“زیندەوەر لە تەنێکی نازیندوو بەوە جیادەکرێتەوە کە ئەم لە دەوروبەرەوە ووزە دەگرێت بۆ ڕێکخستن و ئەنجام دانی زیندەچالاکیەکانی لە ڕێگەی وەرگێڕانی ترشەناوکی دی ئێن ئەی بۆ پرۆتین، ئەم خەسڵەتە وای لێدەکات کە کە بەرەو ناڕێکی یان پشێوی نەڕوات، بەردەوامی بە زیندەچالاکیەکانی بدات ، بەم جۆرە دەژی هەناسە دەدات و زۆر دەبێت “
توانایەکی شاراوەی لە ڕادەبەر لە هەناوی زیندەوەراندا هەیە بێ ڕەچاوکردنی جۆرو قەبارەکەیان ، واتە لە زیندەوەرێکی تاک خانەوە ئەو توانای خۆڕێکخستنەوەی هەیە هەتا گەورەترین زیندەوەر کە ئێستا لە ژیاندایە کە نەهەنگی شینە، هەموویان هێزی گۆڕانکاری لە هەناویاندا حەشاردراوە ، جیاوازیەکە ئەوەیە کە لە زیندەوەرە ووردەکاندا گۆڕانکاریەکان و توانای خۆسازدان لەگەڵ دەوروبەردا خێراترەو لە تەمەنی مرۆڤدا دەتوانرێت چاودێری ئەوە بکرێت بە چاوی سەر سەرنج بدرێت کە چۆن ئەو هێزە حەشاردراوە خۆی پیشان دەدات لە سەر شێوەی گۆڕانکاری کە بەسەر زیندەوەرەکاندا دێت بەڵام تا زیندەوەرەکە باڵاتربێت گۆڕانکاریەکان کاتی زۆرتریان دەوێت کەڵەکە ببن و بەرجەستە ببن .
ئەم توانای ژیانە لە ناو بۆهێڵەکانی زیندەوەردا هەڵگیراوە واتە لە ڕیزبەندی ترشی ناوکی زیندەوەرەکەدا وەک زانیاری پەنهان هەڵگیراوە و لەکاتی پێویستا خۆی دەردەخات و کار دەکات . ئەم توانایە وا لە زیندەوەر دەکات بمێنێتەوە درێژە بە ژیان بدات ، یان ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدات بمێنێتەوە و زۆرببێت و نەفەوتێت .
زیندەوەر بە خۆی بزانێت یان نا لەو کاتەوەی دێتە دنیا لە لە سەنگەری ماندا دەجەنگێت دژی نەمان ئەوان لە شەڕێکدان لە پێناوی مانەوەدا . ئەم توانایە ، ئەم ویستە بۆ ئەو شەڕە خۆویست نیە ، خەسڵەتێکی بنەڕەتیەو لە جینەکانیدا هەڵگیراوە ، لە کاتی پێویستدا ، واتە لە کاتی دروست بوونی فشارو ، گۆڕانی کەشو هەواو ، هەر هەلومەرجێکی تایبەتدا کە بەرژەوەندی مانی بخاتە مەترسیەوە خۆی نومایان دەکات و هەموو هەوڵێکی دەدات بۆ ئەوەی بمێنێتەوە و لەو فشارە خۆی ڕزگاربکات .
ئەم توانا شاراوەیە کە وای کردوە کە ژیان دوای هەر قڕکردنێکی بەکۆمەڵ جارێکی تر و بە فۆرمو ستایل و توانایەکی نوێوە سەرهەڵبداتەوە !
تۆ وا خەیاڵ مەکە دوای هەرقڕکردنێکی گشتی ژیان لە سفرەوە دەستی پێکردبێتەوە ! نە خێر ژیان لەو زیندەوەرانەوە سەری هەڵداوەتەوە کە توانای بەرگەگرتنی ئەوفشارەیان هەبووبێت کە کەوتوەتە سەریان لەو کاتەدا و بوەتە هۆی لەناوبردنی زۆرینەیان ، بەڵام هێشتا لە هەندێ زیندەوەردا ئەو خەسڵەتەی کە وتمان لەکاتو شوێنی گونجاودا دەردەکەوێت ، لەکاتی فشارەکەدا وای لە هەندێک زیندەوەری بەهێز کردوە کە بتوانن خۆیان ڕزگار بکەن لەو فشارەو بمێننەوە ، بەرگەی ئەو هەلومەرجە نالەبارە بگرن ، ئیتر بەرە بەرە بە تێپەڕبوونی وەخت ئەو ڕژێمی ژینگەیە داگیر بکەنەوە چ بە لاچوونی فشارەکە بێت لە سەریان جا گەشە بکەنەوە یان بە خۆگونجاندن بێت لەگەڵ ئەوبارودۆخە نالەبارەی کە هاتوەتە ئاراوە دوای ڕوداوی لەناو چونەکە.
ئەسڵەن ئەم لەناوچوونە توانایەکی نوێتر دەدات بە زیندەوەرە ڕزگاربوەکە ، توانای هەمە جۆر بوون ، واتە ئەم زیدەوەرە زیندەوەری پێش لەناو چوونەکە نیە ، ئێستا هەندێک خەسڵەتی نوێی وەرگرتوەو بەرەو جۆرو سپیشیسێکی تر دەڕوا پاش کەڵەکە بوونی خەسڵەتەکان بە تێپەڕبوونی کاتێکی زۆر .
بۆ نموونە کاتێک نزیکەی شەستو پێنچ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا دەینەسورەکان لە ناوچوون ، کاتێک ژیان دروست بەوەتەوە زۆر بە خێرایی شیردەرەکان هەمەچەشن بوون بە پێی ئەو ڕژێمی ژینگەیەی تێیدا ژیاون ، لە مێروخۆری بچوکەوە پەرەیان سەندوە تا گیاخۆرو گۆشت خۆرە گەورەکان ، تەماشابکە ئەو قڕکردنە چ ڕۆڵێکی گەورەی گێرا لە بەخشینی خەسڵەتی نوێ بە زیندەوەرەکان دواجار پەسەندنیان بۆ جۆری نوێتر، ئەم خەسڵەتانەش کە وەریان دەگرن لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەیانگوازنەوە چونکە لەسەر کۆدی ترشە ناوکەکانیان هەڵدەگیرێن .
مەبەستم ئەوەیە بڵێم ئەم ژیانەی ئێستا دەیبینین ، کە سەیری دەوروبەرمان دەکەین جمەی دێ لە جۆرەکانی ژیان چ لەسەر وشکانی یان ئاوی ، هەزاران جۆری ژیان بەدی دەکرێت ، ئەو قڕکردنە گشتیانە ڕۆڵی گەورەیان بینیوە لە هەمەچەشنکردن و ڕەنگاوڕەنگ کردنیان .
بۆ ئەوەی ئەم دیاردەیە بەرجەستە بکەین تا بتوانین وێنای بکەین کە چۆن زیندەوەر خەسڵەتی نوێ وەردەگرێت لە کاتی بوونی فشاردا ، ئیتر هەر فشارێک بێت ، هەندێک جار کێبەرکێ لەگەڵ زیندەوەرانی تردا خەسڵەتی نوێیان دەبەخشێت ،نامەوێت لە باسەکە دوور بکەومەوە ، پەیوەندی نێوان زیندەوەرەکان ، هەندێک جار دەبێتە هۆی گۆڕینی خەسڵەتیان بە پێی جۆری پەیوەندیەکە ، هەندێک جار دوو زیندەوەر ئەوەندە نزیکن لەیەکەوە بەجۆرێک تێکەڵی یەک دەبن بێ یەکتر ئیشیان ناڕوا ، بێ یەک ناتوانن بژین بۆیە بە تێپەڕبوونی کات دەبنە یەک زیندەوەر ، یەکێکیان دەبێتە ئەندامێکی ئەویتریان ، لە بایلۆجیدا ئەم دیاردە هەیە و پێی دەوترێت ئیندۆسیمبایۆسس، کە میکانیزمێکی گرنگی پەرەسەندنە ،لە دەرفەتێکی تردا بە قوڵی باسی دەکەین .
ئەگەر جۆرێک لە جۆرەکانی فشار بخەیتە سەر زیندەوەرێکی وورد دەتوانیت گۆڕانکاری لە خەسڵەتی ئەوزیندەوەرەدا بەدی بکەیت کە پێش فشارەکە ئەو خەسڵەتەی نەبوە ، بە زۆر بوونی فشارەکان و بە تێپەڕبوونی کات خەسڵەتە نوێکانیش زۆر دەبن و کەڵەکە دەبن ئیتر لە پۆلێنکردندا ئەم زیندەوەرە لە ڕەچەڵەکەکەی دەردەچێتو لە پۆلێکی نوێدا خۆی دەبینێتەوە ، زیندەوەران بەم جۆرە پەرەدەستێنن و لق و پۆپی تر لەسەر درەختی ژیان دەردەکەوێت.
بۆ نموونە دەرمان فشارێکی گەورەیە بۆ سەر ووردە زیندەوەرەکان ، کاتێک بەکتریایەک دەچێتە لەشتەوە و نەخۆشت دەخات تۆ بۆ ئەوەی بیکوژیت دەرمان دەخۆیت ، ئەزانی هەندێک جۆریان هەن خۆیان لەو فشارە ڕزگار دەکەن ، بەجۆرێک پەرە بە میکانیزمێک دەدەن لە خۆیاندا کە ئەو دەرمانە کاریان تێناکات ، یان دەرمانەکە هەڵدەوەشێنن ، ئەم خەسڵەتە پێش بەکارهێنانی ئەم دەرمانە لە بەکتریاکاندا نەبوە بەڵام ئێستا پەرەیان پێداوەو تەنانەت لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەیگوازنەوە ، ئیتر ئێستا بەکتریاکەی جاران نیە .جاری واهەیە ئەم بەکتریا وای لێ دێت دەبێتە سوپەر بەکتریا ، بەهیچ کلۆجێ ناکوژرێت، ئەوەندە بەهێز بوە ، یانی خۆڕاگر دەبێت بەرانبەر زۆرینەی دەرمانەکان .
بۆچی هەمیشە ئامۆژگاری جوتیارەکان دەکرێت کە کەمتر قڕکەرە کشتوکاڵیەکان بەکار بهێنن لەبەر ئەوەیە مێروەکان خەسڵەتی خۆیان دەگۆڕن و بەهێزتر دەبن ئیتر بەو قڕکەرانە نامرن و کابرای جوتیار گیرۆدە دەبێت و ئافاتەکە لەکۆڵ کێڵگەکەی نابێتەوە ناچار قڕکەرەکە دەگۆڕێت ، جارێکیتر مێروەکان بەرگری دژی ئەویش پەیدا دەکەن و ئیتر هیچ نایان کوژێت.
ئەمە خەسڵەتی زیندەوەرانە هەمو شتێک دەکەن لە پێناو مانەوەدا ، ئەم توانایەش بە پۆتێنشیاڵی لە هەناویدا هەیە بۆیە لە کاتی پێویستا ئەم خەنجەرەی لە کەلاندا دەر دەهێنێت و تەسلیمی مەرگ نابێت، ئەم فشارانە هۆکاری سەرەکین بۆ گۆڕانی زیندەوەرەکان دواتر پەرەسەندنیان .
هەندێک جار گۆڕانەکە کە لە ژینگەی زیندەوەرەکەدا ڕوودەدات زۆر کوژەرە ، هەر ڕێک ژیان کوژە ، بەڵام ئەو توانای هەستانەوە کە لە پاشخانی ئەو
زیندەوەرەدا هەیە بەرە بەرە دەست و پەنجە لەگەڵ ئەو هەلومەرجە نوێیەدا نەرم دەکاتو نەک هەر خۆی دەگونجێنێت لەگەڵ هەلومەرجە کوژەرەکە بەڵکو نوێیەکە بەڵکو دەیکاتە سەرچاوەی وزە بۆ مانەوەی و بەردەوام بوون لە ژیان .
سەرنج لەم توانایە بدە ، تۆ ژەهرێک بەکار دەهێنیت بۆ ئەوەی زیندەوەرێک بکوژیت بەڵام زیندەوەرەکە ئەو مادە ژەهرە وەک سەرچاوەی بژێوی بەکاردەهێنێت ، لە وتاری پێشوتردا یەک دوو نمونەم لەم بارەوە باسکردوە ، کە چۆن هەندێک کەڕوو هەیە خۆڕاگری دروست دەکەن بەرانبەر مادە تیشکدەرە کوژەرەکان ، نەک هەر ئەمە بەڵکو وەک سەرچاوەی ووزە بەکاریان دەهێنن .
یەک پرسیار ، ئێستا گۆڕانکاریەکی زۆر لە ڕژێمی ژیەنگەیی زیندەوەران بە مرۆڤیشەوە ڕوی داوەو یان وا خەریکە ڕودەدات ، وەک زۆر بوونی لە ڕادە بەدەری پیسبوون ، قەیرانی ئاو، گۆڕانی کەشو هەوا ، ئایا زیندەوەران کاردانەوەیان چێ دەبێت بەرانبەر ئەم گۆڕانکاریە گەورانەی کە دونیای گرتوەتەوە ؟ ئایا دەتوانن لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریانە بسازێن یان لەناودەچن ؟