پاش هەوڵەکانی فیدراسیۆن لە ساڵی ڕابردوودا سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی گرێبەستی دانانی کامێرەی تیژڕەوی جێگیر لە لایەن کۆمپانیایەکەوە بە ڕەزامەندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خستنەڕووی یادداشت سەبارەت بە نایاساییبوونی گرێبەستەکە و بەهەدەردانی سامانی گشتی لە جێبەجێکردنی گرێبەستەکەدا و پێچەوانەبوونی گرێبەستەکە لەگەل یاسای هاتوچۆی ژمارە (٨٦) ی ساڵی (٢٠٠٤) و ڕەتکردنەوەی گرێبەستەکە بە هەمان شێوە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆوە، بەلام لایەنی پەیوەندیدار لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێ گوێدانە ڕای ئەنجوومەنی پارێزگا و داواکاری گشتی و ڕێکخراوەکان و هاوڵاتیان، بەردوام بوو لە جێبەجێکردنی گرێبەستەکە و خستنەکاری کامێراکانی تیژڕەوی جێگیر لە ٢٩/٥/٢٠٢٢.
ئێمە لە فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە، هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە لە هەوڵەکانمان بۆ ڕەتکردنەوەی گرێبەستەکە و بەردەوام دەبین و هەر هاوڵاتییەک پسوڵەی سەرپێچی بۆ کرا بەهۆی سەرپێچی لە سیستمی خاڵ بۆ خاڵ ئەوا دوای وەرگرتنەوەی پسوڵەکە پەیوەندی بە فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بکات بە مەبەستی دابینکردنی پارێزەری خۆبەخش و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی دژی ئەو سیستمە لە دادگای پەیوەندیدار.
لەپێناو سەروەریی یاسا و هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستە کە بە ئاشکرا پیچەوانەی یاسایە و دەبێتە هۆی بەهەدەردانی سامانی گشتی.