نووسەر: د. کامه‌ران مه‌نتک
وەک لیبینز ده‌ڵێت:” ئازادى بریتیە لە تواناى مرۆڤ بۆ ئەو شتەى گەرەکیەتى بیکات” (عطیه، 1965. 23). گومانى تیانیە قه‌باره‌ی تواناش لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکى تر دەگۆڕێت، بە هۆى جیاوازى لە توانا ئابوریەکان، یاخود بە هۆى پێکهاتەى فسیولۆژى مرۆڤەكانهوه بێت، كه‌به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی له‌یه‌كتر جیاوازن. ئەگەر لە رۆچنەى ئەو پێناسەیەوە سەیر بکەین، دەبینین مرۆڤێکى دەوڵەمەند لە مرۆڤێکى هەژار ئازادترە، چونکە تواناى جولانەوەو به‌دەستهێنانى شتى زۆرترە، ئەم رایەى لیبینز لەگەڵ راى لوک یەکدەگرێتەوە، کە ئازادى بە موڵکداریەتى دەبەستێتەوە ( خطاب، 1972. 10). سیستەمى سەرمایەداریش ئەم رایەى لوکى وەک بنەمایەک بۆ مونوپۆلکردن به‌كارهێنا، یاخود ئەم رایە بووە پاڵپشتێکى بەهێز بۆ مونوپۆلکارى. بەستنەوەى ئازادى بە موڵکداریەتى، واتاى بەستنەوەیەتى بە ماف، چونكه مافه‌كان ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ن، كه ئازادیه‌كانیان تیا ئه‌نجامده‌درێت، ئەمەش شتێکى ئاساییه‌و راستەقینەیەکى دانپیانراوە. چونكه وەک لە شوێنى تریشدا ئاماژەى پێکراوە، ئازادى و ماف، وەک دوو ڕووى یەک دراون، مافەکان هەر جۆرێک بن، لەبەرامبەریاندا ئەرکێك هەیە. ئەگەر مرۆڤ ئازاد بێت لەوەى شتێک ئەنجامبدات، لەسەر خەڵکانى تر پێویستە تخونى ئه‌و كاره نەکەون رێگای لێنه‌گرن، به‌مه‌رجێك ئازادیه‌كانی ئه‌وان نه‌خاته مه‌ترسیه‌وه. دەشێت ده‌رئه‌نجامی ئەو ئەرکەى دەکەوێتەوە، ته‌نانه‌ت لەسەر خودی کەسى خاوەن مافەکەشدا بێت، بۆیە ئازادیە گشتیەکان لاى ئەمانە مافە گشتیەکان ده‌گه‌یه‌نێت (العیلی،1974. 177). کاتێک هزرمەندە لیبرالیستەکان بانگەشەى ئازادى چالاکیەکانى مرۆڤیان دەکرد، بەرگریکردنەکەیان بە تەنیا بەرگرى کردنێکى تیورى نەبوو لە بەها ئەدەبیەکانى مرۆڤ، بەڵکو بەرگرى کردنێکیش بوو لە بەرژەوەندیە ماتریالیەکانیان. ئه‌وان بە توندى بەرگریان لەوە ده‌کرد، کە پێویستە تاک ئازادیەکى رەهاى لە گەشەپێدانى خودى خۆیدا هه‌بێت، تا هه‌موو تواناكانی بە پێى پێویستیەکان و غەریزەکانى خۆی بە کاربێنێت، جگە لە دەسەڵات و مافەکانى خۆى هیچ شتێک نەبێت پێوەندى بکات. فەلسەفەش بەهەمان شێوە بەرگرى لەو واتایە ده‌کرد، له‌مباره‌یه‌وه فیختە ده‌ڵێت:”هەر شتێک مافى کەسێکى تر پێشێل نەکات، ئەوا مافى کەسێکى ترە بیکات ” (عصفور، 1961. 11). ئامانجى لیبرالیستەکانیش له‌مه‌دا ئەوەبوو، رێگا نەدەن دەوڵەت ماف و ئازادیەکان کۆتبکات، به‌تایبه‌تیش دواى ئەوەى خەڵک ئازارێکى زۆریان بەدەست زۆردارى پاشاکانەوە چەشت. لەو قۆناغه‌دا پاشاکان نوێنەرایەتى دەوڵەتیان دەکرد، لیبڕالیستهكان هەوڵیاندا ویستى گەل بەرامبەر ویستى دەوڵەت بەهێزتر بکەن. بۆیە پێیان وابوو هه‌ر كارێك گەل بڕیارى لەسەر بدات، پێویسته هەموو تاکەکان پێیەوە پابەند بن، هەتاوەکو ئەگەر ناچار بن دەستبەرداری بڕێك له ئازادی و مافه‌كانی خۆشیان بن!. جا لەبەرئەوەى دەسەڵاتى یاسادانان، کە خۆى لە پەرلەمان دەدۆزێته‌وه، نوێنەرایەتى گەل دەکات و ره‌نگدانه‌وه‌ی ویستی گشتیه، بۆیە پێویسته تاكه‌كان بەو یاسایانەوه پابه‌ند بن، كه پەرلەمان دەریدەکات، تەنانەت ئەگەر تخونى ئازادیەکانیش بکەوێت و تاکەکانیش به پەیڕەوکردنى رەفتارێکى دیاریکراو پابه‌ند بكات. به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و رێسایانه به‌شێوه‌یه‌ك ده‌رچووبن، گەل ڕەزامەندى لەسەر نواندبێت، واته بە شێوەیەک دەرچووبێت، کە هاوتا بێت
لەگەڵ ویستى کۆى تاکەکان، چونكه له كۆتایدا تاكه‌كانن خاوەنى سەروەرى راستەقینەن لە ناوکۆمەڵگا. ئەمەش پێویستە لەو رێسا یاساییانەدا ره‌نگبداته‌وه، کە پەرلەمان وەک نوێنەرێکى راستەقینەى گەل دەریدەکات، بەم كرداره‌ش سەروەری لە گەلەوە دەگوازرێتەوە بۆ پەرلەمان (العیلی، 1974. 43). به‌ستنه‌وه‌ی ئازادى بەموڵکداریەتی و تواناى ئابوری، واتاى سەیرکردنى ئازادیەكانه لەلایەنە روخساریەکەیەوە، چونکە ئەگەر لە روانگە فەلسەفى و ئاکارى و سایکۆلۆژیەکەیەوە سەیرى ئازادیه‌كان بکەین، دەبینین مرۆڤى خاوەن توانایەکى ئابورى بەرز، بە هۆى ئابوریەکەیەوە ده‌توانێت ئازادى زیاتر به‌ده‌ستبێنێت، چونكه ده‌توانێت لە کەسانى تر زیاتر رەفتاربکات و ئەو داخوازیانە جێبەجێبکات، کە خودەکەى خۆی لێی داوا دەکات. هاوکات هەر ئەو توانا ئابوریەشە وایلێدەکات بەده‌ستی خۆى خۆى بکاتە بەندەى کۆمەڵێک پێوەند، کە لە بەختیارى راستەقینەى دووردەخاتەوە، دیارە یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانى ئازادیش گەیشتن بە بەختیاریە، هەرچەندە بەختیاریش بابەتێکى گرنگى فەلسەفەیە و مشتومڕێکى زۆرى لەسەرە. لە سەردەمی ئێستادا، كه تواناى ئابورى رۆڵێکى ئێجگار گەورەى لە ژیانى مرۆڤدا بینیوە. بە شێوەیەکى گشتى، لایەنى بازاڕ‌و سەرمایە، بەشێکى گەورەى گۆشەنیگاکانی داگیرکردووه. كاتێك ئازادى بە موڵکداریەتى تایبه‌ت دەبەسترێتەوە، وەک پێشتر ئاماژەى موكداریهتیش مافه، کەواتە چەندەى چوار چێوەى موڵکداریەتیەکە، واتە مافەکە فراوانتر بێت، ئەوا خاوەنى ئەو موڵکداریەتیە دەتوانێت لە پانتاییەکى فراوانترەوە رەفتار بکات، چونكه چوارچێوەى ئازادیەکەى بەرفراوانتر دەبێت. ئازادى و موڵکداریەتى تایبەت، لە روانگەى هەندێک لە هزرمەندانەوە، دوو یاساى سروشتین و لەسەر بنەماى ئەو یاسایانه‌وه، هەموو کۆمەڵگاكان، بەشێوەیەکى ئاوهزمهندانە رێکخراون. لە روانگەى فیزیوکراتەکانیشەوە هەر شتێک لە یاساى سروشتى بکەوێتەوە، سیمایەکى دادپه‌روه‌ری پێوەدەبێت و لەگەڵ بەرژەوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا دەگونجێت. بۆیە دەبێت گریمانى ئەوە بكه‌ین، كه یاسا دانراوەکان ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی یاسا سروشتیەکان بن و یاسا سروشتیەکانیش لە رووى کاتەوە سه‌ره‌تایه‌ك بن بۆ یاسا مەدەنیەکان. بۆیە فیزیوکراتەکان، وه‌ك پێداویستیه‌ك سه‌یری ئازادى تەواوى چالاکیە مرۆڤایەتیەکانیان لە بوارە جیاجیاکانى ئابوری‌دا ده‌كه‌ن، پێیان وایه، كه ده‌بێت له هه‌موو بواره‌كانی كشتوكاڵی و پیشه‌سازی و بازرگانی و سه‌رمایه‌گوزاریدا رکابەریەکى تەواو لە نێوان هەموو تاکەکاندا هەبێت، ئەو رکابەریە ئازادەش واتاى ئەوەیە هەموو تاکێک سوود لە مافە سروشتیەکانى خۆى ، له‌مافی ئازادی کەسى، له‌مافى بێ‌سنوور لە موڵکداریەتیدا، واتە لە موڵکداریەتى تایبەتیدا وه‌رگرێت (فولغین، 1981. 73). ئەم هه‌نگاوه‌ش سەرەتا لە ئیتالیا دا ده‌ستیپێكرد، چونكه ژماره‌یه‌كی زۆر له‌شارو شارۆچكه‌كانی شوێنێكی ستراتیژیان هه‌بو و ده‌كه‌وتنه سه‌ر كه‌ناره‌كانی ده‌ریا، ئاشكرایه، كه ئه‌م جۆره شوێنانه‌ش هه‌میشه بۆ بازرگانی لهبارترو شیاوترن. لەدیدى فەلسەفەى تاكگهرایدا ئازادیە گشتیەکان واتای مافە سروشتیەکانى تاک دەگەیەنێت، لەم روانگەیەوه سروشت ئازادیەکانى گوراندوەو ئازادیه‌كان سروشتین و مافی كه‌سیان به‌سه‌ره‌وه نیه، بۆیە ئەو ئازادیانە پیرۆزن و مرۆڤ
هه‌رگیز نابێت ده‌ستبه‌رداریان بێت، هاوکات ئەو ئازادیە سروشتێكی جیهانی هه‌یه‌و بۆ هەموو مرۆڤه‌كان وەکو یەکە، لەگەڵ ئەمەشدا، ناشێت به‌ره‌هایی سه‌یری ئازادیە گشتیەکان بكرێت، له هه‌ندێك حاله‌تدا بۆ پاراستنی سه‌قامگیری كۆمهڵگاو ره‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندیه گشتیه‌كان، پێویسته به‌شێك له ئازادیه‌كان سنووردار بكرێت و پێوه‌ندیان بخرێته سه‌ر، به‌كارهێنانی ئه‌و ئازادیانه به‌شێوه‌یه‌ك رێكبخرێت زیان به بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی خودی ئازادیهكه خۆی، یاخود چوارچێوه‌ی ئه‌و مافه‌ی ئازادیهكه له‌خۆوه ده‌گرێت نه‌گه‌یه‌نێت. هاوکات ئەو ئازادیە گشتیانە لە روانگەى ئەو فەلسەفەیەوە ئازادی تاكه كه‌سین (العیلی، 1974. 18-19). فەلسەفەى تاکگه‌رایی ماوەیەکى زۆر به‌رده‌وام بوو، دواتر لە بەردەم ئەو قه‌یرانه ئابوریەى لە کۆتایى بیستەکانى ئەم سەدەیەدا (1929-1933) لەئەمەریکاو ئەوروپادا سەرى هەڵدا، چۆکیداداو شکستیهێنا، نەیتوانى چارەسەرى ئەو ئەژواریانە(كێشانه) بکات، کە بووه هۆی ئه‌و قه‌یرانه و پڕۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان تا راده‌یه‌كی باش په‌كیكه‌وت، ئەمەش بە رۆڵى خۆى بووە هۆى وەستانى کارگەکان و لە ئەنجامیشدا بڵاوو بونەوەى بێکارى. بۆیه داوا له‌ده‌وڵه‌ت كرا خۆیتڵههڵقورتێنێت و چاره‌سه‌ریك بدۆزیته‌وه. ئه‌و قه‌یرانه داراییه، ئه‌وه‌ی روونكرده‌وه، كه به‌های ئازادیه‌كان ئه‌و كاته به‌دیارده‌كه‌وێت كاتیك رووبه‌ڕووی مه‌ترسیه‌ك ده‌بێته‌وه، هاوكات دانی به‌وه نا، كه پێویسته ده‌سه‌ڵاته‌كانی ده‌وڵه‌ت زیاتر بكرێت و ئه‌ركی زیاتری بخرێته سه‌رشان، له‌م دۆخه‌دا ده‌توانین ئازادی وا لێكده‌ینه‌وه:” من ئازادم لەو کاتەى وا تێدەگەم لە توانادا هەیە ئازاد نەبم” (ابراهیم، نیه. 24). دیاره ئەمەش پەیوەندى دیالێكتیكی نێوان ماف و ئازادیه‌كان به‌دیارده‌خات.
(پەرتووکی “ئازادی لە نیوان فەلسەفەو یاسادا” لەلایەن ڕێکخراوی ئازادبوونەوە بەچاپ گەیاندراوە و بڵاودەکرێتەوە).