ئازادی و شارستانیهت لهسهردهمی جیهانگهرایدا
بەشێک لە پەرتووکی “ئازادی لهنێوان فهلسهفه و یاسادا”.
لە نووسینی د. کامهران مهنتک.
هەر قۆناغێک لە ژیانى کۆمەڵگادا داب و نەریتێکى تایبەت بەخۆى هەیە، جگە لە هەندێک داب و نەریتى رەسەن نهبێت، كه تهمهنی لهوانهی تر درێژترهو لەزۆربهی قۆناغەکانى کۆمەڵگادا، دەمێننەوە و جێپەنجەى خۆیان جێدەهێڵن، تەنانەت زۆر جاران دهبنه خاڵێكی گرنگ لهناسنامهی نهتهوهیی و پەیوەندیان بەبوون و مانهوهی ئەو گەلە خۆیەوە دەبێت. بۆیە ئەگەر بە وردى لە داب و نەریتەکان بکۆلێنەوەو تۆێژینەوەیەکى مەیدانى بکەین، دەتوانین لەو رێگایەوە لهئاستى شارستانیەتى ئەو کۆمەڵگایە تێبگهین، یاخود بزانین ئەو کۆمەڵگایە لەچ قۆناغێکى شارستانیەتی خۆیدا دەژیت، چونکە هەموو قۆناغەکان تەمەنى شارستانیەت، هەر لە قۆناغى لە دایک بوون و گەشەسەندن، تا دەگاتە قۆناغى وەستان و تەواو بوون. جێپەنجەیان بەسهر داب ونەریتەکانەوە هەیە، هاوکات داب و نەریتەکانیش كاریگهری خۆیان بەسەر زۆر لایەنهكانی ئەو شارستانیەتەوە جێدههێڵن، بێگومان و كاروكارلهیهكتركردنهكانی نێوان هەردوولاش، لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکى تر دهگۆڕێت، ئەمەش بە رۆڵى خۆى کاریگەرى لە رادەى دیاریکردنى ئازادیهكاندا دهبێت.
جێگای سهرنجه مرۆڤ هێندە لەنێو کۆمەڵگاکەیدا دەتوێتەوەو ئاوێتەى دەبێت، واى لێدێت لە سەرەوەى هەموو شتێکەوە حەز لە ئارەزوو و ویستى خەڵکانى تر بکات، یاخود عەوداڵى ئەوە دەبێت لەلایەن خەڵکانى ترەوە رێزى لێبگیرێت و دانى پیابنرێت، واتە مرۆڤ بوونەوەرێکە خەڵکانیتر بەڕێوەى دەبەن، بۆیە پێویستى بە زۆر شتى وا دەبێـت لەرووى بایۆلۆژیەوە هیچ سوودێکیان لێنابینێـت، وەکو مەدالیاو ئاڵاو… هتد. ئەو شتانەى دهوێت لەبەر ئەوەى خەڵکانیتر دهیانهوێت(فوكویاما، 1993. 138 ). كهواته مرۆڤ بەتوندی بهو شتانە بهستراوەتەوە، کە دەوروبەرەکەى داواى لێدەکات، یەکێک لەو شتانەش داب و نەریتەکانه، زۆر جاران بەشێوەیەکى زۆر توند دهستیان پێوەدەگرێت، بۆئەوەى لە لایەک دەوروبەرو کۆمەڵگاکەى رازى بکات، لەلایەکى تر ئەو دانپیانانە بهدەستبێنێت، که پێویستیەکانى خودە کۆمەڵایەتیەکەى خۆى پێتێر دەکات، بەمەش ئەو هاوسەنگیە بهدەستدێنێت،
کە هەر لەبەرەبەیانى مێژوەوە هەوڵى بۆدەدات و بنەمایەکى پێداویستیشە بۆ بەرەوپێشوەچوونى کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى و پەرەسەندن و فراژیکردنى شارستانیەت. بەم پێودانگه ئهگهر داب و نەریتەکان ئەو رۆڵە گەورە بگێڕن، دەبێت وەک لەمەوبەری ئاماژەى پێکرا، پەیوەندیەکى بە تینیان بە دەسەڵاتەوە هەبێت. بۆیە لەگەڵ ئەوەى دهسهڵات بەشێک لەئازادیەکان کۆتدەكات، ئهوانیش کاریگەریەکى گەورە بەسەر دەسەڵاتەوە جێدههێڵن، لهسهر ئهو بنهمایهی دەسەڵاتیش بەشێوەیەکى راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ ماف و ئازادیەکاندا دەکات و چهندهی زیاتر دهستبخاته ناو كایهكانی ناو كۆمهڵگاوه، هێنده زیاتر رووبهڕووی ئازادیەکان دهبێتهوه، دیاره پێچەوانەكهی ئەمەش هەر ڕاستە، لهدواجارد ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەى دەسەڵاتیش بکەوێتە ژێر کاریگەرى داب و نەریتەکانەوەو لهزۆر حاڵەتدا رۆڵی گهوره لهجۆرو شێوازی داڕشتنی دهسهڵاتهكه ببینێت، ئەگەرچى جارى وا هەیە، رەفتارەکانى دەسەڵاتیش، خۆیان دهبنه داب و نەریتێكی فهرمانڕهوایی لهناو کۆمەڵگاو لەکۆمەڵگایەکى ترى جیادەکەنەوە.
وەک ئاماژهی پێكرا، زۆر جاران یاسا بەشێک لە داب و نەریتەکان وەردەگرێت و بەشێکى تریان رەتدەکاتەوە، یاخود بە گوێرەى بارى سەرنج و روانگەى ئەو کەسانەوە رێکدەخرێـت، کە کاریگەریان لە دانان و داڕشتنەوەى یاسادا هەیە، ئەمەش خۆى لە خۆیدا دەبێته ئەگەرى ئەوەى یاسا لەگەڵ بیروبۆچوون و بهرژهوهندی هەندێکدا بگونجێت و پێچەوانەى هەندێکى تر بێت، ئەو لەگەڵ گونجان و لەگەڵ نەگونجانەش، دەبێتە دینامیکیەتى پێشوەچوونى خودى یاساکە خۆى، هاوکات کار لە گۆڕینى داب و نەریتەکان و سەرهەڵدان و لە دایکبوونى داب و نەریتى نوێدەکات، هەوڵدەدات بەشێوەیەک لەشێوەکان لەگەڵ گیانى سەردەمهكهیدا بیگونجێنێت، گونجاندیش لەگەڵ گیانى سەردەمدا، ئاوێنەیەکەو ئاستى شارستانیەتى ئەو کۆمەڵگایەى تیادا رەنگدەداتەوە. هەستکردن بە كات،
هەستکردن بە شوێن، هەستکردن بە کۆمەڵگا، وا دەکات شارستانیەتى کۆن لەسەر زەمینەى شارستانیەتى نوێدا ئاوێتەو تێکەڵ بەیەکتر بێت، ئەمەش دەبێتە ئەلتەرناتیڤێکى ئهرێنی بۆ هەستکردن، بەو شێوازە داڕشتنەى،کە لەژێر سایەیدا لەدایکدەبێت و لەهەمان ئەومەودایەى شارستانیەکەى تیادا گەڵاڵە دەبێت دهخولێتهوه. ئەم حاڵەتە هزریە واتایەکى کردارى بە خۆوە دەگرێت، لە پرۆسەى دەست لە خۆبەردان و ملکەچ بوون لەنێو کوورەى هەردوو شارستانیەکەدا، لە نێو پرۆسەى ئەم لەبەریەکچوونە کۆمەڵایەتیەشدا، دەبینین به ههمان شێوه لەهەموو بوارێک لە بوارەکانی ئاین و وێژهو زمان و هونهردا دهروازهیهك بۆ پرۆسەى دروستبوونى کەسایەتى کۆمەڵایەتی دهكرێتهوه، هاوکات خۆى لەو بوارەشدا بهدەردەخات، کە لە هەموو بوارەکانى تر تەمومژاوى و بەرفرەترە، دیاره ئەویش بوارى رەفتار و داب و نەریتەکانە (توینبی، 1960. 299). هەر ئەمەشە وادەکات هەر داب و نەریتێک سیماى شارستانیەتێک، یاخود قۆناغێک لە قۆناغەکانى شارستانیەتێك وهرگرێت، هاوکات هەر یەکێک لەو قۆناغانەش،
جۆرە داب و نەریتێکى تایبەت بەخۆى هەبێت. ئەگەر بەشێوەیەکى وردتر سەیرى ئەو گونجان و نەگونجانەى نێوان داب و نەریتەکان لەگەڵ چین و توێژە جیاجیاکاندا نەکرێت، ئەوا چوارچێوەى ئازادیەکان لهنگدهبێت، ئەمەش مەترسى گەورەى لێدەکەوێتەوە و زیان بەخودی ئازادیەکان دەگەیەنێت و دەبێتە سۆنگەى بەرپابوونى ئاژاوەو تێكچوونی سەقامگیرى کۆمەڵگا. بۆئەوەى ئەم بارە نەیەتە کایەوە، گرنگ ئەوە نیە لەلایەن هەموو تاکێک لە تاکەکانى کۆمەڵگادا بیرۆکەى هەبوونى یەک یاسا و یەک رەوشت و یەک هێزى ناوەندى و یەک داب و نەریت دروست ببێت، تا سیستەمى کۆمەڵایەتیەکە رێگاى خۆى ببڕێت و کارەکانى خۆى ئەنجامبدات، بەڵکو ئەوەى گرنگە ئەوەیە ئەم بیرۆکە لاى زۆرینەى خەڵک گەڵاڵە ببێت، بەرادەیەک تاكهكان بتوانن پێشوازی له پێشوهچوونی كۆمهڵگاكهیان بكهن و کۆسپ و ڕێگر لەبەردەمیدا دروست نهكهن!. ئەمەش بارى سیاسى کۆمەڵگا بەرادەیەکى وا دهگوڕێت، كه بتوانێت هێمنانە مامەڵە لەگەڵ گۆڕانکاریەکاندا بکات و لە سەردەمەکەى خۆیدا دانەبڕێت.
بەم چەشنە داب و نهریتهكان رۆلێکى گرنگ لە بەرەو پێشوەبردنى شارستانیەتدا دەبینێت، هەر شارستانیەتێکیش داب و نەریتى تایبەت بە خۆى هەیە، هاوکات دیدو بۆچوونى تایبەت بەخۆى هەیە لە تێگەیشتن و فۆرمۆلهکردنى ئازادیەکاندا. ئەمەشیان پابەندە بە شوێن و کاتى رەفتارو هەڵس و کەوتەکانەوە. واتە ئەو رەفتارانەى بە گوێرەى داب و نەریتەکان رێکدەخرێن و سیماى شارستانیەتەكه هەڵدەگرن، لەلایەک دەبنە بنەمایەک بۆ گوراندن و لە دایکبوونى داب و نەریتى نوێ، لەلایەکى تر خۆیان دەکەونە ژێر کاریگەرى ئەو داب و نەریتانەى پێش ئەوان لەئارادابووە. داب و نەریتەکانیش وەک لایەنەکانیترى رۆشنبیرى و کەلتوورى، ناتوانرێت بە شێوەیەکى دابڕاو لە سەردەمەکەى پێش خۆیدا سەیر بکرێت، لەبەرئەوەى رەنگە بەشێوەیەکى وائاوێتەو تێکەڵاوى یهكتربووبن، كه وهك دوو سەردەم و دوو شارستانیەتى جیاواز، لەیەکتر جیاکردنەوەیان کارێکى رژدو ئاستەنگ بێت. هەر ئەمەشە واى لە هەندێک هزرمەندان کردووە، واى بۆبچن، کە کرۆک و ناواخنى ئازادى لە هەموو سەردەمەکاندا ههر یەکە،
تەنیا روانگەو روانین بۆ ئەو کرۆکە لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکى تر دەگۆڕێت و داب و نەریتەکان بە سروشتى خۆیان لەو شتانە دوور دەکەونەوە، کە مگێزو هیواى بە شارستانى بوونیان هەیە (مل، نیه. 119 ). لهبهرئهوهی لە ئەنجامى رەفتارێکدا هاتوونەتەکایە، كه لهرابردودا روویداوهو زەمەنی بەسەر چووە. دامەزراندنى شارستانیەتیش، یاخود هەوڵدان بۆ گەشەپێدان و بەرەو پێشوەبردنى، هەمیشە كار بۆ ئهوه دهكات رەفتارو هەڵس و کەوتى نوێ بێنێتە ئاراوە، لە خەمى ئەوەدایە لە دیدو بۆچوونەکانى پێشخۆی رزگار بێت و بۆچوونێکى تایبەت بە خۆى و سەردەمەکەى خۆى دروستبكات، لە ئەنجامى ئەمەشدا دژایەتیەک لە نێوان کۆن و نوێدا سەرهەڵدەدات، ئەمیان لە پێناو مانەوەو ئەوەى تریان لە پێناو پێشکەوتن و داهێنانى نوێدا. بۆیە یەکێکى وەکو (جون ستوارت مل) بەهەموو شێوەیەک دژى داب و نەریتەکان دەوەستێتهوه، هەتاوەکو ئەگەر لایەنى باشیشیان تێدا بێت، چونکە ئەو نەریتانە بهشێكن لهرابردوو، واتە خەڵکانى پێشتر بڕیاریان لەسەر داوە، هێندەش بەسه بۆ ئەوەى رەتبكرێنهوه(مل، نیه. 10).
لەمەدا بۆمان دەردەکەوێت، دهبێت مرۆڤ بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ داب و نەریتەکان بکات و نابێت تهنیا لهبهرئهوه رهتیانبكاتهوه چونكه پێشتر بڕیاریان لهسهر دراوه، هاوكات ناكرێت ئهوه فهرامۆش بكهین، كهئەزموونێکى گەورەى مرۆڤایەتیان ههڵگرتووه. لە پاڵ ئەو زیان و لایەنە نهرێنیانهی هەیانە، لە هەموو سەردەمەکاندا رۆڵێكی باشیان لە مانەوەو سەقامگیربوونى کۆمەڵگاى مرۆڤایەتیدا بینیوەو بە کەلەپوورێکى گەورەى مرۆڤایەتى ههژماردهكرێن. هێندە بەسە رووە دزێوو دواکەوتووەکانیان رەتبکرێتەوە، کە لەگەڵ رەوتی پێشکەوتنەکانى سەردەمدا ناگونجێن. داب و نەریت، وەک یاسایەک، کە رەنگدانەوەى ویستى سەرجهم کۆمەڵگا بێت، رۆڵێکى گەورە لەچوارچێوە بۆ دانان و لە قالبدانى ئازادیەکاندا دەبینێت، لهگهڵ ئهوهشدا مرۆڤ بۆئهوهی لهكۆمهڵگایهكی سهقامگیرو ئارامدا بژیت، ناچار دهبێت دهستبهرداری ههندێك لهماف و ئازادیهكانی بێت، داب و نەریتەکان بەلایەنى ئهرێنی و نهرێنیانهوه، بەرهەمى ئەو ژیانە کۆمەڵایەتیەن، كهئەمەش یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانى مانەوەى رەگەزى مرۆڤ بووە لەسەر گۆى زەوی، بۆ ئەو ماوەیە دوور و درێژە.