكاندنی ئه‌م سووڕه‌وه، ده‌توانین بگه‌ڕێینه‌وه بۆ پرسیاری سه‌ره‌تای وتاره‌كه و وه‌ڵامی بده‌ینه‌وه : سزاده‌ر نوێنه‌ری دێترمینیزمی جیهانه، ئه‌و دێترمینیزمهی چیدی له شێوه‌ی گونجان له‌گه‌ڵ هه‌موو شتێك، هه‌موو دۆخێك و هه‌موو جۆرێكی تازه له قه‌ده‌رگه‌رایی و جهبرپهرستیی رۆژانه‌دا خۆی گۆڕیوه بۆ فۆرموولی ئێسته‌ی سیاسه‌ت و ژیانی رۆژانه، فورموولێك كه راده‌گه‌یه‌نێت تاقه كارێك ئێمه بتوانین بیكه‌ین ئه‌وه‌یه ده‌سه‌ڵاتی زیاتر به‌ده‌ست بهێنین و زیاتر له واقیعدا نوقم ببین. لای ئه‌م روانگه نموونه‌ی جیهان كارخانه‌یه‌كی گه‌وره‌یه و به‌خته‌وه‌ری و فه‌زیله‌تیش له لای به‌رهه‌می به‌شداریكردنه له كێبڕكێی داروینیستیی مانه‌وه‌ی باشتریندا. له به‌رامبه‌ردا مانگرتوو، له رێگه‌ی وه‌رگرتنه‌وه‌ی جه‌سته‌ی و چوونه‌ده‌ر له سووره‌كه، به دانپێدانه‌نانی خۆی نوێنه‌ری جۆرێكی دیكه‌یه له ژیان و به‌خته‌وه‌ریی كه به بێده‌سه‌ڵات به‌رهه‌م دێت: خاڵێك هه‌یه و لێیه‌وه جه‌للاد و مانگر لێكداده‌بڕێن، دزرێكی نه‌بینراو كه سزاده‌ر بڕیاره به شكاندن و گرتنی به‌خته‌وه‌ر بێ و زیندانی به پاراستن و رێگه‌نه‌دان به پڕكرانهوهی سووژه ده‌مێنێته‌وه و ناهێڵێت حاكم بۆ ژیانی رووت دایبه‌زێنێت. مانگرتوو ئایدیای جۆرێكی دیكه‌ی به‌خته‌وه‌ری ده‌پارێزێ، واته مافی خۆی بۆ به‌خته‌وه‌ری، ئه‌و شته‌ی هه‌موو هاوڵاتیه‌كی جیهانی هاوچه‌رخ بۆ به‌شداری له كێبڕكێی مانه‌وه‌دا ده‌بێ وازی لێبێنێ. نووسه‌رانی كتێبی دیالێكتیكی رۆشنگه‌ری ئه‌م خاڵه‌یان به‌م جۆره روونكردۆته‌وه كه ده‌یگێڕینه‌وه، به‌ڵام ده‌بێ لێره‌دا جێگه‌ی جوو و نازی بۆ سزاده‌ر ومانگرتوو بگۆڕین، چونكوو وه‌ك وتمان جووبێزی فۆرموولێكه كه چیدی بابه‌ته‌كه‌ی مه‌رج نییه هه‌ر جوو بێ[5]: « جوو [ مانگرتوو] هه‌ر به هۆی بوونیه‌وه، وه‌ك داخێك به رووی هاوڵاتیاندا ده‌رده‌كه‌وێ، داخ و نیشانی ئه‌و شتانه‌ی كه ئه‌مان به‌هۆی زاڵبوون به‌سه‌ر خۆیاندا دۆڕاندوویانه، جوو [ مانگرتوو] به شوێنه پهراوێزییهكهی خۆی، ئه‌و ئه‌گه‌رانه بیری هاوڵاتیان ده‌خاته‌وه كه مرۆڤ كاتێ وازیان له مافی به‌خته‌وه‌ریی هێنا ده‌یدۆڕێنن « ئه‌مه به‌خته‌وه‌رییه‌ك بوو كه به ده‌سه‌ڵاتدارییه‌وه گرێ نه‌درابوو و كه‌چی ئه‌گه‌ری وه‌ها به‌خته‌وه‌رییه‌ك كه سزاده‌ر ئازار ده‌دات چونكو » ئایدیای به‌خته‌وه‌ریی بێده‌سه‌ڵات به‌رگه نه‌گیراوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نیا ئه‌مه یه‌كسانه به به‌خته‌وه‌ری[6] » . لێره‌وه‌ش « خۆ خه‌ریككردنی گێلانه به لێدانی كه‌سانی دیكه‌وه تا راده‌ی مردن سه‌لمێنه‌ری هه‌ر ئه‌و ژیانه پڕكهسهرهیه كه تاك ته‌نیا خۆی له‌گه‌ڵی رێك ده‌خات». شیوه‌ن و گازنده‌ی جوو وه‌ك گازه‌نده‌ی ژنانه : چونكوو هه‌ردووكیان مادام هه‌زاران ساڵ له حوكم كردن بێبه‌شكراون، له نێو ترس و لاوازییاندا پێوه‌ندیی خۆیان له‌گه‌ڵ سروشت كه « چه‌وساوه‌یی هه‌میشه‌یی» پێیداون پاراستووه، ئه‌وان « بیره‌وه‌ریی به‌خته‌وه‌ریی بێ ده‌سه‌ڵاتیان » زیندوو راگرتووه، ئه‌وانه‌ش كه نه جوو بوون و نه ژن، ته‌نانه‌ت به‌رگه‌ی خه‌یاڵی ئه‌و جۆره خۆشییه راسته‌قینه ناگرن، هه‌ر بۆیه‌ش كاتێ تاكی نازی[ سزاده‌ر] به گاڵته‌وه لاسایی جووه‌كان ده‌كاته‌وه، له راستیدا ئه‌و حه‌سره‌ته‌ی كه بۆ ژیانێكی ئازاد و سروشتیتر و بۆ ده‌ربڕینی ناخی خۆی له دڵیدا بووه و خنكاندوویه‌تی، له شێوه‌ی دوژمنێكی خهیاڵكرددا هه‌ڵده‌ڕێژێ»[7].
وێنا كردنی ئه‌و شته زیادیه ebjet petit aله ئه‌ویدیدا بۆ به‌رهه‌مهێنانی دوژمنه، ئه‌و دوژمنه‌ی كه وا وێنا ده‌كرێ «من به‌خته‌وه‌ر ده‌بووم ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌بوایه‌ت». داوای سزاده‌ر داوایه بۆ هێنانی قوربانی/ مانگرتوو بۆ نێو پانتای هێمایین و ملكه‌چكردنی بۆ یاسای باوک، هه‌ر ئه‌و یاسای له شێوه‌ی «سه‌رکوتی خود» دا بۆته فۆرمولی سه‌ره‌کیی ژین-ده‌سه‌ڵاتی هاوچه‌رخ، ئه‌و سه‌رکوته‌ی به یه‌کسان له كه‌مپه‌كانی مردن، كارخانه، ئیداره، زیندان و ئهشكهنجهگاكاندا كاری پێده‌كرێ.
توانای قوربانی بۆ شكاندنی سووڕی دێترمینیزم درزێك ده‌كاته ده‌روونیه‌وه، كه‌چی ئه‌مه رێك سه‌ره‌تای له دایكبوونی سووژهیهكه به بێ ده‌سه‌ڵات ده‌توانێ ببێ، ئه‌و سووژه ئه‌خلاقییه‌ی كه نه‌ك پشت به هیچ شتێكی ده‌ره‌كی به‌ڵكوو پشت به یاسای ئه‌ركی ئه‌خلاقی ده‌جووڵێته‌وه، ئه‌م سووژه‌یه كه خۆی له خۆی و كرده‌كانی به‌رپرسه و ناچاره هه‌موو شتێك له خۆیه‌وه بخولقێنێ و ئه‌خلاقیبوون هه‌ڵده‌بژێرێ، ئه‌م سووژه یه‌كه‌م بنچینه‌ی تێپه‌ڕاندنی ئه‌خلاقی ته‌قلیدی و باوه : ئه‌و سووژه‌ی راده‌گه‌یه‌نێ مرۆڤ شتێكه نه‌ك له پێشدادراو ، به‌ڵكوو مرۆڤ ئه‌و سووژه درزبردوهیه كه له رێگه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌وه بهیدێت ، به‌م ماناشه كه «مرۆڤبوون گرانه». ئه‌م توانهیهی مانگرتووان، ئه‌گه‌رچی بێده‌سه‌ڵاتن، له چاوی سزادهرهوه تۆقێنه‌ره و زیاتر له هه‌ر چه‌كێك لای مه‌ترسیداره. مانگرتوان له رێگه‌ی رزگاركردنی جه‌سته‌یانه‌وه له بازنه‌ی بێكۆتای سزاده‌ر، بیری دههنێننهوه كه سزاده‌ر بۆ ئه‌وه‌ی جێگه‌یه‌ك له سیستمدا بۆ خۆی بكاته‌وه، شتێكی بنچینهییتری دۆڕاندووه، شتێك كه یه‌كێك له ناوه‌كانی به‌خته‌وه‌ریی به بێ ده‌سه‌ڵات بووه.
[1] – Giorgio Agamben, Moyens sans fins, traduit de l’italien par Danièle Valin, Rivage Poche, 2002, p. 47 (ب. بۆ جۆرجۆ ئاگامبن، که‌ره‌سته بێ مه‌به‌سته‌كان : هه‌ندێ یادداشت له‌سه‌ر سیاسه‌ت)
[2] . وه‌ك ژیژه‌ك ئاماژه‌ی پێده‌دات، ئه‌مه هه‌ر ئه‌و فێڵه‌یه كه جگه له ئایدولۆژیا، سه‌رمایه‌داریش باش ده‌زانێ به‌كاری بێنێ. جگه له نموونه‌ی دیاری و ئهشانتیۆن، هێلكه‌ی شانسی كه ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌و شته‌ی بڕیاره له بۆشاییه‌كه‌ی ناویدا هه‌بێ ده‌كڕدرێ و هه‌ڵده‌وه‌شێنرێته‌وه، نموونه‌یه‌كی دیاری ئه‌م لۆژیكه‌یه. كاروكاسبیی به‌خت و سووراندنی گه‌ردوونه وهتد كه له هه‌موو T.V یه‌كانی دونیادا هه‌یه و درێژه‌ی لوژیكی به‌خت و نسیبه، نموونه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌م روانگه‌ن.
[3] . ئه‌م ئه‌فسانه له ئێران له‌سه‌ر كورده‌كان ئێسته‌ش هه‌یه : ئه‌وان جیاواز چێژده‌بینن، یان توانای جنسییان زیاتره.
[4] . بۆ رافهیهكی ته‌واوی ئه‌م باسه بڕوانه بۆ : موراد فه‌رهادپوور ، ئه‌خلاقی كانتی ، نه‌رێكار ، كوردستان، ٢٠٠٨ .
[5] سلاوڤۆی ژیژه‌ك، مه‌رج نییه هه‌ر جوو بێ له نه‌رێكار: كۆمه‌ڵه وتاری فه‌لسه‌فه و ده‌روونشیكاری، وه‌رگێڕانی براییم شه‌وقی و مه‌نسوو ته‌یفووری، كوردستان ، ٢٠٠٨، ل، ١٢٧-١٤٠.
[6] M. Horkheimer & Th. Adorno, Dialectique de la raison, tr. par Éliane Kaufhulz, Gallimard, 2011, p. 81.
[7] . ستیورات هیووز، ره‌خنه‌ی كۆمه‌ڵگای جه‌ماوه‌ری له گۆڕانی ده‌ریا : كۆچی بیری كۆمه‌ڵایه‌تی، و، م. ته‌یفووری كوردستان، ٢٠٠٨، ل. ١٦-٢١٥
سه‌رنجێك : ئه‌م دوو یادداشته ساڵی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٨ له دوو بۆنه‌ی مانگرتنی زیندانیانی سیاسی رۆژهه‌ڵاتدا به زمانی فارسی نووسراون و بڵاوكراونه‌ته‌وه. لێره‌دا وه‌ك رێزێك بۆ مانگرتوانی ناسراو به كه‌سی گیراوانی بادینان، به هه‌ندێ ده‌ستكارییه‌وه، به كوردی بڵاوده‌كرێنه‌وه. مه‌به‌سته‌كه‌ش ره‌نگه نه‌ك روونكردنه‌وه‌ی شتێك، به‌ڵكوو داننانێكی ناڕاسته‌وخۆ بێت به ئازاری ویژدانێكدا كه به‌شێكی دانه‌بڕاو ده‌بێت له سووژه‌یه‌ك كه هێشتا قاییله به‌وه‌ی ببینێت.
سەرچاوە: ماڵپەڕی ناوەخت