کتێبی ئازادبوون ژمارە (١٠)
ئازادی له‌نێوان فه‌لسه‌فه و یاسادا
نووسەر: د. كامەران مەنتک
وته‌یه‌كی پێویست
له‌و رۆژه‌ی مرۆڤ فێری بیرکردنه‌وه بووه‌و بایه‌خی به‌ژیانی ناو کۆمهڵگاداوه، هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌مه نایه‌کسانی نادادپه‌روه‌ری و کۆیلایه‌تی به‌رهه‌مهێناوه، که‌واته ئازادی و کۆیلایه‌تی دوو زاراوه‌ی هاوته‌ریبن و بهبێیهکتر هه‌ڵناکه‌ن و له‌گه‌ڵ یه‌کتریشدا ناتوانن ژیان به‌سه‌ر به‌رن. ته‌نانه‌ت له هه‌ندێك حاله‌تدا ئازادى دەبێتە باشترین چه‌ك بۆ بە کۆیلەکردنى مرۆڤەکان، کاتێک لە ئامڕازێک بۆ هێنانەدى بەختەوەرى مرۆڤه‌کان دەگۆڕدرێت و ده‌كرێته ئامانجێك، كه په‌سنی مردن ده‌کات و هانی مرۆڤه‌کان ده‌دات گیانى خۆیان لە پێناویدا بەخت بکەن، لەودۆخهدا ئازادی دەبێتە بتێکى نوێ و خەڵک بە نەزانیەوە کڕنووشى بۆ دەبەن، بەمەش خه‌باتکردن له‌پێناو ئازادیه‌کان جۆره کۆیلایه‌تیه‌کی نوێ به‌رهه‌م ده‌هێنێت، چونکه هه‌روه‌ک چۆن له کۆیلایه‌تیدا ئازادیه‌کان ده‌دره‌وشێنه‌وه، به‌هه‌مان شێوه لهئازادیشدا کرۆکی کۆیلایه‌تی به‌دیده‌کرێت. بۆیه ئه‌و که‌سانه‌ی له‌پێناو ئازادیه‌کاندا تیده‌کۆشن، ده‌بێت زۆر به‌وردی له‌و په‌یوه‌ندیه دیالیکتیکیه تێبگه‌ن، که له‌نێوان کۆیلایه‌تی و ئازادی‌دا هه‌یه.
چه‌مکی تێگه‌یشتن له ئازادیه‌کان په‌یوه‌ندی به رۆشنبیری و دنیابینیه‌کی گه‌وره‌و فراوانتره‌وه هه‌یه، مرۆڤ ناتوانێت ببێته که‌سێکی ئازاد تا خۆی فێر نه‌کات چۆن له ئازادیه‌کان تێده‌گات و چۆن به‌کاریان ده‌هێنێت. بۆیه مرۆڤ بەر له‌وه‌ی لە ناو کۆمەڵگادا بە دواى ئازادیەکاندا بگەڕێت، پێویسته لە ناخى خۆیدا ئازادیەکان بدۆزێتەوە، بەر لەوەى داوا لە کەسانى تر بکات رێزى ئازادیەکانی بگرێت، ده‌بێت خۆی فێر بکات چۆن رێز لە ئازادى کەسانى تر دەگرێت. به‌رله هه‌مووشتێک ده‌بێت له‌وه تێبگه‌ین، که ئازادی خۆی له‌خۆیدا ئامانج نیه، به‌ڵکو ته‌نیا ئامڕازێکه بۆ گه‌یشتن به ئامانجێکی مه‌زنتر، که خۆی له خۆشگوزه‌رانی و به‌ختیاری مرۆڤدا ده‌دۆزێته‌وه. جێگای داخه له زۆر کۆمه‌ڵگادا، به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌قۆناغی رزگاری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیدا ده‌ژین، ئازادی وه‌ک ئامانجێک مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ کراوه‌و ده‌کرێت، زۆرله فه‌رمانڕه‌واکان ئازادی له‌پێناو مه‌به‌سته سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندیه تایبه‌تیه‌کانی خۆیان به‌کار ده‌هێنن، زۆر له‌و خه‌باتگێڕانه‌ی ته‌مه‌نێکی زۆریان له پێناو ئازادی‌دا به‌هه‌ده‌ردا، دوای قۆناغی رزگاری دوچاری بێهووده‌ی و نائومێدی بوون!. که‌واته بۆ رزگاربوون له‌و تراژیدیایه، ده‌بێت شێوازی پرسیارکردن ده‌رباره‌ی ئازادی بگۆڕدرێت و وردتر بکرێته‌وه، له‌جیاتی به‌رزکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک دروشمی زه‌ق و بریقه‌داری وه‌ك: بژی ئازادی، مردن له‌پێناو ئازادی….، ده‌بێت بگوترێت ئازادی له‌پیناو چی؟ واته ئه‌وه‌ی له مه‌سه‌له‌ی ئازادی‌دا له خودی ئازادیه‌که گرنگتره، قۆناغی دوای ئازادیهكهیه.
له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا، وه‌ک به‌شێک له‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ی پێیده‌گوترا جیهانی سێیه‌م، ئازادی بابه‌تێکی گرنگ و هه‌میشه کێشه‌یه‌کی سه‌ره‌کی بووه، به‌داخه‌وه هه‌زاران مرۆڤی کورد بووه قوربانی ئازادی، که‌چی نه‌یزانیوه ئازادی چیه‌و له خودی ئازادی نه‌گه‌یشتووه، ئه‌مه کاره‌ساتێکی گه‌وره‌یه‌و جێگای داخه تاوه‌کو ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه. ئه‌م کتێبه‌ش هه‌ر به‌و مه‌به‌سته نوسراوه، که خاڵێکی کۆتایی بۆ ئه‌و کاره‌ساته دابنرێت و تاكی كورد زیاتر هوشیار بکرێته‌وه، بۆئه‌وه‌ی له ئازادی راسته‌قینه تێبگات و چیتر به دروشمی ئازادی فریو نه‌خوات. چاپی یه‌که‌می ئه‌م کتێبه ساڵی (2005) بوو، که به‌سوپاسه‌وه ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م بڵاویکرده‌وه، دوای ئه‌وه زیاتر کارم له‌سه‌ر کرد، به‌م چه‌شنه شێوه‌ی چوار توێژینه‌وه‌ی ئه‌كادیمی وه‌رگرت. چاپی دووه‌می ئه‌م کتێبه گۆڕانێکی بنه‌ڕه‌تی و ریشه‌یی به‌سه‌ر داهاتووه، هه‌ر بۆیه به‌پێویستمزانی سه‌رله‌نوێ چاپی بکه‌مه‌وه.
د. کامه‌ران مه‌نتک
٢٠٢١/٠١/١٣