رێکخراوی ئازادبوون بۆ تواناسازی، تاکگەرایی و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان

“ ئەوەی لە ژێر پێماندایە ، نەخشەی تەندروستیمانە”

Facebook
Twitter
LinkedIn

نووسین؛ کارزان هەورامی بۆ ڕۆژی جیهانی خاک

ئەم ڕۆژە تایبەتانە کە دانراون بۆ شتەکان ، دیاردەکان، چینو توێژەکان تەنها بۆ هۆشیارکردنەوەیە ، بۆ نموونە ئەمڕۆ بۆ ئەوەیە کە تۆ شتێک دەربارەی خاک بخوێنیتەوە ، بزانی خاک چیە ؟ هەمو ڕۆژێک بەسەریا دەڕۆیت گرنگە بزانیت چ پەیوەندیەکی بە تۆوە هەیە ؟ لەکوێدا بەرکەوتنتان هەیە ؟ چۆن دروست دەبێت ؟ ئەگەر ئەمانەت زانی ئیتر دەزانیت چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکەیت .

ئێمە خاوەنی خاکێکی باشین ، تا ئێستاش قەیرانی خراپیو کەمی خاکمان نیە ، بەڵام ئەگەر ئاوا مامەڵەی لەگەڵ بکەین زۆر نزیکە ماڵی خۆمان بە دەستی خۆمان وێران بکەین ، بۆیە پاراستنی خاک پێویستە لە کارە هەرە پێشینەکانمان بێت ، کەی ئەمە ڕوودەدات کاتێک بیناسین بزانین پەیوەندی بە ژیانی ئێمەوە چیە ، ئەگەر قەدری بزانین چی دەبێ ، چۆن کار لە ژیانمان دەکات ، ئەی ئەگەر نەی پارێزین چی لە ژینو ژیانمان دێت .

هیچ شتێک هێندەی خاک لە تەندروستی مرۆڤەوە نزیک نیە ، هیچ مادەیەک هێندەی ئەو لەناو شادەماری ژیاندا نیە ، ئەو خاکەی ڕۆژانە بەسەریدا دەڕۆیت ، ئەوەی بیر لە هەمووشتێک دەکەینەوە ئەو نەبێت ، ئەوە ئەندازیاری شکڵ و شێوەی ژیانە ، ئەوە بنەمای ڕەگو ڕیشەی هەموو جۆرە ژیانەکانە لەسەر زەوی ، هەر ئەوە سەرچاوەی وزەو بژێوی زیندەوەران ، لە هەر شوێنێک ئەو تەندروست بێت ئەوەی بەسەریا دەروات و ئەوەی لەسەری دەڕوێت ژیانێکی دروست بێکێشەی دەبێت . لە هەرناوچەیەک ئەو ناتەندروستبوو هیچ گومانت نەبێت ئەوەی لەسەری دەژی ژیانێکی پر دەردی سەرو نەخۆشی دەبێت .ئەوەی هەڵی دەمژیت ، ئەوەی دەیخۆیت و دەیخۆیتەوە لەوەوە دێن ، پێت سەیر نەبێت بڵێم سەدا نەوەدی ئەو دەرمانانەی بەکاریان دێنی بۆ چارەسەری دەردەکانت لەوەوە سەرچاوە دەگرێت.

“ خاک جادووگەرە ! ڕۆح دەکاتە بەر بێڕۆحەکان ، ژیان دەکاتە بەر نازیندوەکان” خاک سندوقێکی ڕەشەو لە کۆمەڵێکی زۆر پێکهاتەی کیمیایی ئەندامی و نائەندامی پێک هاتوە ، سەرچاوەی ئەمانیش تاشەبەردەکانن و بە تێپەڕبوونی کات و کاریگەریەکانی کەش و هەوا دروست دەبن. هەندێک لە پێک هاتەکانی بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەگوازێتەوە بۆ زیندەوەران لەش و لاری جیاوازیان دەداتێ بەهۆیەوە زیندە چالاکیەکان ڕوودەدەن بۆ بەردەوامی ژیانیان و زۆرینەشیان لەناو خۆیدا هەڵ دەگرێت مرۆڤ وەک ماتێریاڵ و پێداویستی ژیان بەکاریان دێنن.

خاک هەموو پێداویستی ڕژێمەکانی ژینگە دابین دەکات کە گرنگن بۆ ژیانێکی تەندروست و سەرکەوتوو. خاک وەک پاڵاوگەی ئاو کار دەکات ، وەک ناوەندێکی بە پیتی گەشەی زیندەوەران کار دەکات ، شوێنی ژیان و حەوانەوەی ملیارەها زیندەوەری جیاواز لەناو خاکدایە ،خاک ڕۆڵی بەرچاوی هەیە لە فرەجۆری زیندەوەران لەسەر زەوی ، وەک حەشارگەی پاشماوەڕەقەکان و پاڵاوگەی پاشماوە شلەکانی مرۆڤ سوودی لێوەردەگیرێت .

بەرپرسە لە دابینکردنی ڕێژەیەکی بەرچاوی دژەزیندەکان کە مرۆڤ بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیە گوازراوەکان بەکاریان دێنێت. خاک لە ڕوانگەی بیناسازیەوە ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕێت و بناغەی شارو شارۆچکەکانی لەسەر بونیاد دەنرێن. خاک بنەمای کشتوکاڵ و خۆراکی دانیشتوانی سەرزەویە لەڕێی کشتوکاڵەوە خۆراک و مادە خۆراکیەکان بۆ مرۆڤ و گیانەوەران و ڕوەک دابین دەکات، خاک سەرچاوەی سەرەکی بەرهەمهێنانی سوتەمەنی سەرروی زەویە.

خاک بنچینەی ژیانە ، هەر مەترسیەک ڕوبەڕوی ئەو خاک بێتەوە کە ڕووی ئەم هەسارەمانی داپۆشیوە ڕاستەوخۆ ژیان دەکەوێتە مەترسیەوە چونکە ژیان بە هەموو جۆرو ماناکانیەوە لەسە کوالیتی و کوانتیتی ئەوخاکە بەندە هەر گۆڕانکاریەک ڕوبەڕوی خاک بێتەوە بە ناوچاوی ژیانەوە دەردەکەوێت. بۆنموونە ، کشتوکاڵ و بەبیابان بوونو ، وشکەساڵی و گۆڕانە چاوەڕواننەکراوەکانی کەش و هەوا و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەم بوونەوەی ئاو و گرفتە ژینگەیی و بایۆلۆجیەکانی تر چینەکانی سەرەوەی خاکیان تا ئاستێکی مەترسیدار ڕوبەڕوی داخوران و لەناوچوون کردوەتەوە ،

ئێستا لە دونیادا مشتومڕێکی زۆر لەسەر داخورانو لەناوچوونی چینی سەرەوەی خاک هەیە ، داهاتووی هەسارەکەمان و ژیانی سەرزەوی بەو بڕەخاکەوە بەندە ، ئامارەکانی دنیا لەسەر جۆرو بڕی خاکی کشتوکاڵی مەترسیدارن ، 52% خاکی کشتوکاڵی لە حاڵی ئێستادا لەناو چوون و بەردەوام بوونی ئەم خراپبونەش ژیان لە لێواری نەمان نزیک دەکاتەوە.

زانایانی بوای خاک پێشبینی دەکەن تا ساڵی ٢٠٤٥ زیاتر ٤٠% خۆراک لەسەر زەوی کەم بکات لە بەرانبەردا ژمارەی دانیشتوان بۆ ٩ ملیار بەرزبێتەوە لە ئەنجامی ئەم ناهاوسەنگیەدا لەماوەی تەنها شەش مانگدا زیاتر لە ملیارو نیوێک مرۆڤ بە هۆی نەببوی خۆراکی پێویستەوە لەناو بچن . ئەمەش ژمارەیەکی مەترسی دارە شایەنی لەسەر وەستانە ، هۆکاری ئەمەش بۆ لەناوچوونی بە پیتی خاک دەگەڕێتەوە .

کەم بوونەوەی مادەی ئەندامی خاک هۆکاری لەدەست دانی بە پیتی خاکە بە جۆرێک ئێستا مەزەندە دەکرێت لەو وڵاتانەی کە سەرچاوەی بەرهەم هێنانی خۆراکن بۆ زۆرینەی دانیشتوانی سەر ڕووی زەوی ڕووبەڕوی لەناو چوونی بە پیتی خاک بوونەتەوە بە هۆی کەمی مادەی ئەندامی لە خاکیاندا . مادەی ئەندامی لە خاکێکی تەندروستدا پێویستە 3% بۆ 6% بێت بۆ ئەوەی بتوانێت خۆراکێکی کوالیتی باش بەرهەم بهێنێت ، ئێستا لە هەندێک لە وڵاتانی بەرهەم هێنەری خۆراک لە کەمترین ڕێژە کەمتر بوەتەوە بۆ نموونە 62% خاکی هندستان مادەی ئەندامی لە 0.5 % کەمترە هەروەها لە خاکی هەندێ وڵاتانی ئەوروپی مادەی ئەندامی کەمترە لە 1% ! ، ئەمریکا نزیکەی سەدا 50% ی خاکی کشتوکاڵی لەدەست داوە . ،

ژیان و خاک دوانەیەکی لێک دانەبڕاون ، گرێدراوون پێکەوە ، نە خاک دەیکرێت بێ ژیان نە ژینیش دەتوانێت هەبێت بە بێ خاک . لەناوچوون و ڕوتانەوەی خاک یان کەم بوونەوەی مادەی ئەندامی لە خاکدا کاریگەری زۆر وێرانکەر لەسەر هەموو کایەکانی ژیان دەکات چونکە بوونی مادەی ئەندامی نیشانەی زیندوویەتی تەندروستی خاکە ، خاک بەبێ ماددەی ئەندامی زۆرینەی خەسڵەتە بایۆلۆجی و کیمیایەکان لەدەست دەدات دواجار دەگۆڕێت بۆ لم و کار لە زۆرینەی بوارەکانی ژیان دەکات و گرفتی گەورەی ژینگەییو تەندروستی دروست دەکات وەک گۆڕانی کەش و هەوا ، ئاسایشی خۆراک ، کەمی مادە خۆراکیەکان ، بڕو جۆری ئاوو، فرەجۆری زیندەوەران، خستنەگەڕی زەوawawی ، سەقامگیری سیاسی ، تەندروستی مرۆڤ و ئابووری وڵات و کایەکانی تری ژیان ،

بەپێی پێشبینیە زانستیەکان لە ٢٠ ساڵی داهاتوودا ٤٠٪ خۆراک لە سەرزەویدا کەم دەکات هاوکات ژمارەی دانیشتوان بۆ ٩.٣ ملیار کەس زیاد دەکات .هۆکارە سەرەکیەکەشی بەهۆی لەدەست دانی بەپیتی خاکەوە ڕوودەدات ، ئاماژەکانی ئەم کەمبوونەوەیە دەرکەوتوە و پێکدادان و کێبەرکێیەکی سەخت دروست دەبێت لە جیهاندا کە ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری لێدەکەوێتەوە . لەسەرێکی ترەوە خاکی نادروست دەبێتەهۆی لەدەست دانی ڕێژەیەکی زۆری ماددەخۆراکیە سەرەکی و ناسەرەکیەکان و بەروبومێک بەرهەم دەهێنێت کە ماددە خۆراکیە پێویستیەکانی تێدا نەبێت بۆ مرۆڤ و گیانەوەرانی تر .

توێژینەوەکان لەم بوارەدا ئەوەیان دەرخستوە کە ئەو میوەو سەوزانەی ئەمڕۆ بەرهەم دەهێنرێن ٩٠٪ بەها خۆراکیەکان وەک توخمەکان و ڤیتامینەکانیان لەدەست داوە بە بەراوورد لەگەڵ هەمان ئەو سەوزەو میوانەی کە ٥٠ ساڵ پێش ئێستا بەرهەم دەهێنران ، هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە زیاتر لە ٢ ملیار مرۆڤ لەسەرانسەری دنیادا بە هۆی کەمی مادە خۆراکیەکانەوە( بەدخۆراک) دەناڵێنن ئەمەش سەرچاوەی زۆرینەی نەخۆشیە نەگواستراوەکان دێنە ئەژماردن .واتە ئەومادەخۆراکیانەی دەستمان دەکەوت لە خۆاردنی تەنیا یەک پرتەقاڵدا لە ساڵی ١٩٢٠ ئێستا پێویست دەکان ٨ پرتەقاڵ بخۆین بۆ ئەوەی هەمان بڕی خۆراکە مادەو ڤیتامینمان دەست کەوێت ئەم گۆڕانکاریانەش خێراتر دەبن بەهۆی چالاکیە هەڕەمەکیەکانی مرۆڤەوە بۆیە پێشبینی دەکرێت لە ٥٠ ساڵی داهاتوودا ڕێژەی مردن بە بەدخۆراکی چەند قاتی ئێستا بەرزدەبێتەوە، ئەمە ئەو کارەساتەیە کە بەسەر خاکماندا هاتوە !

هاوشێوە