رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان

بیرکردنەوەی رەخنەیی لە دیدارێکدا لەگەڵ د. شاهۆ سەعید

Facebook
Twitter
LinkedIn

پرسیاری یەکەم:

زۆر بە سادەیی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی Critical Thinking چیە؟ بەرامبەر کام جۆر لە بیرکردنەوە دانراوە؟ واتە ئەو شتە چیە کە پێچەوانەی بیرکردنەوەی ڕەخنەییە؟

د. شاهۆ:

بیرکردنەوەی رەخنەیی واتە گەشەدان بە توانای بیرکردنەوە لە رێگای هوشیاریی رەخنەییەوە، لە رێگای پابەندبوون بە نەریتێکی ئەقڵییەوە، کە مەبەست لێی لێکدانەوەو هەڵسەنگاندن و ئەنجامگیرییە، دوور لە ریتۆریک و تەڵەکانی زمان. هوشیاریی رەخنەیی بەو مانایە نایەت کە کەسی رەخنەگر تەنها ئارگیومێنت دژی کەسەکان دابمەزرێنێت، چونکە کەساندنی رەخنە یەکێکە کۆسپەکانی بەردەم بیرکردنەوە. پێویستە کەسی بیرکەرەوە بەر لە هەرشتێک ئارگیومێنت دژی ئەو ئایدیاو باوەڕانەی خۆی دابمەزرێنێت کە بە فلتەری چاودێریی رەخنەییدا تێنەپەڕیون و وەک فاکت و هەقیقەتی پێشوەخت وەریگرتوون. ئارگیومێنت لە بیرکردنەوەی رەخنەییدا تەنها پەیوەندی بە مشتومڕی نوسراو یان زارەکیی نێوان دوو کەسەوە نیە؛ بەڵکو لە هەموو پرۆسەیەکی بیرکردنەوەدا ئامادەیی هەیە. لە کاتی بەریەک کەوتنمان لەگەڵ دیاردەکاندا، یان لە کاتی خوێندنەوەی دەقەکاندا، ئێمە تەنها وەگرێکی پاسیڤ نین، بەڵکو هاوکات بیردەکەینەوە و وتووێژێ گریمانەیی لەگەڵ ئەوانی تر دادەمەزرێنین. بەهەمان شێوە لە کاتی نوسین و داهێنان و پێداچوونەوەی بەرهەمەکانی خۆماندا وتووێژ لەگەڵ خۆمان دەکەین. ئەم پرۆسەیە جۆرێکە لە زاووزێی بەردەوامی فیکر کە توانای رامان و رەنگدانەوە Reflection دەستەبەر دەکات، گەشە بە کەسایەتی فیکریی کەسی بیرکەرەوە دەدات. کەسی بیرکەرەوە مەرج نیە نوسەر بێت، یان ناوی رەخنەگر لەخۆی بنێت، مەرج نیە تەنها لە کایەی بەرهەمهێنانی سەرمایەی رەمزیدا کار بکات؛ بەڵکو دەشێت سەرقاڵ بێت بە بوارەکانی تری ژیانەوە، دەشێت سروشتناس بێت، کاڵا بەرهەم بێنێت، سەرقاڵ بێت بە بازاڕو بواری کارگێڕی و چالاکی کۆمەڵایەتییەوە. لە هەموو حاڵەتەکاندا، رەسەنایەتی کەسی بیرکەرەوە بەوە پێوانە دەکرێت کە تا چەندە توانای تێگەیشتنی دیاردەکانی هەیە لەناو کۆنتێکسدا، چەندە توانای بینین و تاقیکردنەوەی دیدگای ئەوانی ترو تەنانەت دیدگای نەیارەکانی خۆیشی هەیە، چەندە توانای دەسکارییکردنی پەیوەندییە باوەکانی نێوان فیکرو جیهانی هەیە. بۆ نمونە مەرج نیە تەنها ئەو کەسانە کێشەیان لەگەڵ بیرکردنەوەی رەخنەییدا هەبێت کە نەخوێندەوارن و سەروکاریان لەگەڵ نوسین و تێکستدا نیە. زۆرجار نوسەر و رەخنەگرەکانیش نا-ڕەخنەییانە بیردەکەنەوە، ناڕەخنەییانە ئارگیومێنت دەکەن و حوکم دەدەن، توانای ئەوەیان نیە لەناو کۆنتێکسدا بیربکەنەوە. واتە دەشێت گۆڕان بەسەر ئەو تێزو دراوانەدا بێت کە پێشترقەناعەتەکانی خۆیانیان لەسەر بنیات ناوە، بەڵام گۆڕان بەسەر خودی قەناعەتەکانیاندا نایەت. نوسەر یان رەخنەگری لەم جۆرە توانای ئەوەی نییە ئارگیومێنتی رەخنەیی لەگەڵ خۆی دابمەزرێنێت، یان لەوانەیە ئیگۆ و گرێکانی رێگەی پێنەدەن کارێکی لەو جۆرە بکات. لە بەرامبەردا رەنگە کەسێک لە کایەی کشتوکاڵدا، یان لە بازاڕدا، یان لە تاقیگەدا کار بکات؛ بەڵام ئەو هەقیقەتە باش بزانێت کە هەموو گۆڕانێک لە دۆخی بازاڕو سیاقی سروشتی و کۆمەڵایەتیدا کاریگەریی لەسەر خودی دیاردەکان بەجێدێڵێت و مانای دیاردەکان دەگۆڕێت. مەبەستمە بڵێم بیرکردنەوەی رەخنەیی پێویستییەکی زەینییە بۆ هەموو مرۆڤەکان بێ جیاوازی، نەخۆشی و کۆسپەکانی بەردەم بیرکردنەوەی رەخنەییش رووبەڕووی هەموومان دەبێتەوە بێ جیاوازی، بە نوسەران و رەخنەگرانیشەوە.

کۆمەڵێک نەریتی خراپی ئەقڵی مرۆیی هەن وەک کۆسپی بەردەم بیرکردنەوەی رەخنەیی ئەژماردەکرێن. هەندێکیان سایکۆڵۆجین و هەندێکیان کۆمەڵایەتی و کولتورین، هەندێکیان ئایدیۆڵۆجین و درێژبوونەویان لەناو ئاین و فەلەسەفەو کایەکانی تری مەعریفەدا هەیە. ئیگۆسێنتریزم دیارترین کۆسپی سایکۆڵۆجییە کە توانای بیرکردنەوەی رەخنەیی لاواز دەکات یان بەتەواوی لەناوی دەبات. ئیگۆ-سێنتریزم واتە خۆد-نێوەندی، ئەو کاتەیە کە مرۆڤ خۆی لێدەبێتە چەقی گەردوون و گۆشەنیگای خۆی لێدەبێتە دروستترین و رەواترین گۆشەنیگا. هەموو مرۆڤەکان ئەم قۆناغەدا تاقیدەکەنەوە؛ چونکە پەیوەندیی بە گەشەی کۆگنێتیڤی منداڵ و هەرزەکارەوە هەیە. بەڵام هەندێک لە مرۆڤەکان دڕەنگ تێی دەپەڕێنن، یان تیایدا دەچەقن و دەبنە یەخسیری ئیگۆی خۆیان. هەندێک جار ئیگۆسێنتریزم دەبێتە هاندەر بۆ داهێنان و سەرکەوتن لە ژیاندا، واتە مەرج نیە مرۆڤی ئیگۆسێنەتریست توانای بیرکردنەوەی نەبێت، بیر دەکاتەوە بەڵام بەشێوازێکی نارەخنەیی، بەمەبەستی پاساوهێنانەوە و سەپاندنی دیدگای تایبەتی خۆی، بگرە هەندێک جار توانای ئەوەی هەیە زۆر زیرەکانە  تەڵەکانی ریتۆریک و زمان و چەواشەگۆیی لۆجیکی بەکار بێنێت بۆ تاریکاندن و شاردنەوەی پەیوەندیی نێوان فاکتەکان. هەندێک لەوانەی بەشێوەیەکی ناڕەخنەیی بیردەکەنەوە سەرەتا دەبنە یەخسیری ئیگۆی خۆیان، پاشان دەبنە دیلی ئیگۆیەکی گەورەتر کە دەشێت لە وێنەی سەرکردە، یان پارتێکی سیاسی، یان عەقیدەیەکی ئاینی، یان ئایدیۆڵۆجیایەکی دیاریکراودا بەرجەستە ببێت. ئەو دۆخە پێی دەوترێت سۆسیۆ-سێنتریزم، واتە ئەو کاتەی مرۆڤ هەست دەکات ناتوانی بە ئیگۆی خۆی شەڕی ئیگۆکانی تر بکات، بۆیە بە ناچاری پەنا دەبات بۆ ئیگۆیەکی دەستەجەمعی گەورەتر، هەوڵدەدات لە ئیگۆیەکی گەورەتردا بتوێتەوەو تەماهی بکات کە غرورو ئارامی سایکۆلۆجی بۆ دەستەبەردەکات.

هەرچەندە لۆجیک زانستێکی بێلایەن و نیوتراڵ نیە؛ بەڵام شارەزابوون لە لۆجیک بەردی بناغەی بیرکردنەوەی رەخنەییە. ئێمە لە ڕێگای لۆجیکەوە راستی و دروستی ئارگیومێنت فێردەبین؛ لە هەمان کاتدا دەتوانین لەڕێی لۆجیک خۆیەوە فێلەکانی لۆجیک و ریتۆریک کەشف بکەین. بۆیە نەریتێکی خراپی دیکەی ئەقڵی مرۆیی کە دەچێتە خانەی دژایەتیکردنی بیرکردنەوەی رەخنەییەوە بریتییە لە رقبوونەوە لە لۆجیک و ئارگیومێنتی فیکریی. رق لە لۆجیک نەریتێکی باوە لە زۆربەی ئەو کۆمەڵگانەدا کە تەمبەڵیی فیکریی و دیدی غەیبانی و تاکڕەوانە تیایاندا زاڵە. ر‌ق لە لۆجیک واتە رق لە ماتماتیک، واتە دژایەتیکردنی ئەو راستییەی کە پێماندەڵێت: هاوتەریب لەگەڵ جیهانی سروشتی و کۆمەڵایەتیدا، کۆمەڵێک دراوی رەمزیی و کۆمەڵێک هاوکێشە هەن دیارەدکان بەڕێوە دەبەن. تێگەیشتن لەو هاوکێشانەو و تەرجەمکردنیان بۆ کۆنسێپت و زمانی ماتماتیک بەرچاومان زیاتر رۆشن دەکاتەوە. هەروەها دەسکاریکردنی ئەو هاوکێشانە لە دنیای گریمانەیی فیکردا، بە باش یان بە خراپ، کاریگەریی لەسەر زەمینی واقع بەجێدێڵێت.

هەر وەک چۆن رق لە لۆجیک “بیرکردنەوەی نا-رەخنەیی” بەرهەم دێنێت، زیادەڕۆییش لە بیرکردنەوەی لۆجیکیدا دیوار لەنێوان دنیای ئایدیاکان و دنیای واقعدا دروست دەکات. تەرجەمەکردنی جیهان بۆ دراوگەلێکی رەمزیی بەهەمان ئەو ئەندازەیەی گرنگە، مەترسی خۆشی هەیە، بەتایبەتی کاتێک کەسی بیرکەرەوە لە وێڵگاکانی دنیای رەمزیدا وندەبێت و توانای هاتنەدرەوەو گەڕانەوەی بۆ دنیای واقعی نامێنێت. بەهۆی نەریتی مەدرەسیی خۆرئاوای سەدەکانی ناوەڕاستەوە، کە دواتر بووە هەوێنی دروستبوونی زانکۆی مۆدێرن، هەروەها نەریتی خوێندنی کەلام و شەریعەی ئیسلامی کە بووە هەوێنی دروستبوونی خوێندنی حوجرەیی و مەرجەعیەت و حەوزەی ئاینی..،  دیوارێکی جیاکەرەوە لەنێوان نوخبەی فەیلەسوفان و خوێندەواران و پیاوانی ئاینی لە لایەک و خەڵکی ئاسایی لەلایەکی ترەوە دروست بوو، کە تا ئێستا بە جۆرێک لە جۆرەکان و لە سیاقی جیاوازدا درێژبوونەوەی هەیە. بەم پێیە، بیرکردنەوە لە کردەیەکی مرۆییەوە بووە ئەرکی نوخبەیەکی دیارکراوی کۆمەڵگا.  لە دۆخێکی وادا، بیرکردنەوە گرنگترین رەگەزی خۆی لەدەستدەدات کە بریتیە لە زاووزێی فیکریی کە لە ئەنجامی ئارگیومێنت و بەریەک کەوتنی نێوان فیکر و جیهاندا دروست دەبێت. واتە هەرچەندە لۆجیک کۆمەکمان دەکات جیهان تەرجەمە بکەین بۆ کۆمەڵێک هاوکێشەی رەمزیی؛ بەڵام زیادەڕۆیی لە لۆجیکدا ئەو توانایە لەدەست دەدات کە هاوکێشە زەینیەکان تەرجەمە بکەینەوە بۆ هاوکێشەی واقعی، ئیتر لە دنیای مەجازی و گریمانەییدا بەند دەبین.

لە دوای رێنیسانسەوە شەڕی زۆربەی بیرکەروە رەخنەییەکان دژی دوو فۆرمی پەڕگیری مامەڵەکردن بوو لە گەڵ لۆجیکدا؛ یەکەم مامەڵەیەکی نەرێنی بوو، کە سنوری بۆ حەڵاڵ و حەرام لە بیرکردنەوەی مرۆڤدا دەکێشا. دووەم مامەڵەیەکی ئەرێنی بوو، کە بایەخدانی بە لۆجیک دەبردە ئاستێک کە جیهانی فیکر دەکاتە ئاڵتەرناتیڤی ژیانی راستەقینە. هەربۆیە پسپۆڕانی بیرکردنەوەی رەخنەیی لە سەدەی بیستەمدا گەشەیان بە تێزێکی تازە دا لەژێر ناوی “لۆجیکی نافەرمی”، واتە ئەو لۆجیکەی کە لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ دراوە واقعیەکان و ژیانی کۆمەڵایەتی تاک و کۆمەڵگادا. گرفتی لۆجیکی فەرمی، کە لە ئەرستۆوە دەستپێدەکات، لەوەدایە بیرکردنەوەو ئارگیومێنتی فیکریی دەکاتە کاری دەسەتبژێرێکی بچووکی کۆمەڵگا. هەموو ئەو بابەتانەش کە لەناو ئەو دەستەبژێرەدا تاووتوێدەکرێن بابەتگەلێکی میتافیزیکی و فیکریی پەتین، دابڕاو لە گرفت و پرسیارە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوریەکان. لە بەرامبەردا، لۆجیکی نافەرمی واتە گەڕاندنەوەی ئارگیومێنتی لۆجیکی  بۆ ناو کۆمەڵگاو نێوەندەکانی خوێندن، لە قۆناغی سەرەتاییەوە بۆ خوێندنی باڵا، بەمەبەستی تاووتوێکردنی ئەو گرفت و پرسیارانەی کە هەنووکەیین و بەشێکن لە خەمی کۆمەڵگا بەگشتی.

لە ئێستادا بیرکردنەوەی رەخنەیی هاوتاو دیوی دووەمی بیرکردنەوەی داهێنەرانەیە. واتە لۆجیک تا ئەو شوێنە پێویستە کە فێرمان دەکات بە پلەکانی مەعریفەدا سەربکەوین، لە نزمترین پلەوە، کە وەرگرتنی زانیارییە بە شێوەیەکی پەتی، پاشان تێگەیشتن و بەکردەکرن و شیکردنەوەی زانیاری، تا دەگاتە هەڵسەنگاندن و رەخنەکردنی زانیاری. بەڵام هاوکات لەگەڵ هەر پلەیەکی مەعریفیدا ئێمە پێویستمان بە بەگەڕخستنی خەیاڵی داهێنەرانەیە، پێویستمان بە لێک موتربەکردنی رەگەزە جیاواەکانی جیهانی گریمانەیی و جیهانی سروشتییە بۆ بەدەستهێنانی ئاڵتەرناتیڤی نوێ لە هەموو کایە رەمزی و فیزیکیەکانی ژیاندا. تازەترین تیۆرەکانی مەعریفەو فێرکاری جەخت لەوە دەکەنەوە کە باڵاترین ئاستی بیرکردنەوە ئەو جۆرەیە کە فێری داهێنانمان دەکات نەک دووبارەکردنەوە. ئەگەر لۆجیک فێری پرۆسەیەکی زەینیی سیستماتیکمان بکات تا لە رێگەی تێکەڵکردنی تێزە فیکرییە جیاوازەکانەوە تێزی نوێ و لێکدراو دەستبخەین؛ ئەوە بیرکردنەوەی داهێنەرانە فێری ئەوەمان دەکات لە سیستم دەرچین و گەمە لەگەڵ ئایدیا و ئیلیمێنتەکاندا بکەین، خەیاڵ بەگەڕ بخەین و بۆ گەڕان بە دوای ئاڵتەرناتیڤی نوێدا لە هەموو کایەکاندا، لە هونەر و ئەدەبیاتەوە بۆ تەکنەلۆجیای زانیاری، تا زانستی دیزاین و ئەندازیاری و گەردوونناسی و سەرجەم بوارەکانی تری زانست. بیرکردنەوەی رەخنەیی دژی ئەو نەریتە فەلسەفییەیە کە لە ئەفلاتۆنەوە دەستپێدەکات و بە چاوی نزم تەماشای هونەر دەکات، ئەو نەریتەی زیاتر بایەخ بە بیرکردنەوەی پەتی و دروستکردنی کڵێشەی میتافیزیکی و فیکریی دەدات کە بە درێژایی مێژو کۆت و بەندی بۆ داهێنەران دروستکردوە. بیرکردنەوەی رەخنەیی لە رووی فەلسەفییەوە هەوڵ دەدات ئەو دوو قوتابخانە فیکرییە پێکەو ئاشت بکاتەوە کە بە قوتابخانەی ئەقڵانی و ئەزموونگەریی ناسراون، لە ڕووی سایکۆڵۆجیشەوە هەوڵ دەدات دوو وەزیفەی مێشکی مرۆڤ، کە تا ئێستا بە جیا بایەخیان پێدراوە -وەزیفەی بیرکردنەوەی پەتی و وەزیفەی خەیاڵی داهێنەرانە- لێکگرێ بدات و لە یەک وەزیفەدا کۆیان بکاتەوە.

نەریتێکی تر کە ناکۆکە لەگەڵ بیرکردنەوەی رەخنەییدا ئەو نەریتە پەروەردەیی و ئەکادێمییە نەریتپارێزەیە کە جیاکاری لەنێوان پسپۆڕییەکان و کایەکانی مەعریفەدا دروستدەکات. بیرکردنەوەی رەخنەیی هەوڵدەدات بایەخی مەعریفیی هاوبەش لەنێوان پسپۆڕیەکاندا بدۆزێتەوە، پشئەستور بە چەند پایەیەک کە بریتین لە فەلسەفە، لۆجیکی ماتماتیک، سایکۆڵۆجیا، مۆراڵ و ئاکارناسی، تیۆرەکانی نوسین و خوێندنەوەی دەق، تیۆرەکانی داهێنان، لەپاڵ پێداگۆجی و پەروەردەدا. گەشەکردنی بیرکردنەوەی رەخنەیی هاوزەمانە لەگەڵ لەگەڵ پەرەسەندنی نەریتێکی تازەی نێوەندە ئەکادێمیەکانی خۆرئاوادا، کە بە فرە پسپۆڕیی و تێکڕژانی نێوان کایەکانی زانست و مەعریفە ناسراوە.

پرسیاری دووەم:

بیریارە دیارەکانی ئەم بوارە کێن و تێکستەکانی کامانەن؟ ڕەوتە مێژووییەکەی چۆن و لە کوێوە دەستپێدەکات؟

د. شاهۆ:

ریشەی فەلسەفیی بیرکردنەوەی رەخنەیی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دەرکەوتنی لۆجیک و ئارگیومێنتی فەلسەفیی لای گریک. بەدرێژایی سەدەکانی ناوەڕاست ئارگیومێنت و لۆجیک خراونەتە خزمەتی تیۆڵۆجیای ئاینییەوە؛ بەڵام لە رێنیسانس بەدواوە، میتۆدی رەخنەیی بەردی بناغەی هەر کەشفێکی زانستی و هەر وەچەرخانێکی ئەپستمۆلۆجی گەورە بووە. جیهانی مۆدێرن قەرزاری کۆمەڵێک زاناو فەیلەسوفە کە لە رێگای بیرکردنەوەی رەخنەییەوە روخساری مێژویان گۆڕیوە. گالیلۆ، کۆپەرنیکۆس، بایکۆن، دیکارت، رۆشنگەرانی فەرەنساو ئەڵمانیا، کانت، هێگڵ، ئادەم سیمیت، لۆک، نیوتن، کۆنت، داروین، مارکس و فرۆید… نمونەی ئەو زاناو فەیلەسوفانەن کە بەر لەوەی خاوەنی هەر تێزو بۆچوونێک بن خاوەنی میتۆدی تایبەتی خۆیان بوون لە شیکردنەوەو رەخنەکردنی دیاردەو چەمکەکان و سەلەنوێ داڕشتنەوەیان.

بیرکردنەوەی رەخنەیی بەو چەمکەی کە ئێستا لە خۆرئاوا باسی دەکرێت زادەی سەدەی بیستەمە. بۆ یەکەمین جار لە سەدەی بیستەمدا درزێک کەوتە ئەو دیوارە ئەستورەی کە لە نێوان لۆجیک و زانست و هونەردا بنیات نرابوو. بۆ نمونە ئەنیشتاین و فیزیاناسەکانی بواری کوانتەم میکانیک، بە هەمان ئەو ئەندازەیەی پشتئەستور بوون بە تاقیگەی زانستی و شیکرندەوەی ماتماتیکی، پەنایان بۆ توانا خەیاڵییەکانی مرۆڤیش برد بەمەبەستی وێناکردنی گریمانەکانیان. فینۆمینۆلۆجیستەکان دیواری نێوان خود و بابەتیان هەڵگرت. فەیلەسوفە زمانناسەکانی وەک دێسۆسێر و ڤتگنشتاین، دیواری نێوان زمان و هەقیقەت و کۆمەڵناسی و تەلارسازییان لابرد. هەموو ئەو زانا و فەیلەسوفانە رێیان خۆشکرد بۆ وروژاندنی پرسیارێک دەربارەی ئەگەری “بیرکردنەوە لە دەرەوەی چوارچێوەدا”، نەک تەنها لە بوارە وردەکانی زانست و فەلسەفەدا، بەڵکو لە ژیانی پیشەیی و پەروەردەو پێداگۆجیشدا.

پسپۆڕانی بیرکردنەوەی رەخنەیی لە ئەمریکا بایەخی زۆر بە دوو بیریاری ئەمریکی دەدەن و پێیان وایە رۆڵی گرنگیان هەبووە لە رەخنەکردنی سیستمی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی نەریتپارێز و دامەزراندنی سیستمی پەوەردەی لیبراڵ، پشتئەستور بە بیرکردنەوەی رەخنەیی. یەکەمیان کۆمەڵناس ئەنترۆپۆلۆجیست “ولیام گراهام سۆمنەر” و دووەمیشیان “جۆن دێوی”یە کە بە باوکی فەلسەفەی پەروەردەی ئەمریکیی هاوچەرخ لەقەڵەم دەدرێت. لە فەلسەفەی پەوردەیی ئەوروپیشدا ئاماژە بە رۆڵی گرنگی دوو فەیلەسوف دەدرێت کە کاریگەرییان لەسەر تیۆرەکانی بیرکردنەوەی رەخنەیی بەجێهێشتوە: فەیلەسوفی نەمسایی “ڤتگنشتاین” و بیریارو سایکۆڵۆجیست “جان پیاژێ”.

لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا سۆمنەر کتێبێکی نوسی لە‌ژێر ناونیشانی “فۆڵکوەیز”، کە بە مانای رێورەسمی میللی دێت. لەو کتێبەدا بەراورد لەنێوان مەعریفەی کۆمەڵایەتی دەستەجمعی و مەعریفەی تاکەکان دەکات. پێشنیازدەکات سیستمی پەروەردەیی ئەمریکا گەشە بە بیرکردنەوەی رەخنەیی بدات، فێرخواز فێری ئەوە بکات هیچ زانیارییەک وەک هەقیقەت وەرنەگرێت و دیدی رەخنەیی بەگەڕبخات بۆ رەتکردنەوەی ئەو زانیاریانەی لەگەڵ واقع و دراوە زانستیەکاندا ناگونجێن. پێشنیاز دەکات مامۆستایان و فێرخوازان لە هەردوو رەگەزەکە راهێنانی بەردەوام وەرگرن بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دوور لە نەریتە خراپەکانی ئەقڵ، وەک چەواشەگۆیی وخورافات و بەدگومانی. لە دیدی سۆمنەردا پێویستە مامۆستا ئەو فەرمانبەرە پەوەردەییەی کۆمەڵگای مۆدێرن بێت کە کۆتایی بە بیرۆکەی پشتاوپشتکردنی حیکمەت و مەعریفە لە نەوەی کۆنەوە بۆ نەوەی نوێ دێنێت، ئەرکی مامۆستا دروستکردنی نەوەیەکی نوێیە لە فێرخوازان کە دەستبەرداری تەنگبینی بن، رەخنەگرانە بڕواننە جیهان و گومان لە بەهاکان بەکەن، بەدوای بەڵگەدابگەڕێن و هیچ زانیارییەک وەک فاکت وەرنەگرن.

جۆن دێوی بە شێوەیەکی رۆشنتر باسی لە بایەخی بیرکردنەوەی رەخنەیی کرد، بە بەردی بناغەی سیستمی پەروەردەی هاوچەرخ و سیستمی سیاسیی دێمۆکرات لە قەڵەمی دا. ئەو پێی وابوو بە هۆی پێشکەوتنی کۆمەڵگای پیشەسازیی ئەمریکاوە ستراکچەری کۆمەڵگا گۆڕانی ریشەیی بەسەر هاتوە، سیستمی کۆمەڵایەتی و پەروەدەیی نەریتپارێز توانای پەروەردەکردنی تاکی ئازادو بەرهەمهێنی نەماوە. تاک کە یەکەیەکی گرنگی کۆمەڵگای مۆدێرنە دەبێت لەناو قوتابخانەدا دروست بکرێت، دەبێت قوتابخانە ببێتە ئاڵتەرناتیڤی ئەو ژینگە تەقلیدییەی خێزان و خێڵ کە لە کۆندا منداڵی پەروەردە دەکرد. لای دێوی، جیاوازی قوتابخانەی مۆدێرن بە بەراورد بە ناوەندە کۆنەکانی خوێندن لەوەدایە کە قوتابخانە تەنها شوێنێک نیە بۆ وەرگرتنی زانیاری پێشوەخت ئامادەکردن لەلایەن مامۆستاوە؛ بەڵکو لە هەمان کاتدا تاقیگەیەکە بۆ ئەوەی فێرخواز توانا پراکتیکیەکانی خۆی تاقیبکاتەوە. رێزگرتن لە کەرامەتی فێرخواز وەک قەوارەیەکی ئازاد کە خاوەنی کەسایەتی وبیرکردنەوەی سەربەخۆی خۆیەتی زامنی سەرکەوتنی سیستمی پەروەردەی هاوچەرخە. دێوی پێی وابوو منداڵ خاوەنی کۆمەڵێک توانای زەینی خۆڕسکە، ئەرکی قوتابخانە ئەوە نیە تەنها فێری ئەو شتانەی بکات کە پێشتر بڕیاری لەسەر دراوە؛ بەڵکو راستتر دەبێت ژینەگەی لەباری بۆ بڕەخسێنێت و فێری ئارگیومێنتی بکات، تا خۆبەخۆ تواناکانی خۆی کەشف بکات. پێی وابوو سروشت لە گۆڕانی بەردەوامدایە، بۆیە پێویستە مەعریفەو زانستەکانیش لە گۆڕانی بەردەوامدا بن، قوتابخانە و زانکۆکان ببنە شوێنی فێربوونی بەردەوامی مامۆستا و فێرخواز پێکەوە.

هەرچەندە جۆن دێوی بە باوکی میتۆدی بیرکردنەوەی رەخنەیی هاوچەرخ لە قەڵەم دەدرێت؛ بەڵام خۆی پێی وایە ریشەی بیرکردنەوەی رەخنەیی دەگەڕێتە بۆ سەردەمی سەرهەڵدانی میتۆدی زانستی و سۆراخکاری لەسەر دەستی بایکۆن و مێڵ و لۆک.  لە کتێبی “ئێمە چۆن بیردەکەینەوە؟”، دێوی بیرکردنەوەی رەخنەیی بە جۆرێک لە بیرکردنەوەی چالاک و ورد و بەردەوام وەسف دەکات بە مەبەستی تاووتوێکردنی بیروباوەڕو مەعریفەکان، لەبەر رۆشنایی زەمینەی دروستبوونیان و ئەو ئەنجامگیرییە نوێیانەی کە دەشیت لەبارەیانەوە بەدەست بێن.

لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە، بیرکردنەوەی رەخنەیی لە میتۆدێکی فەلسەفیی و چەمکێکی تیۆرییەوە گوازرایەوە بۆ کایەی پەروەردە و فێرکردن لە ئەمریکا. هاوبەندیی پەروەردەی پێشکەوتوخواز (پی.ئی.ئەی) بیرکردنەوەی رەخنەیی کردە یەکێک لە ئامانجەکانی فەلەسەفەی پەروەردە. تیمی “سیمیت و تایلەر” بۆ هەڵسەنگاندن و پاشان “بینجامین بلوم” و هاوڕێکانی پۆلێنکارییەکیان پێشنیازکرد بۆ پەرەدان بە بیرکردنەوەی رەخنەیی و توانای داهێنان لە ئاستە جیاوازەکانی خوێندندا.

ساڵی ١٩٨٠ کۆنفرانسی نێودەوڵەتی کالیفۆرنیا ژمارەیەکی زۆر لە شارەزاو  پەروەردەکار و داڕێژەرانی سیاسەتی پەروەردەیی لە ئەمریکاو جیهان کۆکردەوە بە مەبەستی ریفۆرمی پەروردەیی و ئەکادیمی لەسەر بنەمای پەرەدان بە بیرکردنەوەی رەخنەیی. هەمان ساڵ زانکۆی کالیفۆرنیا ستەیت خوێندنی بیرکردنەوەی رەخنەیی کردە کۆرسێکی سەرەکی کە پێویستە هەموو فێرخوازان لە هەموو پسپۆڕییە جیاوازەکاندا وەریبگرن. هەر لە هەشتاکانی سەدەی بیستەمدا کۆمەڵەی لۆجیکی ناڕەسمی (ئەی.ئای.ئێڵ) جەختی لەسەر هەمان بابەت کردەوە، پاشان کۆمیتەی بەشە فەلسەفیەکان (ئەی.پی.ئەی) جەختی لەسەر خوێندنی فەلسەفەو بیرکردنەوەی رەخنەیی کردەوە لە قۆناغەکانی خوێندنی بەر لە زانکۆدا.

بەکورتی دەتوانین بڵێێن ئێستا لە ئەمریکاو خۆرئاوا، لە سەر دوو ئاست بایەخ بە بیرکردنەوەی رەخنەیی دەدرێت؛ ئاستێکی فەلسەفی و تیۆریی کە جێبایەخی بەشەکانی فەلسەفەو جۆرناڵ و کۆنفرانسە تایبەتەکانی فەلسەفەیە؛ لەپاڵ ئاستێکی پەروەدەیی و پیشەیی و پێداگۆجیدا، کە بیرکردنەوەی رەخنەیی کردۆتە کرۆکی سیاسەتی خوێندن و ئامانجی پرۆگرامەکانی گەشەی مرۆیی لەسەر هەموو ئاستەکانی خوێندن و لە هەموو کایە جیاوازەکانی داهێنان و کارگێڕی و بەرهەمهێناندا.

پرسیاری سێیەم:

ئایا بیرکردنەوەی ڕەخنەی جێگرەوەی  بیرکردنەوەی سادە و جۆرناڵیستی (رۆژنامەوانی) نیە بەرامبەر بیرکردنەوەی تیۆریی قووڵ کە سەدان ساڵە لە فەلسەفەدا بایەخی پێدەدرێت؟

د. شاهۆ:

بیرکردنەوەی رەخنەیی میتۆدێکی نزیککاری و کەشفە، دەکرێت لەسەر هەموو ئاستە  ئاسان و لێکدراو و قووڵەکان پێڕەوبکرێت، لە قۆناغی سەرەتایی خوێندنەوە تا ئاستی توێژینەوەی وردو قووڵ لە پسپۆڕییە جیاوازەکاندا. بیرکردنەوەی رەخنەیی دەکرێت وەک میتۆدێکی فەلەسەفیی بخرێتەگەڕ بۆ وردبوونەو تێرامان لە بابەتە تیۆرییە پەتییەکان. لە هەمان کاتدا دەکرێت بکرێتە میتۆدێک بۆ تێگەیشتن و شیکرندەوەو هەڵسەنگاندنی دیاردە رۆژانەییەکانی ژیان و کایەکانی کارکردن و بەرهەمهێنان. کرانەوەو نەرمیی بیرکردنەوەی رەخنەیی و گونجاندنی لەگەڵ پسپۆڕییە جیاوازەکان و ئاستە جیاوازەکانی مەعریفەدا مانای ئەوەی نیە کێشەی لەگەڵ چەشنە ناڕەخنەییەکانی بیرکردنەوەدا نیە. بەڵکو بەپێچەوانەوە، کێشەی گەورەی لەگەڵ پۆپۆلیزم و گوتاری سیاسی و میدیایی ئاراستەکراودا هەیە، کێشەی گەورەی لەگەڵ ریتۆریک و تەڵەکانی زماندا هەیە. واتە بیرکردنەوەی رەخنەیی گرفتی لەگەڵ ئەوەدا نیە کە ئایا تۆ لە چ ئاستێکی مەعریفی و فێربووندایت، ئایا فێرخوازیت یا پرۆفیسۆر، میدیاکاریت یان توێژەر؟ بەڵکو گرفتەکەی ئەوەیە ئایا توانای تاقیکردنەوەو بینینی گۆشەنیگا جیاوازەکانت هەیە؟ ئایا دەربڕینت رۆشنە یان پەنا بۆ چەواشەگۆیی و تاریکاندن دەبەیت؟ ئایا کاتێک لە بابەتێک دەدوێیت باس لە کرۆکی بابەتەکە دەکەیت یان قسە لەسەر خاوەنەکەی دەکەیت؟ واتە دەشێت بیریاری رەخنەیی کێشەی لەگەڵ کەسێکدا هەبێت کە لە بواری فیکری و تیۆریی قووڵدا کاردەکات هەروەک چۆن دەشێت کێشەی لەگەڵ کەسێکدا هەبێت کە لە ئاستێکی نزمی وتووێژو تێگەیشتندا بێت. بیرکردنەوەی رەخنەیی پێماندەڵێت ئەوەی گرنگە میتۆدە، نەک تایتڵ و قەبارەی ئەو زانیاریانەی دەیوروژێنین. دەکرێت لەسەر دیاردەیەکی بچووک بەشێوەیەکی قووڵ و فراوان و رەخنەییانە قسەبکەین، هەروەک چۆن دەکرێت بەشێوەیەکی رووکەش و بەزمانێکی پڕ لە هەڵەی لۆجیکی لە بابەتێکی قووڵ و گەورە بدوێین. 

بیرکردنەوەی رەخنەیی کێشەی گەورەی لەگەڵ گوتاری میدیاییدا هەیە؛ چونکە میدیا لە هەر وڵات و لە هەر نێوەندێکی کولتوریدا زادەی سۆسیۆ-سێنتریزمە. میدیا زمانحاڵی کەرتە جیاوازەکانی کۆمەڵگایە. گوتاری میدیایی بەو شێوەیە فۆرمەلەدەکرێت کە گوزارشت لە دیدی دەستەجەمعی کۆمەڵگا بەگشتی یان یەکەیەکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو بکات، بەو زمانە دەدوێت کە زۆرترین خوێنەر و بینەر لە دەوری خۆی خڕبکاتەوە. ئەوەی لە پەیامی میدیاییدا ونە وەرگرە وەک تاکەکەس، چونکە سەرکەوتوویی هەر پەیامێکی میدیایی و هەر دەزگایەکی رۆژنامەوانی بەوە دەپێورێت کە ئایا سەرنجی چەند کەس لەرووی چەندایەتیەوە رادەکێشێت. بەگوێرەی تیۆرەکانی بیرکردنەوەی رەخنەیی هیچ میدیایەک، تەنانەت لە لیبراڵترین وڵاتدا، بێلایەن نیە؛ چونکە میدیا و سیاسەت دوو دیوی یەک دراون. هەرچەندە میدیا لە رواڵەتد خۆی وا نیشان دەدات کە دژی گوتاری سیاسییە؛ بەڵام لە راستیدا دژی جۆرە گوتارێکی سیاسییە و لەپێناو جۆرە گوتارێکی سیاسی تردایە. گوتاری میدیایی و گوتاری سیاسی لەسەر وروژاندن قسەدەکەن، لەسەر بە ژمارەکردنی وەرگر کاردەکەن، هەموو کۆششێک بەگەڕدەخەن تا سەرنجی وەرگریان لەسەر لانەچێت. ئەگەر هەر گوتارێکی میدیایی بەشێوەیەکی رەخنەیی هەڵبوەشێنینەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین، هەموو ئەو تەپکە زمانەوانی و لۆجیکیانە کەشف دەکەین کە گوتارەکەی لەسەر دامەزراوە.

هەندێک لە پسپۆڕانی بیرکردنەوەی رەخنەیی دەڵێن گەر دەتەوێت رەخنەییانە بیر بکەیتەوە تەماشای تەلەڤزیۆن مەکەو هەواڵ مەخوێنەرەوە. بەڵام من دەڵێم ئاساییە ئاگامان لە میدیا بێت، بەو مەرجەی وەرگرێکی پاسیڤ نەبین، بەو مەرجەی توانامان هەبێت نێوانی دێڕەکان بخوێنینەوە و ئەو گوتارە سیاسییە کەشف بکەین کە لە پشتی گوتارە میدیاییەکەوەیە. بۆ نمونە زۆرینەی ئەمریکییەکان لەڕووی سیاسییەو دابەشبوون بەسەر لیبراڵ و کۆنزەرڤاتیڤەکاندا، لەڕووی میدیاییشەوە دابەشبوون بەسەر (سی.ئێن.ئێن) و (ئێم.ئێس.ئێن.بێ.سی) و (فۆکەس نیوز) و (برایتبار) و چەند کەناڵێکی تر، کە گوزارشت ئاڕاستە جیاوازەکانی دێمۆکراتەکان و کۆمارییەکان دەکەن. واتە ئەوە زۆرینەی ئەمریکیەکان خۆیان نین بیردەکەنەوە، خۆیان نین راست و ناڕاست جیادەکەونەوە؛ بەڵکو ئەوە میدیایە سنوری نێوان راست و هەڵەیان بۆ دەکێشێت و پێیان دەڵێت چۆن بیربکەنەوە و چۆن بابەتەکان هەڵبسەنگێنن.

بیرکردنەوەی رەخنەیی هەر وەکچۆن دژی ئیگۆ-سێنتریزمە بەهەمان شێوە دژی سۆسیۆ-سێنتریزمە. واتە وەک چۆن دژی ئەوەیە بەبێ چاودێری رەخنەیی ستایشی دیدی خۆمان بکەین، بەهەمان شێوە دژی ئەوەشە تەسلیمی دیدی دەستەجەمعی ئەو گروپە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئاینییە ببین کە وەلائمان بۆی هەیە. چونکە هەموو گروپێکی دەستەجەمعی خاوەنی میدیای خۆیەتی، لە دیوەخانی خێڵەوە کە گوتاری خێڵی تیادا فۆرمەلە دەکرێت، تا مینبەری مزگەوت و پەرستگا ئاینیەکان، تا راگەیاندنی ئاراستەکراوی حیزب کە نمونەی لە وڵاتی خۆماندا هەیە، تا مۆدێلی راگەیاندنی وڵاتە دێمۆکراتەکان کە لەلایەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بەرژەوەندیی ئابوری و سیاسییەوە ئاراستە دەکرێن.

پرسیاری چوارەم:

بیرکردنەوەی ڕەخنەیی تا چەند سەفسەتە و چەواشەگۆیی کەمدەکاتەوە؟ بەتایبەتی لە سەردەمێکدا کە سەفسەتە لە هەموو شوێنێکەوە هەڵدەقوڵێت، لە گوتاری سیاسیەکانەوە تا چاتکردنی بێشواری مرۆڤەکان؟

د. شاهۆ:

بیرکردنەوەی رەخنەیی لە سەردەمی سۆکراتەوە تا بزاوتی “لۆجیکی نافەرمی” دژی سەفسەتەبازی و تەڵکەبازیی زمانەوانییە. لە بیرکردنەوەی رەخنەییدا لیستێک چەواشەگۆیی لۆجیکی Logical Fallacy هەن، کە مێکانیزمی چەشنە جیاوازەکانی سەفسەتەبازی و ریتۆریک لە خۆدەگرێت. گەر لەبەر رۆشنایی ئەو لیستە گوتاری سیاسی و میللی باو شیتاڵ بکەیەن، بە رۆشنی بۆمان دەردەکەوێت ئێمە بە چ تەونێک لە بیرکردنەوەو گوتاری ناڕەخنەیی تەنراوین. هەندێک لەو گوتارانە خۆراک لە دەسەڵاتەوە وەردەگرن، کە لە زاراوەسازیی لۆجیکدا پێێ دەوترێت “پەنابردن بۆ دەسەڵات یان هێز”. ئەو کەسانەی نا-رەخنەییانە بیردەکەنەوە متمانەیان بە بیرکردنەوەی خۆیان نیە، بۆیە هەمیشە پێویستیان بە گوتارێکی دەستەجەمعی بەهێزە تا خۆیانی لەپاڵدا حەشار بدەن و بیکەنە سەنگەرێک بۆ خۆپاراستن یان پەلاماردانی گوتاری پێچەوانە. دەسەڵات مەرج نیە تەنها دەسەڵاتی سیاسی بێت؛ دەشێت دەسەڵاتی ئابووری، یان ئاینی، یان تەنانەت رۆشنبیری و ئەکادیمی بێت. ئەم جۆرە لە فۆڵەسی سەرەتا وەک کێشەیەکی مەعریفی دەردەکەوێت، بەڵام بەردەوامبوون لەسەری گرفتی سایکۆڵۆجی و ئەکاریی لێدەکەوەتەوە، مرۆڤ فێری جۆرێک لە دووفاقی سایکۆڵۆجی و رووپامایی رۆشنبیریی دەکات. پەنابردن بۆ گوتاری دەسەڵات لە رواڵەتدا وادەردەکەوێت رێزگرتنە لە دەسەڵات؛ بەڵام لە جەوهەردا ترسە لە دەسەڵات و تەسلیمبوونە بە گوتاری باڵادەست، کە لە سایەیدا مرۆڤ قەوارەی خۆی وەک بوونەوەرێکی بیرکەرەروە دەدۆڕێنێت.

جۆریکی تر لە چەواشەگۆیی لۆجیکی پێی دەوترێت “پەنابردن بۆ زۆرینە یان حەشامەت”. ئەوانەی ئەم جۆرە لە فۆڵەسی پێڕەودەکەن پێیان وایە هەمیشە زۆرینە لەسەر هەقە، یان قەناعەتیان وایە یاخیبوون لە زۆرینە مرۆڤی بیرکەوەرە تووشی گۆشەگیریی دەکات و کاریگەریی خراپ لەسەر پێگەی کۆمەڵایەتی دروستدەکات. بۆیە دەبینین زۆربەی ئەوانەی کە خۆیان وەک نەیاری دەسەڵات نمایش دەکەن لە سەنگەری حەشامەتی خەڵکدا خۆیان دەبیننەوە. بەڵام لە راستیدا ترس لە حەشامەت هیچی کەمتر نیە لە ترس لە دەسەڵات، مەراییکردن بۆ حەشامەت وەک مەراییکردن بۆ دەسەڵات مەترسیدارە. سەفسەتەی سیاسی و چەواشەگۆیی میللی دوو دیوی یەک نەخۆشین کە دەبنە کۆسپ لەبەردەم بیرکردنەوەی رەخنەییدا. ئەگەر مرۆڤ نێرەری گوتاری چەواشەکاری بێت یاخود وەرگری پاسیڤی گوتارەکە بێت، لە هەردوو حاڵەتدا دەبێتە فەرمانبەری ماشێنێکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی.

پرسیاری پێنجەم:

لە سەردەمێکدا کە زۆر باس لەوە دەکرێت گوایا ئایندە تاریکە و ئاسۆ ڕوون نیە، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی تا چەند دەتوانێت پێشبینی ئایندە  بکات و قسەی لەسەری هەبێت؟

د. شاهۆ:

بیرکردنەوەی رەخنەیی هاوتای چەمکێکە پێێ دەوترێت “چارەدۆزیی” Problem Solving. بەو مانایەی ئێمە تەنها کاتێک بەشێوەیەکی کاریگەر بیردەکەینەوە کە هەست بە گرفت دەکەین. هەستکردن بە گرفت قۆناغی یەکەمی بیرکردنەوەی رەخنەییە. بەڵام بەهۆی نەریتە خراپەکانی ئەقڵەوە، بەتایبەتی تەمبەڵی فیکریی و خود-سێنتەریی، تەنها هەستکردن بە گرفت بەس نییە بۆ پێڕەوکردنی ستراتیجی چارەدۆزیی؛ بەڵکو هەندێک جار پێویستدەکات راستەوخۆ بەر کێشەکان بکەوین تا بەشێووەیەکی جدی بیر لە چارەسەر بکەینەوە. 

ئێستا مرۆڤایەتی رووبەڕووی رستێک ئاڵنگاریی دەبێتەوە، وەک گۆڕانی کەشوهەوا، تەقینەوەی ژمارەی دانیشتوانی سەرگۆی زەوی، بەریەککەوەتنی خۆرهەڵات و خۆرئاوا، شکستی دەوڵەتی خۆشگوزەران لە خۆرئاوا، بێکاری و پەنابردن بۆ رۆبۆرت و ماشین لەبری دەستی کاری تەقلیدیی، شکستی دێمۆکراسی و ئەزموونی بازاڕی ئازاد لە زۆربەی وڵاتانی جهیانی دوو و سێدا، کۆچی نایاسایی لە وڵاتە هەژارەکانەوە بۆ وڵاتە دەوڵەمەندەکان، تێرۆریزم و بڵاوبوونەوەی باندەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، بەجیهانبوونی دیوە ترسناکەکەی کەپیتاڵیزم و خۆگونجاندنی رژێمە ستەمگەرەکان لەگەڵ سیستمی سەرمایەداریدا، لەپاڵ چەندین کێشەی تر کە رۆژانە راستەوخۆ بەریدەکەوین یان گوێبیستی دەبین.

بەڕای من کێشەکانی مرۆڤایەتی تازە نین و لەوەتەی مرۆڤ هەیە کێشە بوونی هەیە. جیاوازیەکە لەوەدایە جۆری کێشەکان گۆڕانی بەسەرهاتووە، بەهۆی ئامرازەکانی تەکنەلۆجیای زانیارییەوە زۆرتر و خێراتر هەواڵی کێشەکانمان پێدەگات. بۆ نمونە ئەگەر لە رابردوودا سەنتەرە بچوکەکانی شارستانەیت لەژێر هەڕەشەی بەربەریەت و لەناوچووندا بووبن، ئێستا پێشکەوتنی شارستانیەتی پیشەسازیی لە زۆر رووەوە هەڕەشە بۆ سەر زەوی دروستدەکات. ئەگەر جاران بەهۆی دیسپۆتیزمی ئاینییەوە مرۆڤبوون وەک بەهایەکی بێنرخ تەماشا کرابێت، ئێستا خودی مرۆڤایەتی و هیومانیزم بوون بە مەترسی لەسەر سروشت و زیندوەرەکانی تر. ئەگەر جەهل و نەزانین لە رابردوودا بەرپرس بووبن لە ترس و وەهم و بتپەرستی، ئێستا تەکنەلۆجیا دەکرێتە ئامرازی بەخشینەوەی ترس و گەمژاندن و پیشەسازیی وەهم.

بەڵام یەکێک لە خووە خراپەکانی ئەقڵ بریتییە لە “گشتاندن” لە دەروەی سیاقدا. بۆ نمونە کاتێک بەرگری لە تێزێک دەکەین هەوڵ دەدەین وەک تێزێکی راست و گشتگیر، کە بۆ هەموو کات و سەردەمێک بشێت، بەرگریی لێ بکەین و تەنها رۆشنایی بخەینە سەر ئەو داتاو زانیاریانەی کە تێزەکەمان پشتڕاست دەکەنەوە. پێچەوانەکەیشی راستە، کاتێک رەخنە لە تێزێک دەگرین لە هەموو ئەو سیاقانەی دادەماڵین کە رەوایەتی پێدەبەخشن و لە دەروەی شوێن و کات لێی دەڕوانین. زۆرجار بەهەمان لۆجیکی گشتاندن مامەڵە لەگەل ئایندەو رابردوودا دەکەین، هەندێک جار دیدی زانستگەریی وامان لێدەکات–وەک بایکۆن- تەنها موژدەو یۆتۆپیا زانستیەکانی ئایندە ببینین. یان کاتێک باسی رابردوو دەکەین مەیلی نۆستالیجی وامان لێدەکات–وەک رۆمانتیکەکان- تەنها یادگارییە جوانەکانی رابردوو زیندوبکەینەوە. بەڵام لە راستیدا گەر بە دیدێکی رەخنەیی تەماشای ئایندە یان رابردوو بکەین هەمو دیاردەکان دەگەڕێنەوە سیاقی راستەقینەی خۆیان، شتەکان بەو شێوەیە دەرەکەون کە هەن، نەک بەو شێوەیەی ئێمە دەخوازین. ئایندە شتێک نیە لە بەردەستدا بێت، بەڵکو دیاردەیەکی گریمانەییە لە چەندین گۆشەنیگاوە تەماشا دەکرێت. لەمبەر و ئەوبەری دیمەنەکەدا، دوو دیدی پەڕگیری پۆزەتیڤیستی و نێهڵیستی دەبینین بۆ پێشکەشکردنی دوو وێنای جیاواز، رۆشن و تاریک، سەبارەت بە ئایندە. بەڕای من پێویستە بە ئاسانی تەسلیمی هیچ تێزێکی پەڕگیر نەبین، چونکە بەگوێرەی بیرکردنەوەی رەخنەیی تێزە هاودژو پەڕگیرەکان تووشی دایڵەما – تەڵەزگەی فیکریمان دەکەن Dilemma Fallacy. لە باشترین حاڵەتدا دەکرێت وەک دوو گریمانە، دوو پێشبینی جیاوز، دوو تێز بۆ دامەزراندنی ئارگیومێنت لە تێزە هاودژەکان بڕوانین بە مەبەستی بەدەستهێنای تێزی سێیەم، کە کۆکەرەوەی لایەنە بەهێزەکانی هەردوو تێزەکەیە.

بیرکردنەوی رەخنەیی هەموو ئەو ئاڵنگاریانە دەبینێت کە هەڕەشە لە ئێستاو ئایندەی مرۆڤایەتی و هەسارەی زەوی دەکەن؛ دەبێ وەک فاکت لە زۆریان بڕوانین کە هەڵگری لێکەوتنەوەی چەندین ئاکامی مەترسیدارن. بەڵام لە هەمان کاتدا ئەو ئاسۆیانەش دەبینێت کە دەشێت لەڕێگای ستراتیجی چارەدۆزییە فراوانتر ببن. بیرکردنەوەی رەخنەیی لەگەڵ ئەو چەشنەی بیرکردنەوەدا یەک نایەتەوە کە پێی دەوترێت “بیرکردنەوەی ئەرێنی” Positive Thinking، چونکە ئەمەی دووم تەنها بایەخ بە لایەنی سایکۆڵۆجی کەسی بیرکەرەوە دەدات و کار لەسەر پێشبینی پێشوەختی دەرەنجام دەکات بە شێوەیەکی ئەرێنی. بەڵام کەسێک رەخنەییانە بیربکاتەوە هیچ حوکم و هیچ پێشبینییەکی پێشوەختی پێ نیە دەربارەی دەرەنجامەکان؛ بەڵکو زیاتر کار لەسەر هۆکار و پێشەکی و تێزەکان دەکات کە دەشێت دەرەنجامی جیاوازیان لێبکەوێتەوە. بەڵام بیرکردنەوی رەخنەیی، لە هەمان کاتدا، لەگەل ئەو چەشنە نەرێنییەی بیرکردنەوەشدا نیە کە پشتئەستورە بە گوتاری ئەدەبی و زۆرجار پەنا بۆ جوڵاندنی سۆز و ریتۆریک و گرێ غەریزییەکانی مرۆڤ دەبات.

دەکرێت نموونەی دوو ئارگیومێنتی دژ بەیەک وەرگرین دەربارەی تەکنەلۆجیای زانیاری و ئایندەناسی. ئارگیومێنتی یەکەم دەڵێت: “تەکنەلۆجیای زانیاری دەبێتە هۆی گەرمبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان، چونکە دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ یەکترناسینی زیاتری کەسە جیاوازەکان لە کیشوەر و شوێنە دوورەکانی جیهاندا” . ئارگیومێنتی دووەم دەڵێت: “تەکنەلۆجیای زانیاری دەبێتە هۆی کاڵبوونەی پەیوەندییە مرۆییەکان، چونکە واقعێکی گریمانەیی مەجازیی دروستدەکات کە مرۆڤ تووشی وەهمی پەیوەندیی دەکات”. ئەم دوو ئارگیومێنتە هەرچەندە دژی یەکن، بەڵام هەردوکیان نادروستن Invalid، هەردوکیان پەنایان بۆ گشتاندن و گریمانەی نەوتراو Hidden Assumption بردوە. هاوکێشەی هەر ئارگیومێنتێکی لۆجیکی سادە پێوستی بە لانی کەمی دوو گریمانەی بنەڕەتی Premise هەیە لەپێناو بەدەستهێنانی ئەنجامگیریدا Conclusion. گەر ئەو پەیوەندییە تەرجەمەبکەین بۆ زمانی سیمبوڵ هاوکێشەکە بەمجۆرەی لێدێت: گەر “ئەلیف” ببێتە هۆی “بێ”. گەر “بێ”ش ببێتە هۆی “جیم”. کەواتە “ئەلف” دەبێتە هۆی “جیم”. بەڵام هەردوو ئارگیومێنتی سەرەوە پەنایان بردوە بۆ تەنها یەک گریمانە، گریمانەی دووەمەیان بە نەوتراوی هێشتۆتەوە. لە ئارگیومێنتی یەکەمدا گریمانەیەکی شاراوە هەیە دەڵێت یەکتر ناسینی مرۆڤەکان لەڕێگەی تەکنەلۆجیای زانیارییەوە دەبێتەهۆی یەکترناسینیان لە واقعی کۆمەڵایەتیدا. لە کاتێکدا ئەم گریمانەیە هەڵەیە چونکە بەشی هەرە زۆری پەیوەندییە گریمانەییەکان، کە لەڕێگەی تەکنەلۆجیای زانیارییەوە دەڕەخسێن، هەر لە جوغزی گریمانەییدا دەمێننەوە و نابن بە پەیوەندیی کۆمەڵایەتی گەرم، بە تایبەتی لە سەردەمێکدا، سەرباری فراوانبوونی فەزای ئەلیکترۆنی، تا ئێستا چەندین لەمپەری فیزیایی و چەندین کۆسپی سیاسی و کولتوریی لەنێوان وڵاتان و کۆمەڵگاکان و مرۆڤەکاندا ماون. بەهەمان شێوە ئارگیومێنتی دووەمیش پەنای بۆ هەمان فێڵی گشتاندن بردوە، گریمانەی دووەمی بە شاراوەیی هێشتۆتەوە کە دەڵێت: پەیوەندیی گریمانەیی و مەجازی نێوان مرۆڤەکان پەیوەندییەکی مرۆیی راستەقینە نیە. لە کاتێکدا ئەم قسەیەش گشتگیرو نادروستە، چونکە بەشی هەرە زۆری پەیوەندییە مرۆییەکان، بە پەیوەندی راستەوخۆشەوە، پەیوەندیی مەجازین. ئاڵوگۆڕی نامەی سەر کاغەز، تەنانەت ئاخاوتن و قسەکردنی رووبەڕووش، جۆرێکن لە پەیوەندیی مەجازی و رەمزی. هەر وشەیەک مرۆڤ دەینوسێت یان دەیدرکێنێت، هەر پۆشاکێک دەیپۆشێت و هەر ماکایجێک بەکاری دێنێت، هەڵگری چەندین بارگەی مەجازی و رەمزییە و ناتوانین بە پەیوەندیی وەهمی ناویان بێنین. مەبەستمە بڵێم ئەو ئارگیومێنتانەی باسی ئایندە دەکەن زۆربەیان گشتگیرن و ئایندە سادەدەکەنەوە. ئارگیومێنتە دژەکان بیرکردنەوەی رەخنەیی فراوان ناکەن، بەڵکو زۆرجار تووشی دایڵەماو تەمبەڵیی فیکریمان دەکەن. بۆ نمونە کاتێک ئارگیومێنتی یەکەم هەڵە دەردەچێت دەسبەجێ خۆمان لە بیرکردنەوە دەدزینەوەو دەڵێین کەواتە ئارگیومێنتە دژەکەی راستە. واتە بژاردەی ئێمە هەمیشە لەنێوان دوو ئارگیومێنتی پەڕگیرو نادروستدایە.

پرسیاری شەشەم:

لە بەرامبەر بیرکردنەوەی ڕەخنەییدا تیۆرەی ڕەخنەییش هەیە Critical Theory کە نەریتێکی فەلسەفی سەد ساڵەی لەپشتە، لە کۆمەڵناسییەوە تا تیۆرەی ئەدەبی دەگرێتەوە و سەرەتاکانی دەگەڕێتەوە بۆ قوتابخانەی فرانکفۆرت. پرسیارەکە ئەوەیە کامیان کەمتر ملکەچی بازاڕ و ئایدیۆڵۆجیای باڵادەستی سێستیمەکەی ئەمڕدەبن؟

د. شاهۆ:

هەردوو رەوتەکە هەڵقوڵاوی کەلەپورێکی فەلسەفیی هاوبەشن، کە کەلەپووری رەخنەیی خۆرئاواییە. رەتکردنەوەی دۆگماتیزم، گومان لە بانگەشەکانی ئەقڵ و پێڕەوکردنی ستراتیجی رەخنەیی بەردەوام خەسڵەتی هەردوکیانە. بەڵام جیاوازییان لەوەدایە، بیرکردنەوەی رەخنەیی زیاتر مێتۆد و پێداگۆجییە بۆ بەگەڕخستنی توانای بیرکردنەوەی مرۆیی لە قۆناغە جیاوازەکانی گەشەی مەعریفیدا. بەڵام تیورەی رەخنەیی لەگەڵ ئەوەی رەوتێکی ئەکادێمی گرنگی سەدەی بیستەمی ئەوروپایە، لە هەمان کاتدا قوتابخانەیەکی فیکریشە بۆ رەخنەگرتن لە پۆزەتیفیزم و خۆشبینیەکانی رۆشنگەری و ئەقڵانیەت، لەپاڵ رەتکردنەوەی فاشیزم و لێکەوتەکانی لە فیکرو رەفتاری کۆمەڵایەتیدا.

دەتوانین چەندین خاڵی هاوشێوە لە ستراتیجی رەخنەیی هەردوو رەوتەکەدا دەستنیشان بکەین؛ بۆ نموونە بیرکردنەوەی رەخنەیی هەموو ئەو یەکە کۆمەڵایەتی و کولتوریانە دەخاتە ژێر مەحەکی رەخنەوە کە زادەی سۆسیۆ-سێنتریزمن، بەبێ ئەوەی ناوی هیچ یەکەیەکی دیاریکراو بێنێت، چونکە سروشتی یەکە کۆمەڵایەتیەکان لە سیاقێکەوە بۆ سیاقێکی تر گۆڕانیان بەسەر دێت. بەڵام تیورەی رەخنەیی بە ئاشکرا ئەو یەکانە ناودەنێت و رەخنە لە دەوڵەتی مۆدێرن، خێزانی نەریتپارێز، کۆمەڵگای بۆرژوازی، لێکەوتەکانی فاشیزم دەگرێت؛ هەوڵدەدات میكانیزمی كۆنترۆڵ لە کولتوردا لە سایەی دەزگا سیاسیە تۆتالیتاریەكاندا کەشف بکات.

هەروەک چۆن بیرکردنەوەی رەخنەیی بڕوای بە ئاشتکردنەوەی لۆجیکە لەگەڵ واقعی کۆمەڵایەتیدا، بە هەمان شێوە بیریارانی تیۆرەی رەخنەیی هەوڵیان دا رەخنە لە ئاستێکی تیۆریی پەتییەوە بگوێزنەوە بۆ ئاستە مێژووییەکەی. بۆ نمونە فەیلەسووفێکی وەک هێربێرت مارکۆزە هەوڵیدا فەلسەفەی رەخنەیی کانت و ماتریالیزمی دیالیکتیک لێک مارەبکات بە مەبەستی تیۆریزە کردن بۆ رەوتێکی چەپی رەخنەیی، جیاواز لە چەپی ئایدیۆڵۆجی کە سیمایەکی دیاری ئەو سەردەمە بوو.  

هەروەک بیرکردنەوەی رەخنەیی، تیۆری رەخنەییش بڕوای بە دروستکردنی دیوار نیە لەنێوان فەلسەفەو لۆجیک و زانستە مرۆیی و كۆمەڵایەتیەكاندا. هەروەک ئەو، بایەخی زۆر بە تاک دەدات وەک قەوارەیەکی بیرکەرەوەی ئازاد بەرامبەر گەمەکانی پاوانی کۆمەڵایەتی. تیۆدۆر ئادۆرنۆ بڕوای وابوو سۆسیۆلۆجیستەکان ناتوانن لە كۆمەڵگا تێبگەین، ئەگەر پێشوەت لە تاک تێنەگەیشتبن. بیرکردنەوە لەناو کۆنتێکسدا کە پێشمەرجێکی گرنگی بیرکردنەوەی رەخنەییە، لای بیریارانی تیۆرەی رەخنەییش بە وردی پێڕەودەکرا؛ ئەوان بڕوایان وابوو هیچ بیركردنەوەیەكی رەها بوونی نیە‌؛ هەموو بیركردنەوەیەك تایبەتە بە مرۆڤێک یان چەند مرۆڤێكی دیاریكراوە لەكات و شوێنی دیاریكراودا، هەموو بیرکردنەویەک زادەی هەلومەرجی كۆمەڵایەتی و ئابووریە و قابلی گۆڕانە.

ماکس هۆرکایمەر بە دەیان ساڵ بەر لە پسپۆڕانی بیرکردنەوەی رەخنەیی باسی لە خووە خراپەکانی  ئەقڵی مرۆیی کرد. لە کتێبێکدا لەژێر ناونیشانی “ئەقڵگیران” باس لەوە دەکات ئەگەر ئەقڵی مرۆیی لە ژینگەیەکی گۆشکراو بە بیرکردنەوەی رەخنەیی پەروەردەنەکرێت ئەگەری ئەوە هەیە بچێتە خزمەتی فاشیزمەوە. هەر لەوبارەیەوە رەخنە لە رۆشنگەری دەگرێت کە نەیتوانیوە بانگەشەکانی سەبارەت بە رزگارکردنی مرۆڤ لە جەهل و ترس و خورافە بەجێ بێنێت. هۆکاری ئەو شکستە بۆ میتۆدی بیرکردنەوەی فەیلەسووفە رۆشنگەرەکان دەگێڕێتەوە کە زیاتر پۆزەتیڤیست بوون.

لە فیکرو رەفتاری یۆرگن هابرماسیشدا ئەو ستراتیج و ئاکارانە بەدی دەکەین کە لە بیرکردنەوەی رەخنەییدا جەوهەرین. بۆ نمونە هاوسۆزیی رۆشنبیریی Intellectual Empathy کە یەکێکە لە ستراتیجە پێویستەکانی بیرکردنەوەی رەخنەیی لەپێناو وتوێژ لەگەڵ ئەوانی ترو تاقیکردنەوەی گۆشەنیگای ئەوانی تر بە مەبەستی تێپەڕاندنی ئیگۆ-سێنتریزم، یەکێکە لە ستراتیجە گرنگەکانی فیکری هابرماس کە لە کتێبی “تیۆرەی پەیوەندیسازی”دا بایەخی پێدەدات. هابرماسیش وەک تیۆرسازانی بیرکردنەوەی رەخنەیی سوودی لە تێزەکانی جۆن دێوی و ڤێتگنشتاین و جان پیاژێ وەرگرتووە.

ئەڵبەتە بیرکردنەوەی رەخنەیی فیکرو ئاکار لەسەر ئاستی تیۆریی دەبەستێت بە یەکەوە، پێی وایە ئێمە تا زیاتر رەخنەییانە بیربکەینەوە دەتوانین زیاتر خۆمان لە خووە خراپەکانی ئەقڵ و چەواشەگۆیی بپارێزین کە لێکەوتەی خراپیان لە ژیانی گشتیدا دەبێت. لە بەرامبەردا فەیلەسوفانی تێۆرەی رەخنەیی بە ئاشکرا باس لەوە دەکەن هەر کات مرۆڤ توانای دەربڕینی فیکری نێگەتیڤ و رەخنەیی لە دەستدا، ئەوە توانای بەرگریی لەئاست ستەمگەریش لەدەست دەدات و ناتوانی خۆی لە فۆرمە جیاوازەکانی کۆیلایەتی رزگار بكات. زمانیش پێویستی بە تەقاندنەوەی هێزی نێگەتیڤە، ئەگەر نا دەبێتە ئامرازی کۆنترۆڵ لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی و کولتورییەوە، لە کاتێکی وادا مامەڵەی ئەقڵ لەگەڵ وشەکاندا وەك مامەڵەی دیكتاتۆرە لەگەڵ خەڵكیدا. دیکتاتۆر تەنها ئەو کاتە پەنا بۆ خەڵک دەبات کە دەیەوێت‌ بەکاریان بێنێت.

وەک چۆن پەنابردن بۆ زۆرینە، یان رازیکردنی حەشامەت یەکێکە لە کۆسپەکانی بەردەم بیرکردنەوەی رەخنەیی، بیریارانی تیۆرەی رەخنەییش پێیانوایە غیابی ئەقڵ و پاشەكشێی تاك و داگیرکردنی مەعریفە لەلایەن دەسەڵاتەوە لەو شتەدا بەرجەستەدەبێت كە ناوی نراوە “كولتوری جەماوەری”. بەپێی ئەم کولتورە، هەموو بەهایەک قابلی یاری پێكردن و ئاراستەكردنە بە گوێرەی نەخشەی “تیمەكانی بەرهەمهێنان” كە ئارەزووی مرۆڤەكان دەكەنە كەرەستەیەكی خاوی دەستی پیاوانی پڕوپاگەندە. هەموو شتێك لە كولتوری جەماوەریدا بەرگی بازاڕیی دەپۆشێت، چونكە کولتوری جەماوەری، وەكو ماركۆزە دەڵێت‌، هونەرو سیاسەت و ئاین و فەلسەفەو بازرگانی تێكەڵ دەكات و پێكەوە دەیانگونجێنێ‌.

بە کورتی دەتوانین بڵێین بیریارانی تیۆرەی رەخنەیی بە دەنگێکی بەرز دژی کولتوری جەماوری و بەبابازاڕیکردنی مەعریفەو بەهاکان قسەیانکرد. لەبەر دوو هۆ؛ یەکەم لەبەر ئەوەی ئەوان لە سیاقێکدا ژیان کە بەریەککەوتنی راستەوخۆیان لەگەڵ فاشیزم و ئایدیۆڵۆجیا پەڕگیرەکانی ئەو دەمەی ئەوروپادا هەبوو کە خۆراکیان لە لۆجیکی بازاڕو کولتوری جەماوەری و پەراوێزخستنی تاک وەردەگرت. دووەم، لەبەر ئەوەی گوتاری ئەوان زیاتر بەمەبەستی تیۆریزەکردن بوو بۆ رەوتێکی دیاریکراوی چەپ، جیاواز لە دۆگماتیزمی مارکسی. بەهەمان شێوە بیرکردنەوەی رەخنەییش دژی تاکڕەویی و مۆنۆپۆلکردنی فیکرە، بەبێ ئەوەی ناوی رەوتێکی دیاریکراو بێنێت، چونکە لە بنەڕەتدا لە شێوەی مێتۆدێکی گشتیدایە بۆ کەشف و شیکاری و داهێنان، وەک پێداگۆجییەک بۆ پەروەردە، وەک  فەزیلەتێک کە لە هەموو شوێن و سەردەمێکدا پێویستە.

پرسیاری حەوتەم:

ئەمڕۆ (لە سەردەمی شۆشی زانیاریدا) فاکت و زانیاریەکان توشی فیچقە هاتوون (لە هەموو شوێنێکەوە هەڵدەقوڵێن). ئایا بواری ئەوە ماوە ڕەخنەییانە ئەزموون بکرێن و جیابکرێنەوە؟ داخۆ زەینی مرۆیی فریای ئەوە دەکەوێت لێکیان جیابکاتەوە و خەمڵاندنیان بۆ بکات؟ یان ئایا زەین بە مانا کلاسیکییەکەی ماوە؟

د. شاهۆ:

لە راستیدا ئێستا، بەهۆی تەکنەلۆجیای زانیارییەوە، رۆژانە بەر لێشاوی زانیاریەکان دەکەوین. زانیارییەکان بەشی هەرە زۆریان زانیاریی رووکەش و ساختە، یان دووبارەن لە وێنەو گوزارشتی جیاوازدا. زانیارییەکان خۆیان وەک فاکت نمایش دەکەن، بەڵام لە راستیدا بەشی هەرە کەمیان فاکتن. بیرکردنەوەی رەخنەیی کۆمەکمان دەکات سێ چەشنی سەرەکیی زانیاری لێک جیابکەینەوە: فاکت و راوبۆچوون و دیدگای کۆمەڵایەتی. ئەوەی ئێستا رۆژانە وەک فاکت پێمان دەفرۆشرێتەوە، راوبۆچوونی شەخسی یان دیدی کۆمەڵایەتین، کە ئێمە زۆربەمان بە شێوەیەکی ناڕەخنەیی وەریدەگرین و سەرەنجام ئێمەش دەبینەوە بە فەرمانبەری ماشێنێکی گەورەی ساختەکردنی فاکت و خزمەتکردنی دیدگای کۆمەڵاتی باڵادەست.

لە بیرکردنەوەی رەخنەییدا لەنێوان هەشت ئیلیمێنت (توخم)ی بیرکردنەوەدا تەنها یەکێکیان زانیارییە. واتە ئێمە ئەگەر ببینە بەرخۆری زانیاری پەتی، بەبێ بەگەڕخستنی حەوت توخمەکەی تر، وەک ئەوەیە تەنها یەک لەسەر هەشتی توانا زەینیەکانمان بەکاربێنین. بنجامین بلووم لە پۆلێنکاریی ئاستەکانی فێربووندا باسی لەوەدە کرد کە بەکارهێنانی زەین بۆ وەرگرتنی زانیاری نزمتین ئاستی فێربوونە. لە دۆخێکی وادا مرۆڤ دەبێتە بەرخۆری زانیارییەکان و تاکە ئەرکی کورتدەبێتەوە بۆ بیرکەوتنەوە.

مرۆڤی سەردەمی کۆن، بەهۆی هەژاریی کەرەستەکانی گواستنەوە و پاراستنی زانیارییەوە، ناچار بوو زانیارییەکان لەبەربکات و لە زەینیدا بیانپارێزێت. ناچار بوو بەشی هەرە زۆری توانا زەینیەکانی بۆ دەرخکردن و بیرکەوتنەوەی زانیارییەکان بەکاربێنێت. بەڵام لەگەل پێشکەوتنی ئامێرەکانی گواستنەوە و پاراستنی زانیاریدا، ئەو دەرفەتە زیاتر و زیاتر بۆ مرۆڤ دەڕەخسێت تا توانا زەینیەکانی بۆ شیکردنەوە و هەڵسەنگاندن و داهێنان بەکاربێنێت. لەگەڵ ئەوشدا ئێمە لەبەردەم مەترسییەکی تازەداین، کە تایبەتە بە مرۆڤی مۆدێرن، مەترسییەکەش بریتییە لە بەبازاڕیکردنی پیشەسازیی زانیاریی. بە مانایەکی تر، گەر لە سەردەمی کۆندا مرۆڤ تامەزرۆی ئەوە بووبێت دەستی رابگات بە سەرچاوەیەکی بچووکی زانیاریی تا دەسبەجێ وەریگرێت و لە زەینیدا بیپارێزێت؛ ئەوە مرۆڤی سەردەمی ئێستا کێشەی لەو جۆرەی نیە، بەڵکو کێشەی زیادەخۆریی هەیە لە وەرگرتنی زانیاریدا بەبێ لێکدانەوە و هەڵاوێرکردن و هەڵسەنگاندن. ئەمەش وای لێدەکات ببێتە بەرخۆرێکی پاسیڤ. واتە مرۆڤی کۆن تووشی برسێتی و بەدخۆراکی زانیاریی ببوو، بەڵام مرۆڤی نوێ تووشی چڵێسی و زیادەخۆریی زانیارییەکان بووە تا ئاستی هێڵنج و هێنانەوەیان. ئەم واقعە تازەیە پێمان دەڵێت سەرباری بایەخ و گرنگیی تەکنەلۆجیای زانیاریی کە رۆشنایی خستۆتە سەر زۆر لایەنی تاریکی ژیانی مرۆیی و دەرفەتی یەکتر ناسین و پەیوەندیی فراوانی بۆ مرۆڤەکان رەخساندووە؛ بەڵام لە هەمان کاتدا تەکنەلۆجیا هەر تەکنەلۆجیایە، تەکنەلۆجیای میکانیکی بێت یان ئەلیکترۆنی بێت، ئامرازێکی پەتییەو بە هەموو دیوێکی باش و خراپدا بەکاردەهێنرێت، بەئاسانی بۆ کۆنترۆڵکردن و گەمژاندن و بەتاڵکرندەوەی مرۆڤ لە ئیرادەو بیرکردنەوەی ئازاد بەکاردەهێنرێت.

لە پاش شۆڕشی چاپەمەنی سەر کاغەزو رۆژنامەوانی مۆدێرنەوە، لەگەڵ هەموو وەرچەرخانێکی مێژووییدا لە بواری گەشەکردنی ئامێرەکانی گواستنەوەو پاراستنی زانیاریدا، دوو بانەگەوازی دژ بە یەک و پەڕگیر بەرگوێمان دەکەون. یەکێکیان موژدەبەخش و ئەوی تریان تۆقێنەرە. بەڕای من نابێت بەئاسانی تەسلیمی هیچ کام لەو بانگەوازانە ببین، دەبێت رەخنەییانە لەئاست هەر بانگەوازێکدا بووەستین کە ستراتیجی ساناکردنەوە و گشتاندن و بەکاردێنێت. جیاوازیەکە لەوەدایە لە شۆڕشەکانی پێشوودا لە بواری زانیاری و چاپەمەنیدا، دەسەڵاتی سیاسی و ئاینی و کولتوری توانای سانسۆر و قەدەغەکردنی زانیاریی هەبوو؛ بەڵام لە ئێستادا رۆژ بەڕۆژ ئەو توانایە زیاتر لاواز دەبێت. هەندێک ئەمە بە خاڵێکی باش لە قەڵەم دەدەن بۆ رۆشنکردنەوەی زیاتری زەینیەتی مرۆڤ و دەستڕاگەیشتنی بە سەرچاوەکانی زانیاری. لە بەرامبەردا، هەندێک پێیانوایە گەمەکانی دەسەڵات بۆ سانسۆر و قەدەغەکردن گۆڕانی بەسەرهاتووە، ئێستا هەوڵ دەدات لەبری سانسۆرکردنی زانیاریی، ئەو ماتریکسە قۆرخ بکات کە زانیاریی دروستدەکات و زانیاریی دەبەخشێتەوە. واتە بەگوێرەی ئەم بۆچوونەوەی دووم مرۆڤ لەبەردەم شاشەی کۆمپیتەر و ئامێرە زیرەکەکاندا، لەناو تۆڕی فەزای مەجازیدا، تاکێکی ئازاد نیە؛ بەڵکو گەردێکی بێئەندازە بچووکە لەناو ماشێنێکی لە رادەبەدەر گەورەدا، داتایەکی زۆر بچووکە لەناو ماترێکسێکی ئەلیکترۆنی گەردوونیدا.

پرسیارەکە ئەوەیە، لە دوای دروستبوون و گەشەی بەردەوامی کۆمپیوتەرەوە دەبێت ئەو ئەرکە چی بێت کە زەینی مرۆڤ باشتر لە کۆمپیوتەر جێبەجێی دەکات. بیرکردنەوەی مرۆڤ لەچیدا لە بیرکردنەوەی کۆمپیوتەر کارا تر و پێویستترە. لە کاتێکدا کۆمپیوتەر باشتر لە مرۆڤ زانیاری و داتاکان دەپارێزێت، خێراتر و وردتر شیکاریی دەکات، جوانتر دیزاین دەنەخشێنێت، دوورتر دەبینێت و هەندێک جار پێشبینی دەکات و توانای چارەدۆزیشی هەیە. چی ماوەتەوە بۆ مرۆڤ لە سەردەمی کۆمپیتەردا؟  لە راستیدا، بیرکردنەوەی رەخنەیی کۆمەکمان دەکات گەشە بەو ناوچانەی زەین بدەین کە کۆمپیتەر ناتوانێت کاری تێدا بکات، یان ناشیانە کاری تێدا دەکات. وەک مرۆڤ دەبێت هەوڵ بدەین زۆر زوو، لە قۆناغەکانی سەرەتایی فێربوونەوە، ئاستی یەکەمی فێربوون تێپەڕێنین کە ئاستی وەرگرتنی زانیارییە بە شێوەیەکی پەتی. دەبێت لە بەرخۆری زانیارییەوە ببین بە هەڵسەنگێنەری زانیاریی. هەڵسەنگاندنی زانیاری دەرفەتمان بۆ دەڕەخسێنت توانا دەگمەنەکانی مرۆڤ لە رەسەنبووندا کەشف بکەین. کۆمپیتەرەکان چەندە بێشومار بن کۆپی یەکترن، وەک یەک پرۆگرامکراون. بەڵام مرۆڤەکان، سەرباری لە یەکچوونیان لە ڕووی بایۆڵۆجییەوە، خاوەنی تایبەتمەندیی و رەسەنایەتی خۆیانن لەڕووی ئۆنتۆڵۆجییەوە. راستە مرۆڤیش وەک کۆمپیتەر پرۆگرام دەکرێت؛ بەڵام توانای رەخنەگرتن و یاخیبوونی هەیە لەو دەسەڵاتەی پرۆگرامی کردووە. راستە مرۆڤیش دەبێتە کۆیلەی ماتریکسی کولتوری و سیاسی و ئاینی؛ بەڵام لە هەمان کاتدا دەتوانێت پنتی بەرگریی، هێزی نێگەتیڤ و پشێوی، بەباش یان خراپ، لەناو ماترێکسدا دروست بکات.

من هەستدەکەم ئێستا لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە گەڕانەوە هەیە بۆ فێنۆمینۆڵۆجیستەکان و کەلوپووریی فەلەسەفیی بیریارانی تیۆرەی رەخنەیی کە سەدەیەک لەمەوبەر تیۆریزەیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی فاشیزمی خۆرئاوایی کرد لە هەموو فۆرمە جیاوازەکانیدا. لەو سەردەمەشدا هەموو ئاڕاستە تۆتالیتارەکان توانای ئەوەیان هەبوو خۆیان لەگەڵ ماتریکسی فاشییەتدا بگونجێنن و بیکەنە فۆرمێک بۆ لە قاڵبدانی رەسەنایەتی تاک و سەپاندنی کولتوری مۆب و رۆشنبیریی جەماوەریی. ئەگەر لەو سەردەمدا بیریارە رەخنەییەکان رەخنەیان لە پۆزەتیفیزمی زانستی گرتبێت؛ ئەوە پێویستە لە ئێستادا رەخنە لە پۆزەتیفیزمی تەکنەلۆجیای زانیاری بگرین، کە ئەویش وەک زانستی تەقلیدی دەکرێت بچێتە خزمەتی فاشیزمی سیاسی و فاشیەتی رای گشتی خەڵک.

لێک مارەکردنی بیرکردنەوەی رەخنەیی لەگەڵ بیرکردنەوەی داهێنەرانەدا، یان وەک فەیلەسووفانی تیۆرەی رەخنەیی دەیانوت: بەگەڕخستنی توانا شاراوەکانی گوتاری نێگەتیڤگۆی هونەر لەپاڵ بیرکردنەوەی پەتی فەلسەفیدا کۆمەکمان دەکات پنتی بەرگری دژی فۆرمەکانی پاوانکاریی دروست بکەین. یەکێک لەو فەیلەسوفانە هۆرکایمەر بوو کە پێی وابوو لە فەنتازیاو هونەردا ئەقڵانیەتی نێگەتیڤ-گۆ هەیە، لە کرۆکی هەموو کارێکی ئیستاتیکی رەسەندا بیرکردنەوەی رەخنەیی ئامادەیی هەیە، چونکە گەر فەلسەفە تیۆریزە بۆ رەخنە بکات ئەوە هونەر پراکتیسی دەکات.

پرسیاری هەشتەم:

گەر دەستەواژەی “ئەقڵی کوردی” دەستەواژەیەکی دروست بێت، ئایا ئەم ئەقڵە تا چەندە پێویستی بە بیرکردنەوەی ڕەخنەیی هەیە و بۆچی؟ لە کاتێکدا وا هەست دەکەین ئەم ئەقڵە کەمتر خۆی لە قەرەی ئارگیومێنتی ئەقڵانی دەدات و بە باشی پەیوەندیی هۆ و ئەنجام ناپشکنێ و ناتوانێت دۆزکان دابەش بکات و شییان بکاتەوە؟ 

د. شاهۆ:

لەهەر کۆمەڵگایەکدا دۆخی کۆڵەکتیڤیزم، واتە رۆحیەتی دەستەجەمعی، بەهێزبوو؛ بیرکردنەوەی رەخنەیی دەبێتە بەهایەکی لاوازو نەخوازراو. کۆڵەکتیڤیزم لە کۆمەڵگادا پەیوەندیی راستەوانەی لەگەڵ دۆخی سۆسیۆ-سێنتریزم لە بیرکردنەودا هەیە. واتە ئەو دۆخەی سیاسییەک لەبری حیزبەکەی، مەلایەک لەبری خواپەرستان، ئایدێۆڵۆجیستێک لەبری پێڕەوانی، باوکێک لەبری خێزانەکەی، تەنانەت مامۆستایەک لەبری قوتابیانی یان نووسەرێک لەبری خوێنەرانی بیردەکاتەوە. لە کۆمەڵگای کوردیدا ئەم تایپە پاسیڤەی بیرکردنەوە ئامادەیی زۆری هەیە. بەڵام هاوکات دەبێت ئەوە بزانین بیرکردنەوەی رەخنەیی فەزیلەتێکی گەردوونییە و تایبەت نیە بە نەتەوەیەک یان کۆمەڵگایەکی دیاریکراو. واتە ئێمە ناتوانین تایپێک لە بیرکردنەوەی رەخنەیی تایبەت بە کورد دروستبکەین؛ بەڵکو راستتر دەبێت هانی قوتابیان و تاکەکانی کۆمەڵگای خۆمان بدەین گەردوونیانە بیربکەنەوە. بیرکردنەوەی گەردوونی ستراتیجێکی گرنگە بۆ دەربازبوون لە گرێ و تەپکەکانی سۆسیۆ-سێنتریزم.

لە حاڵەتێکی وادا دەشێت بەر ئەو ئارگیۆمێنتە بکەوین کە دەڵێت پێویستە تایبەتمەنیی خۆمان وەک نەتەوە یان قەوارەی کۆمەڵایەتی بپارێزین. بەڵام لە راستیدا ئەوە تەنها بیرکردنەوەی رەخنەییە بەرچاورۆشنیمان دەداتی تا تایبەتمەندیەکانمان وەک کۆمەڵگایەکی دیاریکراو بەرامبەر هاوبەشییەکانمان لەگەڵ کۆمەڵگاکانی تردا دەستنیشان بکەین. غیابی بیرکردنەوەی رەخنەیی هیچ تایبەتمەندییەک بەئاڕاستەی دروستکردنی قەوارە بۆ کوردبوون دەستەبەرناکات، هەر وەکو چۆن هیچ تایبەتمەندییەکی بۆ شوناسی عێراقیبوون یان سوننەبوون یان شیعەبوون دروستنەکردووە. ئەوەی ئێستا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەستی پێدەکرێت بەریەککەوتنی کۆمەڵێک پێکهاتەی ئیتنی و ئاینی و مەزهەبیە کە هاوشێووەی یەکن لەرووی بنیاتی کۆمەڵایەتی و میکانیزمی دەسەڵاتەوە؛ بەڵام لەگەڵ ئەوشدا توانای ئەنجامدانی ساناترین ئارگیومێنتیان نیە بەمەبەستی ناونان وچارەدۆزیی بۆ کێشەو بەرژەوەندییەکان.

پێکداهەڵپژانی شوناسە لەیەکچووەکان وێنەی دووەمی پێکداهەڵپژانی پێکهاتە لەیەکچووەکانی ناو یەک شوناسە. بەمانایەکی تر هەروەک چۆن شوناسە ئیتنی و مەزەهەبیەکان توانای ئارگیومێنت و ناونانی کێشەکانیان نیە؛ بەهەمان نەزم، لەناو یەک شوناسی ئیتنیی یان مەزهەبیشدا، حیزبەکان و شارەکان و کەرتە کۆمەڵایەتیەکان، تەنانەت خوێندەوارو نوسەرەکانیش، توانای ناونانی گرفت و بەرژەوەندیی و کۆنسێپت و سیاقە جیاوازەکانیان نیە. بۆ نمونە کاتێک دوو حیزب، یان دوو رۆشنبیر، یان ژن و مێردێک، یان خاوەن دوو بەرژەوەندیی جیاوز، دانوستان یان ئارگیومێنت دەکەن…، زۆرجار ناگەنە ئەنجام و لێکحاڵیبوون. بگرە هەندێک جار ئارگیومێنت کێشەکانیان قووڵتر دەکاتەوە، چونکە توانای ناونانی کرۆکی کێشەکانیان نیە، توانای لێکجیاکردنەوەی سیاقەکانیان نیە، یان وەک تۆ دەڵێیت توانای جیاکردنەوەی هۆکار و دەرەنجامی کێشەکانیان نیە. بە دەربڕینێکی تر ئەوانەی نالۆجیکیانە ئارگیومێنت دەکەن، هەرچەندە وەک یەک بیردەکەنەوە، بەڵام ناگەنە هیچ دەرەنجامێک. لەبەرامبەردا، ئەوانەی لۆجیکیانە ئارگیومێنت دەکەن، وەک یەک بیرناکەونەوە، بەڵام دەتوانن بگەنە رێکەوتن و چارەسەر. بیرکردنەوەی رەخنەیی فێرمان دەکات ئەو کۆمەڵگایەی ئێمە تیایدا دەژین بەر لەوەی بوونێکی فیزیکی بێت لەسەر زەوی، کۆمەڵێک هاوکێشەی زەینییە لە ناو سەری مرۆڤەکاندا. دەسکاریکردنی هاوکێشە زەینییەکان دەبێتەهۆی دەستکاریکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانیش.

ئەڵبەتە کۆمەڵگای کوردیش وەک کۆمەڵگا دراوسێکانی لەبەردەم چەندین ئەگەری جیاواز و چەندین ئاسۆی تێکڕژاودایە، لەبەردەم دۆخی گۆڕانکاریی کولتوری و ئابووری و سیاسیدایە. بەڵام کێشەکە ئەوەیە گۆڕانکارییەکان زادەی ئیرادەی ناوخۆ نین؛ بەڵکو زیاتر بەرهەمی بەریەککەوتنی بەهاکانی خۆرهەڵات و خۆرئاوایە لە سایەی پرۆسەی بەجهیانیبوونی بازاڕو خێرابوونی پەیوەندییەکان و فراوانبوونی فەزای مەجازیدا. لە مارکسەوە ئەوە فێربووین کە کاڵا و ئامێرەکان هەڵگری بەهای رەمزی و کۆمەڵایەتین. هەر ئامێر و کاڵایەک دێتە دنیای ئێمەوە رستێک بەهای کۆمەڵایەتی نوێ لەگەڵ خۆی دێنێت کە دەچێتە پێکدادانەوە لەگەڵ بەها تەقلیدیەکانی کۆمەڵگادا. ئەمەش ئەو دۆخە دروست دەکات کە لە سۆسیۆڵۆجیادا پێی دەوترێت کێشەی کۆمەڵایەتی. واتە هەر پێشکەوتنێک کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا روودەدات، دەشێت ئاسۆی کرانەوە لەگەڵ خۆی بێنێت بەهەمان ئەو ئەندازەیەی دەشێت پەرچەکرداری موحافیزکارانە و فاشیانەی لێبکەوێتەوە. وەک ئەوەی لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا روویدا، کاتێک ئاشنابوونی جیهانی ئیسلامی بە مۆدێرنیتەی خۆرئاوایی، لەبری کرانەوە، فەندەمێنتاڵیزمی ئیسلامی و سەحوەی ئیسلامی لەگەڵ خۆی هێنا.

بیرکردنەوەی رەخنەیی وەک چۆن هاوکاریمان دەکات لەڕێگای دەستکاریکردنی هاوکێشە زەینییەکانەوە دەستکاری واقع بکەین؛ بەهەمان شیوە کۆمەکمان دەکات بیرکردنەوەمان لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریانەی واقعدا بگونجێنین کە لە دەروەی ئیرادەی ئێمە روودەدەن. بۆ نموونە لە ئەمریکاو خۆرئاوا چەندین ئارگیومێنتی فیکری و میدیایی دەربارەی گۆڕانکاریی بەهاکان سازدەکرێت کە زانست و گەشەی تەکنەلۆجیا لەگەڵ خۆی دەیهێنێت. هەندێک جار بەهۆی بەهێزیی و ئارگیومێنتی پارێزەرانی ئاکارو بەها کولتوری و ئاینیەکانەوە، تیورەیەکی دیاریکراوی زانستی سڕ دەکرێت، بەکارهێنانی ئامێرێک، یان جێبەجێکردنی کەشفێکی زانستی رادەگیرێت، وەک ئەوەی پەیوەندیی بە ئەندازیاریی جێنەتیکییەوە هەیە، یان تاقیکردنەوە لەسەر ئاژەڵان، یان پەیوەندیی نێوان منداڵ و تەکنەلۆجیای زانیاری. بەڵام لە کۆمەڵگای خۆماندا هەمیشە کەلێنێک لەنێوان گۆڕانکاریەکانی واقع و سیستمی بەهاکاندا هەیە، کە زۆرجار دەبێتەهۆی بەریەککەوتن یان تەسلیمبوونی پاسیڤانە.

پرسیاری نۆیەم:

ئایا بەپێی ئەو تایبەتمەندیانەی هەیەتی،  بیرکردنەوەی ڕەخنەیی کۆمەڵگا لە ململانێی سیاسی بەتاڵ ناکاتەوە؟ سەرەنجام بە خەساندنی ئەنتاگۆنیزم کۆتایی نایەت؟ چونکە وادەردەکەوێت بیرکردنەوەی ڕەخنەیی تەنها لە سنوری ناوەکەیدا نەمێنێتەوە، واتە لە ڕەخنە دەرچێت و جۆرێک لە دیسیپلینی سێستیماتیک بۆ تاکەکان دروست بکات؟

د. شاهۆ:

بەپێچەوانەوە، گرنگترین میکانیزمی بیرکردنەوەی رەخنەیی ئارگیومێنتە کە دەرفەت دەڕەخسێنت بۆ سەلماندن و رەوایەتی بەخشین بە جیاوازیەکان و ململانێکان. راستە بیرکردنەوەی رەخنەیی وریامان دەکاتەوە کە بە ئاسانی فریونەخۆین لەئاست بانگەواز و تەڵەکانی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایدیۆلۆجیدا، تا نەچینە ژێر باری ململانێیەک کە بژاردەی خۆمان نیە و نەکەوینە تەونی شەڕێکەوە کە تەنها رۆڵی سووتەمەنی یان کۆمبارسی پاسیڤ بگێڕین. بەڵام هاوکات دیدێکی یونیڤێرساڵمان دەداتێ تا دابەشبوونی تر و جیاوازی تر ببینین. کاتێک چاویلکەی رەخنەیی لەچاو دەکەین هەندێک جیاوازی لەناو واقعدا دەبینین کە پێشتر بێئاگا بووین لێیان. لەبەرامبەردا هەندێک جیاوازی دەپووکێنەوە یان کاڵ دەبنەوە کە پێشتر بە جەوهەری و قووڵ بینیومانن. هەموو رەوتە فاشیست و دەسەڵاتگەرەکان کار لەسەر زەقکرندەوەی هەندێک جیاوازی و سڕینەوە هەندێکی تر دەکەن. لە هەردوو حاڵەتەکەدا پەنا بۆ چەواشەگۆیی لۆجیکی و جوڵاندنی غەریزەی گوێرایەڵی دەستەجەمعی دەبەن کە لەگەڵیدا بیرکردنەوەی رەخنەیی سفر دەبێتەوە. هەربۆیە بیرکردنەوەی رەخنەیی و دیکتاتۆریەت دوو جەمسەرن کە هەرگیز ناگەن بە یەک. گەر ئەم کۆدژییە تەرجەمە بکەین بۆ زمانی سیاسەت دەتوانین بڵێین بیرکردنەوەی رەخنەیی هەمیشە لە ململانێدایە لەگەڵ تاکڕەویدا، بەتایبەتی تاکڕەوی لە بیرکردنەوەدا.

بیرکردنەوەی رەخنەیی دژی ئەو مۆدێلە باوەی ململانێیە کە لایەنەکانی ململانێ پێکهاتەیەکی هەرەمییان هەیەو لەسەر دوالیزمی لووتکە (سەرۆک) و بنکەی (جەماوەر) دامەزراون. لە بەرامبەردا ئاستێکی تری ململانێ دەبینێت کە ئاسۆییەو بکەرەکانی تاکەکەسی ئازادن. رۆشنتر، پێویستە بیرکردنەوەی کۆڵەکتیڤی -دەستەجەمعی- لە بیرکردنەوەی دامودەزاگیی جیابکەینەوە؛ چونکە مەرج نیە دەزگاکان هەمیشە بکوژی بیرکردنەوەی تاکەکان بن، دەشێت کۆکەرەوەی دیدگا جیاوازەکان بن لە دیدی ستراتیجیدا بە مەبەستی بینینی ئەو گۆشانەی کە تاک بە تەنها توانای بینینیانی نیە. واتە دەشێت ئاڵتەرناتیڤی بیرکردنەوەی کۆڵەکتیڤی لە شێوەی تۆڕدا بێت بە مەبەستی بەیەکگەیشتنی کۆمەڵێک پنتی جیاواز، هەر پنتێک نوێنەرایەتی تاکێکی ئازاد، یان دیدگایەکی دیاریکراو دەکات. سەرەنجام بەیەکگەیشتنی دیدگا جیاوازەکان دیدێکی هاوبەش دروست دەکات کە دەکرێت ناوی بنرێت دیدگای کۆمەڵگا. بەڵام لە کۆمەڵگای کۆڵەکتیڤیدا، دیدگای کۆمەڵگا شتێک نیە بەشێوەیەکی داینامیکی و بەردەوام لەلایەن گروپ و تاکەکانەوە فۆرمەلە بکرێت؛ بەڵکو دیدێکی پێشوەختە کە پێویستە تاکەکان پابەندی بن، رێزی لێبگرن و دووبارەی بکەنەوە. هەربۆیە سروشت و مانای ململانێ لە کۆمەگایەکدا کە بیرکردنەوەی رەخنەیی تیایدا ئامادەیە، تەواو جیاوازە لە هی کۆمەڵگا تەقلیدییەکان.

کەسێک رەخنەییانە بیربکاتەوە ناچێتە ململانێیەکەوە کە بکەرەکانی پاسەوانی شوناسە ئیتنی و مەزهەبی و ئایدیۆڵۆجیەکان بن. لێرەدا، پێویستدەکات هاوسۆزیی رۆشنبیریی Intellectual Empathy و هاوشوناسی Identification  لێک جیابکەینەوە. بیرکردنەوەی رەخنەیی بڕوای بە هاوسۆزیی رۆشنبیریی هەیە، واتە کاتێک چاویلکەی کەسێکی تر یان روانگەی کەسێکی تر، جیاواز لە خۆمان، تاقیدەکەینەوە؛ ئەوەی لە ئینگلیزیدا پێی دەوترێت لەپێکردنی پێڵاوی ئەوانی تر. ئەم ستراتیجە دوو بایەخی هەیە: بایەخی مەعریفی و بایەخی ئاکاریی. لەڕووی مەعریفییەوە هەندێک ناوچە رۆشن دەبنەوە کە بەهۆی خۆد-سێنتەرییەوە تاریکیمان خستووەتە سەری، لەڕووی ئاکاریشەوە دەشێت بەشێوەیەکی گریمانەیی هەست بەو گرفتانە بکەین کە هی خۆمان نین. بەڵام هاوشوناسی تەواو جیاوازە، ئێمە کاتێک شوناسگۆڕکی لەگەڵ گروپێکی دیاریکراودا دەکەین، ئیتنی بێت یان کولتوری بێت یان ئایدیۆڵۆجی، شوناسی گەردوونی خۆمان لەدەستدەدەین. توانای ئەوەمان نامێنێت مەسافە وەرگرین و لە دەرەوە تەماشای خۆمان و شتەکان بکەین. لەوەش خراپتر توانای بینینی کۆنتێکست لەدەست دەدەین، کە چ لەڕووی مەعریفی و چ لەڕووی ئاکارییەوە پێچەوانەی هاوسۆزیی رۆشنبیرییە. لەڕووی مەعریفییەوە تووشی ئەو وەهمە دەبین کە تێگەیشتنی گروپەکەمان بۆ هەموو شوێن و هەموو سەردەمێک دەستدەدات. لەڕووی ئاکاریشەوە، خەمساردانە و بێباکانە تەماشای ئەو کەسانە دەکەین کە وەک ئێمە بیرناکەنەوە یان سەر بە شوناسی ئێمە نین. 

پرسیاری دەیەم:

لە کۆمەڵگایەکدا کە دەزگا گەشەی سروشتی نەکردبێت و وەک بەرهەمی زەرورەت دەرەکەوتبێت، بیرکردنەوەی ڕەخنەیی چۆن گەشە دەکات؟

د. شاهۆ:

پرسیارێکی گرنگە. رەنگە ئەوە بۆ کۆمەڵگای کوردی زۆر راست بێت. بە قەناعەتی من بیرکردنەوەی دەزگایی پێویستی بە پێگەیشتن و کامڵبوونی رۆشنبیریی و پەروەردەیی زیاتر هەیە لەوەی ئێستا. تا ئەو کاتەی دەبین بە خاوەنی بیرکردنەوەی دەزگایی، هەموو هەوڵێک بۆ دروستکردنی گروپ، بە گروپی فیکریشەوە، بە ئەقڵیەتی کۆڵەکتیڤی کۆتایی دێت. ئەو دۆخەی کە تیایدا لەبری ململانێی لەگەڵ دەرەوەدا، ململانێ لەسەر مۆنۆپۆڵکردن و باوکایەتی گروپ دەکرێت. لە دۆخێکی وادا، ئیشکردن لەسەر خۆمان وەک تاک زۆر گرنگە، چونکە هەموو تاکێکی بیرکەرەوە پنتێک لە رۆشنایی فیکریی دروست دەکات. کاتێک لە دوورەوە تەماشای پنتە رووناکەکان دەکەین لەشێوەی تۆڕدا دەردەکەون. لە واقعیشدا تاکە بیرکەرەوەکان لەڕووی ستراتیجییەوە ئەو شتە دروستدەکەن کە لە زمانی سەردەمدا پێی دەوترێت نێت ۆرک، کە هەوێنی ئەقڵیەتی دەزگایی و ئاڵتەرناتیڤی ئەقڵیەتی هەرەمی و گروپبەندیی کۆڵەکتیڤییە.

هاوشێوە