بەیاننامەی ڕێکخراوی ئازادبوون دژ بە دادگاییکردنی نیاز عەبدولڵا
بۆ/ پەرلەمانی کوردستان
ئەنجومەنی باڵای دادوەری
دەستەی مافی مرۆڤ
داواكاری گشتی
سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان
نوسینگەی یونامیو سەرجەم قونسولخانەكان لە هەرێمی كوردستان
رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشنال
رێکخراوی قەیرانی نێودەوڵەتی
رێکخراوی فری پرێس
رێکخراوی ئاشتی CPT
لێژنەی بەرگریکردن لە ڕۆژنامەنوسان CPJ
رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور
رێكخراوەكانی بواری ئازادی و مافەكانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین
ئاگادارتان دەكەینەوە لەوەی كە بڕیارە سبەی 1/3/2020 خاتوو نیاز عەبدوڵا؛ رۆژنامەنوسی دیار و جێگری سەرۆكی رێكخراوەكەمان (رێكخراوی ئازادبوون) لەدادگای كەتنی هەولێر لەسەر كەیسێك دادگایی بكرێت، كە دوور و نزیك پەیوەندی بەوەوە نییە، چونكە ئەو نە سەرنوسەری درەو میدیایە و نە بەشداریشبووە لەئامادەكردنی ئەو راپۆرتەدا كە لەسەر روداوەكەی (ریستۆرانتی هۆقەبازی شاری هەولێر) لەسایتی درەو میدیا بڵاوكراوتەوە نە ناویشی لەسەر ڕاپۆرتەکە نوسراوە.
شایەنی باسە ئەو راپۆرتە لەلایەن چەند رۆژنامەنوسێكی ترەوە نوسراوە، بەڵام جێگای پرسیار و سەرسوڕمانە سكاڵاكار (مەتین بارزانی) بە گوێرەی مادەی ٢ لە یاسای خراپ بەکارھێنانی مۆبایل و ئامێرە ئەلکترۆنییەکان سكاڵای لەسەر رۆژنامەنوسو جێگری سەرۆكی رێكخراوەكەشمان تۆماركردوە کە سزاکەی مادەکە پێکھاتووە لە زیندانیکردن ٦ مانگ بۆ ٥ ساڵ یان قەرەبوی ١ملیۆن بۆ ١٥ ملیۆن دینار.
لەم روانگەیەوە ئێمە وەك رێكخراوی ئازادبوون جەخت لەوە دەكەینەوە كە پێویستە دادگاو دادوەری بەڕێز، لەپێناو خراپ بەكارنەهێنانی یاسا و دادگاكان بۆ ترساندن و بەرتەسكردنەوەی ئازادی رۆژنامەنوسان و چالاكانی مەدەنی هەڵوێستەیەكی یەكلاكەرەوەیان هەبێت و ئەو كەیسە دابخەن،و سەروەری یاسا بەرقەرار بكرێت و قەرەبوی ماددی و مەعنەوی رۆژنامەنوس(نیاز عەبدوڵا) بكرێتەوە، چونكە بەگوێرەی زانیاری و پێدراوەكان بەهیچ جۆرێك توانای سەلماندنی تاوانباری لە كەیسی ناوبراودا نییە، بۆیە ناكرێت جێگری سەرۆكی رێكخراوەكەمانو دادگای بەرێزی پێوە سەرقاڵبكرێت.
لەگەڵ رێزماندا
رێكخراوی ئازادبوون.
29/2/2020