سه‌نگه‌ر مه‌ولود
بێگومان كه باس له تاكگه‌رایی یان خودگه‌رایی ده‌كه‌ین، بانگه‌شه بۆ دروستبوونی جۆره مرۆڤێك ناكه‌ین، دژ به كۆمه‌ڵگا و دژ به هه‌موو جۆره پێكه‌وه‌بوون و هاریكارییه‌كی ده‌سته‌جه‌معی بێت، به‌ڵكو هێمایه بۆ جۆره بیركردنه‌وه‌یه‌ك كه سه‌ربه‌خۆبوون و تاكبوون به مرۆڤ ببه‌خشێت له ده‌ره‌وه‌ی نۆرم و به‌ها ته‌قلیدییه باڵاده‌سته‌كانی ناو كۆمه‌ڵگە كه بیر بكاته‌وه و كاری تێدا بكات. به‌ڵام بۆ دروستبوون و گه‌شه‌دان به فیكری تاكگه‌رایی، زۆر پێویسته سه‌ره‌تا دەست بۆ كایه‌ی سیاسی ببەین؛ ئه‌مڕۆ له سه‌رتاسه‌ری دنیادا كایه‌ی سیاسی، كایه‌كی باڵاده‌سته و هه‌موو شاڕێیه‌كانی گۆڕانكاری ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ كایه‌ی سیاسی.
ده‌مه‌وێت قورسایی نووسینەکە بخه‌مه سه‌ر كایه‌یه‌ی سیاسی و له ڕه‌هه‌نده سیاسییه‌كه‌ی قووڵ ببمه‌وه، چونكه هه‌موو تاكه‌كان ڕۆژانه خۆیان ده‌بینین كه كایه‌ی سیاسی له دنیای ئێمه‌دا، كایه‌كی چه‌ند پڕكێشه و پڕ كه‌موكورتییه، له هه‌ر لایه‌كه‌وه لێی بڕوانیت ده‌یان، بگره سه‌دان كێشه و كه‌موكورتیی تێدا تێبینی دەکرێت. ئه‌و سیسته‌مه سیاسییه باڵاده‌سته دۆخێكی بۆ تاكه‌كانی ئێمه هێناوەته پێش، به جۆڕێك بۆ هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت وێنه ”تراژیدیائاسا”كه‌ی مرۆڤه‌كانی ئه‌م نیشتمانە ببینێت، پێویستی به نیگاركێشه لێزانه‌كان نییه، تاوه‌كو وێنه خه‌ماوی و پڕووكێنهرهكانی ببینێت، هاوكات پێویستیشی به ”كۆمیدیست” و ”كاریكاتێریست”یش نییه تاوه‌كو به شێوه‌یه‌كی هونه‌ری، وێنه خهندهئامێرز و پێكهنیناوییهكهی ببینێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی به چاوێكی ”تیژ” له كۆمه‌ڵگەی ئێمه ڕابمێنت، دیمه‌نی ته‌ماوی و مهرگەساتانەی به ڕوونی بۆ ده‌رده‌كه‌وێت. نیشتمانی ئێمه له جه‌سته‌یه‌ك ده‌چێت، جه‌سته‌یه‌ك ساردوسڕ، له‌وە ده‌چێت تووشی خوێنبه‌ربوونی ترسناك بووبێت؛ ”ههژاركهوتن” و ”بێمافبوون”، باڵی به‌سه‌ر توێژێكی هه‌ره زۆری كۆمه‌ڵگەی ئێمەدا كێشاوه. نائومێدبوون و خهمناكبوون، ڕوخساری به‌شێكی گەورەی كۆمه‌ڵگەی ئێمه‌ی ته‌نیوه. به ته‌نها سیاسییه ”خه‌مسارد” و ”نابهرپرسیارهكانمان”، له كۆڕ و كۆبوونه‌وه و له به‌رده‌م زوومی كامێرا‌كان و میكرۆفۆنهكاندا، پێده‌كه‌نن. به‌ڵام ئه‌مه هه‌موو تابلۆکە نییه، به‌ڵكو ئه‌وی كۆی وێنه‌كه‌ی دروست كردووه، كۆمه‌ڵێك ئاسته، له ئاستی ”سیاسی” و ”ئابووری”یه‌وه بگره بۆ ئاستی ”كولتووری” و ”فه‌رهه‌نگی” و ته‌نانه‌ت ”دینی”یش. له ساڵی ١٩٦١دا، فیدڵ کاسترۆ به ڕۆژنامه‌نووسێک ده‌ڵێت: ”ئێمه سیاسه‌تمه‌دار نیین، ئێمه شۆڕشمان کرد هه‌تا سیاسه‌تمه‌داران وه‌ده‌ر نێین.” ئه‌گه‌ر به وردی سه‌رنج بده‌ینه سیاسییه‌كانی دنیای ئێمه، هه‌مان ئه‌و شۆڕشگێڕه‌كانی دوێنن، كه ئه‌مڕۆ هه‌م سیاسی و هه‌م بزنسمانن، ئه‌م سیاسییانه ده‌ستێكیان له ناو سیاسه‌ت و پێیهكانیشان له ناو بهڕێوەبردن و حكومڕانێتیدان. كۆمپانیای سێبه‌ری مۆنۆپۆلیستیان هه‌یه، به ته‌واوه‌تی كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بازاڕ و ژیانی ڕۆژانه‌ی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگەی كوردی هه‌یه، ئه‌وه‌ی ئێمه ئه‌مڕۆ ئه‌و پیاو و ژنه سیاسهتكارانهی له‌سه‌ر شانۆی سیاسه‌ت ده‌یانبینین و ده‌یانخوێنینه‌وه، كه‌سانێك نین لێزان له سیاسه‌ت، لێزان له ئابووری، لێزان له فه‌لسه‌فه بن، لێزان بن له بواره گرینگه‌كانی ژیان. پێشمه‌رگه و شۆڕشگێڕه‌كانی دوێنێ، بڕیاربه‌ده‌ست و سه‌رمایه‌داره سهڕسووڕهێنهرهكانی ئه‌مڕۆن. یانی ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم، ئه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه سه‌خت و دژواره‌یان دروست كردووه، ئه‌و سیاسییانەن كه به زۆر مانا مۆنۆپۆلیستن، جگه له‌وه‌ی سێكته‌ری گشتی مۆنۆپۆل كراوە، له هه‌مان كاتیش‌دا سێكته‌ری تایبه‌تیش قۆرخ كراوە. نووسه‌ر و ڕۆشنبیرانی ئێمه له‌سه‌ر ناونانی كۆسیسته‌می حكومڕانیی كوردیی ئێمه، ناكۆك و ناتهبانن، به‌شێكیان پێیان وایه كۆسیسته‌می ئێمه سیسته‌مێكی دیموكراسییه، بێگومان ئه‌وانه‌ی هه‌ڵگرانی ئه‌و بیروڕایه‌ن، ئه‌وانەن له له ناو سیسته‌مه‌كه‌دا سوودمه‌ندن و ته‌نانه‌ت ده‌ست و قاچیان له ناو سیستهمهكهدایه، بهشكێكی تریش له ڕۆشنبیرانی ئێمه كه قورسایی خۆیان هه‌یه، پێیان وایه سیسته‌مێكی سوڵتانییه.
به بۆچوونی من، تاكگهراییبوون و خودیبوون و سه‌ربه‌خۆبوون، سێ ڕههەندی گرنگن که ده‌بێت له عه‌قڵیه‌تی تاكدا بچه‌سپێنرێن و گەشەیان پێ بدرێت و شۆڕشی گۆڕانكاری له ناو سیسته‌مێكی بیركردنه‌وه و ئازادبوونی عه‌قڵ و هۆشیارییه‌كی تاكه‌كه‌سی و پاشانیش هۆشیارییه‌كی ده‌سته‌جه‌معی (collectivity of awareness) سه‌ر هه‌ڵده‌دات. به داخه‌وه ئه‌وه‌ی ئێستا دەیبینین و تێبینیی دەکەین، داڕشتنی ستراتیژێكه بۆ نائومێكردن و خهمۆكکردنی تاك، ئه‌وه‌ی كارایه ستراتیژێكه له دروستكردنی ئینسانێك كه هیوای به هیچ جۆره چالاكی و پرۆستێت و ناڕه‌زاییده‌ربڕینێک نه‌بێت، ئیش له‌سه‌ر دروستكردنی كۆمه‌ڵگەیه‌ك ده‌كرێت، دروستكردنی كۆمه‌ڵگەیه‌كی ته‌واو بێتاقهوت و بێبه‌رگری و پاسیڤ. مرۆڤ كه نا‌ئومێد و تێكشکاو و خه‌مۆك بكرێت، بێگومان نه‌ك ده‌ست نابات بۆ گۆڕینی سیسته‌می سیاسی و كولتووری كۆنه‌پارێزی، به‌ڵكو بیر له گۆڕینی ژیانی تاكه‌كه‌سیی خۆیشی ناكه‌ته‌وه، ئه‌مه ڕێك ئه‌و ستراتیژه‌یه كه سیسته‌می سیاسیی باڵاده‌ست بیری لێ ده‌كاته‌وه و ئیشیشی له‌سه‌ر ده‌كات.
ئه‌وه‌ی ده‌بێت خه‌باتی بۆ بكرێت و ڕوو بدات، ده‌بێت كار لەسه‌ر ستراتیژییه‌ك بكرێت كه تێیدا تاك سه‌نته‌ر بێت، كار له‌سه‌ر تاكێكی هۆشیار و ڕهخنەگر بكرێت، بێگومان كه تاكێكی هۆشیار دروست بوو، به دوای خۆیدا هۆشیارییه‌كی ده‌سته‌جه‌معی دروست ده‌بێت و ته‌واوی كایه باڵاده‌سته‌كانی ترش ناچار به گۆڕین و چاككردن ده‌كات.