نووسین: سامانسا رۆس هیڵ
وەرگێڕان: شکار وه‌فا
ڕه‌نگه داهاتووی جیهان و، تێگه‌یشتن و درککردنمان بۆ ئێستا و ڕابردوو له‌سه‌ر کۆتا شیکاری بۆ ته‌فسیره‌کانی کاره‌که‌ی هیگڵ به‌ند بێت.
_ پێشه‌کییه‌ک بۆ خوێندنه‌وه‌ی هیگڵ (1947) ئه‌لێکسانده‌ر کۆژێڤ
پاریس، فه‌ڕه‌نسا، 1933، رۆژنامه‌ی فه‌ڕه‌نسیLe Figaro نووسیویه‌تی: «پڵیته‌یه‌ک بۆ به‌رمیلێکی پڕ له بارووت» له خواره‌وه‌ی سه‌ردێڕه‌که‌ش نووسراوه «هیتله‌ر سه‌روه‌ری نوێی ئه‌ڵمانیایه». «ده‌ستپێکی ترس و تۆقین». «جه‌ماوه‌ری به‌ره‌ی ڕاستڕه‌و له هه‌ڵکشاندایه». «دۆخی ئابووری وێرانه». «بێکارییه‌کی یه‌کجار زۆر». «فاشیزم سه‌رنجی چینی ناوه‌ڕاستی بۆ خۆی ڕاکێشاوه». له به‌رلین ستۆرمترووپه‌ر «یه‌که‌ی تایبه‌تی نیمچه‌له‌شکری ئه‌ڵمانیای نازی» شه‌قامه‌کانیان ته‌نیوه. گێشتاپۆ (پۆلیسی نهێنیی ئه‌ڵمانیا له سه‌رده‌می نازییه‌کان) خه‌ڵکی ده‌ستگیر ده‌که‌ن و له زیندانه‌کان ده‌یانکوژن». ڕۆژانه به شه‌مه‌نده‌فه‌ر چەندان که‌س له ئه‌ڵمانیاوه وه‌ک په‌نابه‌ر هه‌ڵدێن. لەنێوان ساڵانی 1933 بۆ 1938، زیاتر له 80،000 سیاسی، فه‌یله‌سوف، کۆمۆنیست و لیبراڵ له ئه‌ڵمانیاوه وه‌ک په‌نابه‌ر ده‌چنه فه‌ڕه‌نسا.
به‌ڵام جووڵه‌ی ڕۆشنبیری نه‌وه‌ستا و له گه‌شه‌دابوو، ڕۆشنبیران له کافێ و ئه‌کادیمیاکان درێژه‌یان دا به کاره‌کانیان و چەندان کۆمه‌ڵه‌ی جیاوازیان دروست کرد. له زانکۆی پڕاکتیکی بۆ توێژینه‌وه باڵاکان (École pratique des hautes etudes)، که یه‌کێکه له زانکۆ هه‌ره شکۆدار و بایه‌خداره‌کانی فه‌ڕه‌نسا، ئه‌لێکسه‌ندار کۆژێڤ دێته شوێنی ئه‌لێکسه‌نده‌ر کۆیه‌ر تا سیمینارێک له‌باره‌ی کتێبی فینۆمینۆلۆجی ڕۆح (1807)ی هیگڵ بڵێته‌وه. لەنێوان ساڵانی 1933 بۆ 1939 هه‌ر یه‌ک له جۆرج باتای، ڕه‌یمند ئارۆن، ژاک لاکان، ئه‌ندری برێتن، گاستۆن فێسارد، ماوریس پۆنتی، هانا ئارێنت، ئێریک وێیڵ، ژان پاوڵ سارته‌ر، سیمۆن دی بوڤوار، فڕانز فانۆن، ئیمانوێل لێڤیناس هه‌موویان پێکه‌وه کۆبوونه‌وه تا له وانه‌کانی کۆژێڤ سودمه‌ند بن. ئه‌مانه کۆمه‌ڵێک بوون له بیرکه‌ره‌وه دیاره‌کانی ئه‌وکات، که بناغه‌یه‌کیان بۆ بواره‌کانی فه‌لسه‌فه، هزری سیاسی، ئه‌ده‌ب، ڕه‌خنه، ده‌روونناسی و مێژوو له سه‌ده‌ی 20دا دامه‌زراند. ده‌وترێت وانه‌کانی کۆژێڤ زۆر دژوار و ئاڵۆز بوون، شێوازی گوتنه‌وه‌که‌شی نامۆ بووه، به شێوه‌یه‌ک هانا ئارێنت کۆژێڤ به‌وه تاوانبار ده‌کات بهرههمدز و پله‌یجه‌ریسته. جۆرج باتایش زۆربه‌ی کات له کاتی وانه‌کان خه‌وتووه و سارته‌ریش هه‌ر بیری نه‌ماوه له‌وێ بووبێت.
ئه‌ی که‌وایه کۆژێڤ، ئه‌م فیگه‌ره لێڵ و نه‌ناسراوه‌ی مێژوو، چۆن توانی له‌و ساته‌وه‌خت و سه‌رده‌مه یه‌کجار گرنگه‌دا کاریگه‌ری له‌سه‌ر نه‌وه‌یه‌ک بیرمه‌ند دابنێت؟ چۆن ئایدیاکانی له‌باره‌ی شوناس، تاکگه‌رایی، لیبراڵ، دیمۆکراسی و کۆتایی میژوو ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت به‌رده‌وام جێگه‌ی مشتومڕی سیاسی و کو‌لتوورین؟
ژیاننامه‌ی کۆژێڤ لێڵ و ته‌ماوییه. له ڕووسیا و له خێزانێکی ئه‌رستۆکرات له‌دایک بووه، خوشکه‌زای نیگارکێشی به‌ناوبانگ ڤاسیلی کاندینسکی بووه، کۆژێڤ لە تەمەنی 15 ساڵیدا، به تاوانی فرۆشتنی سابوون له بازاڕی ڕه‌شی مۆسکۆدا ده‌ستگیر ده‌کرێت و حووکمی مه‌رگی به‌سه‌ردا ده‌درێت. به‌ڵام ئه‌ویش وه‌ک ده‌سته‌یۆڤسکی، به واسته‌ی خاڵی که پزیشکی لینین بوو و له‌سه‌ر داوای دایکی له کۆتا ساته‌کاندا له گولله‌بارانکردن ده‌ربازی ده‌بێت. کۆژێڤ به یه‌کێک له ئه‌ندازیارانی پشت دامه‌زراندنی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا داده‌نرێت، زۆر جاریش تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی دراوه‌ته پاڵ که سیخوڕی سۆڤییه‌ت بووه. ژیانی کۆژێڤ ئه‌وه‌نده‌ی سینه‌مایی بووه ئه‌وه‌نده واقیعی نه‌بووه، له کاره‌کته‌رێکی ناو ڕۆمانه‌کانی جۆن لێ کار ده‌چێت، یان به‌رجه‌سته‌که‌ری ڕاسته‌قینه‌ی یه‌کێک له کاره‌کته‌ره‌کانی فیۆدۆر ده‌سته‌یۆڤسکی ده‌چێت.
ناوی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌لێکسانده‌ر ڤلادیمیرۆڤیچ کۆژێڤنیکۆڤه، له مۆسکۆ له 1902 له دایکبووه، بۆچوون وایه کۆژێڤ یه‌کێکه له هه‌ره گرنگترینی ئه‌و بیرمه‌ندانه‌ی که پێویسته بۆ خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتن له دونیای ئه‌مڕۆ. زۆرێک له‌و نووسینانه‌ی له‌باره‌ی ورده‌کاری ژیانی کۆژێڤه‌وه هه‌ر چه‌ند ساڵ جارێک بڵاو ده‌بنه‌وه، پێکڕا ئاماژه‌ن به‌وه‌ی ئه‌سته‌مه وه‌ک خۆی ڕۆڵ و کاریگه‌ری و میراتی کۆژێڤ بگه‌یه‌نرێت. به‌ڵام دواتر دیسانه‌وه له به‌رچاوی مێژووی هزر و ئه‌وانه‌ی وا هیگڵ ده‌خوێنن ون ده‌بێت.
له 1920 پاش شۆڕش، یه‌کێتیی سۆڤییه‌ت به‌جێ ده‌هێڵێت و له ڕێگه‌ی پۆڵنداوه ده‌چێته ئه‌ڵمانیا، کۆژێڤ ماوه‌یه‌ک له به‌رلین ده‌مێنێته‌وه و دواتر ده‌چێته هایدڵبێرگ و له‌وێ له‌ژێر سه‌رپه‌رشتیی کارڵ یاسپه‌رس دکتۆرانامه‌که‌ی له‌باره‌ی فه‌یله‌سووفی ڕووسی، شاعیر و ثیۆڵۆجیست «ڤلادیمێر سۆلۆڤیێڤ»ه‌وه ده‌نووسێت. (سۆلۆڤیێڤ که به هیگڵ کاریگه‌ر بووه، مشتومڕی ئه‌وه‌ی کردووه هه‌موو بیرۆکه‌کان به یه‌کتره‌وه گرێدراون و ناویناوه کۆی ترانسندێنتاڵ.) دوای ئه‌وه‌ی کۆژێڤ له 1926دا ده‌گاته پاریس، ناوی خۆی ده‌گۆڕێت، له‌وێ تا 1929 درێژه به خوێندن ده‌دات، له‌و ساڵه‌دا قه‌یرانێکی گه‌وره‌ی ئابووری به‌رۆکی جیهان ده‌گرێت و زیان به زۆر وڵات ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌م قه‌یرانه کاریگه‌ری له‌سه‌ر کۆژێڤ داده‌نێت و له‌و ماوه‌یه‌دا به‌دوای کاردا ده‌گه‌ڕێت.
ده‌رفه‌تێکی بۆ دێته پێش و له 1933دا ئه‌لێکسانده‌ر کۆیرێ بانگهێشتی ده‌کات تاوه‌کوو زنجیره سیمینارێک له‌باره‌ی هیگڵه‌وه بڵێته‌وه، سه‌ره‌تا قه‌ول وابوو سیمیناره‌که بۆ ساڵێک بێت، به‌ڵام شه‌ش ساڵێک ده‌خایه‌نێت. له 1941 پاش ئه‌وه‌ی ئه‌ڵمانه‌کان فه‌ڕه‌نسا داگیر ده‌که‌ن، کۆژێڤ هه‌ڵدێت بۆ شاری مارسیلیا، له‌وێ ده‌مێنێته‌وه تا ئه‌و کاته‌ی له وه‌زاره‌تی ئابووریی فه‌ڕه‌نساوه ده‌رفه‌تی کارێکی بۆ پێشنیار ده‌کرێت و کۆژێڤ وه‌ک ڕاوێژکار یارمه‌تیی حکوومه‌تی فه‌ڕه‌نسا دەدات، پاش جه‌نگی دووه‌م له هه‌ستانه‌وه و ڕێکخستنه‌وه‌ی سیاسه‌تی ئابووری وڵاته‌که. کۆژێڤ ناوی دێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک سه‌رباز په‌یوه‌ندی به سوپای فه‌ڕه‌نساوه بکات، به‌ڵام هه‌رگیز بۆ ڕۆژێکیش به‌شداری جه‌نگ ناکات، ساڵی 2000 ڕۆژنامه‌ی Le Monde له وتارێکی سێ په‌ڕه‌ییدا جه‌خت له‌وه ده‌که‌نه‌وه که کۆژێڤ بۆ ماوه‌ی 30 ساڵ سیخوڕی سۆڤییه‌ت بووه.
کۆژێڤ دانی به‌وه‌دا ناوه له ژیانیدا چەندان جار هیگڵی خوێندووه‌ته‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی له وشه‌یه‌ک تێ بگات
کۆژێڤ هاوڕێکانی وه‌ک که‌سێکی سڕپۆش، شاراوهکار و به‌ڕێز وه‌سفی ده‌که‌ن. ئایا کۆژێڤ دۆست بووه یان دوژمن؟ دیار نییه. سیخوڕی سۆڤییه‌ت بووه؟ له سوودی به‌ره‌ی به‌رهه‌ڵستی فه‌ڕه‌نسی جه‌نگاوه؟ مه‌به‌ستی چی بووه له‌و نووسینانه‌ی که به باڵای ستالین‌دا هه‌ڵی داوه؟ بۆچی نامه‌ی بۆ ستالین ناردووه؟ ئایا فه‌لسه‌فه به هاتنی هیگڵ کۆتایی هاتووه؟ بۆچی له‌و ساتە دیاریکراوه‌ی مێژوودا و له‌ناو ئه‌و کاره‌ساته سیاسییه‌دا هه‌مووان پێکه‌وه فینۆمینۆلۆجی ڕۆحیان ده‌خوێنده‌وه؟
سیمۆن دی بوڤواری فه‌یله‌سوف و فێمینیست، پاشنیوه‌ڕوان ده‌چووه کتێبخانه‌ی نیشتیمانیی فه‌ڕه‌نسی و به خوێندنه‌وه‌ی فینۆمینۆلۆجی ڕۆحه‌وه سه‌رقاڵ ده‌بوو. له یادداشته‌کانیدا نووسیویه‌تی:
به‌رده‌وام بووم له خوێندنه‌وه‌ی هیگڵ که ئیتر تازه وا خه‌ریک بوو تێده‌گه‌یشتم. ورده‌کاری و ده‌وڵه‌مه‌ندی هزری هیگڵ نکووڵی لێ ناکرێت: به‌ڵام به گشتی سیسته‌مه‌که‌ی تووشی سه‌ره‌گێژه‌م ده‌کات. به‌ڵی، به جۆرێک فریوده‌رانه‌یه شوناسی خۆت وه‌لا بنێیت و ئه‌وله‌ویه‌ت بده‌یته گه‌ردوون، دەبوو له گۆشه‌نیگای کۆتایی مێژووه‌وه بیر له ژیانم بکه‌مه‌وه…
تێکسته‌که‌ی هیگڵ هێنده به‌ربڵاو بووه که دی بوڤوار ناچار بووه چه‌ند مانگ پێشتر ناو بنووسێت بۆ ئه‌وه‌ی کتێبه‌که وه‌ربگرێت، دواتر ده‌رده‌که‌وێت کتێبه‌که له لای واڵته‌ر بنیامینه، بنیامین له‌و کاته‌دا سه‌رقاڵی نووسینی تێزه‌که‌ی بووه که ده‌رباره‌ی فه‌لسه‌فه‌ی مێژوو بووه و بۆ نووسینی تێزه‌که‌ی سوودی له تێکسته‌که‌ی هیگڵ بینیوه.
کۆژێڤ ئه‌و کاته ئاشنای هیگڵ ده‌بێت که له ئه‌ڵمانیایه و قوتابی کارڵ یاسپهرزه، کۆژێڤیش وه‌ک ئه‌وانی تر ده‌که‌وێته ژێر کاریگه‌ریی ته‌لیسمی فینۆمینۆلۆجییه‌وه. دەبێت ڕاستگۆ بین له‌وه‌ی کاره‌که‌ی هیگڵ لێڵ و ئهودیونادیاره. ده‌گوترێت کۆتا قسه‌ی هیگڵ له سه‌ره‌مه‌رگیدا ئه‌وه‌بووه: «ته‌نها که‌سێک لێم تێگه‌یشتبوو، ئه‌ویش به ڕاستی تێنه‌گه‌یشتبوو.» ئه‌دۆرنۆ که خۆیشی تێگه‌یشتن لێی سه‌خته، گوتویه‌تی: «گومانی تیا نییه هیگڵ تاکه که‌سه نازانرێت کێیه، ناشتوانیت بگه‌یته ئه‌نجامێک له‌باره‌یه‌وه، ئه‌وه‌یشی له‌باره‌یه‌وه ده‌وترێت مه‌رج نییه ڕاست و دروست بێت.» بێرتراند ڕاسڵی بیرمه‌ندیش وتوویه‌تی: «له‌ناو فه‌یله‌سوفه مه‌زنه‌کاندا هیگڵ سهخترینیانه بۆ تێگه‌یشتن.»
کاتێکیش کۆژێڤ به‌وه قایل ده‌بێت له‌بری کۆیرێ سیمیناره‌که له‌باره‌ی هیگڵه‌وه بڵێته‌وه، دانی به‌وه‌دا ناوه لە ژیانیدا چه‌ند جارێک هیگڵی خوێندووه‌ته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی له حه‌رفێک تێبگات.
به‌ڵام ئه‌م لێڵی و ئهودیونادیارییهی هیگڵ نه‌بووه‌ته ڕێگر له به‌رده‌م ئه‌وه‌ی هه‌وڵی ته‌فسیری کاره‌کانی نه‌درێت و دهستهپاچهبین به‌رانبه‌ری. هێنری لیفێڤرێ له‌باره‌ی فینۆمینۆلۆجییه‌وه ده‌ڵێت: «هیگڵ کاتی نووسینی ئه‌و کتێبه ئه‌قڵی منداڵێکی حه‌وت ساڵانی هه‌بووه.» ماوریس بلانشۆش ده‌ڵێت: «که‌س ناتوانێت به‌بێ خوێندنه‌وه‌ی هیگڵ، هیگڵ بخوێنێته‌وه». واته گه‌ر هه‌رگیز هیگڵیش نه‌خوێندبێته‌وه، به ڕیسایکلی و له هزری ئه‌وانی تردا به‌ر ئایدیاکانی هیگڵ ده‌که‌ویته‌وه.
ده‌توانرێت له ناڕێکوپێکی و شێواوی ته‌فسیره‌کانی فینۆمینۆلۆجییه‌وه درک به لێڵی و ئاڵۆزی هیگڵ بکرێت، به‌ڵام تا ئێستا هیچ خوێندنه‌وه‌یه‌ک هێنده‌ی خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتنی کۆژێڤ سه‌رنجبه‌ر و فریوده‌ر نه‌بووه. کاریگه‌ریی ته‌فسیره‌که‌ی هیگڵ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌سه‌ر زۆر بیرمه‌ند هه‌بووه که هه‌ر یه‌که‌یان له کایه‌ی جیاوازدا نووسیویانه، به نموونه، لیۆ شتراوس، ئالان بلووم، فڕانسیس فۆکۆیاما، میشێل فوکۆ، ژاک دێریدا، ژۆرژۆیۆ ئاگامبێن، جودیث به‌تله‌ر. خوێندنه‌وه‌ی هیگڵ له ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه‌که‌ی کۆژێڤه‌وه خۆی کرده‌یه‌کی ئه‌کادیمییه. ڕێکتره گه‌ر قسه‌که‌ی بلانشۆ به‌م شێوه‌یه دابڕێژینه‌وه: ئه‌مڕۆ که‌س به‌بێ خوێندنه‌وه‌ی کۆژێڤ ناتوانێت هیگڵ بخوێنێته‌وه.
پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه بۆچی خوێندنه‌وه‌ی کۆژێڤ بۆ فینۆمینۆلۆجی هیگڵ ئه‌و کاریگه‌رییه چڕه‌ی له‌سه‌ر ته‌واوی دیسیپلینه جیاوازه‌کان هه‌بووه؟
وڵامه کورته‌که ئه‌وه‌یه که کۆژێڤ کارێکی کرد یه‌کێک له چه‌مکه هه‌ره بنه‌ماییه‌کانی کاره‌که‌ی هیگڵ قابیلییه‌تی تێگه‌یشتنی هه‌بێت که: ئاره‌زووه. کۆژێڤ خۆیشی ئه‌وه‌ی ڕه‌ت نه‌کردووه‌ته‌وه خوێندنه‌وه‌که‌ی بۆ هیگڵ گۆڕانی به‌سه‌ر تێکسته‌که‌دا هێناوه. ته‌فسیر و لێکدانه‌وه‌که‌ی کۆژێڤ وه‌ک کارێکی داهێنه‌رانه و نائاسایی سەیر ده‌کرێت. پرسیاره بنه‌ڕه‌تی و چه‌قه‌که‌ی کۆژێڤ ئه‌وه‌یه: «که‌سێتیی هیگڵی چییه؟»
کۆژێڤ دێت له ڕێگه‌ی مشتومڕێک له‌باره‌ی ئاره‌زووی مرۆڤه‌وه وڵامی ئه‌و پرسیاره ده‌داته‌وه که له فینۆمینۆلۆجیدا به دیالێکتیکی سه‌روه‌ر/کۆیله ناسراوه. کۆژێڤ به شه‌رحێکی نۆ په‌ڕه‌یی بۆ ئه‌و بابه‌ته، تێکسته‌که 640 په‌ڕه‌ییه پێچهڵپێچهکهی هیگڵ وا لێده‌کات ئیمکانی لێ تێگه‌یشتنی هه‌بێت.
هیگڵ له ڕێگه‌ی تێرمینۆلۆجییه لێڵ و شڵهژێنهرهکهیهوه هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات له گه‌شه‌ی ئاگایی مرۆڤ تێبگه‌ین کاتێک ئه‌قڵی سنووردار، ده‌بێته وه‌سیله‌ی ڕۆحی ڕه‌ها.
کۆژێڤ دێت هیگڵ له ئاسمانه‌وه داده‌گرێت و ده‌یخاته ده‌ستمانه‌وه و تێده‌گه‌ین کتیبه‌که‌ی هیگڵ له‌باره‌ی ئاره‌زووی مرۆڤ و خودئاگاییهوهن.
خوێندنه‌وه‌ی کۆژێڤ چی بووه بۆ دیالێکتیکی سه‌روه‌ر/کۆیله؟
له خوێندنه‌وه‌که‌ی کۆژێڤدا، مرۆڤ ئاره‌زووی دانپێدانان ده‌کات، ئه‌م ئاره‌زووه کاتێک به‌دی دێت که که‌سێکی تر وه‌ک خۆی دانی پێدا بنێت. کۆژێڤ پڕۆسه‌که به‌م شێوه‌یه که‌شف ده‌کات و شی ده‌کاته‌وه: دوو که‌س یه‌ک ده‌بینن و ده‌چنه شه‌ڕێکی ده‌سته‌ویه‌خه‌وه که شه‌ڕی مان و مه‌رگه، شه‌ڕی ویسته، ئه‌وه‌ی ژیانی بخاته مه‌ترسی و ڕیسکی مه‌رگی هه‌بێت، به‌سه‌ر ئه‌وی تردا سه‌رده‌که‌وێت، ئه‌وی تریش ده‌بێته کۆیله، به‌ڵام ئاره‌زووه‌که‌ی سه‌روه‌ر نایه‌ته دی، چونکه ئه‌وه‌ی دانی پێدا ناوه ته‌نها کۆیله‌یه‌که، که‌سێکه که هاوئاستی نییه. کۆیله له‌ڕێی کارکردنه‌وه و به مه‌به‌ستی هێنانه‌دی پێویستییه‌کانی سهروهرهکهیهوه ورده ورده هێز و توانا به‌ده‌ست ده‌هێنێت.
ئه‌وه‌ی بۆ کۆژێڤ جه‌وهه‌رییه ئه‌وه‌یه که‌سێک ژیانی ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه بۆ شتێک که جه‌وهه‌ری نییه. ئه‌وه‌ی له ترسی مه‌رگ له به‌رده‌م ئه‌وی تردا له‌رز که‌وتووه‌ته گیانی ئه‌وه‌یه که ده‌بێته کۆیله. ئه‌وه‌ی ئاماده‌ی مه‌رگه ئه‌وه‌یه که ده‌بێته سه‌روه‌ر. به مانایه‌کی تر، ئاره‌زوو ڕه‌نج و ته‌قه‌لای ویسته به‌رانبه‌ر ئاره‌زوویه‌کی دی. یان وه‌ک لاکان ده‌ڵێت: «ئاره‌زوو، ئاره‌زووی ئه‌ویتره.» لێره‌دا مه‌به‌ست له‌وه نییه دووکه‌س ده‌سته‌ویه‌خه و جه‌سته‌یی بچنه شه‌ڕه‌وه، نا، به‌ڵکوو زۆرکردنه له‌ویتر تا له له‌حزه‌یه‌کدا ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی بیدات، ویستی تێک بشکێنیت، تا ببیته سه‌روه‌ری. کۆژێڤ نووسیویه‌تی: «مرۆڤ ژیانه بایۆلۆجییه‌که‌ی ده‌خاته به‌ر ڕیسک و مه‌ترسی، تا ئاره‌زووه نابایهلۆجییهکهی تێر بکات.» بۆ ئه‌وه‌ی دانت پێدا بنرێت، ده‌بێت ژیانت بخه‌یته به‌ر مه‌ترسی. ئه‌مه ڕێگای بوون به سه‌روه‌ره.
کۆژێڤ له‌باره‌ی خودئاگاییه‌وه ده‌ڵێت: «خودئاگایی ئه‌وه‌یه من ئاره‌زووی ده‌که‌م، هه‌روه‌ها خودئاگایی گرێدراوه به ئاره‌زووه‌وه. وه‌ک کۆژێڤ ده‌ڵێت، ئاره‌زوو حزووری ناحزووره. ئاره‌زوو ته‌واو سیفاتێکی مرۆییه. مرۆڤ لە کاتی ئارەزووکردندا، ئارەزووەکەی دەناسێتەوە، ده‌زانێت شتێکی ده‌وێت، یان ده‌یه‌وێت ببینرێت، لێی تێبگه‌ن. ئاره‌زوو هه‌ستکردنه به نه‌قسێک و ویست بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و نه‌قسه.
ئاره‌زووکردن به‌مانای له‌ناوبردن و به‌کارهێنان نایه‌ت، ناتوانرێت ئۆبێکتی ئاره‌زوو له‌ناو ببردرێت، چونکه ئاره‌زوو به‌رانبه‌ر که‌سێک، ئاره‌زووه بۆ دانپێدانان، بهکارهێنانیانە به مانای نه‌فی و له‌ناوبردن.
ڕه‌نگه گرنگترین شت کە کۆژێڤ لێی تێگه‌یشتبێت ئەوەبێ کە ئێمه‌ی مرۆڤ ئاره‌زووی ئه‌وه ده‌که‌ین هه‌ندێک ده‌سه‌ڵاتمان به‌سه‌ر ئه‌وه‌دا بشکێت ئه‌وانی تر چۆن ده‌مانبینن و جیاوازی چییه له‌گه‌ڵ ئه‌و بینینه‌ی بۆ خۆمان هه‌مانه. ڕه‌نگه ئه‌و کاته‌ی خۆمان نیشانی ئه‌وانی تر ده‌ده‌ین شوناس و ئاره‌زوومان بخه‌ینه به‌ر مه‌ترسی و گوێ به‌وه نه‌ده‌ین چ کهسێتییهکیی له‌رزۆکمان هه‌یه. هیچ گرێنتییه‌ک نییه ئه‌وان به‌و شێوه‌یه بمانبینن ده‌مانه‌وێت ببینرێین و ئه‌مه‌ش به‌ئازاره. به‌ڵام ئه‌م خۆ خستنه به‌ر مه‌ترسییه یه‌کجار گرنگه، ئه‌مه به‌شێکه له مرۆڤبوونمان.
کۆژێڤ به هێنانه‌خواره‌وه‌ی هیگڵ له ئاسمانه‌وه ڕێگه‌مان بۆ خۆشده‌کات به مانا دونیاییه‌که‌ی له کردوه‌وه‌کانی مرۆڤ تێبگه‌ین، ئه‌مه‌ش وا دەخوازێت کە مرۆڤەکان ئاگاداری حه‌تمییه‌تی مه‌رگیان بن. به‌مه‌ش تیشکی سه‌رنجی بۆ تاک گۆڕی که وه‌ک مهحهلێک تێیدا گۆڕانی کۆمه‌ڵایه‌تیی ڕوو ده‌دات، له‌وێدا مێژوو به ڕووی کۆمه‌ڵگه‌ی یه‌کساندا ده‌کرێته‌وه و جیاوازییه‌کان نامێنن. ئایدیای ململانێی چینه‌کان وه‌ک ماشینی مێژووی کارڵ مارکس و، ئایدیای به‌ره‌و مه‌رگی مارتن هایدگه‌ر پێکه‌وه کاریگه‌ریان له‌سه‌ر تێگه‌یشتن و خوێندنه‌وه‌که‌ی کۆژێڤ بۆ هیگڵ داناوه، خوێندنه‌وه‌که‌ی هیگڵ بۆ دیالێکتیکی سه‌روه‌ر/کۆیله ئاشنای فۆڕمێکی تری ململانێی کردین له‌نێوان چه‌وسێنه‌ر و چه‌وسێندراوه، له‌وێدا زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌وی تردا و سه‌روه‌ربوون به‌سه‌ریه‌وه له‌پێناو زاڵبوون و جڵەوکردنی خۆته، له‌مه‌شه‌وه یه‌کسانی به‌دی دێت و له کۆتایشدا عه‌داله‌ت له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌دا به‌رقه‌رار ده‌بێت. کۆژێڤ هات دیالێکتیکی سه‌روه‌ر/کۆیله‌ی هه‌ڵگرته‌وه تا گه‌شه به‌وه بدات که مایکڵ ڕۆث پێی ده‌ڵێت «شێوه‌یه‌ک بۆ ڕێکخستنی گۆڕانکارییه‌کان به تێپه‌ڕبوونی کات»، تا به‌هۆیه‌وه له جووڵه و چوونه‌پێشی مێژوو تێ بگات.
بۆیه دیالێکتیکی سه‌روه‌ر/کۆیله درووستبوونی چینه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی لێده‌که‌وێته‌وه، تاک وه‌ک سوبێکتێکی ئاره‌زووکه‌ر به‌رده‌وام له جه‌نگێکی نه‌بڕاوه‌دایه و عه‌وداڵی دانپیانانه، ئه‌مه‌یه گه‌شه و جووڵه‌ی مێژوو.
ئه‌مه به‌شێک بوو له میراتی کۆژێڤ. سارته‌ر له‌ژێر کاریگه‌ریی خوێندنه‌وه‌که‌ی کۆژێڤ بۆ دیالێکتیکی سه‌روه‌ر/کۆیله له کتێبی بوون و نه‌بووندا مشتومڕی ئه‌وه ده‌کات ئازادیی مرۆڤ له هه‌ناوی نهفیکردندایه. قۆناغی ئاوێنه‌یی لاکان به‌ره‌نجامی خوێندنه‌وه‌ی کۆژێڤه بۆ هیگڵ، لاکان له خوێندنه‌وه‌که‌ی کۆژێڤه‌وه له ڕۆڵی ئاره‌زوو وه‌ک نه‌قسێک بۆ شێوه‌دان به سوبێکتیڤیته تێگه‌یشت. باتای له‌ژێر کاریگه‌ریی کۆژێڤ ئاماژه به‌وه ده‌کات تاک ته‌نیا له له‌حزه‌ی نه‌فیی په‌تیدا ده‌توانێت ئه‌زموونی خودسه‌روه‌ری بکات. بۆ فوکۆ ئه‌و مانایەی ده‌دا که له په‌یوه‌ندییه‌کانی هێز و ده‌سه‌ڵاتدا هه‌میشه ئاره‌زوو حزووری هه‌یه.
کۆژێڤ پاش جه‌نگی دووه‌م و پێش مه‌رگی له 1968دا ڕۆڵێکی کاریگه‌ری لە ڕێخستن و چاره‌سه‌ری کێشه‌کاندا هەبوو. سه‌ره‌نجام تێزه‌که‌ی فوکۆیاما یارمه‌تیداین له جیاوازی هیگڵ و هیگڵه‌که‌ی کۆژێڤ تێ بگه‌ین: لای کۆژێڤ، یه‌کسانیی گه‌ردوونی له ڕێگه‌ی جه‌نگێکی نهبڕاوەوە بۆ دانپێدانان به‌دی دێت، که‌سێک هه‌میشه هه‌وڵی زاڵبوون ده‌دات و ئه‌وانی تریش به‌ره‌نگاری ده‌بنه‌وه. به‌ڵام بۆ هیگڵ ئازادیی مرۆڤ ته‌نیا به‌وه به‌دی دێت پێکه‌وه به هه‌وڵێکی ده‌سته‌جه‌معی ئه‌و جیاوازییانه قبوڵ بکه‌ین کە له خۆمان و ئه‌واندا به‌دییان ده‌که‌ین. به قبووڵکردنی ئه‌و ڕاستییە، خودسه‌روه‌ری هه‌میشه وه‌ک وه‌همێک ده‌مێنێته‌وه و پێی ناگه‌ین
سه‌رچاوه
aeon.co/essays/the-philosophical-legacy-of-alexandre-kojeve