نووسین: د.شاهۆ سەعید
مەرگی تراجیدیی سۆکرات کاریگەریی دەروونی و پاشان فیکریی قووڵ لەسەر ئەفلاتۆنی فێرخوازی دروستدەکات. ئەفلاتۆن، کە بە چاوی خۆی کرمێبوون و داڕمانی سیستمی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەسینا دەبینێت، پێداچوونەوەی ڕەخنەیی بۆ ئەو واقعە سیاسیی و کولتورییەی ئەسینا دەکات. ئەو پێی وابوو ژاوەژاوی دێمۆکراسی سیاسی و چەواشەگۆیی سۆفیستەکان دوو هۆکاری سەرەکی ئەو داڕمانە بوون. بۆ ئەو مەبەستە ئەکادێمیایەک دادەمەزرێنێت بە مەبەستی ئامادەکردنی نەوەیەکی نوێی فەیلەسوفان، کە یەکێکیان ئەریستۆ تاڵیس دەردەچێت، تا لە ڕێی تێڕامان و بیرکردنەوە و بەڵگەسازییەوە پەی بە هەقیقەت بەرن، نەک سەپاندنی دەنگی زۆرینە.
ڕەخنە لە مەعریفەی رووکەش
ئەفلاتۆن پێی وابوو بیرکردنەوەی دروست لەڕێگای تێرامانەوە پێی دەگەین کە ئەرکی دەستەبژێری فەیلەسوفانە. ئەو دژی ئەوە بوو ئەرکی بیرکردنەوە و بڕیاردان بدرێتە دەست زۆرینەی خەڵک، چونکە مرۆڤەکان بەگشتی بە شێوەیەکی هەستەکی مامەڵە لەگەڵ رواڵەتی دیاردەکاندا دەکەن و توانای کەشفکردنی جەوهەری شتەکانیان نیە. زۆربەی مرۆڤەکان بە سروشت، لە ڕووی فیکرییەوە، تەمبەڵن.. ئەو تەمبەڵییەش وەک دۆخێکی ئاسایی دەبینن، چونکە لە منداڵییەوە لەسەری راهاتوون. ئەفلاتۆن لە بەشی حەوتەمی کتێبی “کۆمار”دا حیکایەتێکی رەمزیی دەگێڕێتەوە دەربارەی کۆمەڵێک مرۆڤ کە لە منداڵییەوە لە ئەشکەوتێکدا بەندکراون و تەنها دیواری ناوەوەی ئەشکەوتەکە دەبینن. لەسەر دیوارەکە کۆمەڵێک تارمایی دەبینن کە رەنگدانەوەی ئاگرێکی پڕ بڵێسەیە لە دەرەوەی ئەشکەوتەکە هەڵگیرساوە. هاوکات رەنگدانەوەی کۆمەڵێک بوکەڵە دەبینن کە لە دەلاقەی ئەشکەوتەکەوە جووڵەیان پێدەکرێت و بەهۆی شەوقی ئاگرەکەوە لەسەر دیواری ئەشکەوتەکە دەردەکەون. مەعریفەی رووکەشی مرۆڤەکان بە گشتی لە مەعریفەی ئەو بەندکراوانەی ناو ئەشکەوتەکە دەچێت، ئەوان وا دەزانن بوونەوەری ڕاستەقینە دەبینن، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ نابینن جگە لە تارمایی و وێنەی وەهمی. لە دۆخێکی وادا کاری فەیلەسووف ئەوەیە خۆی لەو کۆت و دیلێتییە راپسکێنێ و ئەشکەوتەکە جێ بێڵێت تا بە خۆری هەقیقەت ئاشنا ببێت. هەرچەندە خۆری هەقیقەت ئازار بە چاوی مرۆڤ دەگەیەنێت، بەڵام سەرەنجام وای لێدەکات لەگەڵ رووناکیدا ببێتە هاوڕێ و جارێکی تر ژیانی بەندایەتی و تاریکی ناو ئەشکەوتەکە قبووڵ نەکاتەوە؛ چونکە گەڕانەوە لە رووناکییەوە بۆ تاریکی کارێک دەکات مرۆڤ بە ئاستەم وێنەی ناو تاریکی ببینێت و چیدی بە جووڵە وەهمیەکان فریوناخوات.
هەر لە هەمان کتێبدا ئەفلاتۆن بە رەمز باس لە مەترسیی زۆرینەی خەڵک دەکات کە وەک بەندکراوانی ئەشکەوتەکە لەسەر نەزانین راهاتوون و تەنها رووکەشی وەهمیی شتەکان دەبینن. ئەو کەسانەی بوونەتە هاووڕێی وەهم و جەهل قاڵبیان لەسەر ژیانی بەندێتی وەرگرتووە و لە هیچ کەسی قبووڵ ناکەن کۆت و زنجیرەکانیان بپسێنێت و لە ئەشکەوتەکە دەربازیان بکات. دەشێت گاڵتە بەو کەسە بکەن کە هەوڵی رزگارکردنیان دەدات، یان گەر لە دەستیان بێت بیکوژن (Plato, 1968, pp. 193-197).
ئەقڵ وەک سەردار
بۆ دەربازبوون لە دۆخی نەزانین و ڕاگرتنی هاوسەنگی لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵگا، ئەفلاتۆن پێشنیاز دەکات ئەقڵ سەرداری مرۆڤ بێت و لە دەوڵەتیشدا فەیلەسوفان فەرمانڕەوا بن. لە دیدی ئەودا، ئێمە لە ڕیگای ئەقڵەوە پەی بە جیهانی بیرۆکە و چەمکە باڵاکانی وەک حیکمەت و خێر و جوانی دەبەین، هەروەها پەی بە یاسا نەگۆڕەکانی ماتماتیک و ئەندازەناسی و زانستەکانی تر دەبەین. بەڵام گەر ئەقڵ ئەو کارە نەکات ئەوە تەنها بە ئیدراکی هەستەکی پەی بە شتەکان دەبەین، کە ئیدراکی کاتی و رووکەش و هەڵخەڵەتێنەرە. ئەفلاتۆن پێگەیەکی پیرۆز دەبەخشێت بە ئەقڵ و پێی وایە ئێمە تا لە کانگای ئیدراکی ئەقڵیی نزیکتر بکەوینەوە زیاتر بە مەعریفەی یەزدانی و ژیانی نەمریی ئاشنا دەبین. بەڵام گەر تەنها هەستەکان لە بەدەستهێنانی مەعریفەدا بەکار بێنین ئەوە تەنها توانا ئاژەڵیەکانمان دەخەینەگەڕ و تەنها بە جیهانی شتە مادیەکان ئاشنا دەبین کە جیهانێکی کاتییە و هەرزوو لەناودەچێت.
هەمان فەلسەفەی ئەفلاتۆن، کە دەبێتە سەرەتای قوتابخانەی ئایدیاڵیزم لە مێژووی بیرکردنەوەدا، لە چوارچێوەی حیکایەتێکی رەمزیی تردا گوزارشتی لێکراوە کە بە حیکایەتی “گالیسکە” ناسراوە. بوونی مرۆیی لەو حیکایەتەدا لە وێنەی گالیسکە (عەرەبانە)یەکدایە کە دوو ئەسپی باڵدار رایدەکێشن: ئەسپێکی خۆشڕەو و رەسەن کە نوێنەرایەتی ئازایەتی و حەماسەت دەکات، لەپاڵ ئەسپێکی رەش و بەلەسە کە نوێنەرایەتی هەڵپە و ئارەزوەکانی وەک جووتبوون و زۆرخۆری دەکات. گالیسکەوان (عەرەبانچی) نوێنەرایەتی حیکمەت دەکات کە پێویستە هاوسەنگی لە نێوانیاندا رابگرێت و رێگە نەدات رەوتی گالیسکەکە بە ئاڕاستەیەکی خراپدا بڕوات. مرۆڤ دەبێت هەمیشە جڵەوی ئەسپەکانی لە دەستدا بێت، بەتایبەتی ئەسپە بەلەسەکە کە دەشێت مرۆڤ بەرەو چێژی زەمینی و کاتی بەرێت و لە جوانی نەمر و یەزدانی بێبەشی بکات (Belfiore, 2006, pp. 185-188).
لە ئەناتۆمی جەستەی مرۆڤدا گەلیسکەوان نوێنەرایەتی ئەقڵ دەکات کە شوێنەکەی (سەر)ـە، ئەسپی یەکەم –رەسەنەکە- نوێنەرایەتی هەست و سۆز دەکات کە شوێنەکەی (دڵ)ـە. ئەسپەکەی تریش -بەلەسەکە- نوێنەرایەتی شەهوەت دەکات کە شوێنەکەی (ورگ یان ئەندامی زاووزێیە). کاتێک هەمان ئەناتۆمی رەمزیی لە بازنە گەورەکەدا دەگوازینەوە بۆ کۆمەڵگا و بنیاتی دەوڵەت، پێویستە فەیلەسوفان باڵاترین پێگەیان هەبێت چونکە ئەوان نوێنەرایەتی ئەقڵی دەوڵەت دەکەن، کە دەکاتە دەسەڵاتی سیاسی. هەرچی کەسە حەماسی و جەنگاوەرەکانیشە نوێنەرایەتی لەشکری دەوڵەت دەکەن کە پێویستە دەسەڵاتیان لە خوار دەسەڵاتی توێژی یەکەمەوە بێت. توێژی بازرگانانیش، کە کار لەسەر جوڵاندنی شەهوەت و ئارەزوەکان دەکەن، نوێنەرایەتی بازاڕ دەکەن و پێویست دەکات لە پلەیەکی خوارووتروە بن و لەژێر چاودێریدا بن.
بیرکردنەوەی ناڕەخنەیی لای ئەفلاتۆن
بەڕای فەیلەسوفی ئینگلیزی بە رەچەڵەک نەمسایی کارڵ پۆپەر (١٩٠٢-١٩٩٤) سەرباری بایەخی فەلسەفەی ئەفلاتۆن -کە خاوەنی شۆڕشێکی گەورەیە لە فیکردا- بەڵام دواجار ئەویش کوڕی مێژووی خۆیەتی و فەلسەفەکەی زادەی بارودۆخی ئەو کاتەی ئەسینا بووە، کە بەدەست شەڕی ناوخۆی نێوان خێڵەکان، شەڕی دەرەکی لەگەڵ سپارتا، برسێتی، پەتا و نائارامی بەردەوامەوە ناڵاندویەتی. بەلاڕێدابردنی ئەزموونی دێمۆکراسی ئەسینا-ش کە دەبێتە مایەی دادگاییکردن و سەپاندنی مەرگ بەسەر سۆکراتدا یەکێکی تر بووە لەو هۆکارانەی کە ئەفلاتۆنی کردوە بە دوژمنی سەرسەختی دەسەڵاتی زۆرینە. دواجاریش ناچاریکردووە شارەکەی جێ بهێڵێت و بیر لە تیۆریزەکردن بۆ دامەزراندنی یۆتۆپیایەکی سیاسی بکاتەوە کە دەسەڵات تیایدا جێگیر بێت، بە پێچەوانەی سیستمی دێمۆکراتییەوە کە گۆڕانکاری بەردەوام لە بنیاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵاتدا دروستدەکات (Karl Popper, 1994, pp. 17-20).
واتە هەرچەندە ئەفلاتۆن خۆی ڕەخنەگرێکی سەرسەختی ستەمکاری و پاشەگەردانیی ئەو دەمەی ئەسینا بووە؛ بەڵام تێزێکی فەلسەفی ناڕەخنەیی داڕشتوە، یان وەک پۆپەر دەڵێت: بەرنامەرێژیی بۆ سیستمێکی تۆتالیتار کردوە کە وڵاتی بەسەر چەند چێینێکی نەگۆڕدا دابەشکردووە، چارەنوسی وڵاتی بەستۆتەوە بە چارەنوسی توێژی دەسەڵاتدارانەوە، مافی پێبەخشێون دەسەڵاتی سەربازی پاوان بکەن، چالاکیی فیکریی سانسۆر بکەن و دەستوەردەنە کاروباری ئابوریشەوە (Ibid, pp. 83-84).
دوو کەلێنی تری فەلسەفەی ئەفلاتۆن کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر رەوتی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە مێژووی کۆندا دروستدەکەن بریتین لە: (یەکەم) بێنرخ تەماشاکردنی داهێنان و کاری شاعیران و هونەرمەندان کە پێی وابووە ئەوان تەنها لاسایی جیهانی شتە مادی و کاتیەکان دەکەنەوە. (دووەم) بە نزم تەماشاکردنی ئیدراکی هەستەکی کە پێی وابووە ئیدراکێکی هەڵخەڵەتێنەرە و مرۆڤ تووشی وەهمی زانین دەکات.
ئەڵبەتە ناکرێت لە باسکردنی ریشەی فەلسەفیی بیرکردنەوەی ڕەخنەییدا ئاماژە بە بایەخی میتۆلۆجیا و خەیاڵی داهێنەرانەی گریکی نەدرێت، بەتایبەتی لای هۆمێرۆس، کە کاریگەرییەکی گرنگی لەسەر بەڵگەسازی، هۆدۆزیی و متیۆدی ئەنجامخوازی فەلسەفیی بەجێ هێشتووە؛ بگرە کاریگەرییەکەی زۆر بە ڕۆشنی درێژدەبێتەوە بۆ خودی ئەفلاتۆن کە زۆربەی حیکایەتە رەمزیی و مێتافۆرە فەلسەفییەکانی بارگاویین بە خەیاڵ و داهێنانی هونەریی. بەڵام پێدەچێت ئەفلاتۆن قەناعەتی وابووبێت ئەو تەنها لەڕێی بیرکردنەوەی لۆجیکیی پەتییەوە توانیویەتی پەی بە بیرۆکە فەلسەفیەکانی بەرێت دوور لە خەیاڵی داهێنەرانە. لە کاتێکدا تازەترین تێزەکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە ئێستادا جەخت لەوە دەکەنەوە کە خەیاڵ، یان بیرکردنەوەی داهێنەرانە، دیوی دووەمی بیرکردنەوەی لۆجیکییە. ڕاستتر هەموو کەشفێکی فەلسەفی و بگرە زانستیش قەرزداری خەیاڵ و تێڕامانی هونەرییە، کە پێ بە پێی لۆجیک ئاسۆی بیرکردنەوە فراوانتر دەکات.
کەلێنێ دوومیش، سەبارەت بە بێنرخکردنی ئیدراکی هەستەکی، کاریگەریی خراپ لەسەر بایەخی میتۆدی ئەزموونکاریی دروستدەکات، لە کاتێکدا بەگەڕخستنی هەستەکانی مرۆڤ و بەکارهێنانی تاقیگەی ئەزموونکاریی لە زانستدا هەنگاوێکی گرنگە بۆ دڵنیابوون لە ڕاستی و دروستی بیرۆکەکان. میتۆدی ئەزموونکاری لە قۆناغێکی تری مێژووی مرۆڤایەتیدا، بەتایبەتی لە دوای رێنیسانسەوە دەبێتە هەوێنی قوتابخانەی ئەزمونگەریی- ئێمپێریسیزم Empiricism کە بەیەکێک لە قوتابخانە گرنگەگان ئەژماردەکرێت و دەبێتە رکابەری سەرەکیی قوتابخانەی ئەقڵگەریی- راشناڵیزم Rationalism لە فەلسەفە و زانستدا.
بەرگریی لە نیوەی تێزەکەی ئەفلاتۆن
لەبەر ڕۆشنایی هەمان لۆجیکی پۆپەر کە ئەفلاتۆن کوڕی سەردەمی خۆی بووە و تێزەکانی رەنگدانەوەی پێداویستیەکانی ئەو دەمە بوون، دەکرێت بەرگریی لە نیوەی لۆجیکی ئەفلاتۆن بکەین سەبارەت بە دژایەتیکردنی پەنابردن بۆ دەنگی زۆرینە، بەتایبەتی لە بابەتە فیکریی و زانستیەکاندا. ئەریستۆکراتیەتی فەلسەفی، لە یەکێک لە ماناکانیدا، ئەوە دەخوازێت هەقیقەتی فیکریی و زانستی لە هەقیەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی جیابکرێنەوە. ڕەنگە ئاسایی بێت لە دنیای سیاسەت وپەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکاندا پەناببرێت بۆ ڕەزامەندیی خەڵک و حوکمی زۆرینە بکرێتە پێوەر بۆ بڕیاردان لەسەر هەندێک لە باباتەکان؛ بەڵام پەیڕەوکردنی هەمان لۆجیک لە دنیای فیکر و زانستدا دەرەنجامی مەترسیداری لێدەکەوێتەوە، چونکە ئێمە تەنها لەڕێگای توێژینەوە و ئارگیومێنتەوە دەتوانین کارێکی لەو جۆرە بکەین، کە ئەوەش پشتئەستوورە بە هێزی سەلماندنی زانستی و بەڵگەسازیی لۆجیکی نەک ژمارەی دەنگدەران و هێزی چەندایەتی خەڵک. واتە گەر تێزەکەی ئەفلاتۆن لە رووی سیاسییەوە گرفتئامێز بووبێت کاتێک بەرگریی لە ئەریستۆکراتیەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی کردووە، ئەوە لەڕووی فەلسەفییەوە بایەخدارە کاتێک بەرگریی لە ئەریستۆکراتیەتی فیکریی دەکات.
دەشیت لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی ئێستای خۆرئاوادا هەست بە گرفتێکی لەو جۆرە نەکرێت، چونکە ئەوان خاوەن مێژوویەکی سەدان ساڵەی ئەریستۆکراتیەتی فیکریین و بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسیارە فیکریی و زانستیەکان پەنا بۆ ئەکادێمیا و زانکۆ و ناوەندەکانی توێژینەوە دەبەن، نەک دەنگی زۆرینە یان دەسەڵاتی کڵێسا و حکومەت و کەرتە کۆمەڵایەتیەکان. بەڵام کەسێک لە وڵاتە ستەمگەر و دواکەوتووەکاندا ژیابێت، بە ئاشکرا هەست بە ستەمی زۆرینە و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی سیاسی و ئاینی و کۆمەڵایەتی دەکات کە زۆرجار بۆ بەگژاچوونەوەی فیکر و ئیرهابی زانا و بیریاران پەنایان بۆ براوە و دەبرێت، دۆخێک کە بە جۆرێک لە جۆرەکان هاوشێوەی ئەو دۆخەیە کە کاتی خۆی سۆکراتی تیادا دادگاییکرا و بە تۆمەتی دژایەتیکردنی پیرۆزییەکانی ئەو دەمەی خەڵکی ئەسینا سزای مەرگی بەسەردا سەپێندرا.
سەرچاوەکان:
• Audi, R. (1999). The Cambridge Dictionary of Philosophy. Cambridge: Cambridge University Press.
• Belfiore, E. (2006). Dancing with the Gods: The Myth of the Chariot in Plato’s “Phaedrus”. The American Journal of Philology, Vol. 127, No. 2, 185-217.
• Brodin, E. (2007). Critical Thinking in Scholarship: Meanings, Conditions and Development. Lund: Lund University.
• Gadamer, H. G. (1989). Truth and Method. London. New Yourk: Continuum.
• Jody Piro, G. A. (2015). Discussions in a Socrates Café: Implications for Critical Thinking in Teacher Education. Action in Teacher Education, 37:3, 265-283, DOI: 10.1080/01626620.2015.1048009, 265-283.
• Karl Popper, E. H. (1994). The Open Society and Its Enemies. Princeton: Princeton University Press.
• Layne, D. A. (2010). From Irony to Enigma: Discovering Double Ignorance and Socrates’ Divine Knowledge. Methexis. Vol. 23, 73-90.
• Murdoch, I. (2033). From a Tiny Corner in the House of Fiction: Conversations with Iris Murdoch. Edited by Gillian Dooley. Columbia: University of South Carolina Press.